سیاسەتی ئابووری یان ئابووریی سیاسی؟ شەونم هەمزەیی

سیاسەتی ئابووری یان ئابووریی سیاسی؟ شەونم هەمزەیی

سیاسەتی ئابووری کۆمەڵێک ڕێکار و کار‌ڕاپەڕاندنە کە دەوڵەت بە مەبەستی کار کردنە سەر چالاکییە ئابوورییەکان دەیکا کە کاریگەریی لەسەر داڕشتنی ئابووری هەیە. واتە بریتییە لە بەرنامە و سیاسەتێکی گونجاو بۆ بەرهەم‌هێنان و گەشەپێدانی توانای ئابووری و… مەبەست لێی بەدیهێنانی پەرەپێدانی ئابووری، سەقامگیریی ئابووری و پاراستنی ئابووریی نیشتمانییە بە جۆرێک هەر وڵاتێک و دامەزراوەیەک بە سیستمە ئابوورییەکەی پێناسە دەکرێ و هەر ئەو سیستمەش پێکهاتە و کاراییی ئابوورییەکەی دیاری دەکا.

سیاسەتی ئابووری بەتایبەتی دوای کۆتایی‌هاتنی شەڕی سارد و نەمانی سیستمی دووجەمسەری و ڕۆڵی سەرەکیی ڕۆژاوا، گرینگییەکی زیاتری پەیدا کرد. سیاسەتی ئابووری بۆ گەشەی ئابووری پێویستە و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە و پێوەندیی بە سەرچاوەی داهات و هێزی مرۆییی ئەو وڵاتەوە هەیە.

سەدەی بیستەم، سەدەیەکی پڕ لە قەیران و ڕکابەری و کێشەی وڵاتان بوو، هەڵگیرسانی دوو شەڕی گەورەی جیهانی، داڕمانی ئیمپراتۆرییەکان و دروست‌بوونی دەیان حکوومەتی نەتەوەیی، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و نیزامی ئابووری و چەندین گۆڕانکاریی تر، سیمایەکی تری بە جیهان بەخشی کە لەم نێوەدا بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتان یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی سەرهەڵدانی ئەو ناکۆکییانە بوو، بەتایبەت دوای شەڕی جیهانیی یەکەم کە بێکارییەکی زۆر سەری هەڵدا و بوو بە دیاردەیەکی جیهانی، جیهان لە ساڵەکانی ١٩٢٩-١٩٣٣ بێ‌بازاڕییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی کە بووە هۆی زۆربوونی ژمارەی بێکاران، هەر ئەمەش بووە جێی مشت‌ومڕ و بەدواداچوونی ئابووریناسان و وڵاتان بۆ گەیشتن بە چارەسەری بارگۆڕانی ئابووری لە ماوەی دوای شەڕ و نیو سەدەش دوای شەڕ.

لەم نێوەدا ئێرانیش کە وڵاتێکی پان و بەرین بوو و لە بواری سامانی سروشتییەوە دەوڵەمەند بە سەرچاوە ئابوورییەکان بوو و لە ڕووی ژێئۆپۆلیتیکیشەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا هەڵکەوتەیەکی باشی هەبوو، بەڵام بە ئاوڕدانەوەیەک لە دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و مێژووییی ئێران دەزانین کەڵکی بەرچاو لەو سەرچاوانە وەرنەگیراوە و لە بەرژەوەندیی خەڵک‌دا بەکار نەهاتووە و بگرە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە بە مەبەستی چەوساندنەوەی خەڵک بەکار هاتووە. لەو کاتەدا کە دەبوو سوود لەم بارودۆخە وەربگرێ ببوو بە مەیدانی ڕمبازێنی وڵاتە زلهێزەکانی وەک ڕووسیە و بریتانیا. لە کۆتایی‌یەکانی سەدەی نۆزدەهەم حکوومەتی ئێران لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە زۆر لاواز بوو، گوشارێکی زۆری ئابووری لەسەر خەڵک بوو، گرێبەستەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە کە هیچ بەرژەوەندییەکی خەڵکی تێ‌دا نەبوو، ڕۆژ بەڕۆژ قورساییی زیاتر دەکەوتە سەر ژیان و بژیوی خەڵک، بە جۆرێک خەڵک چیتر بۆیان تەحەممول نەکرا و بزووتنەوەیەکی لەژێر ناوی مەشرووتە بەمەبەستی بەرتەسک‌کردنەوەی دەسەڵاتی شاهەنشاهی هاتە ئاراوە، هەرچەند کە دەرەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو و لەلایەن دەسەڵاتی پەهلەوییەوە ژێر پێ نرا.

