فریشتەیەک بە سواری مووشەک. قادر وریا

لەو ساتەوەی هەواڵی کوژرانی قاسم سولەیمانی و دەستپەروەردەکانیم بیستوە، مەگەر ئەو چەند سەعاتەی خەوتووم، ئەگینا ساتێک لە بە دواداچوونی هەواڵ و ڕاڤەی شوێنەوار و کاردانەوەکانی غافڵ نەبووم. دەکرا هەر لە یەکەم ساتەکان‌دا، بە شێوەی هەست دەربڕین، وەک زۆر کەسی دیکە، دژ کردەوەی خۆم نیشان بدەم. بەڵام حەزم کرد چەندی دەکرێ لە سەر ئەو ڕووداوە و شوێنەوارەکانی ببیسم، ببینم و بخوێنمەوە. لە دژکردەوەی ڕێبەر و بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی سیاسی و سوپایی ڕێژیمی ئێران، کەسایەتییە پلەبەرزەکانی ئەمریکا، هەڵوێستی حکوومەتەکان و گرووپە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی دنیا – چ ئەوانەی بە هاوپەیمان و کلکی ڕێژیمی ئێران دادەنرێن، چ ئەوانەی ئەو ڕێژیمە تەنگی پێ هەڵچنیون- ڕابمێنم. هەر وەها سەرنج بدەمە هەڵوێستی ئەو دوڵەت و هێز و ناوەندە ساتوسەوداچییە هەلپەرستانەش کە ئەوەی ئەخلاقە لێی بێ بەرین و، لە هەرچی ڕووداوی سیاسییە بۆ بەرژەوەندی ناڕەوای خۆیان سوود وەردەگرن.
لە دەلاقەی وێنەکانەوە، هەستی ئەندامانی بنەماڵەی قاسم سولەیمانی، حاڵی فەرماندەرانی سوپای پاسداران، پێشبڕکێی وەزیر و گزیرەکانی ئێستا و دوێنێ لە نواندنی ماتەمباربوون‌دا و، ڕەشپۆشیی دەروجیرانەکانی ئەو “مالک اشتر”ە و ئەو ناو و ناوبانگەی ئاخنراو لە پیاهەڵدانی سەرسوڕهێنەری ئەم ساڵانەی دوایی ڕۆژهەڵاتی نێوەراستی وێران و داماوم خوێندووەتەوە. بەسەر شێعر و دێڕە خوێناوییەکانی ئەو دوو لاپەڕەیە لە کتێبی “گلچین احمدی”یەوەش نەچووم کە بریتیە لە مەدداحی لە بارەی ئیمامانی شیعە و کەربەلا و… وا دیارە دەبێ لە گیرفانی حاجی قاسم وهاوسەفەرانی‌دا بووبێ. گوێ قوڵاغ بووم بۆ هەڵوێست و لێدوانی ئەو بەرپرسە سیاسییانەی عیراق و هەرێم کە کەوتوونە نێوان دوو بەرداشی ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا و، حاڵی ئەوانیشم لەو تەنزەی د.شێرکۆ عەبدوڵلا دا دیوەتەوە کە دەڵێ: “ئەمڕۆ داوای ڕۆحمان لێ بکە و داوای لێدوانمان لێ مەکە”!
من دەمەوێ لە بانیژەی برین وئازارەکانی “ڤییەن” و”بێرلین”ی خۆم وەک مرۆڤێکی تینووی ڕزگاری، ئازادی، دێموکراسی، دادپەروەری و پێکەوەژیانی بە ئاشتیی نەتەوە و ئایینی جۆراوجۆر لەو ڕووداوە و لێکەوتەکانی بڕوانم. دەمەوێ وەک ڕۆڵەی نەتەوەیەکی بندەستی داواکاری ڕزگاریی خاوەن دەیان هەزار شەهید و، قوربانیی زۆر لێ ئەستێندراو هەر بە هۆی ئەو ڕێژیمەی حاجە قاسم لوتکەی سەمبولەکانیەتی، دەمەوێ وەک تاکێک لە هێزێکی خەباتکاری دژی چەوسانەوە و هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئایینی و هتد، هێزێکی دژی بە کارهێنانی تیرۆر و تەقاندنەوە و مرۆڤ ڕفاندن و پێکتر بە کوشتدانی مرۆڤەکان بە ناوی دین و ئایین و لە پێناوی زاڵکردنی ئۆتۆریتەی تاقمێکی کۆنەپەرستی دژبە ئازادی و یەکسانی و پێشکەوتن بە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەراستدا، لەم ڕووداوە و لێکەوتەکانی ڕامێنم.
ڤیدیۆی ئەو کاتەی مووشەکی کۆپتەرە ئەمریکاییەکان لە ماشێنەکانی هەڵگری قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی دەدرێ، لە زەینی خۆم‌دا لە لای ڤیدیۆی ئەو ساتە دادەنێم کە مووشەکانی سوپای پاسداران لە ژووری پلینۆمی هاوڕێیانم لە قەڵای دێموکرات دەدران. دیمەنی داماوانەی ڕاکردن و ڕاکشانی بە ئاگرەوەی لێقەوماوانی نێو ماشێنەکەی بەرپرسی عەلاقاتی حشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، دەخەمە تەنیشت دیمەنی بە کۆڵوو بوونی هاوڕێیانم لە ئاگری تەقینەوەی شەوی یەلدای بۆمبەکانی بەرهەمهێنراو لە کارگەکانی سوپای قودسی حاجی قاسم‌دا. چاوساغی و فیلم هەڵگرتنەوەی بە ڕۆژی ڕوونی ئەو پەهبادانەی لە مۆڵگەکانی حەشدی شەعبیی ژێر ئەمری ئەبوو مەهدیی موهەندیس لە کەرکووکەوە هاتبوونە سەر ئاسمانی قەڵای دیموکرات، لە گەڵ پێشکەوتوویی تێکنیکیی پەهبادە ئەمریکاییەکانی بەشدار لە چالاکیی شەوی ١٣ی بەفرانباری نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا بەراورد دەکەم. فڕوفیشاڵی تێکەڵ بە هێزنواندنی فەرماندەرانی سوپای پاسداران بەدوای وێرانکردنی لایەک لە قەڵای دێموکرات و پارچەپارچەکردنی ژنان و پیاوانی خەباتکاری کورد بە مووشەکە جێی شانازییەکانیان، لە گەڵ شەپۆڕی زەلالەتیان بۆ لەتوپەتبوونی جەستەی برژاوی دیارترین سیما و هێمای ئەفسانەی هێز و دەسەڵاتی ئەهریمەنییان بە ئاگری ساروخی ئاپاچیەکانی ئەرتەشی ئەمریکا دەخەمە لای یەکتر. هاسانترین شت ئەوە بوو هیچ نەنووسم و تەنیا ئەوەندە بڵێم: ” دە بخۆن دەی!” بەڵام بۆچی ئەوەم نەکرد؟ حەزم کرد هەموو ئەو شوێنەوار و لێکەوتانە ببینم، لە هەمووی ئەوانە تێر ڕابمێنم و ئەوەندەی دەکرێ بەدەر لە کاریگەرییە هەستەکییەکانی تایبەت بە کوردێک و دێموکراتێک وتاکێک لە خەڵکی ولاتێکی زامدار بە هۆی هێزی ڕەش و ئەهریمەنیی ئەو ڕێژیمەی سوپای پاسداران و هێزی قودس و قاسم سولەیمانی گەورەترین هومێدیەتی، تەنیا تاقە پرسیارێک بخەمە ڕوو:
ئەی ئەوانەی بە هەر ئایدۆلۆژیا و بیرو باوەڕ و هۆکارێکەوە، دەتانەوێ و دەتانەویست”قاسم سلێمانی” بکەن بە هێمای ڕاوەستانی: ڕووناکی بەرامبەر تاریکی، دادپەروەری بەرامبەر ستەمگەری، ئیمان بەرامبەر کوفر، بندەستان بەرامبەر سەردەستان ، تەناهی و ئاسوودەیی بەرامبەر تێرۆر و تۆقاندن، بوێری بەرامبەر ترسنۆکی، مەردایەتی بەرامبەر نامەردی و هتد، ئایا هیچ کات لە خۆتان پرسی ئەو ڕێژیمەی فریشتەکەی ئەم حاجی قاسمەیە، بۆ خەڵکی وڵاتەکەی خۆی چ دیارییەکی بێجگە لە تاریکی، ستەمگەری، قاتی و قڕی و برسیەتی، ئێعدام و ڕەشەکوژی، دیلی و یەخسیری، هەبووە؟ ڕێژیمێک بەو ئایدۆلۆژیە دواکەوتوانە و دژەمرۆییەوە بۆ خەڵکی ئەفغانستان، لوبنان، فەلەستین، سووریە، یەمەن و عیراق بێجگە لە شەڕ و کوشتار و بۆمب و ساروخ و پێکوەرکردنی سوننە و شیعە و پەروەردەکردنی دەستە و تاقمی تیرۆریست و سەرکوتکەر بۆ کپکردنی هەر دەنگێکی ئازادیخواز، چ دیارییە دیکەی هەیە تا لە سەر باڵی فریشتە و مەلایکەتێک بە ناوی حاجی قاسم بۆیان بنێرێ؟!