دەرمانی زام و خەمان، حەکیمی دەردان
دەرمانی زام و خەمان، حەکیمی دەردان
نازانم بنووسم ساڵێک زوو تێپەڕێ، یا ساڵێک خەم و ئازار و دووریت بۆتە دەیان ساڵ، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو دا هەموو ڕۆژێکم هەر چاوەڕوانی بووە، چاوەڕوانی زەنگی تەلەفوون و دەرکەوتنی وێنەکەت، لە سەر شاشەی موبایلەکەم بووم، چاورەوان بووم وەک جاران بە دەنگە بلاوێنەکەت بڵێی “خاڵە خەمە” ئەوە بۆ ئەمڕۆ دەنگت نییە و دواتر بکەوینە باس و خواستی هەمە جۆر و هەمەڕەنگ، ئێستا کە بیر دەکەمەوە ڕۆژانی بێ تۆیی گەلێک دوور و درێژ و پڕ لە خەم و ئازارن و پڕن لە چاوەروانی.
ڕۆژی ٥ی مانگی مای بۆ من بۆتە ڕۆژێکی ڕەش و خەمهێنەر، بۆتە وێستگەی وەستانی بیرو هزرم، بۆتە ڕۆژێکی لەبیرنەکراوی پڕ لە ژان و بڕک و وەستان لە ژیانی منی هاوڕێی بچووکت.
حەکیمی دەردان!
هەر کات دەست بۆ تەلەفوون دەبم و چاوێک لە ئاڵبۆمی نێو موبایلەکەم دەکەم، ئەوە وێنەی ورەبەخش و سیمای مێرانە و پێشمەرگانەت، ئەو کات و ساتانە کە لە هەموو ئەو شوێنانەی کە بە یەکەوە سەردانمان دەکرد وەبیر دێنێتەوە.
ڕۆژانی سەخت و دژواری پێشمەرگایەتی و گەرمای تاقەت پڕوکێنی دۆڵی کانیمێو و دەشتی کۆیە، سەرمای کوێستانەکانی قەندیل و ئێندزێ، خوڕەی ئاوهەڵدێر، شەتاو و تاڤگەی بنارەکانی قەندیل ، گەلی عەلیبەگ و خەڕەندەکانی ڕەواندوزم، وەک فیلمێکی سینەمایی بۆ لێدەدرێتەوە، وێنەکانت لە نێو دڵم دا هەڵقەندراون و لە هەموو کات و ساتێک دا دەمباتەوە، شوێن و زێدی لە دایکبوونمان، سەردەشتی سەرسەوز و بە یەکەوە پیاسەیەکمان بۆ سەردانی خۆشەویستان پێدەکا.
بە جەستە گەلێک لێک دوورین، بەڵام ئێستا لە ڕووحم دا لە هەموو کاتەکانم لێ نزیکتری، هەست دەکەم کە هەمیشە سایە و سێبەر و دەنگی بلاوێن و دەستی مێهرەبانت لە سەر سەرمانە، ئەو گەورەیەش، هیچ کات لە لام وون و بزر نابێ. هەتاوی ڕووی پڕ لە خەندەت هەر لە گەرمی و لە ڕووناکی دایە، دابڕانی ساڵێکی جەستەت بۆ من وەک هیچ یەک لە زامەکانم ناچێ، بەڵکوو گەورە زامێکی ساڕێژ نەکراوە و هەموو کات ئازاری ئەو زامە گەورەیە، لەگەڵم دەستەملانە.
حەکیمی هەمووان!
ڕێنوێنی و نەسیحەت و سەبر و سەبووریت، بۆ من و شلێر و باوانی دڵ بەخەم، بوونە ئەزموونی ژیان، لەوەش دڵنیام کە یادگارەکانت، هاوسەری بە وەفا و دڵسۆز و مێهرەبانت “باجە عیسمەت” ، خوشک و براکانت و گشت خزمان، لە ژیانی پڕ لە سەروەریت فێری گەلێک وانەی پڕ لە ئەزموون و خۆشەویستی بوون. هاوکات لەوەش دڵنیام کە هاوڕێ و هاوسەنگەرانت لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە بنکەی پڕ لە سۆز و مێهرەبانی مامۆستای گەورەمان دا ” مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە” ، ئەو مرۆڤە پێشەنگ و ڕێبەرەی کە، لە لات لە هەموو کەس گەورەتر و خۆشەویستتر بوو، ئێستاش هەر چاوەروانی گەڕانەوەتن و مامۆستاش هەروا خەیاڵ و بیر و هزری لەگەڵ ڕووح و ڕەوانی بەرزت دەفڕێ.
