کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین مام عەوڵا پەروانە

زۆر بەداخەوە ئەمرۆ ١٤ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی مام عەوڵا پەروانە پێشمەرگەی دێرین دوای ماوەیەک نەخۆشی لە شاری لینشۆپینگی سوئێد لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مام عەوڵا پەروانە ساڵی ١٩٤٠ی هەتاوی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی هەژار و وەرزێر دا لە گوندی سێوەتاڵی ناوچەی سەردەشت لە دایکبووە، هەڕەتی منداڵی وەک زۆربەی منداڵانی ئەو سەردەم تێپەر کردووە و بەداخەوە مام عەوڵا بە هۆی نەبوونی قوتابخانە نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە و هەروا بە نەخوێندەواری ماوەتەوە، بەڵام نەخوێندەواری نەبۆتە هۆی ئەوە کە مام عەوڵا لە ڕەوتی ڕووداوەکان و مەسەلەی جۆراوجۆرەکانی ڕوو لە کوردستان دوور بکەوێتەوە.

مام عەبدوڵلا لە تەمەنێکی کەم دا لە کاتی سەربازی دا ڕادەکا و خۆدەگەیێنێتە باشووری کوردستان و راستەخۆ دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پاش چەند ساڵ دواتر مام عەوڵا، بە هۆی هێندێک ڕووداوی ناخۆشی ئەو سەردەم و لێک بڵاوی تەشکیلاتی حیزب ، ڕوو لە پارتی دەکا ڕاستەوخۆ دەبێتە پێشمەرگەی پارتی دێموکراتی کوردستان، دوای ساڵانێک پێشمەرگایەتی لە لای پارتی و نسکۆی شۆڕش جارێکی دیکە دەگەرێتەوە ناوچەی سولێمانی و لەگەڵ تێکۆشەرانی ئەو کات، بە تایبەت تێکۆشەرانی ناوچە سەردەشت و بانە و بە سەرپەرەستی مامۆستا مەلا خالەق حەفیدی (سیروان) لەگەڵ پێشمەرگەکانی دیکە یەک دەگرێتەوە و لە شانەکانی حیزبی دا سازمان دەدرێتەوە.

لەگەڵ رووخانی حکوومەتی پاشایەتی مام عەوڵا و پێشمەرگەکانیش دەگەرێنەوە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و لەو قۆناخەشدا مام عەوڵا ئەرکی خۆی بەوپەری دڵسۆزی و وەفاداری‌یەوە لە ریزەکانی حیزبی دێموکرات دا بەرێوە دەبا.

لەگەڵ بەشێک لە پێشمەرگەکانی هێزی موعینی لە بنکەی شێخ مەولانەی سەردەشت و دواتر لە پرسگەی گوندی واوان و هەروەها لە بنکەکانی هێز و کۆمیتە شارستانی سەردەشت خزمەتی پێشمەرگانەی خۆی دەکا، مام عەوڵا لە کۆمەڵێک شەر و تێکهەڵچوون لە بەرامبەر رژێمی ئاخووندی ئێران دا بەشداری دەکا و دواتر لەگەڵ درێژبوونەوەی شۆڕش جارێکی دیکە مام عەوڵا ڕوو لە چیا و ڕوو لە باشووری کوردستان دەکاتەوە.

مام عەوڵا لە باشووری کوردستانیش لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ دا بەشداری دەکا و لەم بەشەشدا ئەوەی لە توانای دابوو بە دژی حکوومەتی بەعس کردی و لە ئازادی هەرێمی کوردستان دا بەوپەری لەخۆبردووی‌یەوە بەشداری دەکا.

مام عەوڵا تەمەنێکی پڕ سەروەری بۆ ڕزگاری گەلەکەی لە ریزی پێشمەرگایەتی و ریزی دێموکرات دا تێپەر کردووە و مام عەوڵا ژیانێکی پڕ مەترسی و دەربەدەری و ئاوارەگی بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان بە سەخاوەتەوە هەڵبژاردووە و لەم ڕێگایەدا تووشی زۆر نەهامەتی بووە، مام عەوڵا مرۆڤێکی بە هەڵوێست و دڵسۆز بوو، لە کۆڕو کۆبوونەوەکان دا زۆر بە جوانی هەڵویستی خۆی لە ئاست هەموو ڕووداو و پێشهاتەکان دەردەبری و ئەوەندەی لە توانای دابوو بە زیادەوە، لە وڵاتی سوئێد بۆ برایەتی و بۆ حیزبەکەی کردی، لە ئاست ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان و کۆبانێ و گشت کوردستان بێ هەڵوێست نەبووە و لە خۆپێشاندان و لە کۆڕەکان دا بەوپەری دڵسۆزی بەشداری دەکرد.

مخابن مام عەوڵا پاش تەمەنێک خەبات و تێکۆشانی دوور و درێژ بە هۆی نەخۆشی و بە ساڵاچوویی لە تاراوگە و لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

بە بۆنەی کۆچی دوایی مام عەوڵا پەروانە لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە کوڕ و کچ و نەوەکانی، لە خزمانی لە نیوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی مام عەوڵا دەزانم.

یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٤ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی