کۆچی گەورە شۆڕشگێرێکی گەلەکەمان کاک عومەر قازی
کۆچی گەورە شۆڕشگێرێکی گەلەکەمان کاک عومەر قازی
بەرێز بنەماڵەی نەمر کاک عومەر قازی تێکۆشەر
بە بۆنەی کۆچی کەسایەتی دیار و شۆڕشگێری چاونەترس و بوێر کاک عومەر قازی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە کوڕ و كچ و نەوەکانی و خزم و ئاشنا و کەس و کاری لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی کوردستان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو کۆستە گەورەیە دەزانم.
کاک عومەر قازی بۆ کورد ژیا و بۆ کورد مرد و بۆ کورد تێکۆشا، خەبات و تێکۆشانی بە ئەرکی خۆی دەزانی و هەر بۆیە لە هەر دوو حکوومەتی دەسەڵاتداری ئێران ، چ لە دەورانی نگریسی پەهلەوی دا و چ لە دەورانی شەوزەنگی کۆماری ئیسلامی دا سەری بۆ رژێم نەوی نەکرد و بەندیخانەی بەزاندو بە خەبات و تێکۆشانی و بوێری خۆی چۆکی بە هەر دوو رژێمی یەک بە دوای یەکی ئێران دادا.
یەکەمجار کاک عومەری شۆڕشگێر و نەبەزم لە ریزەکانی حیزبدا، دوای ئازاد بوونی لە زیندان لە باشووری کوردستان چاو پێکەوت، گەلێک جاران لە نزیکەوە لە خزمەتی دابووم و بە گێرانەوەی بەسەرهات و کارەساتەکان زیاتر بە ناخی ڕووداوە تاڵ و ناخۆشەکان دا دەچۆ خوار.
کاک عومەر مرۆڤێکی هێمن و لە سەرخۆ و دونیا دیتوو بوو، کەسێکی بە ئەزموون و چاوکراوە و خەمخۆر بوو. هەر جارێک لە نزیکەوە بە خزمەتی گەیشت بم، ورەی پێدەبەخشیم، بێدەنگی و مەندی و هێمنی کاک عومەر یەک دونیا چیرۆک و ڕووداوی سەردەمی لە پشت بوو، لە بێدەنگی و لە چاوەکانی و لە هەست و سۆزی دا سەربردەی زیندانیان و قارەمانەکانی شاخ و ئەندامە نەهێنییەکانی شار و گوندەکانت، دەدیتەوە.
هیوادارم کە گەلی کورد گەورە پیاوی لە چەشنی کاک عومەر قازی لە ئامێزی خۆیدا زیاتر پەروەردە بکا.
ئێمە نەوەی ئەم سەردەمە قەرزداری کار و چالاکی و خەبات و تێکۆشانی کاک عومەر قازی و گشت هاوتەمەنە شۆڕشگێرەکانی سەردەمی پێش خۆمانین.
جارێکی دیکەش سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەی بەریزی و گشت خەڵکی کوردستان و بە تایبەت مەهابادی زێدی قازییەکان دەکەم.
حەمەڕەسووڵ کەریمی