خەمی دووریت گەلێک گرانە، بەڵام سرووشتی ژیان وایە کە مرۆڤەکان ڕۆژێک لە دایک دەبن و ڕۆژێکیش ئەم دونیایە بەجێ دێڵن، بەجێهێشتنی دونیا وەک سرووشتی ژیان هەموو کەس دەگرێتەوە، هەر بۆیە مرۆڤ ئەم یاسای سرووشتە، ئەگەر نەخوازراویش بێ، بەناچار قەبووڵی دەکا. ڕاستە لەگەڵت دیدار ئاخرەت نەبووم، بەڵام قەولی خۆتت نەبردە سەر، چوونکە کاتێک هاتمە زیارەتت، گووتت: “حەوت برا هاتی” بەخێر بێی!
ـ هاتووی لە نەخۆشخانە را بمبەیەوە؟!
ئەو چەند ڕۆژەی لە نەخۆشخانە بووی، لەبەر پێت دادەنیشتم، لاق و پەنجە شەکەتەکانتم دەشێلا و زۆر بە ئەسپایی و بە چپە دەتگووت: بەجێتان ناهێڵم!
بە ئیشارە و بە ئاماژە و بە دەنگێکی نیوە حەزین دەتگووت: بچۆ ئیسراحەت بکە، ئێرە شوێنی نەخۆشانی کۆڕۆنایە، با تووشی ئەم نەخۆشییە نەبی. لەو کات و ساتەش دا هەر خەمی من و خەمی هەمووانت بوو.
زۆر گرینگە کە مرۆڤ بزانێ چۆن دەژی و چۆن دەمرێ، تۆی هێژا و زێدە ئازیزم، تۆی پێشمەرگە و سەنگەر، بۆ گەل ژیای و بۆ گەل مردی، هەر بۆیە قەت نامری و هەمیشە لە دڵمان دا بە زیندوویی دەمێنیەوە، چوونکە تۆی هەرگیز نەمر، وەک پێشەنگ و پێشرەو و پێشمەرگە، زۆر بە تێگەیشتوویی و بە چاوی کراوەوە ڕێگایەکت هەڵبژارد کە ئەم ڕێگەیە، هەمان ڕێگەی پڕ لە سەرەوەری ڕێبەرانی شەهید “قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی” و هەزاران شەهیدی ڕێگای ئازادی بوو.
ئێستا بە جەستە لە ئامێزی خۆشەویستەکانت لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزب دا لە تەنیشت قەڵای لەگیران نەهاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، ئارامت گرتووە، ئەو گۆرستانەی کە زۆرجار مەزاری شەهیدانت گوڵاوڕێژ و ئاوپڕژێن دەکرد و نەمامی دار زەیتوون و گوڵەباخ و گوڵی ڕەنگاوڕەنگت لێ دەناشتن، ئەو دار زەیتوونەی کە بە دەستی خۆت وەک نەمام ناشتت ئێستا گەورە بووە و سێبەری لە سەر مەزاری پیرۆزت کردووە و بە شنەی بای شەماڵ باوەشێنی خۆت و خۆشەویستانت دەکا.
بێ هیوا و نائومێد نیم، چوونکە تۆی هەردەم تاجی سەرم، تۆوی هیوا و ئومێدت لە دڵی من و هەموو ئەوانەی لەگەڵت بوو چاندووە، هیوای تۆ ئێستا هیوای من و هەموو لایەکە و هەنگاوەکانم بۆ وەدیهاتنی هیوا و ئاواتەکانت پتەوتر و قائیمتر دەکەم و بەڵێنت پێدەدەم کە وەفادار بم بە ڕێگا و ڕێبازت.
بمبوورە کە نەمتوانی لە ساڵڕۆژی کۆچ و ماڵئاواییت دا ، چەپکە گوڵی ڕێز و خۆشەویستی و وەفا لە سەر مەزاری پیرۆز و گڵکۆی پێشمەرگانەت دابنێم، بەڵام لەوە دڵنیا بە کە مشتێک لە خۆڵی مەزارت وەک متفەرکی مەزارگەت لە ماڵمان دا هەیە و یادگارییەکانت بۆنی تۆی پێشمەرگە و سەنگەر و قەڵای دێموکڕاتی لێدێ.
ڕووحت شاد و یاد و ناوت لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٠٥ ـ ٠٥ ـ ٢٠٢٢ی زائینی