ئەوەش زۆری نەخایاند و لە ئاکام‌دا پاش چەندین ساڵ دۆخی خراپی ژیانی خەڵک و هەروەها نەبوونی ئازادیی سیاسی بووە هۆی سەرهەڵدان و ڕاپەڕین و لە ڕێبەندانی ساڵی ٥٧‌دا شۆڕشی گەلانی ئێران سەر کەوت و قۆناغێکی تر لە ژیانی خەڵکی ئێران لەژێر سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا دەستی پێ‌کرد. گەلانی ئێران لەو بڕوایەدا بوون بە سەرکەوتنی شۆڕش بە ئامانجەکانیان دەگەن و لە سێبەری ئازادی و دادپەروەری‌ و خۆش‌گوزەرانی‌دا دەحەسێنەوە، بەڵام زوو دەرکەوت کە پێچەوانەی ویست و داخوازی خەڵک بوو.

لە ڕووی ئابوورییەوە سەرچاوە گرینگەکانی ئابووری لە بەرژەوەندیی خەڵک‌دا بەکار نەهێنرا، داهاتی ئەم وڵاتە لە بری وەبەرهێنان و بەرهەم‌هێنان خەرجی شەڕ و دەست‌تێوەردان لە وڵاتانی ناوچە و ناردنە دەرەوەی شۆڕش و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستەکان کرا. هەروەها پیتاندنی ئۆرانیۆم و پەرەدان بە چەکی ئەتۆمی جیا لە بەکارهێنانی سەرچاوەی ئابووریی ئەو وڵاتە هۆکارێکیش بووە بۆ دژایەتیی وڵاتان لەگەڵ ئێران و دژکردەوەی وڵاتانی ڕۆژاوا و گەمارۆ ئابوورییەکان، بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین لە ئاکامی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، تەنیا خەڵکی ئەم وڵاتە تێ‌دا زەرەرمەند بوون.

کێشەی سەرەکیی ئابووریی ئێران، هەر لە سەرەتای سەقامگیر بوونی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا، بوونی دامەزراوەی هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت یان هەمان ئابووریی سێبەر بووە، کە سەرچاوەی گەندەڵی و ڕێگری لە کەرتی تایبەتە، ئامانج لە دانانی ئەم دامەزراوانە بە ڕواڵەت یارمەتیی کەسانی کەم‌داهاتی کۆمەڵگە بوو، بەڵام وردە  وردە دەر کەوت ناوەندگەلێکن لە خزمەتی ئابووریی ڕانتی و گەندەڵیی ماڵی لە ئێران‌دا.

ئەم کێشە هەنووکەیی‌یانەی ئابووریی ئێران لە سۆنگەی سیاسەتی ئابووریی هەڵەوە سەری هەڵداوە و بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی پێش شۆڕش و بەکاربردنی شێوەی سزادان بۆ کۆنترۆڵی نرخ کە سەرچاوە گرتوو لە تێگەیشتنی هەڵە لە هەڵاوسان بوو. کۆنترۆڵی ئیداریی نرخ کە بووەتە هۆی هاوردەی بە لێشاوی شمەکی بیانی و خەساری بە کەرتی بەرهەمهێنانی نێوخۆ و بەشی هەناردە گەیاندووە و داهاتی ڕانتیی لێ‌کەوتووەتەوە. لە لایەکی تر ناکارامەییی تەرخان‌کردنی سەرچاوەی بوودجە و هۆگریی خەڵک بە کڕینی شمەکی ڕاوەستاو لە بەرامبەر هەڵاوسان وەک زێڕ و هەروەها سیاسەتی هاوردەی بەرفراوانی بەرهەمی کشت‌وکاڵ، لەگەڵ سووبسیدی بەکارهێنانی شارنشینان، کە کێشەی لە حەشیمەتی شارەکان‌دا دروست کردووە و سەرچاوەی زۆر کێشە و قەیرانی دیکەیە.

