زینده‌به‌چاڵ. عەلی بداغی
[“زیندە بەچاڵ” کورتەچیرۆکێکی منە کە هاوینی ساڵی ١٣٨١ (٢٠٠٢) نووسیومە. باش لەبیرمە کە دوای لێ‌بوونەوە لە ژووری دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان بووم کە “کاک مەلا برایم جەهانگیری” وەژوور کەوت و ئەو وێنەیەی گرتم. ئەوکات موبایلی زیرەک و کامێرای دیجیتاڵ نەبوو. دوای شۆردنەوەی نیگاتیڤەکە وێنەکەم بۆ ماڵەوە ناردبۆوە. ئەمڕۆ خوشکەزایەکم لەگەڵ کۆمەڵە وێنەیەکی کۆنی ئەوکات سکانی کردوە و بۆی ناردوومەوە. لەگەڵ “زیندە بەچاڵ”، وەک یەکەم ئەزموونەکانی چیرۆک‌نووسیم دایدەنێم:]
زینده‌به‌چاڵ
چه‌ک و ڕه‌خته‌که‌ی له خۆ کرده‌وه و له پشت سه‌ری له شوێنی خۆی هه‌ڵی واسین. چووه پشت مێزی کاره‌که‌ی تا وتاره نیوه‌چڵه‌که‌ی ته‌واو کا. هاوڕێکانی هه‌رکام به کارێکه‌وه خافڵابوون. بێستوون خه‌ریکی نووسین بوو، ئەییوب دەستی بە دیزاینی ژمارەی نوێی ڕۆژنامە کردبوو؛ هیواش به هێدفۆن گوێی دابووه ده‌نگوباس…..
حه‌وشه‌ی قه‌ڵا کپ و بێده‌نگ بوو. ڕۆژیش دەهات ئاوا ببێ. شۆڕش پاش ماوه‌یه‌ک ڕوانین له په‌نجه‌ره‌وه بۆ حه‌وشه له پشت مێزه‌که‌ی هه‌ستا و ده‌ستی دایه کتێبێک و وه‌ده‌ر که‌وت. له‌بن سێبه‌ری دارتوویه‌کەی پشت پەنجەرە په‌تۆکه‌ی ڕاخست و پاڵی به داره‌که‌داو خه‌ریکی خوێندنه‌وه بوو. هێشتا لاپه‌ڕەیه‌کی ته‌واو نه‌کردبوو دایکی هاته به‌ر چاوی و ده‌ستی کرد به لۆمه‌کردنی و تیر و توانج پیدانی.
….. ده‌ک ڕۆڵه عه‌مرت نه‌مێنێ، سەد بریا هەر تۆم نەبوایە. “ده‌ڕۆم ده‌چمه ڕیزی شۆڕش، گه‌له‌که‌م چاوی له منه”…. باوکیشت هه‌ر وای ده‌گوت. ئه‌دی ئه‌و کاته‌ی وا به کڵفه‌تی و قه‌ره‌واشی و کاری ماڵان پێنج سەر منداڵی سه‌ر و پێچکه‌م به‌خێو ده‌کرد بۆچی که‌س نه‌بوو ئاوڕێکم لێ بداته‌وه، بۆ کەس ڕووی تێنەکردم بڵێ با تۆزێک بار له سه‌ر شانی ئه‌و ژنه سووک بکه‌م، کەس نەیگوت ئاخر ئه‌وه مێرده‌که‌ی له پیناو ئێمه‌دا خه‌بات ده‌کابا ئێمەش بە دەم دەرد و خەمێکی ئەو بین. چه‌ند شه‌و و نیوه شه‌و، وه‌خت و ناوه‌خت جاش و پاسداران به‌ر ده‌رکه‌یان پێ ده‌گرتم که‌س بوو بێ به هانامه‌وه؟ تۆش کوردایه‌تیم بۆ ده‌که‌ی و له پیناو ماف و ئازادی ئه‌و خه‌ڵکه خۆت هه‌ڵوه‌دای شاخ و داخان کردووه! ئاخ فایده‌ی چی، له گوێی گادا نووستووی و فڕ‌ت به‌سه‌ر هیچ شتێکه‌وه نیه. یان ناته‌وێ بزانی و خۆت له گێلی ده‌ده‌ی؟ من لێره کونده جه‌رگ بووم هینده ببیسم که کوڕی کابرا توانای کار و کاسبی نه‌بوو، داپیره‌ی له کاوله‌کۆنان جێ هێشتووه و خۆشی وه‌دوای کڵاوی خوار که‌وتووه….
قسه‌کانی دایکی ده‌تگووت کوتکه و له سه‌ری ده‌درێن. هه‌ستا سه‌ر پێ و له پێشرەوی هاوڕێی که له‌و ده‌وروبه‌ره پیاسه‌ی ده‌کرد چەند جگه‌ره‌یەک و چەخماغەکەی لێ وه‌رگرت و گه‌ڕاوه شوێنەکەی خۆی. هه‌رچی هێنای و بردی نه‌یتوانی خه‌یاڵی دایکی له‌خۆ دوور خاته‌وه….
