ساڵە خەمێکە کاکی کاکانم. ئەحمەد ڕەحمانی

ساڵە خەمێکە کاکی کاکانم. ئەحمەد ڕەحمانی
نە قاقاکانت، نە مەشرەف خۆشیت، نە خۆنەویستی و سادقیت، نە سادەی و دڵپاکیت، نە خۆشناوی و متمانەبوونت، نە جوانی باڵا و قەڵافەتی پێشمەرگانەت، نە سۆز و مێھرەبانی باوکانە و ھاوڕێیانەت، نە ھیواکانی خەباتت، نە لە گەڵ بوونی ڕێبەرانت، نە ڕوحی بەرزی پێشمەرگانەت
دوای ساڵێک لە دوا ماڵ ئاوایی و دوا ئۆغرت گەردی ڕۆژگار و لەبیرچوونەوەتیان لە سەر نەنیشتووە و ئاوازەی خەندە جوانەکانت ھێشتاش لە گوێچکەماندا دەلەرێنەوە.
پێنووسم نەزۆکە و وشەکانم ھەتیون و پەنجەکانم دەلەرزن کاتێ دەمھەوێ بە پێنووسی کول و کۆڵەوار و ماتەمبارم بەنکیلە فرمێسک نووسێکت بۆ بھۆنمەوە و ژیانی منداڵی خۆم تێکەڵ بە یادگاریە جوانەکانت بکەمەوەو لە ژێر سێبەری جوانت دا لە دەورانی منداڵیم بڕوانمەوە و گوڵ خەندەکانی حەکیمی ھەمووانم بیر بێتەوە.
نازانم لە کامە خوڕێنی ڕووباری تەمەنم لە تەنکایی بدەم و بوارێ ببینمەوە کە ھێشو ھێشو لە یادگاریە جوانەکانت لە قرتاڵەی یادگاریە بە جێماوەکانم باوێم و خۆشەویستی کاکی کاکانم لە دڵ دا زیندوو ببنەوە.
ناوێرم و گەمیەوانێکی کارکوشتەی کارامە نیم و زاتم نیە خۆم لە شەپۆلە بەھەیبەت و جوانەکانی دەریای ژیانت بدەم و سەوڵەکانم کۆن و ھێزی بازوەکانم لە شلی دان و دەترسم لە نێو دەریای جوانی ناخت دا نغرۆ ببم و دوا ئاوزنگی ھەموو یادگاریەکانم بێ.
لە بووڵێکی دەم و بەیاندا کەوشەنەکانی ژیان و تراویلکەی نەگەیشتن بە ئاواتەکانت دەبڕم و لە ژێر دارچوالەیەکی تازە پشکوتووی پشت بنکەی تەداروکاتی تەقەمەنی لە “کانیەمێو”ی دۆڵی جافایەتی لە بەژن و باڵای جوانت دەروانم لە کاتی نیگابانی دا،
لە ژێر دارگوێزە پیرەکانی بناری قەندیل جوانترین وینەی بەجێماوی یادگاریت دەبینمەوە کە لە تەنیشت دکتۆرە شەھیدەکان شان و شکۆی پێشمەرگانەت قەندیل ئاسا باڵای بەرزە و ھیوای پێشمەرگانەت دەبینمەوە، لە پیدەشتی کۆیە و داگەران بەرەو گەرمی گەرمێن بارینی بەفری سپی ڕێزی تەمەن لە گەڵ مامۆستا حەسەنزادە بە پێکەنینەوە لە باوەشی ژیاندا دەتبیمەوە.
گریانە، لەخۆدانە، فرمێسکەبارانە، خوشان بەرەو گۆڕستانی شەھیدانە، کۆبوونەوەی ئاپۆڕای ھاوڕێ و خۆشەویستان و ھاوسەنگەرانە، نمەی دڵۆپەبارانە خەمەکانی باجی عیسمەت و کچانە، گرمەی ھەوری خەمی برا و خوشکانی دوورە دیارانە، ڕۆژی زانەوەی کانیاوی فرمێسکی گەرمی ھەموومانە.
پەنجەکانم دەلەرزن و ناتوانم لە بەر تەمی فرمێسکەکانی چاوانم ھیچی ترت بۆ بنووسم کاکی کاکانم،
یەک ساڵەی خەمی دوا ماڵ ئاوایت چەندە بە خەم و بەژانە.
ئەحمەد ڕەحمانی