مێژووی ئامێری «دەف» و فەلسەفەی بازنەی «دەف». سارا تەڵایی

مێژووی ئامێری «دەف» و فەلسەفەی بازنەی «دەف». سارا تەڵایی
«بازنە» دەستپێکی خاڵێکی گەورە کراوە کە پێوانەی زۆربەی قەوارەکان لەخۆیدا جێ‌دەکاتەوە. سیمبولی یەکگرتوویی و دوربوونەوەیە لە هەر جۆرە جیابوونەوەیەک، نیشانەی وەدیهێنانی هەموو داهێنانێکە لە بونیادنانی گۆی گەردوون و سووڕانەوەی گەردوون و گۆڕانکاری بە هۆی سووڕانی هەموو بازنەیەکی هەڵسووڕاو.
گەڕانی هێڵی بازنەیەکی تەواوکراو، بێ دەستپێک، بێ ئەنجام و بێ گۆڕانکاریە. هەر لەبەر ئەو هۆکارانەشە کە بازنە نیشانەیەکە لە زەمەن، زەمەنێک بێ گۆڕانکاری و بەردەوام لە دووپات بوونەوەی سووڕان دایە به ڕێکوپێکی..
بازنە نیشانەیەکە لە هێڵی ئاسمان، پەیوەندیدارە بە خواناسیەوە.
لە نووسراوە کۆنەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، کە خوا وەکوو بازنە وایە کە دەتوانێ دەستپێکی ناوەڕاستەکەی لە هەر شوێنێکەوە بێت و پانتایەکی بێسنوور لە هەموو شوێنێک.
بازنە سیمبولێکە لە هەست، ژنایەتی و پێکهاتەی مێ بوونە گرینگی بازنە لە سووڕانی دایە، هەر بەو جۆرەی کە دوای داهێنانی چەڕخ دونیا بەرەو گۆڕانکاری سیمایەکی تازەی بەخۆیەوە گرت چەرخی کاتژمێر بێ گۆڕانکاری بە ڕێکوپێکی کات تێپەڕدەکا. لە دەفدا بازنە کەوانەیەکە دەف، سیمبولی چەڕخی گەردوون، کەوانەی دەف نیشانەیەکە لە تێپەڕبوونی زەمەن لە سووڕانی هاوچەرخدا.
بازنەی دەف نیشانەی گۆڤەندی شادییە، هەر وەک لە کوردستان هەڵپەڕکەی کوردی لە نێو بازنەیەکدا جێی خۆی کردوۆتەوە.
سەرچۆپی و گاوانیش ڕەمزێکن کە دەتواندرێ، هاتنە ئارای حەڵقەکانی دەف گرێ بدرێنەوە بە هەمان ڕەمزەوە.
حەڵقەی دەف سیمبولێکە لە ژیانەوە و پەروەردە کردنی بازنەی مرۆڤایەتی، فەلسەفەی بەرز و نزم بوونەوەی دەنگەکان، بەرز و نزم بوونەوەی ژیانی مڕۆڤە.
دەنگدانەوە و پەیوەندی نێوان حەڵقەکانی دەف، ئاماژە بە بەهێزبوووونی یەکگرتوویی و یەکدەنگی دەسەڵات و ڕیتمی نێوان مرۆڤەکان دەگەیێنێ، هەر چۆن کورد وتەنی “دەستێک بەتەنێ تەقەی نایە” ئەوەش بە هەمان شێوە ئەو فەلسەفەیە دەگەیێنێ کە لە پێوەندی زنجیرەی حەلقەکان لە سەر کەوانەی دەف بازنەیەکی بەهێز بە دەنگێکی بەهێز دەخاتەڕوو کە تێکەڵ کردنی ئەو دەنگانە لە زەماندا دەتوانێ ڕیتمی ژیانەوە بژەنێت.
بازنەی دەف ئاماژەیە بە خۆر و حەلقەکانیش پەیوەندیدارن لەگەڵ تیشکی خۆر کە بە جوڵاندنی و ژەنینی دەف گەرمی و وزە دەبەخشنە ژیانی هەموو بوونەوەرێک.
ڕەسەنایەتی و فەلسەفەی دەفی ئەمڕۆیی زۆر زیاتر لەوەیە کە ئاماژەی پێکڕاوە ئەگەر بمانهەوێ شیکاری بۆ بکەیین لە کتێبێکی دووسەد لاپەڕەییشدا جێگای نابێتەوە و تەواو نابێ.