… پێم ناڵێی بۆ له سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه خۆت به کوشت ده‌ده‌ی؟ له باوکتانه‌وه ته‌نیا فرمێسک و خوێن و چه‌رمه‌سه‌ری و ئه‌رکی سه‌رپه‌رستیی ئێوه‌م بۆ به‌جێ ما. ته‌مه‌نی لاوه‌تی و جوانیم له‌سه‌ر ئێوه دانا. له‌سه‌رتان دانیشتم و پێم گه‌یاندن. دڵم به‌وه خۆش بوو کوڕم گه‌وره کردووه و له‌به‌ری ده‌حه‌سێمه‌وه، له کاتی پیری و په‌ککه‌وته‌ییم دا بۆم ده‌بێته داری به‌ری. نه‌مزانی جیفڕکێک له خۆی ده‌دا و له‌گه‌ڵ ته‌نیایی و پیری له ژووره چۆڵان دا جێم ده‌هێڵێ…..
به چزه‌ی قامکی وه‌خۆ هاته‌وه. قونچکه سیگاره‌که‌ی فڕێ دا و هه‌ستاو به‌په‌له بۆ لای ژووره‌که‌ی چوو. له‌نێو سندووقی کەلوپەلەکانی دا ئاڵبۆمی وێنه‌کانی و نامه‌کانی هێنا ده‌رێ و له قه‌ڵا وه‌ده‌ر که‌وت. به‌ده‌م ڕێوه ئاڵبۆمه‌که‌ی هه‌ڵ ده‌داوه. هه‌ر لاپه‌ره‌یه‌ک و کۆمه‌ڵێک وێنه‌و دنیایه‌ک بیره‌وه‌ری.
له وێنه‌یه‌ک دا کازیوەی خوشکی به گریانه‌وه باوشی بۆ گرتبۆوه و ده‌یگوت:
کاکه گیان بگه‌ڕێوه، بۆ ئێمه کۆستێک به‌سه، وه‌ره‌وە…..
بزه‌یه‌کی تاڵ که‌وته سه‌ر لێوی، چاوی به نامه‌کانی سۆمای خۆشه‌ویستی که‌وت. سۆما له دووره‌وه به کراسێکی سووری گوڵ زه‌رد له‌به‌ره‌وه بۆلای ده‌هات.
… ده‌زانی چییه شۆڕش! ناڵێم خۆشم ناوێی نا، به‌ڵام ئەمن ژیانیشم دەوێ، نامه‌وێ باوکی مناله‌کانم قه‌ت لێمان دوور که‌وێته‌وه. پێم خۆشه هه‌موو ئێواره‌یه‌ک به‌ره‌و پیلی بچم و له باوه‌شی یه‌کتردا ماندوویی له‌ش و تامه‌زرۆیی ڕۆحمان ده‌ربکه‌ین. نانا من نه‌ک حازر نیم له چیا و له تاراوگه بژیم ته‌نانه‌ت نامه‌وێ تاقه ساتێکیش به دڵه‌ڕاوکێ کاته‌کانم به‌رمه‌سه‌ر. من نامه‌وێ به‌رده‌وام چاوه‌ڕوانی هه‌واڵی بریندار بوون یان کوژرانی مێردەکەم بم. کورتی ببڕمه‌وه من حه‌زم له فرمێسک و ته‌نیایی و دابڕان نیه و ناشمه‌وێ وه‌ک دایکت له هه‌ڕه‌تی لاوه‌تیدا بێوه‌ژن بم. بمبووره وا قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌که‌م، به‌ڵام تۆ پێت وا نییه ئه‌وه تۆی خه‌یانه‌تت پێ کردم که به جێت هێشتم!…
بزەیەکی تاڵ کەوتە سەر لێوی. نه‌یده‌زانی چی ده‌کا، ئاڵبۆمه‌که‌ی فڕێ دا سه‌ر زه‌وی و ده‌ستی کرد به چاڵ هه‌ڵکه‌ندن. یه‌ک، دوو، سێ، چوار، پێنج… له پێش هه‌موواندا دایکی ناشت. پاشان برا و خوشکه‌کانی و گوڵالە خۆشه‌ویستی و خزم و که‌س و ئه‌وه‌ی به بیری مابوو. هه‌موویانی له گۆڕ نا و دایپۆشین. کاتێک که له ناشتنی ئه‌وان بۆوه، وێنه‌کانی ئاڵبۆمه‌که‌ی ده‌رێنا و له‌گه‌ڵ نامە و دیارییەکانی سۆما له سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌که‌ی کردن و ئاوری دان. به‌ده‌م سووتانی وێنه و نامه‌کان هه‌ناسه‌یه‌کی پڕ له حه‌سره‌تی هه‌ڵكێشا و به ئاوره‌که جگه‌ره‌که‌ی داگیرساند و بۆ حەوشەی قه‌ڵا گه‌ڕایه‌وه.
قه‌ڵا- کۆیه
١٣٨١/٤/١٤