ماڵپەری گیاڕەنگ ١٩ ساڵ کار و تێکۆشانی خۆی تێپەر کرد

ماڵپەری گیاڕەنگ ١٩ ساڵ کار و تێکۆشانی خۆی تێپەر کرد

بە بۆنەی کاری بەردەوامی نزیک بیست ساڵەی وەشانی ماڵپەری گیارەنگ و کاری ڕۆژنامەگەری ئێلکترۆنیکی، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش هەموو ئەو ئازیزانە دەکەین کە بۆ دەوڵەمەندکردنی ماڵپەری گیارەنگ و بۆ وەرگرتنی زانیاری چرکەیان لە لاپەرەی ئینترنێتی گیارەنگ کردووە.

جێی خۆیەتی لەم ڕۆژەدا ڕێز لە کارو ماندوویی‌نەناسی ئەو بەرێزانە بگرین کە بۆ پڕ نێوەرۆک کردن و  ڕازاوەتر کردنی گیارەنگ یارمەتیان کردووین و بە ناردنی بابەت‌گەلی هەمەڕەنگ لە گشت بوارەکان دا و هاوکات لە هەموو قۆناخەکان دا هاریکار و یارمەتیدەری ماڵپەری گیارەنگ بوون.

پێش دەست بەکار بوون و تاقیکاری یەکەم ڕۆژی وەشانی گیارەنگ لە ئینترنێتدا دا کەم و زۆر ئاگامان لە مێژووی کاری ڕۆژنامەگەری کوردی بوو، دونیای ئینترنێت و کاری ڕۆژنامەگەری ئێلکترۆنی لە نێو نەتەوەکانی دیکەدا سرنجی کۆمەڵگای بۆ لای خۆی ڕاکێشا بوو، هەر بۆیە ئێمەش وەک گیارەنگ بۆ ئەوەی لە دونیای نوێی ڕۆژنامەگەری ئێکترۆنی دوا نەکەوین هەوڵمان دا پەنجەرە و دەلاقەیەک بۆ خزمەت کردن بە نەتەوەکەمان و بە خوازیارانی ڕۆژنامە بکەینەوە و لەو پەیوەندی‌یەدا کەم و زۆر بە کڕچ و کاڵی دەستمان بە درووست کردنی گیارەنگ کرد و دوای چەند ڕۆژ تاقیکاری ماڵپەرەکەمان لە ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا و بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕۆژە ماڵپەری گیارەنگ وەشانی خۆی راستەوخۆ بە ئۆگرانی ڕۆژنامەگەری راگەیاند و لە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا هاوکات لەگەڵ بوردومانی قەلادزێ کە لە ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی زائینی لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسەوە ڕوویدا بوو، بابەت و کارەکانی خۆی بە تەواوی بڵاو کردنەوە.

لە ڕێگای ئەم کورتە نووسینەوە چەپکە گوڵی ڕێز و خۆشەویستی لە بەرۆکی هەموو نووسەران و ئەدیبان و وەرگێر و شاعیران و چیرۆکنووسان و هەموو خوێنەرانی بەرێزی گیارەنگ دەدەین و هیوای بەردەوامیان لە کارەکانیان دا بۆ بە ئاوات دەخوازین.

دیارە هەم ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی‌یە و هەم ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی کە ڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێی باشووری کوردستانە، هەر کامیان بە شێوەیەک مێژووی دیاری گەلەکەمانن و بۆیە گیارەنگ بە وردبینی و تێرامانەوە ئەم رۆژەی بۆ وەشانی خۆی دیاری کردووە.

لەم ڕۆژەدا سوپاسی هەموو ئەو خۆشەویستانە دەکەین کە لە ڕێگای نووسین و بابەت و تۆڕە کۆمەڵاتەیی‌یەکان و تەلەفوون و ئێمێلەوە، گیاڕەنگیان بەسەر کردۆتەوە و هاوکات بە بیروڕا و بۆچوون و تێ‌بینی و پێشنیار و ڕەخنەی خۆیان بۆ باشتر کردن و بەرەوپێشبردنی گیارەنگ لەگەڵمان بوون و هەن و بە گشتی هاوکارمان بوون بۆ بەردەوام بوونی زیاتری وەشانی ماڵپەرەکەمان.

بەرێوەبەری گیارەنگ حەمەرەسووڵ کەریمی