دووهەمین پلینۆمی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو

دووهەمین پلینۆمی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو
دووهەمین پلینۆمی ساڵانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی پووشپەڕی ١٤٠١ (٢٦/٦/٢٠٢٢ـی ز) بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی، جێگر و ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزبی دێموکرات، ئەندامانی کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە پێڕەوی نێوخۆی حیزب، بەرپرسانی ناوەند و ئۆرگانەکانی حیزب و ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییەکانی حیزب و هەروەها ئەندامانی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بەڕێوە چوو.

پلینۆمی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕاگرتنی دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد و لە بڕگەی یەکەمی دەستووری کاری پلینۆمدا بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب لێکدانەوەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لەسەر بارودۆخی کوردستان، ئێران و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پێشکێش کرد. ئەم لێکدانەوە سیاسییە دواتر بە هەڵسەنگاندن و ڕا و بۆچوونی بەشدارانی پلینۆم دەوڵەمەندتر و وەک دێکیۆمێنتێکی پلینۆم پەسند کرا.

لە سەرەتای ئەم لێکدانەوەیەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئابووریی و پێگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هاوکێشە نێودوڵەتییەکاندا کرا. پلینۆم لەو بەشەدا بە هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ڕای وابوو کە چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە ئێران وڵاتێکی سەرەڕۆ، نەحاواوە و قەیران‌خوڵقێن بۆ ئەمنییەت و سەقامگیری لە ناوچە و، نادێموکراتیک و سەرکوتگەر لە نێوخۆی وڵاتی بۆ هەمووان لە بیروڕای گشتیی جیهاندا دروست کردوە.

پلینۆم لەو هەڵسەنگانەدا بە تیشک‌ خستنەسەر دۆخی دژواری ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک لە یەک ساڵی ڕابردوودا، کە لە سۆنگەی بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری و گرانیی لە ڕادەبەدەر کەوتوونەتە تەنگانەیەکی زۆرەوە؛ هۆکاری ئەو بارودۆخە نالەبارەی بۆ گەندەڵیی سیستماتیک لە تەواوەتیی ڕێژیمدا و، مودیرییەتی نالێهاتوو لە ئیدارەکردنی وڵاتدا گەڕاندنەوە و بەرپرسایەتیی ئەم دۆخە تراژیکەی خستە ئەستۆی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی، کە بە بەبارمتەگرتنی خەڵک و کۆمەڵگەی ئێران هەموو سامان و داهاتی گشتیی وڵاتیان خستۆتە خزمەت پەرەپێدان بە سیاسەتە ئیدئۆلۆژیکییەکانی خۆیان لە ناوچە و جیهاندا. پلینۆم هەر لەو بەشەدا بە هەڵسەنگاندنی تایبەتیتری بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕای وابوو کە ناوەندە ئەمنیەتییە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم بە پێداگرییان لە سیاسەت و کردەوەی زەبروزەنگ و سەرکوتی ماف و داخوازییەکانی خەڵک -بەتایبەت ئەوەی لە بەردەوامیی پێشێلکردنی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک و بە تایبەتیتر لە سەرکوتی مانگرتنی مەدەنییانەی مامۆستایاندا دەیبینین- لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردووشدا لە ئەمنیەتی‌کردنی پتری ناوچەکانی کوردستان و لە سیاسەتی هەمیشەیی و نەگۆڕی لە بواری هەڵاواردن و سەرکوت لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا بەردەوام بووە.