لە لایەکی تریش یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی خۆی لەمپەرە لە بەردەم پێشکەوتن و گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە، ئەم یاسایە ئەرکی زۆر قورسی وەک دابین‌کردنی بژیو، خانوو، تەندروستی و خۆش‌بژیویی خستووەتە سەر شانی سیستمی سیاسیی وڵات بێ‌ئەوەی لەمەڕ تێچووی بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکانە هیچ شتێکی گوتبێ، هەر لەم یاسایەدا ڕێگری کراوە و لەمپەر دانراوە لە بەردەم دروست‌بوونی پێوەندیی ئابووریی ئێران و ئابووریی جیهان و پێش‌گرتن لە دامەزراوە و کۆمپانیای کەرتی تایبەت کە هۆکاری گەشەی ئابووری و زیادبوونی بەرهەم‌هێنان لە هەو وڵاتێک‌‌دایە. ئەمە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتێکی گەورەی وەک چین -کە ئێران دوای گوشار و گەمارۆکان لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ سات و سەودا کردن پەنای بۆ بردووە- کە لە دەیەی هەشتای زایینییەوە دەروازەی بازرگانی و پێوەندیی بە ڕووی وڵاتانی بیانی کردەوە و بووە بە یەکێک لە بازاڕە گەورەکانی جیهان لەم سەردەمەدا، بەتەواوی ناتەبایە.

ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێران دەیبینین بەرزبوونەوەیەکی بەردەوام و هەست‌ پێ‌کراوە‌ لە ئاستی گشتیی نرخەکان‌دا کە خواستێکی زۆر زیاتر هەیە لەچاو خستنەڕووی شمەک و خزمەتگوزارییەکان و تێی‌دا دەستاودەست کردنی پووڵ زۆر بووە بێ ئەوەی زیادبوونی قەبارەی شمەکی بەرهەم‌هێنراوی لەگەڵ‌دا بێ، بە جۆرێک بووەتە هۆی دابەزینی هێزی کڕینی پووڵ و بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی پێویستییەکان و دروست‌بوونی هەڵاوسانی سەرکێش بەشێوەیەک سیستمی نەختینەییی ئەم وڵاتەی بەرەو هەرەس‌هێنان بردوە. وەک ئەوەی ساڵی ١٩٣٩ لە ئاڵمان ڕووی دا کە بە زۆری بەستراوەتەوە بە هەل‌ومەرجی شەڕ و شۆڕش و جێگیر نەبوونی باری ڕامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتیی دەوڵەتەوە. لێرەدا ئەوە دەوڵەتە دەبێ هەوڵ بدا بە ڕێکار و بەرنامە و پلانی تۆکمە ئەم هەڵاوسانە لە ڕێگەی جۆراوجۆر کپ بکا کە بارێکی کاتییە، چونکە یان ئەوەیە دەسەڵات دەتوانێ باری ئابوورییەکە ڕاست بکاتەوە یان ئەوەیە بارەکە لەدەست دەردەچێ و بەرەو ئاڵۆزی دەچێ و کۆنترۆڵ‌کردنی سەخت دەبێ.

کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی ئاوساو و پڕ‌کێشەیە، بەهۆی ناکارامەیی و بێ‌بەرنامەییی لە بواری بەڕێوەبەری و سیاسییەوە و بەهۆی ئەوەی لە قۆناغی پەڕینەوە لە کۆمەڵگەیەکی نەریتی بۆ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنە، تووشی سەرلێشێواوی و ئاڵۆزی بووە. قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان، بێ‌متمانەیی و بێ‌هیواییی خەڵک، بێ‌کاری و نەبوونی دۆخی کەسب‌وکار، قەیرانی ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لەو وڵاتەدا دۆخێکیان خولقاندوە کە ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەک پەنگیان خواردۆتەوە کە هەر کات ئەگەری ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و ڕووداوی چاوەڕوان‌نەکراو لە لایەن خەڵکەوە هەیە.

لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە مانگی بەفرانباری ٩٦ بەملاوە زنجیرەیەک خۆپێشاندان لە نزیک بە ١٠٠ شاری ئێران هاتە ئاراوە کە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە ئێران دادەنرێ. ئەمساڵیش لە مانگی بانەمەڕدا و لە درێژەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ڕەوتێکی نوێ لە ناڕەزایەتی دەستی پێ‌کرد، خەڵک بە ئامانجی جۆراوجۆر لە خۆپێشاندانەکان‌دا بەشدارییان کرد و پاڵنەرەکانی بەشداریی خەڵک جۆراوجۆر بوون، لە لایەک بێزاری و تووڕەییی خەڵک لە سیستم و دەسەڵات بوو کە لەو خۆپێشاندانانەدا بە ڕاشکاوی سیستم و دەسەڵاتیان کردە نیشانە و لە لایەکی تریش دۆخی خراپی گوزەرانی خەڵک و گرانییە، بەشی زۆری خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری‌دا دەژین، ئەوە کارەساتە و ئەگەر ئەم ڕەوتە لە هەرەس‌هێنانی ئابووری بەردەوام بێ ڕێژەیەکی زیاتر لە خەڵک بۆ ژێر هێڵی هەژاری دادەبەزن و لەوانەیە لە داهاتوودا خەڵکێکی زیاتر بێنە نێو بازنەی ناڕەزایەتییەکانەوە.

ئێران لەگەڵ ئەوەی وڵاتێکی نەوت‌تەوەرە دەیتوانی لە ڕێگەی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێ بەرەو ئابووریی دوای نەوت هەنگاو هەڵێنێتەوە و بەشێک لە کێشە ئابوورییەکانی چارەسەر بکا. لە جیاتی ئەوەی ئەم داهاتە سەرسوڕهێنەرە لە خزمەتی گەشەی وڵات‌دا بەکار بێنێ و ببێتە یەکێک لە ئابوورییە بەهێزەکان، بەڵام هەر لەو دۆخەدا ماوەتەوە و هیوایەکیش بۆ دەربازبوون نییە، چونکە بێ‌بەرنامەیی و ئیدئۆلۆگ بوونی سیستمی ئابووری و گەندەڵی، لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەگەیشتن بە دواڕۆژێکی ڕووناک لەم وڵاتەیە.

بەم پێیە لە کۆتایی‌دا دەتوانین ئاماژە بەو خاڵە گرنگە بکەین کە کۆماری ئیسلامی بەرنامە ئابوورییەکانی نەک لە خزمەتی خۆشبژیویی خەڵک‌دا نییە و نایهەوێ لە ڕێگەی بەرنامە و پلانێکی تۆکمە و هزرمەندانەوە، باری ژیانی خەڵک و گەشەی ئابووریی وڵات بەرەو پێش بەرێ، بەڵکوو ئەو ئابوورییەی بەتەواوی لە خزمەتی سیاسەتە شەڕەنگێزانەکەی‌دایە. بەجۆرێک کە سپای پاسدارانی کردووەتە گرنگترین ناوەندی ئابووریی ئێران و ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بە قاچاخ و بە ئاشکرا بەدەستی دێنێ، لە پرۆسەی چەکی ناوکی و پەلهاوێژی بۆ وڵاتانی دوور و نزیک و تێرۆریزمی دەوڵەتی‌دا خەرجی دەکا؛ بۆیە پێمان وایە ئەو سیستمە ئابوورییەی کە لە ئێران‌دا زاڵە، لە خزمەتی سیاسەت (ئیدئۆلۆژی)ـی حاکم‌دایە، نەک لە خزمەت گوزەرانی خەڵک‌دا.