‌ئاشكرابوونی نهێنییەكانی سوپای پاسداران كۆمەڵگەی ئێران دەهەژێنێ

قاسم سولەیمانی؛ بەتۆمەتباری سەرەكیی گەندەڵییەكانی سوپای پاسداران دادەنرێت

سەرچاوە: هاوڵاتی

بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگیی لە كۆبوونەوەی نهێنیی بەرپرسانی سوپای پاسداران سەبارەت بەگەندەڵی لەناو ئەو دامەزراوە سەربازییە سەرەكییەی كۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتەكە دەهەژێنێت بەتایبەت كە تۆمەتبار دەكرێت بەكۆنتڕۆڵكردنی زۆرینەی سەرچاوەكانی داهات و ئابوریی وڵات.
گروپێك هاككەر گرنگترین بەڵگەنامەكانی كۆبوونەوە نهێنیەكانی سوپای پاسدارانیان بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژە بەوە كراوە خەڵكی ئێران زۆر لەدەسەڵاتی وڵاتەكە ناڕازین و تەقینەوەی كۆمەڵایەتی لە ئان و ساتدایە بە جۆرێك ناڕەزایەتی دژی دەسەڵات لە ساڵێكدا بە رێژەی 300% زیادی كردووە.
لەتۆمارە دەنگییەی سوپای پاسداران كە زیاتر لەدوو ساڵە دزەی پێكراوە بەڵام رۆژی پێنجشەممە (10/2/2022) بڵاوكراوەتەوە، قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس و محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی شارەوانیی پێشوی تاران و سەرۆكی پەرلەمانی ئێستای ئێران وەك پشتیوانی گەندەڵكاران ناوهێنراون و تۆمەتبار كراون بەوەی هۆكاری سەرەكیی دیارنەمانی چەندین ملیار دۆلار لەداهاتی گشتی وڵاتەكەن.

سوپای پاسداران چوار رۆژ دوای بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە 50 خولەكییە، بە راگەیاندنی روونكردنەوەی كورت لە ئاژانسی هەواڵی فارس كە سەر بەو ناوەندەیە؛ تۆمارە دەنگییەكی پشتڕاست دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت ئەو تۆمارە هیچ گومانێك لەسەر بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران دروست ناكات بەتایبەت كە گەندەڵكارانی سەرەكیی دەستگیر كراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

سوپای پاسداران بە بیانوی شەڕی داعش بازرگانیی دەكات

بەپێی ئەو تۆمارە دەنگییەی كە لەكۆبوونەوەی بەرپرسانی (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی) لەئێران بڵاوكراوەتەوە دوو كۆمپانیای سەر بە فەیلەقی قودس كە خاوەنەكانین لە كەسانی نزیكی قاسم سولەیمانی بوون، تۆمەتبارن بە دیارنەمانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلارو هەندێك سەرچاوەی هەواڵی ئێرانیش دەڵێن ژمارەی پارە دزراوەكان زیاترە لەهەشت ملیار دۆلار دەبێت.

مەهدی هاشمی، سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانیی تاران رایگەیاندووە؛ دۆسیەی گەندەڵیی و قەرزەكانی شارەوانیی تاران لەو سەردەمەدا كە محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆكی شارەوانیی تاران بووە دو دۆسیەی سەرەكین كە یەكێكیان بەهۆی بازرگانیی لەگەڵ دوو كۆمپانیا بەناوی (هۆڵدینگ یاس) و (رێسا تێجارەت) زیاتر لەچوار ملیار دۆلار دیار نەماوە و ئەوی دیكەشیان بڕەكەی 159 ملیۆن دۆلار بووە كە پەیوەندیی بەقەرزەكانی شارەوانییەوە هەیە.

گروپی كۆمپانیاكانی هۆڵدینگ یاس لەسەردەمی شەڕ لەگەڵ داعش لەسەر دەستی قاسم سولەیمانی بۆ پشتیوانیی دارایی لە فەیلەقی قودس دروستكرا، كۆمپانیاكە لە رێگەی جێبەجێكردنی پڕۆژە بیناسازی و رێگاوبان، پشتیوانیی ماددی و دارایی رادەستی هێزەكانی قودس كردووە.

