بیرەوەری دەورانی منداڵی. شلێر حەسەن‌پوور

مانگی یەکەمی ھاوینە تیشکی خۆر بە درزی پەردە ڕەنگ شینە ھەڵاوەسراوەکەی پەنجەرە دا لە چاوانم چەقیوە و خەوی بەرەبەیانی لە چاوان زڕاندووم.
چەندجار شوێنی سەرینەکەم دەگۆڕم بەڵام بێ فایدەیە.
سەر ھەڵدەبڕم و چاوێک بەژوورەکە دا دەگێڕم کەس لە ژوورەکە نییە، بابم بەرەبەیانی زوو ڕۆیشتبوو بۆ کارێ
دایکم جێگاو بانی خۆیی لابردبوون، مەڵێ بەئەنقەست پەردەی پەنجەرەکانی تۆزقاڵێک وەلادا بوو تا وەخەبەر بێم.
كە باش گوێم ھەڵخست، خشەخشی گەسكەكەیی دەھات، حەساری دەماڵی.
لەنێو جێگایەکەم خۆم لێک کێشایەوە و ھەروا لەسەر پشت مامەوە و چاوم بڕییە میچی ژوورەکە نەخش و شێوەی دارەکان سەرنج ڕاکێش بوون و ھەر یەکیانم بە جۆریک دەھاتە بەرچاو ھەر یەکیانم ناوێک لێنابوو.
تاوێک ھەر ئاوا لە بیر و فکری منداڵانەم دا بووم، جینگڵم دەدان لەو کەلەکە بۆ ئەو کەلەکە کە دایکم بەنەرمی بانگی کردم
شلێرە!
ڕۆڵە شلێرە!
كە وەڵامم نەدایەوە ئەو جار بانگی کرد: جلال!
ڕۆڵە جەلال!
دەھەستن!
مانگا چاوڕەش لە گاڕانێ بەجێما!
لێفەکەم لە خۆمەوە پێچا و لە جێگایەکەم دا خۆم مەڵۆس کرد، دووبارە و ئەو جارە بە دەنگێکی بلێندتر و تێكەڵ بە تووڕەی بانگی کردم: شلێر، شلێر ….
گوێم لە دەنگی پێی بوو کە بەپلیکانەکان دا وەسەردەکەوت.
جێگایەکەم لە قوژبنی ژوور و نێزیک دەرگایەکە بوو، چەند چرکە پێچوو، سەرم ھەڵێنا بزانم دەرگا تەختە شین و سەوزەکەی ژوورێ پێوەدراوە یا نا، دەمویست وا بنوێنم کە خەوم لێکەوتووە و گوێم لە ھیچ نەبووە.
لە ژێر لێفەکەدا، متەقم لەخۆ بڕی بوو کە جیڕە دەرگایەکە ھات، دایکم بوو درگایەکەی کردەوە و بەسەرمەوە ھەڵوەستا و گووتی:
ڕۆڵە دەھەستە!
لە دڵی خۆم دا گوتم بۆ ئەمن، با ئەورۆ نۆبەی جەلال بێ.
دڵی خۆم بەو خەیاڵە خۆش کردو چاوم لەسەریەك دانان و بێدەنگ بووم لە ژێر لێفەکە و گوێشم ھەڵخست بزانم چی دەبێ کە دایکم تاقەتی بڕاو لەپڕ لێفەکەی لەسەرسەرم ڕاکێشا و گووتی:
ئەوە بۆ جوابم نادەیەوە دێڵە داھۆڵ؟!
لەترسان سەرین بەدەست لە جێگا دەرپەڕیمەدەر و دەستم بە مینگە مینگ کردو لاقم لەعەرزێ وەژاندن و بەگریانەوە گووتم:
ھەموو ڕۆژێ ئەمن، بۆ ھەر دەبێ ئەمن بچم بۆ گاڕانێ با رۆژێک جەلال بچێ.
