نەورۆزی ڕزگاری. شێعری: مامۆستا هێمن
به بۆنهی هاتنی جێژنی نهورۆز، جێژنی ڕهسهن و له مێژینهی کوردان و نەتەوەکانی دیکە و دهستپێکی ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، جوانترین و ڕازاوهترین پیرۆزبایی ئاراستهی ههموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمان پهروهر و ئێوە ئازیزان دهکهم و له ههمان کاتدا هیوا دهخوازم که ساڵێکی پڕ دهسکهوت و بهرههم بێ بۆ گهلی کورد.
ماڵپەری گیارەنگ
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ئەم شێعر و هونراوە جوانەی مامۆستا هێمن پێشکەش بە گشت لایەک
نەورۆزی ڕزگاری. شێعری: مامۆستا هێمن
بە بەرگی سەوزە ڕازاوە قەد و لاپاڵ و شیو و دۆڵ
چرۆی دەرکردووە دار و ملی دا یەکتری گیاوگۆڵ
بەسەر بەفری کەویدا کرد شەماڵی خاکەلێوە خۆڵ
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە بەهارە جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە
چلەی زستانی ناخۆش بوو تەزووی سەرمایە پیاوی سڕ
دەکرد و کووچە و کۆڵان لە بەفر و لیتە بووبوون پڕ
بەهار هات و دەخەمڵێ کێو و دەشت و بەندەن و لاخڕ
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە، جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە
بەسۆزەی بای بەیان لێوی کراوە خونچەیی خەندان
لەسەر چڵ بلبلی شەیدا لە خۆشی گوڵ دەڵێ بەندان
بەجێ هات ئارەزووی لاوان و گەرمە کۆڕی گۆوەندان
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە
لە خۆی داوە بەرەڵبێنە کچی کابانی گەردن کێل
بەناز و غەمزە دەڕوانێ، دەکا شینکەی نەرم پێشێل
لەگەڵ بۆنی وەنەوشە تێکەڵاون بۆنی عەتر و هێل
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە، جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە
سەری کوێستانی بەرزی کوردەواری تێی نەکەوتووە خاڵ
لە دەشت و بەرپەساران هەڵدراون چادر و ڕەشماڵ
نەمان بێگانە تاکوو جێژنەمان لێ تاڵ بکا ئەوساڵ
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە
حەساوە پیاوی ڕووتوقووت و بێ ئەنوا و بێ ئیروو
ژیاوە گیانلەبەر دیسان، لە کون هاتە دەرێ مێروو
لەسەر گوێسوانە دەخوێنن بەپۆل پاساری و سێروو
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە، جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە
لە دنیادا کەمە هاوتای بەهاری جوانی کوردستان
ئەویش ئەوساڵ کە لایێکی نەجاتی بوو لەژێر دەستان
لە خۆشی ئەو وڵاتە شاعیریش بۆتە هەزار دەستان
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە، جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە
دیوانی تاریک و ڕوون
1946/04/26
تەورێز