پەیامی هاوخەمیی سکرتاریای حیزبی دێموکرات بەبۆنەی کۆچی دوایی عەلی ئەشرەف نەوبەتی (پەرتەو کرماشانی)

هەروەک لە هەواڵەکاندا هاتبوو، ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان بەداخەوە شاعیری بەناوبانگی کورد “عەلی ئەشرەف نەوبەتی” ناسراو بە پەرتەوی کرماشانی ماڵاوایی لە ژیان و لە وێژەی کوردی کرد.

مامۆستا پەرتەو یەکێک لە شاعیرە ناودارەکانی کوردستان بوو کە شێعر و هۆنراوەکانی وێردی سەر زمانی خەڵک بە تایبەت خەڵکی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون. پەرتەو هۆگرییەکی تایبەتی بە خاک و گەلەکەیەوە هەبوو، هەر بۆیە شێعرەکانی ئاوێتەی خۆشەویستیی نیشتمان بوون. ئەو هیچ کات لە بەرانبەر زوڵم و زۆریی دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ نەبوو و بە هەڵوێست و جوامێری و شێعرەکانی خزمەتێکی گەورەی بە زمان و ئەدەبیاتی گەلەکەی کرد.

مامۆستا پەرتەو زیاتر لە سێ هەزار بەیت و هۆنراوەی پێسکەشی کتێبخانەی کوردی کرد و هەوڵی دا بە زمانی پاراوی کوردی هۆنراوەکانی بهۆنێتەوە و لە وشە و دەستەواژەی بێگانە خۆی بە دوور بگرێ.

بە کۆچی مامۆستا عەلی ئەشرەف نەوبەتی گەلی کورد یەکێک لە شاعیرە ناودارەکانی لەدەست دا، بەڵام خزمەتی مامۆستا پەرتەو بە زمان و ئەدەبیاتی بەرگریی گەلەکەی و شێعرە پڕ لە هەستەکانی بۆ هەتاهەتایە لەنێو دڵ و یادەوەرییەکانی خەڵکی کوردستان و مێژووی کورد و کتێبخانەی شێعر و ئەدەبیاتدا کوردی‌دا دەمێننەوە و شاعیران و ئەدەبدۆستانی کوردستان و خەڵکی کورد بە گشتی بە ڕێزەوە سەیری خزمەت و ماندووبوون و گەورەیی ئەو شاعیرە نەمرە دەکەنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەداخبوون لە مەرگی شاعیری بەناوبانگی گەلەکەمان مامۆستا عەلی ئەشرەف نەوبەتی ناسراو بە پەرتەوی کرماشانی، سەرەخۆشیی خۆی پێشکەشی بنەماڵەکەی و ئەدەبدۆستان و خەڵکی کرماشان دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

سکرتاریا

٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی