سەفرە و دیسان سەفەر. سەلیم حەقیقی

سەفرە و دیسان سەفەر. سەلیم حەقیقی
ئەمجارە لەسەر تاڵی موژگانی برۆ ڕاکشاوەکانت سەفرەێک دەکەم بەرەو چیخی تەنیاییم
سەفرەێک پڕاوپڕ لە هەنیسک و تەماویتر لە وەرزی باران و شێدارتر لە ئەشکەوتەکانی خواکورک و چڕتر لە دارستانی لۆڵان!
ساردتر لە قەندیل و بێ بەخت تر لە کوردی کڵۆڵ و ناتەبا و خولیا
ئەوەندە گەڕام لەسەر پەلکی هەموو دار بەڕوویەک و گوڵ و چیمەن و هەموو هەورێکی ئەو نیشتمانە
ئەوەندە گەڕۆڵ بەدوای جوانی و دیمەنی سرووشتێکی شێت و بیرەوەرییەکانی دەم کانیم
ئەوەندە پاڕک و مەوزە و وێڵا و تاوەری بەرزی وڵاتان، ئەو کۆشکە هارانەی ئێستاش نەقە و قیژەی کۆیلەکان دەمهاڕێنێ
باڵاخانە شووشەیی و پردی هەڵاوەسراو و چراغانی شەقام
خەڵکی ڕووتی سەر لمی دەریا و هەموو جوانییەکانی ڕواڵەتی هەمووی سەفەرێک بوو بە هەویای ئەو یادگاریانەی لە بێشکەوە هەتا تاراڤگە بەدوای دا دەگەڕام
ئەوە سەفەرە بڵێسەیەک لە خولیاکانم، سەفرە و ئاواتی کەشێک، خاکێک دنیایەک بۆ ڕاکێشانی هەستی غەوارەم لەو سەفەرانەدا
کاتێک لەمپەڕێکی قەڵغان لە کاولێکی بۆگەن، بیرێکی تەسک و کەون وەک فریزوو دایکوتاوە و ڕۆچووەتە هەناو و مێشکی ئەوانەی کایە بە ژیان دەکەن، ئەوانەی ڕقیان لە بزە و بەزە و جوانی و چاوە کەسکەکانی تۆیە، ئەوانەی وەک مرۆڤ خۆ دەنوێنن و گەمە بە من و تۆ و هەموو ئاواتەکانمان دەکەن و بە نەعلی هەزاران ساڵی کۆن وەناو دەکەون و کانیاو دەشوێنن، وەک شەوە دێنە سەر سەرینی کۆرپە و وەک قەل دەقێڕێنن و بەوێنەی پەرژین دەوری ژین دەدەن و هەناسم دەبڕن
ئەو سەفەرەم ڕێگای نییە و دیمەنی قەڵاغ و دەوە و دەشتی و سەرگوێلکە و هەتا ئاشی حەوداڵ لەسەر چیمەنەکانی زناوم لێ دەشارنەوە
هەموو بەیانیان بەکاتی کازێوە خۆم وێکدێنم لە سەفەرێکی خەیاڵی بەرەو ئەو هەوارانەی جێ ژوانی مناڵیم بوون و هەموو ئەو ئێوارانەی لەسەر تاتەبەردێکی زەرد چاوەڕێی دوامین تیشکەکانی خۆرم دەکرد هەتا بێتە سەرکانی و دەنگی مورو و خڕخاڵ و بازنەی شووشەی دەستێکی خڕوخۆڵ بە حەسرەت یەک نیگا قەتیس دەما لەهەناوی هەموو جوانییەکانی زێدی خۆشەویستم

سەلیم حەقیقی