ڕەسەنایەتی دەف لە کوردستان و مێژووی دەفی ئەمڕۆیی پێدەچێ مێژووی زۆر کۆن نەبێت، لەبەر ئەوەی هەندێک نوێگەری لە پێکهاتەی دەفدا ڕووی دابێ کە ئێستا گەیشتۆتە ئەو قۆناغە پێگەیشتووەی ئێستا.
بەڵام دەتوانین بە بەراوەرد لەگەڵ هێندێک ئاسەواری دۆزراوەی مێژووی کۆن بەرچاو ڕوونییەکی زیاترمان بۆ بخرێتەڕوو تا بتوانین ڕەسەنایەتی و شکۆی ئامێری دەف بگەڕێنینەوە بۆ جێگای خۆی.
لە شاری دێزفولی ئێستای ئێران کە سەر بە پارێزگای خوزستانە و خەڵکەکەی لە نەوەی لورەکانن، لە ساڵی 1962 بۆ 1966 زائینی لەلایەن ستافێکی مێژووناسی هاوبەش، کە پێکهاتبوو لە زانکۆی کالیفۆڕنیا و سەنتەری ڕۆژهەڵات ناسی زانکۆی شیکاگۆ، دەست بە گەڕان و بەدواداچوون لە سەر پاشماوەی 15 سەردەمی جیاواز کرا لە کۆنترین شارێک بە ناوی چوغارمیش کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 9000ساڵ پێش سەردەمی ئێستا کە دەتوانێ مێژووی شارستانێەت و کشت و کاڵ زۆر لە ئامێرەکانی مۆسیقای سیمی و بایی و زەبریبە بەڵگەوە ڕوون بکاتەوە. ئەو شتوومەک و کەرەستە گەڵینانەی کە لەوێ دۆزراونەوە دەگەڕێنەوە بۆ پێش سەردەمی داهێنانی نووسین.
ئەوەی کە لێرە گرینگە و دەتواندرێ ئاماژەی پێبکرێ. ئەوەیە وەک بەڵگە لەنێو پارچەیەک لەو مۆرە گرۆڤەریە گڵینانەی کە دۆزراونەوە، مێژووی پێشکەوتنی شارستانیەت پێش سەردەمی نووسین و گەشەی مۆسیقادا دەرکەوتووە.
کاتێک بۆ دەرهێنانی ڕیتم کە پێستی ئاژەڵ بەسەر چوارچێوەیەکی بەستراو بە ناوی تەپڵ دابەستراوە، بە ڕوونی دەتوانی لەوە تێبگەیین کە شێوەی دەفیش بە هێندێک جیاوازی بوونی هەبووە لە جۆری بەرهەمهێنانیدا و بۆ کۆبوونەوەی ئایینی و مەبەستی ئاگادارکردنەوە لە کاتی شەڕ و ترساندنی ئاژڵ و دڕندەکان بەکار هاتووە.
دەف بازنەیەکی هەڵبەستراوە بە پێستی ئاژەڵ لە شێوەی تەپەڵ بە هێندێک جیاوازی کە لەسەر دەست دادەندرێ و بە دوو دەست دەژەندرێ.
بەڵام دەفی ئەمڕۆیی لە پێی تێپەڕبوونی زەمەن گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە.
ئامێری ڕیتمی یا درام وەک بازنەی هەڵبەستراو بە پێست لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی بوونی هەبووە و هەیە ئێستاش.
بەڵام ئەو شێوەیەی ئێستا کە لە کوردستان دەبیندرێ بە ڕوونی دەتوانین بیسەلمێنین کە تایبەتە بەو وەڵات و ئاو خاکەیە و جیاوازە لەگەڵ درامی وەڵاتانیتر.
لە مێزۆپۆتامیاشدا بەپێی بەڵگەی هێندێک لەو ئاسەوارانەی کە لە سەردەمی سومەری و ئاشوری هوریەکاندا دەستکەوتووە سەلمێنەری ئەوەن کە ئامێری دەف بۆ مەبەستی جیاواز بەکار هێندراوە.
لەنێو ئیزەدیەکانی لالەش ئێستا لە چوارشەممەی سووری خۆیاندا و تەنانەت هێندێک بۆنەی ئایینی دەف ئەژەندرێ و ئامێرێکی پیرۆز و گرینگ بۆ بەڕێوەبردنی مەراسمەکانیان.