دایکم کە تووڕە بوو گووتی:
ئێستا وەختی ئەو حیکایەتانە نییە، زۆر درەنگ بووە گورجکە پێت نەڵێمەوە، ئەورۆ ھەر دەبێ ئەتۆ بیبەی.
ئەوەی گوتوو دەرگایەکەی پێکدادا.
نەخێر، وا دیار بوو دایکم دەستبەردار نەبوو، دەمزانی ئەگەر ئێستا بەقسەی نەکەم دوایی بەقەڵا پێم دەگێڕێتەوە.
بەنابەدڵی لێفەکەم چوارقەد کرد و لە سەر سەرینەکەم داناو دۆشەگەکەم ھەڵدایە سەر و ھاتمە داڵانەکە و بەرو تاقەکە چووم لەچکە پەشمینە شینە ڕیشەدارەکەم لە مل ھاڵاند و کەوشە تازەکانم ھێنان کە لە پێیان کەم دوو دڵ بووم، ئەوان لەپێ کەم یا کەوشە کۆنەکانم دوو جار لام بردن و ھێنامنەوە ئاخری ساغ بومەوە کەوشە تازەکانم لەپێکەم.
گورج لەپێم کردن و بە ھەڵاتن بە پلیکانان دا ھەڵاتمە خوار و خۆم لە ئاودەستێ ھاویشت و دوایی لە سەر لێواری حەوزە چوکەلەکەی نێوبەندی حەسارێ دانیشتم و بە دەستێک چڵپێک ئاوم بە چاوم دا کرد و ھەر بە لچکەکەی ملم دەم و چاوم ئیشک کردنەوە، دەستێکی تەڕیشم بە سەر پڕچم دا ھێنا و ئامادە لە بەردەرگایەکە راوەستام.
جار جارە چاوێکم لە کەوشەکانم دەکرد یەک دوو ھەنگاو دەچوومە دواوە و دەھاتمەوە پێش و خۆم دەلەنگاند.
گەلێکم شایی پێ بوون، دایە بۆ سەردانی خاڵە و سەفەری ئەو جارەی بۆ سابڵاغ بەدیاری بۆی ھێنابووم.
ھەر وا دەھاتم و دەچووم و لەنجەم دەکردن لە خۆشی کەوشان، کە دایکم مانگای ھێنا دەر و شولکەکەی دا بەدەستم گووتی:
پەلە بکە ڕەنگبێ فریا کەوی.
شولکەم لەدەست دایکم وەرگرت و مانگا چاوڕەشم وەپێش خۆم دا و بە لارولەنجە بەدوای دا بە کۆڵانی ماڵی مەلای ساوەران دا دواتر بۆ سەر شەقامی ئەسڵی شار و پەڕیمەوە بەری ماڵی خدری خانەی و لەوێڕا بەرەو مخابراتی شاری تێھەڵکشام.
لەو نێوەش دا ئەوە ھەر چاوم لە دەورووبەری خۆم دەکرد.
وەک ڕۆژان کەسم نەدەدی مانگای پێبێ. درەنگ ببوو، لە دڵی خۆم دا دەمگوت خوایە گاڕان نەڕۆیشت بێ.
تینم بۆ ھات خۆ ئەگەر گاڕان رۆیشت بێ دەبێ مانگا چاوڕەشێ بگەینمە جێ.
چاوم لە کەوشەکانم کرد ھەر بریقەیان بوو، نا چۆن بەو کەوشانە بە خڕێ دا بچمە خوارێ خۆ ئێستا پڕە لە ڕیخ، لە بەرخۆمەوە دەمگوت بریا ملم شکا با و ئەوڕۆ ئەو کەوشەم لە پێ نەکردبایەن، خۆ کەسیش دیار نییە تا بیانبینی نە شادی، نە خەجیج و نە ئایشێ.
