کۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى به‌رێز ماموستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده. ئاماده‌کردن: هێژا مه‌نگوڕ
کۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى به‌رێز ماموستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده
ئاماده‌کردن: هێژا مه‌نگوڕ
ئه‌و ده‌قه به‌شێک له پرسیار و و‌ڵامى کۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌که‌ى به‌رێز: ماموستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده یه که رۆژى 13ى دیسامبرى 2006ى زایینى له هوتێل هه‌ورامان له شارى هه‌ولێر به‌سترا سه‌باره‌ت به له‌ت بوونى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران .
پرسیار: سه‌باره‌ت به ناوى لاده‌ر که له هێندێک شوێندا (حیزبى دێموکراتى کوردستان_ئێران) به‌م ناوه، ناو ده‌به‌ن؟
و: ئه‌و ناوانه که‌س هه‌قى نیه به‌کارى بێنێ و دیسان ئه‌و ناوانه سواون و کۆن بوون، ئه‌و وشه نزیک بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ کۆمه‌ڵێک له براده‌رانى حیزبى که دواى کونگره‌ى 8 ریزى خۆیان جیا کرده‌وه به کار هاتوه، ئێستاش هه‌وڵ ده‌درێ ئه‌وه بڵێن که ئه‌وه ئه‌وانن دووباره جیا بوونه‌ته‌وه، یان ده‌ڵێن جیابوونه‌وه له مێژه کراوه و ئێستا راده‌گێنرێ. ئه‌وان له چى لایان دابوو، ئایا چووبوونه له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامى؟ ئه‌وانه به‌شێک له سادقترین تێکۆشه‌رانى حیزبى دێموکرات بوون ئه‌وکاتیش، ئه‌وه مه‌نتقێکى باش نیه که بڵێن، هه‌رچى له گه‌ڵ ئێمه نه‌بوو دوژمنى ئێمه‌یه. ئه‌و که‌سه دوژمنى ئێمه‌یه که له‌گه‌ڵ دوژمنى ئێمه‌یه؟ نه‌ک هه‌ر که‌س له گه‌ڵمان نه‌بوو دوژمنمان بێ! هه‌رچى دوژمنمان نه‌بوو دۆستى ئێمه‌یه. ئێمه په‌یره‌وى له‌و مه‌نتقه ده‌که‌ین. ئێستا ئێمه له سه‌نگه‌رى پێشه‌وه‌ى خه‌بات داین، ئه‌وه‌ى که حیزبى دێموکرات په‌یره‌وى لێده‌کات ئه‌گه‌ر رۆژێک دانیشین به داوه‌رى به ئینساف و بێ لایه‌ن، ده‌سه‌لمێ که پێش رێبه‌رانى شه‌هیدمان، هه‌مووى ئه‌و پرنسیپه دێموکراتیانه‌ى ناوحیزبى دێموکرات هى ئه‌و به‌شه‌ى حیزبه که ئه‌و ناوه‌یان به‌سه‌ر دا دابڕاندن.
پرسیار: کێ له کۆیه ده‌مێنێته‌وه؟
و: هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وتومانه نه ئێمه ئه‌وانمان پێ له کۆیه ده‌ر ده‌رکرێ نه ئه‌وان ئێمه‌یان پێ له کۆیه ده‌رده‌کرێ. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان که حاکمه ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ هه‌ردووکمان له‌وێ ده‌ر ده‌کات. به‌ڵام هه‌ر که‌س بێ بۆى ده‌ر ده‌که‌وێ که بزانێ چه‌نده‌ى له لاى ئێمه‌یه‌و چه‌نده له لاى ئه‌وانه! به‌ڵام ده‌بێ جارێ ته‌فکیکێک بکرێ له به‌ینمان تا ئه‌و که‌ف وکوڵه داده‌مرکێ، با ئه‌گه‌رى لانى که‌م کێشه‌ى به قسه‌ش پێک نه‌یه‌ت له‌به‌ینى ئه‌ندامانى ئێمه و ئه‌وان، یان ده‌رگیرى به‌شێوه‌ى چه‌کدارى! ئه‌وه ئازایه‌تى نیه کوردێک فیشه‌ک به رۆڵه‌ى کورد وه بنێ، من ده‌ڵێم نه‌فره‌ت له فیشه‌کێک ده‌که‌م که له ده‌ست کوردێک ده‌ربچێ به‌ره‌و کوردێکى تر!