سوپای پاسدارانی ئێران لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە بەهۆی ئەوەی ئەو كۆمپانیایە لە رووی داراییەوە لە ژێر چاودێریی ناوەندەكانی سەر بەدامەزراوەكانی سوپای پاسداران نەبووە كارەكانی و داراییەكانی گومانی لەسەر بووە و دواجار دوو بەڕێوەبەری سەرەكیی ئەو كۆمپانیایە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون و 20 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا و كۆمپانیاكەش هەڵوەشێنراوەتەوە.
سوپای پاسداران رایگەیاندوە پێچەوانەی ئەوەی كە وتراوە قاسم سولەیمانی و محەمەدباقر قاڵیباف و ژمارەیەكی دیكە دەستیان لەو گەندەڵیەدا هەبووە، بەڵام ئەوان هۆكارێك بوون بۆ دۆزینەوەی گەندەڵكاران و هەڵوەشاندنەوەی كۆمپانیاكە.

سوپای پاسداران و تەقینەوەی كۆمەڵایەتیی لەئێران

گروپێكی هاككەر بە ناوی دادپەروەریی عەلی یان (عەدالەتی عەلی) كۆمەڵێك بەڵگەنامەی زۆر نهێنیی سوپای پاسدارانیان بڵاوكردوەتەوە كە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی كۆمەڵایەتی و ئابوریی و سیاسی و هەواڵگریی ناوەندەكەیە سەبارەت بەدۆخی دەسەڵات و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك لەئێران.
هەروەها لە بەڵگەنامەكاندا ئاماژە بەوەكراوە كۆمەڵگەی ئێران خەریكە دەكوڵێت و ئەگەری تەقینەوەی هەیە بە تایبەت كە ئاستی ناڕەزایەتییەكان بەراورد بە یەك ساڵی رابردوو بە رێژەی 300% بەرز بووەتەوە.

بەڵگەنامەكە كە حەوت لاپەڕەیە لە كۆبوونەوەی نهێنی بنكەی (ساروڵڵا)ی سەر بە سوپای پاسداران لە تاران دزەی پێكراوە كە نوێنەرانی دەزگاو دامەزراوە سەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران تێیدا ئامادەبوون و باس لەكۆنتڕۆڵكردنی ئەو دۆخە قەیراناوییە كراوە كە بەرۆكی دەسەڵات و كۆمەڵگەی وڵاتەكەی گرتووە.

بنكەی ساروڵڵا كە ناوەندەكەی لە تارانی پایتەختی ئێرانە بەگەورەترین دامەزراوەی هەوالگریی ناوخۆی وڵاتەكە ئەژمارد دەكرێت كە دەسەڵاتی تەواوی لە بڕیاردان هەیە و ئەركی سەرەكیی سەركوتی سەرهەڵدانە كۆمەڵایەتییەكان و پاراستنی دەسەڵاتە لە كودەتا و هێرشی سەربازیی.
لەو كۆبوونەوەیەدا ئاماژە بەوەكراوە لە سەرەتای دەستبەكاربوونی ئیبراهیم رەئیسی وەك سەرۆك كۆماری ئێران ئاستی متمانەی كۆمەڵایەتی بەدەسەڵات باش بووە بەڵام دوای چەند شۆكێكی ئابوریی و گرانبوونی زۆربەی كاڵاو پێداویستییەكان بە رێژەی 53% وای كردووە كۆمەڵگە بە گومانەوە لە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بڕوانن.

بەشی هەواڵگریی سەر بەسوپای پاسداران لەو بەڵگەنامەدا ئاشكرای كردووە ( هەڵاوسانی ئابوریی، كێشەی موچە، كێشەی كۆمەڵایەتییەكان و كێشەی ئاو) سەرەكیترین بابەتی خەڵكی ئێرانە و زۆربەی نیگەرانییەكانیش پەیوەندیی بەو بابەتانەوە هەیە.