دوایش دڵخۆشی خۆم دەدایەوە و دەمگووت ئەی ئەگەر ئێستا لە پێیان نەکەم کەنگێ لە پێان بکەم بەو بیرو خیاڵەو بەرەو کۆرپەی دەرویشتم، ئەو شوێنەی بە ھەموو منداڵێم ترسم لێیبوو.
ئاخر ھەریەک لە رفیقان داستانێکیان لەسەر کۆرپە بۆ گێڕابوومەوە، یەک دەیگوت دەعبایەکی ڕەشی تووکنی تێدایە ھەر کە بە پەنای دا بڕۆی خۆت پێدادەدات.
یەک دەیگووت ئەسحابەیە و ئەگەر کەسانی خەراپ بە بەردرگای دا بڕۆن ئەوە خۆیی نیشان دەدا.
ئەسحابە و کورپە ھیچ ئەی ئەگەر دیسان ئەو کچانە ھاتنە سەر ڕێم و گرتیانم چی؟!
لە ترسان ئەژنۆم شکابوون، بە ھەناسەبڕکێ و لە ترسی خۆم ھەر شولکم لەولاو ئەولای مانگا چاوڕەشێ ڕادەکێشا، مەڵێ مانگا لە داخی من تێھەڵچوو و بەلاڕێدا تێی ھەڵکرد، ھەر من ھەنگاوم تووندتر دەکرد و مانگا چاوڕەش زیاتر غاری دەدا.
ھەر چی کردم مانگام بۆ نەگەرایەوە و مانگا بەپشت ژاندارمەری دا تێی ھەڵکرد، ئەو بەغار و ئەمنیش بە کەوشی قتووی سووری سێ چوار سانتی بە نێو دڕوو دەونان دا بەدوای مانگا دا ھەڵدەھاتم.
لە ترس و دڵەراوکێی خۆم ھاواری مانگام دەکرد و پڕبەدەم دەمگوت چاوڕەش گیان ڕاوەستە.
مانگا چاوڕەشیش تازە ڕێگای خۆی گرتبوو و ھەر بەرەو بەرزایی ھەڵدەکشا و ئەمنیش وەک شێتان بەدوای دا بەسەر چڕپ‌وچاڵ و دەوەنان دا غارم دەدا، کە لەنەکاو لاقم لە تەپڵە گوێنیەک ھاڵقا و بەراودم بەعەرزێداکەوتم، بە نەقەنەق ھەستامەوە کە چاوم لێکرد ئاغزوونەی یەک لە کەوشەکانم پسابوو، لە تاو کەوشە تازەکانم و لە داخی مانگا دەستم کرد بەگریان، شین و شەپۆرێکم دەگێرا، گەرەکی ژاندارمەری دەنگی دەدایەوە.
ئەوە لە دوورەوەش چاوم لە گاڕانە کە وردەوردە بەرەو خرێ …… دەڕوا.
لە تاو کەوشەکانم و لە ترسی ئەوەی فریا نەکەوم مانگا چاوڕەش بگەینمێ یەک بەو ھەوارە گابۆڕم لێدەدا و دەمگووت:
ئەی دایە گیان!
ئەی بابە گیان!
نە جارێک نە دوو جار، ھەروا کە ھاوار و بانگم لێدەدان فرشتەیەکم لێ پەیدا بوو، پیاوێکی باڵا کورتی خڕەکە دەم و چاو پانەی جامەدانە لەسەری چاو چکۆلە کە کەواوپانتۆڵێکی دوو ڕەنگی لەبەر بوو، لە دوورەوە ھاواری کردمێ و گووتی:
دایکێ ئەوە چت لێ قەوماوە؟
ئەمنیش کە ھەناسەم لێ بڕا بوو و چڵم و لیکم تێکەڵ ببوون بە گریانەوە گووتم مانگایەکەم بۆ ناگیریتەوە.
ھەروا تێھەڵڕوانیم و گووتی:
ئەتوو کوا بەو پێڵاوە تەقتەقیلکانە دەردەچی دایکێ من؟!
