کۆچی دوایی هونەرمەندی دەنگخۆش و موزیکژەن کاک قادر سەیاحی
کۆچی دوایی هونەرمەندی دەنگخۆش و موزیکژەن کاک قادر سەیاحی
ڕۆژی ١٧ ـ ٠٤ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی هونەرمەندی بە توانا و دەنگخۆش، هونەرمەندی موزیکژەن و ئاوازدانەر کاک قادر سەیاحی لە تەمەنی ٧٩ ساڵی دا لە شاری خۆی کۆچی دوایی کرد.
تازە لە مێرمنداڵی را بەرەو تەمەنی گەنجیەتی دەرۆیشتم کە بە دەنگە بە سۆزەکەی کاک قادر سەیاحی ئاشنا بووم و هەر زۆر زوو بوومە لایەنگری گۆرانییەکانی و هەمیشە حەزم دەکرد کە نەواری گۆرانییەکانی لە گیرفانی پانتۆڵ و باڵتۆکەم دابێ، بۆ ئەوەی هەر کات سواری ماشێن بووم و یا چوومە ماڵی خزمان و دۆستان بە دەنگە سێحراوییەکەی دانیشتنەکەمان خۆشتر بکەم.
گۆرانییەکانی کاک قادر سەیاحی لە باری ڕێژەوە زۆر کەمن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە گۆرانییە هەرە باشەکانن و هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە و هەرمانن. کاک قادر سەیاحی وێرای گۆرانی و دەنگەخۆشەکەی کەسێکی شارەزا لە بواری موسیقا دا بوو، بە کلارێنت (قەرەنێ) جوانترین بەرهەمەکانی دەخوڵقاندن و کەم نین ئەو هونەرمەندانەی کە گۆرانی و ئاوازەکانی کاک قادر سەیاحی بەناوبانگی کردوون. کاک قادر سەیاحی بە ئاواز و گۆرانی و موزیک توانیویەتی خزمەتێکی زۆر بە هونەری گۆرانی و موسیقای کوردی بکا و هەمیشە ناوی بە گەورەیی دەمێنێتەوە.
ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە ماڵی نەمر ناسر کەریمی برام چاوم بە کاک قادر سەیاحی کەوت، نەمر ناسر کەریمی دەنگێکی خۆشی هەبوو، لەگەڵ چەند کەس لە هاورێیەکانی میوانداری نەمر کاک قادر سەیاحییان کرد بوو، بە هۆی ئەوە کە گەنج بووم زۆرتر خزمەتی هەموو بەشدارانی ئەو کۆڕەم دەکرد و بە گۆرانی و مەقام و موزیک شەوێکی لە بیرنەکراومان بەیەکەوە تێپەر کرد و ئەو بیرەوەرییە بۆ من هەمیشە وەک شەوێکی خۆش لە ژیانم دا ماوەتەوە و هەر کات گوێم لە گۆرانییەکانی نەمر کاک قادر سەیاحی گرت بێ، ئەو بیرەوەرییەم وەک فیلمێک لە پێش چاوم لێدەدراوەتەوە.
زۆر بەداخەوە کاک قادر سەیاحی تاکوو زیندوو بوو کەمترین خزمەتی پێکرا و زۆر بە کەمی بانگهێشتی کۆڕی گەورە و یا ڕێوڕەسمی تایبەتی کراوە و ئەوەش هەم کەمایەسییەکی گەورەیە و هەمیش بێ لوتفییە، خۆزگە هەموو لایەکمان تا هونەرمەندەکان و گەورە و کەسایەتییەکانمان زیندوون ڕێز و قەدریان بگرین و پێیان بڵێین کە ئێوە موڵکی گەلی کوردن.
یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ و بە هیوای ئەوە کە گەلەکەمان گەورە هونەرمەندی لە چەشنی نەمر کاک قادر سەیاحی لە ئامیزی خۆیدا زیاتر پەروەردە بکا.
بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و هونەردۆستان و هەموو گەلی کورد دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو گەورە هونەرمەندەی گەلەکەمان دەزانم.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
١٨ ـ ٠٤ ـ ٢٠٢٢ی زائینی