لە تەوەرێکی دیکەی هەڵسەنگاندنەکەی پلینۆمدا تیشک خرابووە سەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدا بە دەکارکردنی کارتەکانی پشتیوانیی ڕووسیە و چین لە ڕێژیم لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا و مانۆردان لە کەلێنی نێوان پێکدژیی بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز، ستاتوی خۆی لە بەرەی دژی ڕۆژاوادا یەکانگیر بکا و پارێزراویی پتر بۆ بردنەپێشی پڕۆژە ئابووری، ئەمنییەتی، و سەربازییەکانی و هەروەها سەرکوتی جووڵانەوە ئێعترازییەکانی نێوخۆی وڵات دەستەبەر بکا. لەگەڵ ئەوەشدا پلینۆم بە ئاماژە بە هەوڵەکان بۆ دیسان دەست‌پێکردنەوەی وتووێژەکان بۆ ژیاندنەوەی بەرجام، لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە مەوقعییەتی کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا لاوازتر و شکێنەرتر لەوەیە کە ڕێبەرانی ڕێژیم بۆخۆیانی وێنا دەکەن و تەنانەت لە ئەگەری بەئاکام‌ گەیشتنی دانوستانەکانی ژیاندنەوەی بەرجامیشدا هەم دیاردەی کۆماری ئیسلامی هەروەک پێشوو هۆکاری ناسەقامگیری لە نەزمی جیهانیدا دەمێنێتەوە و هەم ئەو ڕێککەوتنەش ناتوانێ دەفریای کۆماری ئیسلامی بێت. چونکی لەلایەک کۆماری ئیسلامی سەلماندوویەتی ڕێژیمێکی چاکەخواز و دەروەست بە بەڵێن و پەیمانە نێودوڵەتییەکان نییە و؛ لەلایەکی دیکەش چارەسەریی کۆی کەڵەکەبووی قەیرانەکانی کۆمەڵگەی ئێران لە نێوخۆی وڵات دەرەنجامی ڕێککەوتنی بەرجام نییە و هۆکارە بنەڕەتییەکەی بۆ دنیابینیی سیاسی و ئیدۆلۆژیکیی ڕێبەرانی ڕێژیم لە سیاسەتی دەرەوە و بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەگەڕێتەوە کە لەو پێوەندییەدا دوگم و نەگۆڕن.

پلینۆم لە بەشێکی دیکە لە لێکدانەوەکەی خۆیدا بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی کۆمەڵگەی جیهانی کە تا ئیستا کێشە و ئارێشەکانی کۆماری ئیسلامییان تەنیا لە سەرەڕۆیی و بەرنامە ئەتومی و مووشەکییەکانی ئەو ڕێژیمەدا سنووردا کردوە، بە تیشک‌ خستنەسەر کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لە بوارەکانی پاڵپشتی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی، بارمتەگیری و باج‌ئەستێنی، دەستێوەردان و نانەوەی بشێوی و ناسەقامگیری لە وڵاتانی دراوسێ، لە تەنیشت سیاسەتی هەمیشەیی نواندنی زەبروزەنگ و سەرکوتی توندوتیژ و خوێناویی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک لە نێوخۆی وڵات لە هەموو ماوەی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەدا؛ ئەو ئاکامگیرییەی کرد کە کۆماری ئیسلامی زەرفییەتی گۆڕانی بە لای چاکسازی و لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا تێدا نییە. بۆیە هەتا ئەو ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا بێت لە دۆخی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا گۆڕانێک پێک نایەت و هەتا پرسی مافە نەتەوەیی، مەدەنی و دێموکراتیەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵاتیش چارەسەر نەبن، ئەم وڵاتە لە نێو خۆیشیدا ئارامی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ؛ بۆیەکۆمەڵگەی جیهانی نابێ ئەو ڕاستییەی لەبەرچاو ون بێ کە سیاسەتی هەڵکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و چەندی نەرمی‌نواندن بەنیسبەت کۆماری ئیسلامی، ئەوەندە ناوچەکە بەرەو نائارامی و ناسەقامگیریی زیاتر دەبا. هەر لەو بەشە لە باسەکانی پلینۆمدا، پلینۆم بە تاوتوێی ئەو بابەتە کە سیستمی سیاسیی وەک کۆماری ئیسلامی کە پشت‌ئەستوور بە هێزی سەرکوت و داپڵۆسینە بە پڕۆژەی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن و چێ‌بوونی ئاڵترناتیڤی ئەو سیستمە سیاسییە دەڕووخێ، ئەو ئاکامگیرییەی کرد کە ئۆپۆزییسیۆنی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری جۆراوجۆر و فرەڕەهەند هێشتا نەیتوانیوە ئەو ستاتویە بۆخۆی دروست بکا و لەو سۆنگەیەوە نەبوونی یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و بەربڵاویی ئۆپۆزیسیۆنی بە هۆکارێکی بنەڕەتیی شەڕانشۆیی و تەڕاتێنەکانی کۆماری ئیسلامی دانا. پلینۆم دواجار لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە پێویستە هەوڵی هەمەلایەنە بۆ ئەو مەبەستە بێت کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بە عەقڵییەتی ڕێککەوتن و سازان بەرەو دەرکەوتن و خۆپێناسەکردنی وەک ئاڵترناتیڤی بەهێز، دێموکراتیک و جێی متمانە بڕوات و، لەو پێوەندییەدا جووڵانەوەی سیاسیی کورد دەتوانێ هۆکاری ئەرێنی و بەشێکی بەهێز لە وەها بەرەیەکی دێموکراتیک بۆ لادانی کۆماری ئیسلامی بێت.

پلینۆمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی لێکدانەوەکەی خۆیدا بە ئاماژە بە بەردەوامیی تێکۆشانی سیاسی و بزاوتە فەرهەنگی و مەدەنییەکانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە بزاوتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕووناکبیری و مەدەنی و، بەگشتیی رەوتی شوناسخوازی و ئیرادەگەریی گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەپێی هەل ودەرەتان و سەرەڕای سیاسەتی هەمیشەیی زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی هەر وا بەرەو پێش هەنگاو دەنێ و لەو سۆنگەیەوە ئاستی مافخوازی و شعووری بەرزی سیاسی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستانی کە هێماکانی لە دەرکەوتن ڕێکخستنە جۆراوجۆرەکاندا وێنا دەبن، بەرز نرخاند. هاوکات بە سەرنجدان بە جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگە پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە سەرکەوتنی یەکجاریی جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیی پتری بە یەکڕیزی و هاوپێوەندیی بەکردەوەی هەم حیزبە سیاسییەکان و هەم هەموو تاکەکان و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە هەیە.

پێویستیی لێک‌تێگەیشتنی نەتەوەکانی ئێران بە سەرنجدان بە قورسایی و فاکتەری هاوبەشیی دوو نەتەوەی فارس و ئازەری لە دروست‌کردنی ئێرانی داهاتووی دێموکراتیک بۆ هەمووان و لێک‌گرێدانی وزەی خەباتگیڕیی هەموو نەتەوەکان بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، ئاوڕدانەوە لە هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەتییەکانی عێڕاق و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کاریگەریی ئەم ڕەوشە لەسەر پێگەی حیزبی سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم، دۆخ و ئاسۆی مانگرتن، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێران چەند تەوەرێکی دیکەی لێکدانەوە سیاسییەکەی دووهەمین پلینۆمی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون. پلیۆم لە پێوەندی لەگەڵ هەرکام لەو باسانەدا پاش باس و هەڵسەنگاندن و بەرچاوڕوونی، ڕا و سەرنج و ڕاسپاردەکانی خۆی بە ڕێبەریی حیزب دا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری پلینۆمدا کە بۆ باس لە دوا پێشڤەچوونەکانی پرسی یەکگرتنەوەی دوولایەنی دێموکرات تەرخان کرابوو، پلینۆم وێڕای بەرزنرخاندن و پەسندکردنی کار و هەوڵی هەیئەتەکانی دانوستانکاری حیزب بۆ پێشکەوتنە بەرچاوەکان لە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکاندا، دوو بەڵگەنامەی “ئوسوول و پرنسیپەکان و مکانیزمەکانی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان” و “ڕەشنووسی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب بۆ کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان”ی تاوتوێ کرد و دەفتەری سیاسیی حیزب و هەیئەتی دانوستانکاری حیزبی بۆ درێژەدان بە ڕەوتی دانوستانەکان لەپێناو بەئەنجام‌گەیاندنی ئەو بابەتە پێویست وگرینگە ڕاسپارد.

دووهەمین پلینۆمی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزب پاش خستنەبەرباسی کۆمەڵە بابەتێکی نێوخۆیی و دەروون‌تەشکیلاتی و وەرگرتنی بڕیار لەسەریان، کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٦ی پووشپەڕی ١٤٠١