لێرە ڕاوەستە بزانم چم بۆ دەکرێ!
ھەرکە کابرا وای گووت لە جێگای خۆم لەسەر گاشە بەردێک دانیشتم.
ھەتا ئەمن کەمێکم لە کەوشان ڕوانی کابرا مانگای ھێنایەوە و گووتی:
وەرە بەدوام با بەرەو گاڕانێی بەڕێ کەین.
مانگا چاوڕەش لە پێشەوە و کابرا بەدوا دا و ئەمنیش بەدوای کابرا دا بە شەلەشەل ھەلینگم دەدا، ئەوە لە دڵی خۆشم دا ھەر دەگریم بۆ کەوشەکەم.
كە گەیشتینە لێواری خڕێ کابرا ئاوڕێکی دایەوە و گووتی:
دایکێ من ھەڕۆوە ماڵێ ئەتۆ مەیە ئەمن دەیگەێنمێ.
لە خودام بوو بەڵام لە وەڵام دا گووتم: لێرە ڕادەوەستم.
دووراو دوور چاوم لێدەکرد و گوێم لێ بوو کابرا ھاواری گاوانەی کرد و گووتی:
ئاگات لەو مانگا سەرشێتە بێ.
گاوانە سەرێکی لەقاند و ئیتر ئەوان دوور کەوتنەوە.
كابرا مانگای بەڕێ کرد و ھاتەوە لای من، بە چاوە چکۆلە کانی خێسەیەکی لێکردم و گووتی: ئەوە ھەر دەگری؟
سەرم لەبەرخۆناو و ھیچم نەگووت.
ئەوجار پرسی:
دایکێ من کچی کێی؟
بەشەرمەوەو ھەر لەژێر لێوم و بە نووزە گوتم کچی عەلی مام ئۆمەرم.
گوتی: ھەی لەمنت نەکەوێ جا پیاو کچی ئەو پیاوە بێ ئاوا دەگری، ئەمن نۆکەری مام عەلی،م.
ھەر دوو بە شەقامی ژاندارمەری دا ھاتینە خوار ڕووی تێ کردم و گووتی:
بڕۆوە ماڵێ و بە بابیشت بڵێ حەمە خڕەی دەستی ماچ دەکردی، ئەو خواحافیزی کرد و ڕۆیشت.
لە خۆشیان ھەناسەیەکی قوڵم ھەڵکێشا و بە لارولەنجە بە بەردەرگای ماڵێ عەتتاری دا بەرەو ماڵێ داگەڕام کە جووتە خوشکە ھارەکان دیسان سەر ڕێگایان پێ گرتم.
ڕێگای ھەڵاتنم نبوو، بەو کەوشانەش ھەر ھەڵاتنم بۆ نەدەکرا بەناچاری لە بەرامبەریان ڕاوەستام؟
یەکیان گووتی:
کوڵمە سوور ئەوە گریاوی؟
كە وای گوت دڵم پڕ بوو و بەگەرووی پڕ لە گریانەوە گوتم چتان دەێ.
ئەوان ھەر دووکیان لەمن گەورەتر بوون و ھەرجارێ کە تووشم دەبوون بە پرسیاری جۆراوجۆری وەک:
ئەو لەچکە جوانەت لەکوێ بووە؟
چت خواردوە؟
کێ لە ماڵێیە؟
یا ئەو کراسە کێ بۆی کڕیوی ھەڵیاندەپێچام، منیش بەنابەدڵی وەڵامی پرسیارەکانم دەدانەوە.
ئەو ڕۆژە تاقەتم نەبوو وەڵامی پرسیار بدەمەوە وەک بەراز بەرامبەریان وەستابووم و مۆڕەم لێدەکردن ئەوانیش ھەر بە پێکەنین و جەفەنگ تێیان ھەڵدەروانیم تا یەکیان وەدەنگ ھاتوو و گووتی:
ئەوە بۆوا قەڵسی شەمامە شلێرە؟
گوتم:
کەوشەکەم خەرابوە، گوتیان چاک نابێتەوە گووتم نازانم، چاویان لە کەوشەکانم کرد و یەکیان گووتی:
دا بێنە چاوی لێکەم.
