نەخۆشخانەی شاریش تازیەبارە. نووسینی: حەمەڕەسووڵ کەریمی

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا بەداخەوە یەکێک لە ژنە تێکۆشەر و زەحمەتکێشەکانی شاری سەردەشت دایە فاتم محەممەدی بە هۆی نەخۆشی و بە ساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.

دایە فاتمە محەممەدی یەکێک لەو ژنە دیار و خۆشناوانەی شاری سەردەشت بوو کە لە مێژ ساڵ بوو، دوای فەوتی هاوسەری ژیانی بە ڕەنجی شان و بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی کوڕ و کچ و نەوەکانی پێگەیاندن.

حاجی فاتمە کەسێکی ئەمین و باوەڕمەند بە دینی ئیسلام بوو، مرۆڤێکی خۆشەویست و بەمشوور بوو، لە خەم و شادی خەڵکی شاردا بەشداری دەکرد. ساڵانێکی زۆر بوو لە نەخۆشخانەی گەورەی شار کاری دەکرد و خزمەتی نەخۆش و کارمەند و ئیدارەی نەخۆشخانەی دەکرد. وەک دایکێکی دڵسۆز لە خەمی نەخۆشەکان و گشت نەخۆشخانە دابوو. کەم کەس هەیە چووبێتە نەخۆشخانە و زەحمەتەکانی حاجی فاتم و دەستی مێهرەبانی بە سەر خۆێ‌یەوە نەدیت بێ.

حاجی فاتمە وێرای کارە قورسەکانی نەخۆشخانە ، هاوکات بۆ ئەو نەخۆشانەی کە غەریب و ڕێبوار بوون وەک پشت و پەنا وابووە و زۆرجار خزمەتی دایکانەی کردوون و وێرای ئەرکەکانی خۆی لە پاک و خاوێنی نەخۆشخانەش دا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێراوە.

دوو بیرەوەری لە حاجی فاتمە زیاتر گەورەیی ئەو دایکە مێهرەبانە دەر دەخات.

کاتێک لە پێشمەرگایەتی دا لە بنکەی تەقەمەنی گشتی حیزب بووم، نەمر کاک عەبدوڵلا (عەبەی) ڕەسووڵ پیرۆزی کە ئەو کات پێشمەرگە بوو، لە بیرەوەری‌یەکانی دا بۆ نەمر کاک حەمەڕەسووڵ حەسەن‌پوور و ئێمەی دەگێرایەوە کە چۆنی خزمەت کردووە و دواتر چۆن قاچاخ بووە و بۆتە پێشمەرگە.

نەمر کاک عەبدوڵڵا مرۆڤێکی قسە خۆش و جەفەنگباز و دڵسۆز بوو، مەجلیسی پێشمەرگانە و مەجلیسی خۆماڵی بە قسە خۆشەکانی دەڕازاندەوە. لە بیروەری‌یەکانی دا باسی حاجی فاتمەی کرد و گووتی: ئەو کات کە لە نەخۆشخانەی شار ئامبوڵانسی نەخۆشخانەم پێ بوو، زۆرجار بۆ چا خواردنەوە لەگەڵ کارمەند و ئاشپەز و چاپەز و دوکتورەکان لە کاتی پشوودا کۆ دەبووینەوە. ڕۆژێکیان حاجی فاتم لە ژوورەکەمان بوو، هەندێک پەشێو دیار بوو، حەجمینی نەبوو، دەرو ژووری دەکرد، وەک ڕۆژان نەدەهاتە بەرچاو، زۆربەمان هەستمان بە پەشێوی حاجی فاتم کرد بوو، دوای چا خواردنەوە کە دەوروبەرمان چۆل بوو، لێم پرسی! ئەمرۆ بۆ ئاوا گۆراو و پەشێو دیاری!!؟

