نامیلکەی (ڕۆڵی خێزان لە پەروەردەكردنی منداڵدا)

نامیلکەی (ڕۆڵی خێزان لە پەروەردەكردنی منداڵدا) نووسینی: زاهید حەسەن، مامۆستای بنەڕەتی و سۆما سەرحەد، مامۆستای باخچەی منداڵان.
کۆکردنەوە و ئامادەکردنی؛ رەحمان نەقشی

بۆ ماوەی هەزاران ساڵە و زیاتریش، خێزان كۆنترین یەكە و پەیكەری كۆمەڵایەتییە. ئـێستایش لە زۆر جوگرافیای جیاوازدا خێزان یەكەم وێستگەی ژیان و هێلانەی مرۆڤەكانە. خێزان دامەزراوەیەكی بنەڕەتییە بۆ دابینكردن ‌و پڕكردنەوەی پێویستییە گرنگ و ژیانییەكانی مرۆڤ و، لانەیەكی ئـارامە كە هەستی ئـارامی و ئـاسایش دەبەخشێتە ئـەندامەكانی. هەروەها خێزان بە یەكەم ژینگەی كۆمەڵایەتی دادەنرێت كە منداڵ لەنێویدا هەنگاوە سەرەتایییەكانی فێربوون دەست پێ دەكات.

منداڵ بەرهەمی خێزانە و، ماڵ جوانتر و ئـاوەدان دەكات و مایەی دڵخۆشیی ئـەندامانی خێزانه‌. خێزان لە بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵدا ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت. لە خێزاندا منداڵ زمانی دەپژێت و دەكەوێتە گۆ و بە لاساییكردنەوەی دایك ‌و باوك و گەورەكانی دیكە فێری هەڵسوكەوت و ژیانی كۆمەڵایەتی دەبێت. بۆیە گرنگە خێزان زۆر بەوریایی و شارەزایی مامەڵە لەگەڵ منداڵدا بكات و ڕێگەی دروستی پەروەردەكردنی بگرێتە بەر. پەروەردەكردن كارێكی دژوار و سەخت و وردەكارە، كارێكی تیۆری و كردارییە، كارێكی بەردەوام و هەرەوەزییە، ئـەرك و لێپرسراوییەتییەكی گەورە و گرنگی خێزانە ‌و، ئـەركێكی پیرۆزە. پەروەردە هەم زانسته‌ و هونەرە؛ كارێكی ئـاسان و هەڕەمەكیی بەڕێكردن نییە.