كەوشەکەم لە پێ دانا و دامە دەستی کەمێکی ئەولاو ئەولا بە کەوشەکە کرد و گووتی:
نا چاک نابێ.
وەڵامەکەیم بەدڵ نەبوو بۆیە بەتوڕەی گوتم:
بێنە کەوشەکەم دەوە.
بزەیەکی کرد و کەوشەکەی دامەوە دەست و گووتی:
ھانێ ئەوە کەوشەکەت دەبڕۆ بەخێرچی.
سەیر بوو ئەوڕۆ زۆریان ڕانەگرتم، لە خۆشیان ھەر ئەوەندێ بڵێی یەک و دوو دەرباز بووم و تا بەردەرگایی ماڵێ ڕانەوەستام.
كە گەیشتمەوە بەر دەرگا، دیتم دەرگا لە ژوورێ را ئاڵقەرەز کرابوو بە کەلێنی دەرگا دا و بەزۆر دەستم بردە ژوورێ و دەرگایەکەم کردوە و چوومە سەرێ.
دایکم دەستەوارەیەک کولێرەی پەنجە کێشی لەسەر کەشەفێک دانابوون کە چاوی بە من کەوت پرسی:
ئەوە چۆن ھاتیە ژوور دەرگاکەم داخستبوو گووتم کردمەوە.
دایکم سەرێکی لەقاند و کەشەفەکەی دایە دەستم و گووتی:
ئەو کولێرانە بەرە سەرسفرە تا ماستی و پەنیری دێنم.
كولێرەکانم بردنەسەر سفرە و بە غار گەڕامەوە داڵانێ، کەوشەکانم لە بەرچاوان لابردن و شاردمنەوە تا دایکم نەزانێ خەرا بوون.
كە چوومەوە ژوورێ دایکم لە سەر سفرە دانیشتبوو لە تەنیشتی دایە دانیشتم.
زۆرم برسی بوو، خۆشترین خواردنی من کولێرەی لێبوو، ئیدی دەستم کرد بە نان خواردن ھەر پاروەی درووستم دەکرد نیوەی قاپە ماستەکەم بە قاپووچکەکە ھەڵدەگرد.
دایکم بەدەم چا خواردنەوە پرسی:
گەیشتیە گاڕانێ؟
نەموێرا ھەموو داستانەکەی بۆ وەگێڕم ھەر گوتم گاڕان ڕویشت بوو.
لە وەڵام دا گوتی دەمزانی ھەرچی ھەراو دەکەمێ ھەڵناستن لەخەوێ ئەو ھەر قسەی دەکردن و منیش پارووم درووست دەکردن ھەر پاروو لە پارووی دی گەورەتر.
دایکم خێلەیەکی لێ کردم و گووتی ڕۆڵە ئەوە بۆ ئاوا ھیلاکی؟
تێنەگەیشتم مەبەستی چییە.
سەرم بەردایەوە و دستم کردەوە بە کولێرە خواردن و ئەوەی ڕووی دابوو لە بیرم کرد.
ماوەیەک پێچوو ھەر نەموێرا باسی کەوشەکان بۆ دایکم بکەم ھەر ئاوا دەپێم دەکردن.
دوو مانگ دواتر لە کۆڵانی ماڵێ لەگەڵ جەلالی برام لەسەر پوڵی رۆژانە کێشەمان بوو.
جەلال لەگەڵ رەفیقان مێشێنی دەکرد ئەمنیش بۆ بەشە پووڵی ڕۆژانەی خۆم بەرۆکم پێگرت بوو ، جلال نەدەویست یاریەکە بەجێببێڵێ ھەر دەیگووت:
سەبرکە کە تەواو بووم دەچین بۆ بازاڕی.