پرسیار: له سه‌ر ناوى حیزبى دێموکڕات؟
و: ئێمه هیچ ته‌زادێکمان له‌وه‌دا نیه که ئێمه و ئه‌وان هه‌ر دووکمان حیزبى دێموکرات بین. ئه‌و ناوه سه‌بت کراوى سه‌ر هیچ لایه‌کمان نیه، هه‌ردووکمان میراتگرى شانازییه‌کانى حیزبى دێموکراتین، هه‌قى هه‌ر دوو لایه‌نه له‌و ناوه که‌ڵک وه‌ربگرن.
پرسیار: سه‌باره‌ت به ئینتێرناسیۆنال کام حیزبه وه‌ک ئه‌ندامى ده‌بن؟
و: ئیمه ئه‌و سازمانه وه‌ک بنه‌ماڵه‌ى سه‌ره‌کى حیزبى خۆمان سه‌یر ده‌که‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین پله‌ى ئه‌ندامه‌تیى مان به‌رینه سه‌رێ، به‌ڵام پێویستى به‌وه هه‌یه که له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌و سازمانه قسه بکه‌ین تا بزانین کامه‌مان وه‌ک ئه‌ندام وه‌رده‌گرێ یان هه‌ردووکمان وه‌رده‌گرێ! به‌و حاڵه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌کى یه‌کجار زۆر گرینگ نیه، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ى پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ حیزبه کوردستانییه‌کان زۆر گرینگه. ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌موو حیزبه کوردییه‌کان ئه‌وانه‌ى ناسراون به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى ڕه‌سه‌نن! ئه‌وانه‌ى تازه‌ش پێک هاتوون با بزانین کێن و هه‌ڵوێست و به‌رنامه‌یان چیه تا دواى، له نێو ئه‌وانه‌شدا له کوردستانى ئێران، کۆمه‌ڵه خاوه‌نى ڕابردووى سیاسى و خه‌باتى سیاسییه‌و له ریزى پێشه‌وه‌یه، هه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ر به ئێمه هه‌ڵوێستێکى برایانه‌یه و ئێمه‌ش هه‌روه‌ها.
پرسیار: ئایا ئه‌گه‌ر جه‌نابت سکرتێر نه‌بى، له گه‌ڵ حیزبى دێموکراتى کوردستان کار ده‌که‌ى یان نا؟ ئایا ئه‌و له‌تبوونه نه‌بۆته نائومێدى له به‌ینى ئه‌ندامان بۆ نمونه: کاک بابا عه‌لى ؟ سه‌باره‌ت به‌و جیا کردنه‌وه‌ى ناوى ئێران له ناوى حیزب؟
و: من ئێستا سکرتێرى ئه‌و حیزبه نیم و وه‌ک سه‌ربازێک له حیزب‌دا کار ده‌که‌م! ئه‌گه‌ر هاورێیانم وه‌ک ئه‌ندامێکى کارا قه‌بووڵم بکه‌ن من شانازى پێوه ده‌که‌م. کاک بابا عه‌لى نا‌ئومێد نیه به‌ڵام ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕینى جه‌نابیان زۆر به‌جێیه، چون ئه‌و جگه له‌وه‌ى که تێکۆشه‌رێکى 27 ساڵه‌یه‌و گیان به‌خت ده‌کا بۆ خه‌بات، هه‌وڵێکى یه‌کجار شه‌ریفى دا بۆ چاره سه‌رى ئه‌و کێشانه. یه‌کێک له چالاکترین دڵسۆزان بوو که له‌و بواره‌دا هه‌وڵى دڵسۆزانه‌ى دا به‌ڵام به داخه‌وه هه‌وڵه‌کانى به ئاکام نه‌گه‌یشت و زۆریشیان بێ حورمه‌تى پێ کرد. هیوادارم ئه‌وه دواین هه‌ڵوێستى جه‌نابیان نه‌بێ و ئه‌و توڕه‌ییه جێگه‌ى خۆى بدات به گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو ریزه‌کانى حیزبى دێموکرات و ئێمه‌ش به شانازییه‌وه حازرین له ریزى پێشه‌وه‌ى رێبه‌رایه‌تى له خزمه‌تى دا بین . خه‌ڵکانى تریش ره‌نگه تووشى دڵساردى ببووبن ئه‌وه به کار کردنى جیددى ئێمه ئه‌و نائومێدیه ته‌واو ده‌بێ. ئه‌و خه‌ته مابه‌ینه چه‌ند واتاى هه‌یه، یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه که ئێمه گه‌ڕاوینه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌سلمان! حیزبى دێموکرات تا ساڵى 1980ى زایینى ئه‌و ناوه‌ى هه‌بووه، ئه‌و حیزبه‌ى به ده‌ستى به تواناى پێشه‌وا قازى محه‌ممه‌د دامه‌زرا ناوى حیزبى دێموکراتى کوردستان بوو. شتێکى‌تر که تێیدایه کاتى ئه‌وه هاتووه ئێمه کوردستان وه‌ک خۆى بناسین، هه‌ڵوێستى ده‌وڵه‌تان به‌رامبه‌ر به کورد به‌وه ناگۆڕى ناوى حیزب چیه! ئه‌وان ئێمه به‌جیا خواز ده‌ناسن و تا ئێستاش ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵیان کردووین هه‌ر له گه‌ڵمان ده‌که‌ن، که‌واته هه‌ڵوێستیان نه‌گۆڕاوه، ئێستا کاتى ئه‌وه‌یه خۆمان وه‌ک نه‌ته‌وه وه‌ک وڵات پێناسه بکه‌ین، که‌واته ئه‌وه ئامانجمانه که پڕ ره‌نگتر بێ، مه‌به‌ستى دیکه ئه‌وه‌یه که ئه‌و ناوه وه‌رگێریه سه‌ر هه‌ر زمانێک هه‌ر یه‌ک واتاى هه‌یه‌و فه‌رقى نیه.
پرسیار: ئه‌و جیا بوونه‌وه له چیه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، ئایا ده‌سته‌ڵاتى سیاسى ئاگادارى ئه‌و بارودۆخه بووه؟
و: من ئه‌وه به به‌رپرسیایه‌تییه‌وه راده‌گه‌یه‌نم له هیچ هێزێکى سیاسى یان که‌سێکى غه‌یرى له هه‌وڵ بۆ به‌یه‌که‌وه سازان هیچى تر نه‌بینراوه و ئه‌وه‌ى تر هه‌مووى بوختانه، به‌ڵام دیاره بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و گرفته ده‌سته‌ڵاتمان ئاگادار کردۆته‌وه چون ئه‌و براده‌رانه‌ى ئێمه ته‌نیا خۆیان به ده‌سته‌ڵاتدار ده‌زانن و واده‌زانن له خۆیان زیاتر که‌س فه‌رى به سه‌ر حیزبه‌وه نیه! که هه‌ر ئه‌و بیر و بۆچوونه حیزبه‌که‌مانى دووچارى ئه‌و حیزبه کرد. ئێمه پێمان وابووه و پێمان وایه و پێمان واده‌بێ حیزبى دێموکرات یان هه‌ر حیزبى دێموکراتێکى دیکه ده‌بێ حیزبى هه‌موومان بێ به مافى وه‌ک یه‌که‌وه، به ئه‌رکى وه‌ک یه‌که‌وه به بیر و باوه‌ڕى جیاوازه‌وه. ئێمه له‌سه‌ره‌تاوه دژى له‌ت بوون بووین و حیزبمان وه‌ک یه‌ک تماشا ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ى که پێک هاتبوو حیزبى دێموکراتى فه‌له‌ج کرد بوو، ئێستا ئه‌و له‌ت بوونه که به کرده‌وه دوو ساڵ و نیو بۆ هه‌بوو، دابه‌شى خۆیى و بێگانه، مه‌حره‌م و نا مه‌حره‌م، هێندێک خائین و هێندێک خزمه‌تگوزار، به هه‌موو جۆرێک دابه‌ش کرابوو، ئه‌گه‌ر به وردى لێى وورد بینه‌وه به جوانى ئه‌و دابه‌ش بوونه دیار ده‌که‌وێ. ئێمه به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتین به‌و شێوه‌یه حیزب بچێته پێشێ، حیزب هه‌مووى ده‌مرێ، به‌ڵام وامان به باش زانى ئه‌گه‌ر به جوودا کاره‌کانمان بکه‌ین ئه‌و به‌شه لانى که‌م با نه‌مرێ، ئاره‌زومان ئه‌وه‌یه به‌شه‌که‌ى تریش نه‌مرێ، هیوادارم ئه‌وانیش بێنه سه‌ر ئه‌و بیره نه‌ته‌وه‌یى ونیشتیمانییه‌ى که بتوانین به یه‌که‌وه کار بکه‌ین!! ئه‌گه‌ر وه‌ک حیزب نه‌مان توانى با له‌نێو به‌ره‌یه‌ک دا بتوانین، ته‌نانه‌ت له ئه‌وه‌لاتریش ده‌ڕۆم ئاره‌زوم ئه‌وه‌یه هه‌لێک بڕه‌خسێ عه‌قلییه‌ت و مه‌نتقێک حاکم بێ که بتوانین جارێکى‌تر به‌یه‌که‌وه بین که بتوانین له‌گه‌ڵ لایه‌نى‌تریش به یه‌که‌وه بین. ئێمه یه‌کیه‌تى خوازین به‌ڵام یه‌ک ده‌ست خواز نین.