حاجی فاتمە گووتی: لە دوێنێوە چەند زیندانی لە ژوورەکانی پشتەوەی نەخۆشخانە لە ژوورێکی تایبەت دا ڕاگیراون و هیچ خواردن و شتیان بۆ نابەن و زۆریان بۆ نیگەرانم! بڵێی کێ بن ئەوانە؟

کاک عەبدوڵڵا گووتی: دواتر بۆم دەرکەوت کە دوو کەسیان سەر بە حیزبی دێموکرات و یەکیان سەر بە کۆمەڵەیە و هێناویانن کە بزانن باری نەخۆشی و وەزعیەتیان چۆنە و دواتر حوکمی ئێعدامیان لە سەر بەرێوەبەرن.

بە گشتی پەشێوی حاجی فاتم بوو بە مایەی نیگەرانی و پەشیوی خۆشم و هەر بۆیە کەوتمە بیری چۆنیەتی ڕزگار کردنی ئەو سێ بە ناو نەخۆشە و هەر ئەو ڕۆژە حاجی فاتمم بانگ کرد و گووتم: یارمەتیم بدە با ڕزگاریان بکەین و لەگەڵ کەسێکی دیکە بە یەکەوە بەرنامەکەمان داڕشت و زۆر بە وریایی توانیمان ئەو سێ کەسە بە دەرگایەکەی پشتەوەدا بە دوور لە چاوی نیگابانەکانی بەرەو دەرەوەی نەخۆشخانە ڕاگوێزین و لە چاوتروکانێک دا هەر سێ زیندانی‌یەکە خۆیان بە باخەکانی بەر شاری داکرد و دەرباز بوون، ئەو گەورەیە و ڕزگاری‌یە لە سەر دەست و خەمخۆری حاجی فاتم محەممەدی بەرێوە چوو.

بیرەوەری دووهەم ئەوەیە کە دوای سێ ڕۆژ شەر و بەربەرەکانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە نێو شاری سەردەشت، بەداخەوە شار کەوتە بەر ڕەهێڵەی بۆمبارانی هەوایی فرۆکەکانی ئێران و ریزە دووکانی بەردەم سینەمای شار وێران بوون و چەند کەسیش شەهید بوو و دواتر بە گشتی شار چۆل کرا، چەند حەوتوو دواتر بەرەبەرە خەڵک گەرایەوە نێو شاری سەردەشت. ڕژێم شاری سەردەشتی بە تەواوی میلیتاریزە کردبوو، هێزەکانی سوپا و ئارتەش وەک ڕەوە ڕژابوونە نێو شەقام و کۆڵانەکانی شار، بە گشتی شار بۆنی مەرگ و خوێنی لێدەهات.

جیبێکی ئارتەشی کە تۆپێکی سەد و شەشی لە سەر بوو لەبەردەم پادگانی شار ڕاوەستابوو، ئارتەش و سوپا ترسێکی زۆریان لە خەڵک و لە هێزی پێشمەرگە هەبوو، ئەو ڕۆژە ئاپۆرایەکی زۆری خەڵک کە تازە هاتبوونەوە شار، لەبەردەم دووکانی شەفیقی حاجی سەعید و حاجی ڕەحمانی جەلیلی کە بەرامبەر پادگان بوو کۆببوونەوە، لەپڕ گرمەیەک هات و خشت و شووشە پەنجەرەکان داڕمان و دواتر شەقام خوێناوی بوو، خەڵکێکی زۆر بریندار ببوون، چەند کەسیش بێ گیان لە شەقام کەوت بوون، خەڵک بە هانای کوژراو و بریندارەکانەوە چوون و بەرەو نەخۆشخانە کەوتنە ڕێ، حاجی فاتم لەوێ خزمەتی دەکرد، لە نێو کوژراوەکان دا بە سەر تەرمی بێ گیانی کوڕەکەی دا دەکەوێ، عەلی محەممەدی کوڕێکی مێرمنداڵی تازە پێگەیشتوو بوو، بەداخەوە کوڕی حاجی فاتمە بوو کە لەوێ شەهید ببوو.

