لە داوێنی گیاڕەنگی سەربەرزی سەر سەوزدا. ئەحمەد ڕەحمانی

لە داوێنی گیاڕەنگی سەربەرزی سەر سەوزدا. ئەحمەد ڕەحمانی
١٩ بەھاری تەمەن و خۆ ھاویشتنە نێو ٢٠ بەھارەی تەمەنی ڕەنگینت پیرۆز بێ گیاڕەنگی دەستپێکی ھەموو ڕۆژانی ئەم غوڕبەتەم، ڕۆژێک شک نابەم لەو سەردەمەوە کە ھاتوومەتە ئەو مەملەکەتە دەستپێکی خوێندنەوەم گیاڕەنگ نەبووبێ و تینوێتی ئەم ژینە قاقڕ و دێمەکارەم بە نمەی تەڕی وشەکانی گیاڕەنگ نەشکابێ، کە ناوی گیاڕەنگم بەرچاو دەکەوێ ھەیبەتی ئەو مێرخاسانەم بیر دێتەوە کە بە لانک و گیاڕەنگ دا شۆڕی بژوێنەکانی نیشتیمان دەبوونەوە بە خۆیان و کۆڵەپشتی شان و گوڵێکی سوور لە لوولەی چەکی شەڕەفی پێشمەرگایەتییان دا، زەنگاڵ و ئادیداسی ئەو شۆڕە سوارانەی نێو مەکۆی خەباتی پێشمەرگەی دێموکڕاتم دەبینین کە خەندە و جوامێرییان مزگێنی ھاتنەوەی پێشمەرگە بوو.
ماڵپەڕی گیاڕەنگ لە ھەناوی پێشمەرگەیەک دا پەروەردە بوو گۆشکرا، کە شەوان و ڕۆژان خەونی بەدارە دارە و کەوتنە سەرپێی ئەم ماڵپەڕەوە دەبینی و جار جارە بزەیەکی جوان لێوەکانی دەتەنی و لە چاوانی دا پڕشنگی ھیوا دەباری، ئەم دڵە گەورە کە شەپۆلی خۆشەویستی لە ناخی جوانی دا شەپۆلان دەدا و خۆی بە کەناراوەکاندا دەکێشێ دەبێ لە کاک حەمەڕەسوڵ کەریمی زیاتر کێ بێ، دەبێ خودانی ئەو بیرو ھزرە جوانە لە کاکە ڕەسوڵی خۆشەویستی ھەمووان زیاتر کێ بێ.
داخەکەم پێنووسم کول و کۆڵەوارە لە ئاست وەسفی گوڵێکی ھەموو وەرزانە و ساڵانەی جوان کە کاکە حەمەڕەسوڵی خۆشەویستە، چەندی دەکەم وشە گەلێک لە فەرھەنگی ھەژار و لە پەل و پۆ کەوتووی بیر ھزرم دا نادۆزمەوە کە پڕ بە پێستی کەڵەمێرێکی خەباتی وەکو کاکە ڕەسوڵ بێ، ئاخ پێنووسەکەم بۆ ئەوەندە دۆش دادەمێنێ کە ناوی کاک حەمەڕەسوڵم بە سەر زار دادێ و شەرمەزارانە لێم دەڕوانی کە ناتوانی لە تروسکایی گەوھەرێک بدوێی و نمەی وشەکانتی بە سەر داببارێنی.
ماڵپەڕی گیاڕەنگی جوان جوانخاسێکی نێو مەتەرێزی خەباتی پڕ لە شانازی حیزبی دێموکڕات بەڕێوەی دەبات و تربوونێکی جوانە بۆ لێ فێر بوون، زەنگینە لە ناوەرۆک دا و ناوازەیە لە تەمەنی پڕ شکۆی دا.
گیاڕەنگی بەرزی سەر سەوزی تەمەن ١٩ بەھارە ھەنگاونان بەرەو ٢٠ ساڵەی پڕشنگی جوانی تەمەنیت لێ پیرۆز بێ، وەک ھەمیشە کە تژی لە بابەتی جوان و ھەنووکەیی و سەردەمیانە بووی خۆزیاشمە لەوەش بە دواوە ڕێ ڕوونکەرەوەی ژیان بێ.
کاکە حەمەڕەسوڵ کەریمی گیان ئەو پەنجانەت ماچ دەکەم کە لە سەنگەری جیھانی میدیایش دا لە سەر ماشە و پەلاپیتکەی چەکی ڕووناکیت بەرامبەر تاریکی دایدەنێیت.
ئاشقێکی وێڵی شەیدای ھەموو دەمێکی ژوانی بسکی لوولدراوی ماڵپەڕی ڕەنگین و زەنگینی گیاڕەنگ.
ئەحمەد ڕەحمانی