پرسیار: فه‌رقى ئه‌و جیا بوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ جیا بوونه‌وه‌کانى پێشووى حیزب چیه؟
و: ئه‌مجاره‌یان جیابوونه‌وه نیه له‌ت بوونى حیزبه، رێبه‌رایه‌تى شۆرشگێر ئه‌وکات که وه‌ک باڵێکى حیزب جیابوونه‌وه یه‌ک که‌سیان له ئه‌ندامى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى له‌گه‌ڵ نه‌بوو به‌ڵام ئێستا له ئاستى ده‌فته‌رى سیاسى و کۆمیته‌ى ناوه‌ندى و جێگر و راوێژکارى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى له‌گه‌ڵ دایه به رێژه‌یه‌کى به‌ر چاو. دیسان ئه‌و کات بلیمه‌تێکى وه‌ک شه‌هید دوکتور قاسملوو له کار دابوو، که‌سانێک له حیزب دابوون ئه‌وکات که به کێشى حیزبى دێموکرات ده‌ناسران، به‌ڵام ئێستا وه‌رن سه‌یر بکه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ى ناشاره‌زان ره‌نگه قه‌زاوه‌تى خراپ بکه‌ن (هیوادارم ئه‌و براده‌رانه خۆیان له جێگاى د. قاسملوو دانه‌نێن،چوون هیچمان نابینه د. قاسملوو) به‌ڵام ئه‌وه‌ى شاره‌زا بێ ده‌زانێ که که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کان له کام لان. ئه‌وانه‌ى ئه‌و کات وه‌ک رێبه‌رایه‌تیى شۆرشگێر ناسران ئێستا له سه‌دا پێنجى له‌گه‌ڵ ئێمه‌ن ئه‌وانى تر ئه‌وکه‌سانه‌ن ئه‌وکات له گه‌ڵ د. قاسملووى شه‌هید مانه‌وه (ئه‌و پێنج له سه‌ده له هه‌ره ئه‌ندامه به‌وه‌ج و نوخبه‌کانى حیزبى دێموکراتن) ئه‌وان بۆیه پێیان ده‌کوتن لاده‌ر چون له کۆنگره‌ى 8 لایان دابوو خۆ له خه‌تى حیزب لایان نه‌دابوو! به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا به‌وان بڵێ لاده‌ر بۆ خۆى چوار جار لاده‌ره، چون: له کۆنگره‌ى 10و11و12و13 ئه‌وه‌مان قه‌بوڵ کردووه که یه‌ک حیزب بین و هه‌موومان ئه‌ندامى حیزبین و هیچ جیاوازییه‌کمان نیه. بۆ ئه‌وه‌ى بزانین که ئه‌و وشه‌یه به‌کار هێنانى چه‌ند نادروسته با پێتان بڵێم ئێمه که ساڵى 96ى زایینى که رێککه‌وتن نامه‌مان ئێمزا کرد له به‌ندى 18دا هاتووه له رێکه‌وتى 20-3-1988 به‌و لاوه هه‌ر به‌یاننامه‌یه‌ک و بریارێک که له لایه‌ن هه‌ر لایه‌که‌وه ده‌رچووه، به پێچه‌وانه‌ى ناوه‌رۆکى ئه‌و رێککه‌وتن نامه‌یه بێ ئه‌وه به‌تاڵه. که‌وابێ هه‌ر ئه‌وکات بریارى مه‌حکوم کردنى به‌کار هێنانى ئه‌و وشه‌یه‌مان داوه و به‌تاڵه. له پاشان له سه‌ر ئه‌وه‌ى که به‌رنامه‌مان هه‌یه بۆ چوونه نێو روناکبیران، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌که‌ین چ بکه‌ین. کارى نوێ به فکرى نوێ ده‌کرێ . پێم وانیه هه‌رچى لاو بوو نوێیه و هه‌رچى پیر بوو کۆنه، به‌ڵام ئه‌وه پێویستى به هێزێکى نوێ هه‌یه، ده‌مان هه‌وێ بچینه نێو روناکبیران و روناکبیران دێنینه نێو حیزب… له کاتى له‌ت بوونى حیزب تا ئێستا له سه‌دى 50ى کاتى خۆم بۆ وڵام دانه‌وه بۆ روناکبیرانى نێوخۆى کوردستانى ئێران ته‌رخان کردوه که پشتیوانى خۆیان له ئێمه ده‌ربریوه، به ته‌له‌فون و شێوه‌گه‌لى جۆراوجۆر! که هه‌موویان ته‌ئیدى ئه‌و هێڵه گشتیانه ده‌که‌ن که ئێمه بڵاومان کردۆته‌وه.