لە لایەكی دیكەوە بەشی هەواڵگریی پۆلیس لەئێران كە ناوی لە بەڵگەنامەكاندا هاتوە پێشبینی كردووە لە كۆتایی وەرزی زستاندا سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی لە وڵاتەكەدا زیاد بكات بە تایبەت كە رێژەی ناڕەزایەتییەكان و گردبوونەوەكان لەم كۆتایی سالی 2021 بەراورد بەسەرەتای ئەو ساڵە 48% زیادی كردووە و هاوكات ژمارەی بەشداربوانی ناڕەزایەتییەكانیش بە رێژەی 98% زیادی كردوە.
هەواڵگریی پۆلیس روونی كردوەتەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بەهۆی ئابورییە 56% زیادی كردووە و ناڕەزایەتیی كرێكارانیش بە رێژەی 136% بەرز بووەتەوە و زۆربەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە نێوان كاتژمێر نۆ بۆ 11ی نیوەڕۆ لەبەردەم پەرلەمان لە تاران ئەنجام دراوە.
پەیام كاویان، سەرۆكی بەشی ئاسایشی گشتی پۆلیس، هۆشداریی داوە كە هەڵاوسانی ئابوریی راستەقینە لە ئێران لە نێوان دو ساڵدا گەیشتوەتە 268% ئەوەش فشاری دەرونیی زۆری لەسەر خەڵكی وڵاتەكە هەبوە لە كاتێكدا ئامارە رەسمییەكانی ناوەندەكانی دیكە ئەو ژمارە راستەقینەیە لە هەڵاوسانە بڵاو ناكەنەوە.
كاویان پێشنیاری كردوە بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت بە زووترین كات پێداویستییە سەرەكییەكانی خەڵك دابین بكەن و بەشی هەواڵگریی كۆمەڵایەتی لەنزیكەوە هاوكاریی ئەو بەرپرسانە بكەن بۆ دابینكردنی داخوازییە رەواكانی خەڵك بۆ ئەوەی بڕیاری هەڵە نەدەن چونكە گەندەڵیی هۆكاری سەرەكیی توڕەبوونی كۆمەڵایەتییە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامە نهێنیانە تیمی ئابوریی سوپای پاسدارن پێشنیاری كردووە كە دەبێت بەبێ دەنگی هاوكاریی دارایی (یارانە)ی چوار چینی دەوڵەمەند لەكۆی ئەو 10 چینەی كە لەئێران هەیە راگیرێت و لە بەرامبەردا هاوكاریی دارایی بە پێی ئاستی هەژاریی بۆ شەش چینەكەی دیكە زیاد بكرێت و ئەگەر ئەو پێشنیارە جێبەجێ نەكریت بێگومان دەسەڵات رووبەڕووی قەیرانی گەورەتر دەبێتەوە.
تیمە ئابورییەكەی سوپا جەختی لەوە كردووەتەوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك بە بیانوی دابینكردنی كاڵاو پێداویستی سەرەكیی خەڵك بەتایبەت خۆراك و دەرمان، دۆلاری حكومی یان چوار هەزارو 200 تمەنی رادەستی بازرگانەكان بكرێت لەكاتێكدا نرخی هەر دۆلارێك نزیكەی 27 هەزار تمەنە چونكە ئەوە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زیاترین گەندەڵیی تێدا كراوەو پێویستە ئەو هاوكارییە راستەوخۆ بخرێتە سەر ئەژماری بانكیی هاووڵاتیانی وڵاتەكە.

سەروەت و سامانی سوپای پاسدارن

سەرچاوەكانی هەواڵی ئێران كە نزیكن لەباڵی ریفۆرمخوازی كۆماری ئیسلامی چەندجارێك بڵاویان كردووەتەوە زیاتر لە 40% ئابوریی و داهاتی وڵاتەكە بەدەست سوپای پاسدارانەوەیە و هەندێكیش جەخت لەوە دەكەنەوە سوپا 90%ی داهات و سەرمایەی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە، بەڵام ئەم هەواڵانە سەرجەمیان بەبێ بەڵگە و دیكۆمێنت لە لایەن سوپای پاسدارانەوە رەت كراوەتەوە.

عەكی ئەكبەری هاشمی رەفسنجانی، كە یەكێك لەدامەزرێنەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسداران بووە پێش مەرگی لە بیرەوەرییەكانیدا باس لەوە دەكات سوپای پاسداران تەنها ناوەندێك بووە كە دوای تەوابوونی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران توانای جێبەجێكردنی پڕۆژە ئابورییەكان و ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانی بووە، چونكە خاوەنی ژمارەیەك زۆر ئامێر و ئۆتۆمبێلی ستراتیژیی بووە بۆ ئەو مەبەستانە، ئەوەش وایكرد لەساڵی 1988 سوپای پاسداران ببێت بە گەورەترین ناوەندی ئابوریی ئێران كە بەبەردەوامی داهاتەكانی زیاد بكات و دەسەڵاتە ئابورییەكانیشی فراوانتر بێت.