تەنانەت من کە لەگەڵ باباچاوش هێندێک لێدوانم سەبارەت بە دەف هەبوو، فەرمووی هەر لە کۆنەوە ئەو ئامێرە لە بۆنە ئایینیەکانی ئێمەدا بوونی هەبووە.
ئیزەدییەکان ڕەسەنترینی ئەو مرۆڤانەن کە لە کوردستان بێ گۆڕانکاری بۆنەکانیان بەڕێوە دەبەن، ئیزەدییەکان لێکچوونیان زۆرە بەپێی جل و بەرگ و شێوەیان بە بەراوەد لەگەڵ ئەو پەیکەرانەی کە لە سەردەمی سومەری دۆزراونەوە.
دەف لە نێو ئایین میتراییسم و زەردەشتیشدا ڕۆڵێکی گرینگی لە کۆبوونەوەی ئایینی و شادییەکانیاندا گێڕاوە.
دەف دوای هاتنی ئایینی ئیسلام چۆتە نێو کەلتوری عەربەوە و هیچ پەیوەندیەکی مێژوویی و مەزهەبی بە ئایینی ئیسلامەوە نەبووە و نییە.
هەر بە پێی ئەو بەڵگانەی ئێستاش ئەگەر سەیری کەیین کە زۆرترین دەفی دونیا لە نێو کورددا ساز دەکرێ و بوونی هەیە.
کە ئەوەش هاوتەریبە لەگەڵ ئە ڕەسەنایەتیەی کە لە مێژووی دف لەنێو ئەو خاکەدا هەبووە و ئەو ئامێرە لەبواری سایکۆڵۆژیەوە هێندە نیزیکە لە ڕوحی مڕۆڤی کورد کە زۆرترین سود و کەڵکی لێوەرگیراوە و وەردەگیرێ بە ئێستاشەوە.
لە هونەری مۆسیقای هاوچەرخدا ماموستایان و ژەنیارانی لێهاتووی ئەو ئامێرە وایان کردووە کە بۆ زیندووکردنەوەی لایەنە مۆسیقایەکەی دەف ببێتە ئامێرێکی گرینگ و پێویست بۆ پەروەردە کردنی قوتابیان و کۆر و کۆبوونەوەی مۆسیقا.
لەپاڵ ئەوەشدا لە کۆمەڵە تەسەوفیەکانی کوردستان وکوو تەریقەی قادری و نەقشبەندی و یارسان و ئەهلی حەق و کۆمەلێک کۆر و کۆبوونەوە و بازنەی جیاواز ڕۆڵێکی گرینگیان هەبووە لە بەکار هێنانی دەف وەک ئامێرێکی سەرەکی بۆ زیندوو ڕاگرتنی شکۆمەندی و گەورەیی ئەو ئامێرە لە نێو مرۆڤی کوردا دەف وەک ئامێرێک بۆ پەیوەندی نێوان و مرۆڤ و خودا ناسراوە.
دەف بەو شکڵ و شێوەیەی ئێستا موڵکی هیچ وەڵاتێک نییە و تایبەتە بە میللەتی کورد.
“دەف ”
به ليوى چەڕخى گەردانت ، دەهاژێنێ دڵ و گيانم
به پەنجەى سيمى خاراوت دەلەرزێ عقل و عیرفانم
له ڕيزی دايرەی گەردوون ، به دەف چەرخێ بنەخشێنه
له ڕيزى دايرەى توحيد ، فەنا كه دين و ئيمانم
له شانەى زوڵفى ئاڵۆزت ،هەزاران نه غمه بەرپايه
به هەر نەغمه دەلاوينێ، به وێنەى سەروى بوستانم
ئەسيرت بووم شەهيدت چەم،به چەرمت ئالو گۆرم كه
ئيشارەت كه له سينەى من، كەوا پەخشەو پەرێشانم
دەفى من ئايەتى ئەشقه ، نەوای مەحشەر دەخولقێنێ
دەسا مەحشەر بكه سارا خەرامانى خەر امانم
سارا تەڵایی
وەک ژەنیارێکی ئامیری دەف لەسەر خۆم بە پێویستم زانی ئەو بابەتە بنووسم هیوادارم هەڵەم نەکردبێ لە نووسینیدا
چۆن من میژووناس نیم.
بەڵام ئەگەر کەسێک نووسراوەی بەهێزتری هەبوو بە بەڵگەوە دەتوانێ ئاگادارم بکاتەوە، خوشحاڵ دەبم.
ئەو بابەتە لە ژمارە ٥٦ی گۆڤاری “ژنان”دا بڵاو بۆتەوە