پرسیار: ئایا هیچ مکانیزمێکتان دۆزیوه‌ته‌وه بۆ نه‌بوونى گرژى و ئاڵۆزى له نێوان ئه‌ندامى دوو حیزب دا؟ ئایا ئێوه کۆنگره ده‌گرن؟ ئایا ئه‌وه شه‌ڕى ده‌سته‌ڵات نه‌بوو؟
و: ئه‌گه‌ر شۆفێرى ئۆتۆمبیلێک زۆر شاره‌زا بێ و ئۆتۆمبیله‌که‌شى زۆر رێک و پێک بێ، به‌ڵام ئۆتۆمبێلى به‌رامبه‌رى ناشى بێ، ئه‌گه‌رى پێکدادان و لێکدان هه‌یه! مکانیزمى ئێمه بۆ ئه‌و کاره سه‌بر، لێبووردن و له خۆبوردوییه، هه‌ر وه‌کو له‌و رۆژانه‌ى دوایى دا هه‌ر کارێکمان کردووه بۆ ئارام راگرتنى بارودۆخه‌که، هیوادارم براده‌رانى ئێمه له‌و لاش ئاوا فکر بکه‌نه‌وه و کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان و هێزه نیشتیمانییه‌کانیش، ئاگادارى بارودۆخه‌که بن و ئه‌گه‌ر شتێک روو بدات تاوانبار به گه‌لى کورد بناسێنن. بۆ مه‌سه‌له‌ى کۆنگره ئه‌وه روونه که کۆنگره ده‌گرین بۆ گۆرینى به‌نامه‌و بریارى نوێ که ته‌نیا له سه‌لاحیه‌تى کۆنگره دایه. ئه‌وه ئاشکرایه که به‌رنامه‌و په‌یره‌و پێویستى به گۆرینه‌و ده‌بێ له کۆنگره دا ئاڵوگۆرى به‌سه‌ر دابێ. که‌واته کۆنگره‌مان له پێش دایه‌و شه‌رعیه‌تیشمان هه‌یه،چون رێبه‌رایه‌تى دوو به‌ش بووه جا لایه‌ک له لایه‌ک زۆرتر یان که‌متر، ئه‌وه هیچ له مه‌سه‌له‌که ناگۆرێ. شه‌رى ده‌سته‌ڵات گوناح نیه، هه‌ر حیزبێک به‌و هیوایه داده‌مه‌زرێ که ده‌سته‌ڵات بگرێته ده‌ست و به‌و شێوه‌ى خۆى به باش ده‌زانێ خزمه‌تى گه‌له‌که‌ى بکات و وڵات به‌رێوه ببات، نه‌ته‌نیا گوناح نیه به‌ڵکو پیرۆزیشه، پێشان ئه‌گه‌ر شه‌ر له سه‌ر ده‌سته‌ڵات گوناح بێ پێوانکردنى ده‌سته‌ڵاتیش چوار جار گوناحه! ئه‌و براده‌رانه‌ى ئێمه ده‌سته‌ڵاتیان له ده‌ستى خۆیاندا پێوانکرد بوو، ئه‌وان له‌دێموکراسى ئه‌و لێکدانه‌وه‌یان هه‌یه که که‌مینه ده‌بێ په‌یره‌وى له زۆرینه بکات! له حاڵێکدا هه‌مووتان ده‌زانین ئه‌وه لێکدانه‌وه‌ى دێموکراسى نیه، ئێمه ته‌نیا دیکتاتۆرى دێموکراسى مان نیه! ئێمه دیکتاتۆرى فه‌ردیمان هه‌یه، دیکتاتۆرى که‌مینه‌مان هه‌یه، دیکتاتۆرى زۆرینه‌مان هه‌یه. یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانى دێموکراسى له‌به‌ر چاوگرتنى مافى که‌مینه‌یه، که له فه‌رهه‌نگى ئه‌و براده‌رانه‌دا جێگاى نیه. به‌شێکى زۆرى ئه‌و براده‌رانه‌ى که له‌گه‌ڵ ئێمه‌ن له ئاستى هه‌ره به‌رزى رێبه‌رایه‌تى دابوون وه‌ک (ده‌فته‌رى سیاسى وکۆمیته‌ى ناوه‌ندى و جێگر و راوێژکارى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى) له‌وه زیاتر چیان ده‌وێ، به‌شێکیشیان که‌سانێک وه‌ک منن، من سه‌ددى پۆڵایینم له به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵات دا دروست کردووه له‌نێو حیزبى دێموکرات دا! به هه‌وڵى زۆر به‌ندێکم له‌به‌رنامه‌دا گونجاند که بۆ جارى سێهه‌م ئیزن به من نه‌دات ببمه‌وه سکرتێرى حیزب، که‌سێک ئاشقى ده‌سته‌ڵات بێ هێنده بێ ئاقڵ ده‌بێ کارى وا بکات؟ نه‌خێر راست بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بمه‌وه سکرتێر ئه‌و به‌نده‌م به ته‌سویب گه‌یاند! ئێستاش له ئه‌ساسنامه‌دا هه‌یه‌که هێچ که‌سێک له دوو ده‌وره به دواى یه‌ک دا زیاتر ناتوانێ ببێ به‌سکرتێرى حیزب، ئه‌ویش به ئیسرارى من کرا، که له کۆنگره‌ى 12دا ده‌یانویست لاى به‌رن، من وتم لاى به‌رن یان لاى نابه‌رن که‌یفى خۆتانه! به‌ڵام ئه‌وه‌تان پێ بڵێم ته‌مه‌نى من له‌نێو حیزب دا به ئه‌ندازه‌ى ته‌مه‌نى ئه‌و به‌نده‌یه! ئه‌ورۆ لاى به‌رن ئه‌ورۆ من واز له‌حیزبایه‌تى دێنم! که‌واته ئه‌وه به هێچ جۆرێک شه‌ڕى ده‌سته‌ڵات نیه.
پرسیار: بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ى ئیستاى ئێران چ به‌رنامه‌یه‌کتان هه‌یه؟
و: من 5 ساڵ پێش ئێستا به‌نووسین نوسیومه که هه‌لومه‌رجێک ره‌خساوه که ده‌توانین که‌ڵکى لێوه‌رگرین، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین که‌ڵکى لێوه‌رگرین ته‌نیا یه‌ک رێگا هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه به‌هێز بین، بۆ ئه‌وه‌ى به هێز بین ته‌نیا رێگامان ئه‌وه‌یه که له‌چوار پله‌دا ئێمه خۆمان پته‌و بکه‌ین.
- یه‌که‌م: ریزه‌کانى حیزب پته‌و بکه‌ین.
- دووهه‌م: ریزى هێزه کوردستانیه‌کان پته‌وبکه‌ین.
- سێهه‌م: ریزى خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه ئیرانییانه پته‌و بکه‌ین که‌میللین وه‌ک: (رێکخراوه‌کانى تورکمان، عه‌ره‌ب، به‌لوچء ئازه‌رى).
- چواره‌م: له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه ئێرانییه‌کانى که باوه‌ریان به مافى ئازادى و دێموکراسى و به‌رابه‌رى هه‌یه له ئێران دا.
ئه‌وه هه‌موویان ده‌یانتوانى هانده‌رێک بن بۆ یه‌کریزى ئێمه به‌ڵام وه‌ک ده‌ڵێن “ده‌ستێک به‌ته‌نیا ده‌نگى نایه” ئه‌وه شتێکه که له‌مێژه وتومانه.
