نا بۆ خۆکوژی! سەلیم حەقیقی

نا بۆ خۆکوژی! سەلیم حەقیقی

کاتێک باسی شەڕ دەکرێ، کەسی خاوەن بیر و ویژدان ڕادەچڵەکێ، خەم دایدەگرێ، دەتاسێ. ئەگەرچی ئەو شەڕە دووریش بێ، لەناو گەلانی نەناس و جۆراوجۆر بێ هەر سەختە ناخۆشە، ڕشتنی خوێنی مرۆڤ تاوانە، کارەساتە، چەوتە، نگریسە بەڵام کە باسی شەڕی گەلێک، دوو برا، پشت و پەنا، بە یەک دایک و باوک، پێکەوە، خۆبەخۆ دەکرێ، تەنیا نەزان و خوێن خۆری چاوسووری بێ مێشک و بێ باوەڕ وێڕای نەیاری دوژمنی قەستە سەر شایی دەکا کەیف خۆش دەبێ و چۆپی سەما دەگرێ.
ئەگەرچی ئوروپاییەکان هەموویان لەیەک بەرەباب نین و تیرە و هۆز و گەل و نەتەوەی جیاوازن بەڵام لە ئایین و باوەڕ و جوغرافیایەکی هاوبەش بە تایبەتمەندی هاوپشک و نەریت و کلتووری لێک نزیک بە تاسەی گەلانی سەردەست و چەوسێنەر خۆیان ڕادێنن، هیز و پێشکەوتن بە هی خۆیان دەزانن دەچنە حاسمان و هەسارە دەگرن، پێشکەوتوون و هەموو زانست قەرزدارییانە، بەڵام لەمێژووی سەد ساڵی دوایی مەزنترین شەڕەکان هی ئەوان بووە، ملوێنەها کەسی بێ تاوان کوژراون و بریندار بوون و خانە و کاشانەیان وێران و دەربەدەر و شێوان. شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی بەڵگەیە بۆ چەختی و هۆڤییەتی ڕۆژئاواییەکان و جۆرێک شەڕی ناوخۆیی لە نێوان وڵاتانی ئوروپایی کە بەشی هەرەزۆری جیهانی داگرت و تەمی ماتەم و مەرگ بەسەر ژیانی مرۆڤ دا خولی دەخوارد، یان ئەمریکییەکان لەناوخۆیاندا چەندین ساڵ پێکەوە بەشەڕ هاتن و لەیەکتریان کوشت و خوێن وەک جۆگەلەیەک لەبەریان دەڕژا. ئاکامەکەی چ بوو؟ کێ قازانجی کرد؟ کێ وڵامی ئەو هەمووە کوشتارەی داوە؟ کێ؟ با وانێ بێ بۆمان ئەوە ئەزموونە.
ئەگەرچی ئەم دیاردە نەشیاو و ناحەز و سووکە، لەناو کوردیش دا دەستی پێکرد و سەدان و هەزار برا بەرامبەر بە یەکتر سەنگەریان گرت و یەکتریان کوشت. بەڵام بۆ کورد نەدەبوو و نابێ ئەم کارە، کورد نابێ لەگەڵ یەکتر شەڕ بکا، کورد نابێ یەکتر بکوژێ، کورد نابێ فیشەک بە مێژووی خۆی وەنێ و کورد نابێ کورد بکوژیت. کورد بێ دەوڵەتە بێ کیانە، بێ کەسە، هەموو گەلانی سەردەستی ناوچەکە دوژمنین، پێیان خۆشە، قەڵسە دەگێڕن، تینمان دەدەن، هانمان دەدەن، بەستێنی بۆ خۆش دەکەن نەک بە قازانجی لایەک کە براوە بێ، کورد بە ئاوات بگەیەنێ، نا.
نا بۆ یەکتر کوشتن، بۆ لەناو بردنمان بۆ گەوجاندنمان بۆ مێژوو و بۆ گەمە پێکردن، بۆ سووک کردن و بۆ داگیرکاری زیاتر، ئێمەش لەبەر پوڵ و پارە و دەستەڵات و ڕق و قین و بوغز و چاوپێک هەڵنەهاتنی یەکتر لەبەر هیزی زۆرترمان بۆ چەند ساڵێک زیاتر مانەوە و بۆ سەوڵەی زیاتر و بۆ ڕازی بوونی دوژمن، پێمان خۆش بوونە ئەو وڵاتانەی بەخوێنمان تینوون. لەبەر چاوی جوانمان نییە، خوێنمان شیرن نییە لایان، ئێمەیان خۆش ناوێ، ئێمەیان ناوێ، ئێمەیان دابەش کردووە و هەرکام بە پشتیوانی یەکمان دەگژ یەکترمان ڕۆ دەکەن و بە چەک و پوڵ و پیلانی ئەوان خۆمان دەکوژین، ئەدی وڵاممان بۆ مناڵەکانمان چییە بۆ دایکی شەهید و باوکی پشت شکاو، بۆ خوشکی دڵ بەسۆ بۆ مێژوو و بۆ ویژدان و بۆ شەڕافەتی کوردانەمان؟؟؟
وەرن لەبەر کوردستان، لەبەر عەیبە و پێخۆش بوونی دوژمنان، لەبەر داروبەردی نیشتمان لەبەر گوڵ و دڕک و لەبەر خوێن و لەبەر خوا لەبەر ئاگر و حاسمان و لەپێناو هەموومان، شکۆی نیشتمان و خاکی داگیرکراومان ڕابگرین، بشکێنین ئەو دەست و چەکانەی لەبەرامبەر یەکتر تەقە دەکەن. وەرن با واز بێنین با بیانکەینە بڵقی سەر ئاو پیلانی دوژمنان و نەیاران، با پێکەوە بین، ئێمە جوانین، گورجین، گوناهین، بێکەسین، هەژارین، مەردین، مێرین، پیاوین، ژنین، مرۆڤین، بێ تاوانین، شایەنی سۆز و ئەوینین، لایقی زۆرین، ژینین، وڵات و بزەین. ئێمە کوردین کورد. نابێ لە بەرامبەر یەکتر ڕابوەستین ئەگە چەپ بین ڕاست و میانە و گاور و ئیسلام و … شەڕی ئێمە شەڕی خێزان و یەک بنەماڵەیە، شەڕی کوشتنی خۆمانە…