بەڵام دەمزانی ئەو یاریە تەواو بوونی نییە بۆیە لاقم چەقاندن گوتم ئەمن ھەر ئێستا پووڵی خۆمم دەوێ.
جەلال کە تووڕە بوو پاڵێکی پێوەنام بەعەرزێی دادام لەو بینە دا کەوشەکەم لە لاقی ھاتەدەر ھەر کە کەوشەی دی ھەڵیگرت و ھەڵیدایە سەربانی ماڵی جیرانێکمان.
ھەر بەوەش قایل نەبوو وەسەر سەربانی ماڵی حاجی فەیزە کەوت و ئەمنیش بەگریان بەدوای دا.
خوا ھەڵناگرێ زۆری پێ گووتم جارێ بچۆوە ماڵێ تا یاریەکەی تەواو دەبێ، بەڵام پەروەندەی ڕەش بوو و جار جارە فێڵی لێ دەکردم و نەیدەدامێ.
بۆیە پێم چقاندوو گووتم پووڵی خۆم ئێستا دەوێ.
تاکە کەوشێک لە پێ پاڵم وەدیواری ماڵێ حاجی فەیزە دابوو و لێنگم لە خۆڵێ دا درێژ کردبوون وەک شوعار شوعارم دەدا پوولەکەم دەیە، پووڵەکەم دەیە.
جەلال کە بێزار ببوو ھاتە سەر سیلەی بانەکە بەردەکەی پێنیشان دام و گوتی ئەگەر نەڕۆیەوە ماڵێ ئەو بەردەت بە سەری دادەدەم.
گوتم پووڵی خۆمم دەوێ و لێرە ناڕۆم ھەتا پووڵەکەم نەدەیەی.
جەلال قیژاندی بەسەرم دا گووتی:
بەسەرت دادەدەم گووتم پێمدادە ئەمن ناڕۆم.
وەڵا جەلال نەیکردە نامەردی ڕاست بەردەی دەسەری گرتم و بەردە وە تەپڵی سەرم کەوت.
سەرم زۆر ھێشا دەستم کرد بە گریانێ ھەستم کرد شتێکی گەرم بە لاچاوم دا دێتە خوار کە دەستم لێدا و چاوم لە دەستم کرد خۆێن بوو ئیدی زریکاندم.
ئامۆژنم کە سەری لە پەنجەرەی وەدەر نابوو وەدەنگ ھات لە جەلالی برام و گووتی:
ئەوە ھەر بەڕاستی سەری کچەت شکاند؟
شەرت بێ چۆنم دی ئاوا بە کاک عەلی بگێڕمەوە چۆن ئەو بەردەت بۆ بەو کچە فەقیرە دادا؟
ئیتر گەڕەک وەسەرگەڕا و دایکم ئاگادار کرایەوە بە دایکم بە ئامۆژنم سەریان بۆ شتمەوە و دەرمانە سووریان بۆ پێداکردم و بەرو شێروخورشیدیان بردم.
ھەر ئەو ڕۆژەو دوایی تەداویی کردنی سەرم وەبیر کەوشەکەم ھاتمەوە و بە دایکم گێڕایەوە کە جەلال کەوشەی لێ ھەڵداوم.
ھەرچی گەڕاین لە سەر سەربانی ماڵێ جیرانێ لینگە کەوشەمان نەدیتەوە، کەوشە ون بوو، خێرم لە کەوشان نەدی و بەدڵی خۆم کەوشی سووری قتووم لەپێ نەکردن. ئێستاش کە لە کەوشفرۆشی کەوشی سوور دەبینم وەبیر کەوشەکانم دەکەومەوە دڵم پڕ دەبێ و یادی ئەو ڕۆژە دەکەمەوە تا ئێستاش بۆم پرسیارە لینگە کەوشەکەم چی لێھات؟؟؟
لە بیرەوەریاکانی منداڵیم
شلێر حەسەن‌پوور
١٣-٠٢-٢٠٢٢