ڕووداوێکی ناخۆش و تراژیدیایەکی گەورە بوو، دوای بە خاکسپاردنی قوربانی‌یەکان و تەواو بوونی پرسە، ڕژێم بنەماڵەی کوژراو و بریندارەکان لە مزگەوت کۆدەکەنەوە و فەرماندار و بەرپرسانی ئەرتەش و پێش‌نوێژی مزگەوتی جامیعەی سەردەشت و زۆر کەسی دیکەش بەشدار بوون.

کاربەدەستان و ئیمام جومعەی ئەو کاتی شار، دەیانهەوێ ئەو تۆپەی کە لە سەر جیبە ئەرتەشی‌یەکە تەقێندرا بوو و کارەساتی لێکەوتبۆوە، بخەنە ئەستۆی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە. لەم پەیوەندی‌یەدا چەند کەس و بنەماڵە، هۆباڵی بە ناحەقیان کێشا بوو، ئیمام جومعەی شار دەچێتە لای حاجی فاتم و پێی دەڵێ کە ئێرە ئیمزا بکە بۆ ئەوەی ناوی کورەکەت بچێتە نێو بونیادی شەهید و مانگانە شەهیدانەت پێ بدەین.

حاجی فاتم لە وەڵام دا دەڵێ: ئەو تۆپەی تەقاندتان، تۆپی دێموکرات و کۆمەلە نەبوو، ئەوە تۆپی ئەرتەش و پادگانی سەردەشت بوو، ئەمن چۆن بە درۆ ئیمزا لە ژێر نووسینەکەتان دەدەم، ئێوە کوڕەکەشم دەکوژن و دواتریش هۆباڵی بەناحەق بە من لێدەدەن، هەر بۆیە نە کوڕەکەم شەهید ئێوەیە و نە پووڵی شەهیدانەش وەر دەگرم و دواتر بە گژیان دا دەچێتەوە.

لێرەدا حاجی فاتم ویژدانی خۆی بۆ بڕە پاڕەیەک نەک نەفرۆشت، بەڵکوو پڕ بە گەروی خۆی هاواری کرد کە کوڕەکەم و ئەو خەڵکە، ئەرتەش و پادگانی سەردەشت کوشتوونی، نەک دێموکرات و کۆمەڵە، ئەو هەڵوێستەی حاجی فاتم لەو کات و سەردەم دا، نەک هەر بوێری‌یە، بەڵکوو ڕەچەشکێنی و پشتیوانی کردن بوو لە هێزی پێشمەرگەی دێموکرات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، نەک سەر دانەواندن و چاو نووقاندن بۆ پووڵ و پارە.

لەوە دڵنیام کە دەیان و سەدان کاری خێرخوازانەی لەم چەشنە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕوویان داوە، بە بێ ئەوەی ئاوڕمان لێدابنەوە، خۆزگە هەموومان تا ئەو کاتەی کەسایەتی‌یەکانمان زیندوون، سەردانیان بکەین و ڕێزیان لێبگرین و بە دەنگیانەوە بچین، بە هەزاران دایە فاتم بە سینگی پڕ لە بیرەوەری‌یەوە بەجێیان هێشتووین و بەشێک لە مێژوویان لەگەڵ کۆچی خۆیان بردۆتە ژێر گڵ.

بە هیوای تەمەن درێژی بۆ گشت لایەک

بە بۆنەی کۆچی دوایی حاجی فاتمە محەممەدی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەی بەڕێزیان لە خەڵکی دڵسۆزی شاری سەردەشت و لە هەموو کارمەندە دڵسۆزەکانی نەخۆشخانەی شار و گشت دایکانی دڵسۆزی گەلەکەمان دەکەم.

ڕووحی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ و جێگای بەهەشتی خوا بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١١ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی