کۆچی دوایی به‌ڕێز عەبدوڵلا‌ په‌روانه (عەبدوڵلا‌ی مام مه‌ولانی سێوه‌تاڵی) لە وڵاتی سوئێد

عەبدوڵلا‌ی مام مه‌ولانی سێوه‌تاڵی، ناسراو به عەبدوڵلا سوور،  (عەبدوڵلا‌ په‌روانه‌) له ساڵی ١٩٤٠ له گوندی سێوه‌تاڵ سه‌ر به سه‌رده‌شت له‌دایک بووه‌. ناوبراو له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار و نیشتیمان په‌روه‌ر و کورد هاتۆته‌ دنیاوه‌، له ته‌مه‌نی ٤ ساڵیدا دایکی به‌ڕێزی فاتیمه قادری کۆچی دوایی کردووه‌. تا ته‌مه‌نی ١٣ ساڵی له‌گه‌ل مام مه‌‌ولانی باوکی له سێوه‌تاڵ ژیاوه‌. لە تەمەنێکی زۆر کەم دا له جیاتی برایه‌کی به‌هه‌ڵه‌ ده‌ستگیر ده‌کرێت. به‌زۆر و به ناهه‌قی له ساڵی ١٩٥٥ ده‌نێردرێ بۆ سه‌ربازی. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا ڕوویداوه‌ که عەبدوڵلا‌ په‌روانه، ته‌مه‌نی ته‌نها ١٥ ساڵان بووه‌. دوای چه‌ند مانگ له سه‌ربازی، ئەو ناحەقی‌یەی پێ قەبووڵ ناکرێ، دواتر لە سەربازخانە ڕا دەکا و بە نابەڵەدی و ناشارەزایی پێدەشت و دۆڵەکان دەبڕێ و خۆ دەگەیێنێتەوە زێدی لە دایکبوونی.

عەبدوڵڵا پەروانە ساڵێک بە نەهێنی له ده‌وری گونده‌کانی ناوچەی سەردەشت ده‌مێنێته‌وه‌، دواتر  پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبێ و په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ده‌کات. له نێو ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکرات چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌کاته شان، که خۆی ئه‌و کات، ده‌یگوت، چه‌کی شانی پێشمه‌رگه‌ ملکی هه‌موو کورده‌، شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تی لای مام عەوڵا، دوو وشه‌ی پیرۆز بوون، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌شی بڕیاڕیدا بوو به دڵ و به گیان دژی داگیرکه‌ری ڕژێمی ئێران خه‌بات بکات.

عەبدوڵلا په‌روانه‌، تا ساڵی ١٩٦٤ له نێو ریزه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ده‌مێنێته‌وه‌، له کۆتایی هه‌مان ساڵدا په‌یوه‌ندی به پارتی دێموکراتی کوردستانی ئێراقه‌‌وه‌ ده‌کات، ناوبراو به ڕێبازی مه‌لا مسته‌فا بارزانی سه‌رسام ده‌بێت، ڕووداوه‌ گرنگه‌کانی ئه‌وکاتی ته‌مه‌نی، دروستبوونی کۆماری کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و هاتنی پێشمه‌رگه‌کانی پارتی بۆ هاوکاری کۆماری کوردستان، هه‌موو ڕووداوه‌کان هانده‌ر ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ پێشمه‌رگه‌ له ڕیزه‌کانی پارتی دێموکراتی کوردستانی ئێراق. بۆیه‌ بڕیاڕ ده‌دات سنووره‌کان ببه‌زێنێت و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی پارتی و لە دوای شکستهێنانی شۆڕش لە ساڵێ ١٩٧٥ دا عەبدوڵڵا پەروانە دەچێتە ناوچەی سولێمانی و جارێکی دیکە پەیوەست بە شانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبێتەوە.

عەبدوڵڵا پەروانە لە ساڵی ١٩٧٥ را تا کۆتایی ساڵی ١٩٨٠ له ڕێزه‌‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌ک پێشمه‌رگه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و سه‌رکه‌وتنی شۆڕش، ناوبراو ئه‌رکی به‌رچاو ده‌بینێت له به‌ڕێوه‌بردنی کاری حیزب له مه‌قه‌ڕی حیزب له شاری سه‌رده‌شت و ناوچه‌کانی  و ده‌وروبه‌ری. کاتێکیش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناچار ده‌کرێن ڕووبکه‌نه‌وه‌ چیاکانی کوردستان، ناوبراو وه‌‌ک پێشمەرگە و ئه‌ندامی حیزب ده‌مێنێته‌وه‌.