پرسیار: ئایا ئه‌و له‌ت بوونه فکرى وسیاسیه یان ته‌نیا ده‌سته‌ڵاته؟ جه‌نابتان ده‌ڵێن نابێ تا قیامه‌ت له سه‌ر سفره‌ى قازى و قاسملوو نان بخۆین بۆمان رونتر بکه‌وه؟
و: له راستى دا زۆر جار ده‌ڵێن شه‌رى ده‌سته‌ڵاته‌و سیاسیى نیه نا وانیه، شتى سیاسى تێدایه. ئوسوله‌ن شه‌رى ئه‌وه‌یه که ئێمه به شێوه‌ى دێموکراتیک به‌یه‌که‌وه هه‌ڵس‌وکه‌وت بکه‌ین یان یه‌کێکمان ببینه به قه‌ولى عه‌ره‌ب ده‌ڵێن: “مالکى عیقابى” ئه‌وه‌ى تره، به واتاى ئه‌وه‌ى ساحیبى روح وگه‌ردن! ئه‌وه ته‌واو بۆچوونى سیاسییه، ئه‌وکات که ئێمه له گه‌ڵ رێبه‌رایه‌تى شۆرشگێر کێشه‌که‌مان سیاسى بوو، دواى ئێمه‌پێمان وابوو ریزه‌کانمان یه‌ک بخه‌ینه‌وه کارێکى باشه، به‌ڵام ئه‌وان پێیان وابوو ئه‌و ته‌فره‌قه‌یه نیعمه‌تى خوایه و نابێ له‌ده‌ستى بده‌ین. له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى ناوى قازى و قاسملوو، ئه‌وه دوو واتاى هه‌یه یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه که: سروشتییه که ئه‌و بیره‌ى قازى هه‌یبوو و هێنایه کایه‌وه بۆ سه‌رده‌مى خۆى پێشکه‌وتووترین بیرى سه‌رده‌م بوو، به‌ڵام کۆن ده‌بێ! ئه‌گه‌ر پێشه‌وا قازى تا ئێستا مابایه سه‌د جارى گۆریبوو! که‌وابێ نابێ هه‌ر وه‌دواى ئه‌وه بکه‌وین که ئه‌و بیره‌ى ئه‌وان ئه‌گه‌ر به که‌ڵکى ئێستاش بێ نابێ ده‌وڵه‌مه‌ند بکرێ؟ نابێ شتى نوێى پێوه زیاد بکرێ و بیخرێته سه‌ر؟ ئه‌گه‌ر ئێمه نیمانه ده‌با ئه‌و لاوانه بیخه‌نه سه‌ر که منداڵى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن. عه‌رب ده‌ڵێ: “لکل زمان دولت و رجال” واته: هه‌ر سه‌ردمێک ده‌وڵه‌ت پیاوى خۆى هه‌یه، با بیده‌ینه ده‌ست ئه‌وانه با ئه‌وانه بێنین. دووهه‌م ئه‌وه‌یه که: زۆر جار به کار هاتووه له پشت سه‌نگه‌رى د. قاسملوووه ته‌قه له خه‌ڵک بکرێ! بۆ نمونه: نوسیویانه عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده کوێر که‌ره‌وه‌ى رێبازى قاسملوو! من به شاهیدى هه‌موویان ووتم کامتان به ئه‌ندازه‌ى من له‌گه‌ڵى ژیاوه؟ کامتان به ئه‌ندازه‌ى من لێى نزیک بووه؟ کامتان به ئه‌ندازه‌ى من لێى تێگه‌یشتوه؟ کامتان به ئه‌ندازه‌ى من له‌سه‌رى نووسیوه؟ کامتان به ئه‌ندازه‌ى من له‌سه‌رى باس کردوه؟ ئه‌و کات کاک مسته‌فا هیجرى هه‌ستا دواى قسه‌کانم وتى: سوپاس بۆ مامۆستا‌و قسه‌کانى، له که‌سێکى وه‌ک ماموستا هه‌ر ئه‌وه چاوه‌روان ده‌کرا که تائیدى کرد! ئه‌وه قسه‌ى خه‌ڵکى بۆ کراوه!
پرسیار: ئایا لایه‌نه‌که‌ى تر پێشنیارى ئه‌وه‌ى کردوه که کۆنگره‌ى نائاسایى ببه‌سترێ بۆ هه‌ڵبژاردنى رێبه‌رایه‌تى نوێ که ئێوه قه‌بووڵتان نه‌بووه ؟
و: ئه‌و شته له‌م لاو له‌ولا کوتراوه، به‌ڵام به ره‌سمى قه‌ت پێشنیارى به‌ستنى کۆنگره‌ى نائاسایى نه‌کراوه. ئه‌گه‌ر پێشنیاریان کردبایه ئێمه‌دژى نه‌ده‌بووین. ئێستا ئاخرین پاراگرافى راپۆرتى کۆمیته‌ى ناوه‌ه‌ندیتان وه‌ک خۆى بۆ ده‌خێنمه‌وه: (کۆنگره‌ى 13) “هاورێیانى خۆشه‌ویست زامنى سه‌رکه‌وتن له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ى که باس کراون و له هه‌ر بوارێکى تر‌ى کارى حیزبیماندا به‌ستراوه‌ته‌وه به پاراستن و پته‌و کردنى ریزى ته‌شکیلاتیمان ئه‌گه‌ر له خۆمان نه‌گۆرین هه‌موو کادر و پرسێنێلى حیزبمان بۆ به‌رێوه‌بردنى ئه‌رکه‌کانى سه‌ر شانمان و لابردنى کۆسپه‌کانى سه‌ر رێگامان به راستى که‌م و ناته‌واوه، هه‌تا ده‌گا به‌وه‌ى که ئه‌م حیزبه نه‌توانێ له هه‌موو تواناکانى خۆى که‌ڵک وه‌رگرێت و به‌شێکیان تووشى دووره‌په‌رێزى بکات یان له‌وه‌ش خراپتر بیانخاته په‌راوێزه‌وه. حیزبى دێمۆکرات له ده‌ستى هێندێک ململانێى بێ جێ و ناره‌وا زۆرى زیان دیوه با په‌یمان بده‌ین ئه‌و نه‌خۆشییه خاشه‌بڕ بکه‌ین وه‌ره‌ن له گه‌ێ خوێنى شه‌هیدان و گه‌ل و نیشتمان په‌یمانى ژنان و پیاوانى به‌رپرس و به به‌ڵێن نوێ که‌ینه‌وه که نه‌ک هه‌موومان هه‌ر که‌س له به‌رخۆیه‌وه هه‌ستى دووبه‌ره‌کى له به‌ینى خۆماندا بکوژین، به‌ڵکوو له هه‌ر که‌سیشمان دى یه‌کپارچه به‌گژى دابچینه‌وه.”
ئه‌و پاراگرافه به زۆرینه‌ى ده‌نگه‌کان که ئه‌وان هێنابوویانه کۆنگره ره‌تکرایه‌وه یانى له کۆنگره‌دا هاوکارى و پێکه‌وه کارکردنیان ره‌تکرده‌وه، ئه‌وه ده‌رده‌خات که نییه‌تیان چ بووه.
پرسیار: سه‌باره‌ت به ناوى حیزبى دێمۆکراتى کوردستان، ئایا ئێوه هه‌وڵ ده‌ده‌ن چالاکییه‌کانتان پارچه‌کانى تر‌ى کوردستان بگرێته‌وه؟ سه‌باره‌ت به‌له‌ت بوونى حیزب کێ تاوانباره؟
و: ئه‌و که‌سانه ده‌بنه ئه‌ندامى حێزبى دێمۆکراتى کوردستان که کوردى ئێران بن یان دانیشتووى کوردستانى ئێران بن، که‌واته به پێى ئه‌و بڕگه‌ی ئه‌ساسنامه ئێمه حه‌قى ئه‌ندام وه‌رگرتنمان له پارچه‌کانى تر‌ى کوردستان نیه. به‌ڵام هاوپشتى و پێکه‌وه بوون له‌گه‌ڵ به‌شه‌کانى تر‌ى کوردستان باس کراوه له‌گه‌ڵ له‌به‌رچاو گرتنى بارودۆخى پارچه‌کانى کوردستان، به‌ڵام ئیمکانى هاوکارى زۆره و ده‌بێ تا راده‌ى مومکین بکرێ. هه‌ر که‌س به‌ئه‌ندازه‌ى خۆى تاوانباره، به‌ڵام من به‌شێکى یه‌کجار بچووکم وه‌به‌ر ده‌که‌وێ هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا راده‌گه‌یه‌نم له قوڵایى دڵه‌وه بۆ ئه‌و به‌شه خه‌تایه‌ى که وه‌به‌ر من ده‌که‌وێ داواى لێبوردن له‌خه‌ڵکى کوردستان ده‌که‌م.