بەرپرسانی سوپای پاسداران نەیانشاردوەتەوە كە دەستی باڵایان لەئابوریی وڵاتەكەدا هەیە و ناوەندیی ئابوریی ئەو سوپایە كە بە (قەرارگای خاتەمولئەنبیا) دەناسرێت ئاشكرای كردووە زیاتر لە پێنج هەزار كۆمپانیا بۆ سوپای پاسداران كار دەكەن و ژمارەی كارمەند و كرێكارەكانیشتان زیاترە لە 130 هەزار كەس كە لەو ژمارەیە 35 هەزار كەسیان ئەندازیارن.

سەركردەكانی ریفۆرمخوازان لەئێران سوپای پاسداران بەوە تۆمەتبار دەكەن كە 60%ی ئابوریی هەموو وڵاتەكە لەژێر دەستی ناوەندو دامەزراوەكانی سەر بەو سوپایە و حكومەت و پەرلەمان لەئێران هیچ دەسەڵاتێكیان نییە بەسەر سوپای پاسداران و ناوەندە ئابورییەكانیدا.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە سەرچاوە داراییەكانی سوپای پاسداران لەساڵی 2003 نزیكەی 95 ملیار دۆلار بووە و سەرجەم ئەو داراییانەش لەژێر فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێراندایە.

بەپێی راپۆرتێكی ئەو ئاژانسە، لەساڵی 1988 تا ئێستا پێنج سەرۆك كۆمار كابینەكانی حكومەتیان لە ئێران بەدەستەوە بووە كە سەرجەمیان لە رۆڵی سوپای پاسدران ناڕازی بوون و بە بەردەوامی رەخنەیان لەدەسەڵاتی ئابوریی ئەو سوپایە گرتووە و ئەوەش دەیسەلمێنێت سوپا حكومەتێكی بەهێزە لەناو حكومەتە جیاوازەكانی ئێران بە ریفۆرمخواز و محافزكاریشەوە.

سوپای پاسداران جەختی لەوە كردووەتەوە بەپێی یاسای ژمارە 147ی دەستوری ئێران هێزە چەكدارەكان لەكاتی ئاشتی و نەبوونی جەنگدا بۆیان هەیە بەشداریی لە پڕۆسەی ئابوریی وڵاتەكەدا بكەن، بۆیە چالاكی و بازرگانییە ئابورییەكانیان هیچ دژایەتییەكیان لەگەڵ دەستوری وڵاتەكەدا نییە.

رۆژنامەی (وۆاڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكا ئاشكرای كردووە لەساڵی 2011 بەتۆمەتی سپیكردنەوەی پارە بڕی پێنج ملیار دۆلاری سوپای پاسداران لە بانكێكی وڵاتی هندستان و ساڵی 2019 بڕی پینج ملیار دۆلاری دیكەی ئەو سوپایە لەبانكێكی وڵاتی بەحرەین دەستی بەسەرداگیراوەو ئەوەش وای كردووە ئێران لەماوەی سێ ساڵدا یەكەم وڵاتە مەترسییدارەكان بێت لە رووی سپیكردنەوەی پارەوە كە زۆربەی سەرچاوەی سەرەكیی ئەو پارانە سوپای پاسداران بووە.

ئەمریكا تا ئێستا زیاتر لەهەزار و 600 كەسایەتی و كۆمپانیای كۆماری ئیسلامی ئێرانی سزا داوە كە زۆربەی كەسەكان لە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدران بوون و هاوكات زۆربەی ئەو كۆمپانیانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە سەر بەكۆمپانیاكان و ناوەندە ئابورییەكانی سوپای پاسداران بوون.
بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان زۆرینەی پڕۆژەكانی نەوت و غاز لەئێران بەدەست سوپای پاسدارانەوەیە لە كاتێكدا ئەو وڵاتە بەیەكێك لە دەوڵەمەندترین وڵات لەبواری نەوت و غاز لە جیهاندا ئەژمار دەكرێت ئەوەش وای كردووە سوپای پاسدارن جگە لەبواری سەربازییەكان لەبواری ئابوریشدا لەئێران بێ ركابەر بێت و دەسەڵاتی رەهای هەبێت لەبڕیاردان و تەنانەت گۆڕانكاریی لە دەسەڵات و حكومەتدا بەتایبەت كە عەلی خامنەیی كەسی یەكەمی ئەو وڵاتە لەپشت سوپای پاسدارانەوەیەو فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە.

سەرچاوە: ماڵپەری هاوڵاتی

١٧ی فێبریوێری ٢٠٢٢