عەبدوڵلا‌ په‌روانه لە ماوەی ژیانی دا هەم پێشمەرگایەتی لە باشووری کوردستان و هەمیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا کردووە و زۆرجار لە سەر سیاسەتەکانی حیزبەکان سەبارەت بە شەڕی نێوخۆیی هاتۆتە دەنگ و ڕێڕه‌وی خه‌باتی گۆڕیوه‌. هه‌روه‌ها لێکترازانی شیرازه‌ی حیزب، پارچه‌ بوونی حیزب له کۆنگره‌ی هه‌شت زۆری نیگه‌رانی کردووە و ناچار بووە بە گژیان دا بچێتەوە.

له ساڵی ١٩٨١ ژیانی، هاسه‌رگیری له‌گه‌ڵ گوڵستان خانم، کچی مام بابه‌کری نانه‌وه‌ پێکهێناوه‌،  خاوه‌نی کۆمه‌لێک کچ و کوڕ، نه‌وه‌ی چاوگه‌شن، که زۆربه‌یان له وڵاتی سوێد ده‌ژین. عەبدوڵلا‌ی په‌روانه‌، له کۆتایی ساڵی ١٩٩٩ به خانه‌واده‌ ڕوویان کرده‌ هه‌نده‌ران و نیشته‌جێی له وڵاتی سوئێدن.

لە وڵاتی سوئێد وەک ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکرات هەموو کات لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و خۆپێشاندان و کۆنفرانس و سمینارەکان دا بەشداری چالاکانەی کردووە و لەگەڵ خۆشی و ناخۆشی‌یەکانی گەلی کورد دەژیا، لەو ماوەیەدا بەردەوام لەگەڵ ڕەوندی کوردی لە سەر خەت بووە و هاوکات کەسێکی دەستگرەوە و خۆش مەشرەف و ساحەب هەڵوێست بوو.

به‌داخه‌وه‌ له ١٠ ی دیسامبری ٢٠٢١ ، ڕۆژی ١٠ی به‌فرانباری ساڵی ٢٧٢١ کوردی، به سه‌ختی نه‌خۆش ده‌که‌وێت، دوای ماوه‌یه‌ک له هه‌وڵدان و بۆ چاکبوونه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ له ڕۆژی یه‌ک شه‌ممه ١٣ی ژانووی،  ٢٤ی ڕێبه‌ندانی ساڵی ٢٧٢١له کاتژمێر ١٥:٣٠ خوله‌ک له نه‌خۆشخانه‌ی لینشۆپینگ، له سوئێد، دواجار له ته‌مه‌نی ٨٢ ساڵیدا ماڵئاوایی کرد.

ئێمە وەک بنەماڵەی مام عەوڵا پەروانە دوای ئەوە کارە یاسای‌یەکانی نەخۆشخانە جێ‌بەجێ کران لە کات و شوێنی ناشتن ئاگادارتان دەکەینەوە.

وەک ئاگادارن کە بە هۆی بوونی کۆرۆنا و نەخؤشی پاندمی، بەشێکی بەرچاو لە ژیانی شەخسی  و ئیداری ڕاوەستاون و ئێمەش هەر بەم هۆیە و بۆ پێشگرتن لە نەخۆشی نامانهەوێ کە پرسە دابنێین و لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتی‌یەکانەوە دەتوانن هاوخەمی خۆتان دەرببڕن.

ڕووحی مام عەوڵای هەردەم پێشمەرگە شاد و بە هیوای ئەوە کە ئامانجەکانی مام عەوڵا کە ئازادی و سەربەخۆیی و ڕزگاری گەلی کورد بوو ، بە هیممەت و هەوڵ و تێکۆشانی گشت لایەک بێتە دی.

لەگەڵ ڕیز و حورمەت

بنەماڵەی مام عەوڵا پەروانە

١٤ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی