که‌رکوک، پاش راپۆرته‌که‌ی بيکه‌ر- هاملتۆن. نووسینی: وه‌هاب شاه محه‌ممه‌د

وا سێ ساڵ زياتر به‌سه‌ر ئازادکردنی که‌رکوک و ناوچه‌ کوردستانێکی تر تێپه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام تاکو ئێستا دوارۆژی هيچ کام له‌م ناوچانه‌ دياری نيه‌و، له‌وه‌ش ناچێت به‌م زوانه‌ کێشه‌کانی چاره‌سه‌ربکرێت. پاش رووخانی به‌عس هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ کاريان بۆ به‌عه‌ره‌بکردنی ناوچه‌ کوردستانێکان ده‌کرد، به‌تايبه‌تی شاری که‌رکوک. ترس و دڵه‌راوکێکی زۆريان لا په‌يدا بووه. ئه‌م لايه‌نانه‌ گرنگی ستراتيجی و ئابووری ئه‌م شاره‌و ناوچه‌ کوردستانێکانی تريان هه‌ر له‌ زوه‌وه‌ بۆ ده‌رکه‌وتوه‌، خه‌ڵکی ناوه‌راستی عيراق، که‌ زۆرينه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی عه‌ره‌بی سوونه‌ن، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عيراقه‌وه ‌ ده‌سه‌ڵاتی سياسی، ئابووری وه‌ سه‌ربازێکه‌ به‌ده‌ست عه‌ره‌بی سوونه‌ بووه‌، ئه‌مانيش زۆر به‌ چری کاريان بۆ ته‌عريبکردنی ناوچه‌ نه‌وتێکانی کوردستان کردوه‌. هۆی گرنگیدانيان بۆ داگيرکردنی ناوچه‌ نه‌وتی و کشتوکاڵێکانی کوردستان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ هه‌ژاری ناوچه‌که‌ی خۆيان له‌ رووی کانزا سروشتێکانی وه‌ک نه‌وت و کشتوکاڵ.

نه‌وت که‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی داهاتی عيراقه‌، بێ ده‌ستگرتن و کۆنترۆڵکردنی هه‌ميشه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سياسێکه‌ ده‌خاته‌ ژێر مه‌ترسيه‌وه‌، بۆيه‌ به‌ عه‌ره‌بکردنی ئه‌م ناوچانه‌ له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بی سوونه‌وه‌ گرنگێکی يه‌کجار زۆری پێدرا، بۆيه‌ له‌ ماوه‌ێکی زۆر کورت به‌رنامه‌و کار بۆ پرۆسه‌ی پاکتاوی نه‌ژادی له‌ که‌رکوک ناوچه‌ ده‌وڵه‌مه‌نه‌‌کانی‌تری کوردستان کراوه‌. له‌ سه‌ره‌تای حه‌فاتکانه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بی سوونه‌ی به‌غدا ده‌يه‌ها پرۆژه‌ی ئاودیری و کشت‌وکاڵيان له‌ ده‌وروپشتی شاری که‌رکوک و ناوچه‌ به‌ پيته‌کانی تری کوردستان ئه‌نجامداوه‌. زۆربه‌ی عه‌ره‌به‌ هاورده‌کانی ناوچه‌ی که‌رکوک و ده‌ورووپشتی عه‌ره‌بی سوونه‌ی ناوچه هه‌ژاره‌کانی‌ بيابانه‌کانی ناوه‌راست و رۆژئاوای عيراقن. عه‌ره‌بی سوونه‌ی هاورده‌ زه‌وي و زارێکی زۆری کورده‌ ده‌رکراوه‌کانيان پێدراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ رێگای ئه‌و پرۆژه‌ گه‌ورانه‌ی ئاودێری و کشتوکاڵيه‌ی رژێمی به‌عس له‌م ناوچانه‌ هێزێکی ئابووری وا په‌يدا بکه‌ن که‌ له‌ماوه‌ێکی کوردت زاڵ بن به‌سه‌ر پێکهاته‌ زۆرينه‌که‌ی که‌ کورده‌.

هه‌رچی خودی ناو شاره‌که‌ هه‌يه‌ به‌ عه‌ره‌بی شيعه‌ی هه‌ژاری خوارووی عيراق پرکرا، بێ ئه‌وه‌ی هيچ ده‌سه‌ڵاتێکی ئيداری يان سياسيان بدرێتێ. مه‌به‌ستی رژێمی به‌عس له‌ هێنانی عه‌ره‌بی شيعه‌ بۆ ناو شاری که‌رکوک و ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کانی تر به‌رپاکردنی رق و قينه‌، پاشان‌ به‌کارهێنانيان دژ به‌ کورد له‌هه‌ر قه‌يران و گۆرانکارێکی سياسی و سه‌ربازی دوارۆژ. زۆربه‌ی عه‌ره‌به‌ هاورده‌که‌ی شيعه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کانی تر خه‌ڵکانێکی که‌م ده‌رامه‌د و بێ ده‌سه‌ڵاتن له‌ رووی ئابوری، سياسی وه‌ ئيداريه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی عه‌ره‌بی سوونه‌ که‌ ده‌ستيان به‌سه‌ر هه‌موو دامووده‌زگا هه‌ستياره‌کانی ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کان گرتبوو. زۆربه‌ی ئه‌و ناوجانه‌ی بۆ عه‌ره‌بی شيعه‌ی هاورده‌ دروستکراوه‌، بێبه‌ش بووه‌ له‌ پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و خه‌ڵکه‌که‌ی له‌ هه‌موو دامووده‌زگا هه‌ستياره‌کان ئه‌م ناوچانه‌ دوورخراونه‌ته‌وه‌.

رووخانی به‌عس ده‌کرێت به‌ گه‌وره‌ترين زيان بۆ عه‌ره‌بی سوونه‌ ناوببرێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای له‌ زۆربه‌يان کردوه‌ که‌ دژ به‌ کورد و هه‌موو ئه‌و رێکه‌وتنامانه به‌وستن که‌ لايه‌نی کوردی مۆری کردوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا بۆ ئاسايکردنه‌وه‌ی ره‌وشی که‌رکوک و ناوچه‌ کوردستانێکانی تر. پاش رووخانی به‌عس زۆربه‌ی عه‌ره‌به‌ هاورده‌ شيعه‌که‌ ئاماده‌يه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌کانی خۆيان، هه‌رچی عه‌ره‌بی هاورده‌ی سوونه‌يه‌ که‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ گرنگه‌کانی ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کانی له‌ژیر‌ ده‌ست بوو به‌هيچ جۆرێک ئاماده‌نيين قوربانی به‌و هه‌موو ده‌سکه‌وتانه‌ بده‌ن که‌ له‌ رێگای پرۆسه‌ی ته‌عريبه‌وه به‌رپايانکردوه‌ بۆيه‌ زۆر به‌ توندی دژ به‌ ئاسايکردنه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه‌ن.

له‌ناو ئه‌م ئاڵۆزی و گێژاوه‌، هه‌ندێ له‌ هێزه‌ سيساێکانی پێکهاته‌ تورکمانێکه‌، به‌تايبه‌ت (به‌ره‌ی تورکمانی) که‌ هه‌ڵوێسته‌ سياسێکانی رنگدانه‌وه‌و گرێدراوی سياسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکيايه، له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌ ‌هاورده‌که‌ی سوونه‌ به‌ره‌ێکی تونديان به‌رامبه‌ر کورد و ئاسايکردنه‌وه‌ی ره‌وشی که‌رکوک پێکهێناوه‌. به‌ره‌ی تورکمانی بێ ئاوردانه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديه‌ گشتێکانی برا تورکمانه‌کان له‌ کوردستان، ده‌ستی خستۆته‌ ده‌ست هێزه‌ شۆڤينێکانی دژ به‌ کورد و هه‌موو هه‌ڵوێسته‌ سياسێکانی هه‌ماهه‌نگ کردوه‌ له‌ گه‌ڵيان. به‌ره‌ی تورکمانی له‌ هه‌موو لايه‌نێک باشتر ده‌زانێت که‌ پرۆسه‌ی ته‌عريب چه‌ند زيانی بۆ برا تورکمانه‌کان هه‌بوه‌، به‌ڵام نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆيه‌ سياسێکه‌ی ناچاری ده‌کات دژ به‌ به‌رژه‌وه‌نديه‌ گشتێکانی گه‌له‌که‌ی راوه‌ستێت و کاره‌کانی له‌ خزمه‌ت هێزه‌ شۆڤينێکانی عيراق و ناوچه‌که‌ بێت.

بێجگه‌ له‌و هه‌موو کێشانه‌ی رژێمی به‌عس درووستيکردوه‌ بۆ ئاسايکردنه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ کوردستانێکانی تر‌، ئه‌مرۆ کێشه‌کان زۆر ئاڵۆزتر بوونه‌و زۆر لايه‌نی تری ناوه‌کی وده‌ره‌کی تێکه‌ڵ به‌م کێشه‌يه‌ کراوه‌. هه‌ندێ له‌و هێزه‌ سياسيه‌ ئيسلاميه‌ شيعانه‌ی که‌ پاش رووخانی به‌عس درووست بوون، وه‌ک( چيش المهدي) و (حزب الفضيله) که‌ هه‌ردوکيان له‌ هه‌ندێ له‌ وڵاتانای ده‌ورووپشته‌وه‌ پشتگيری و هاوکاری ده‌کرێن، هه‌ڵوێستی تونديان به‌رامبه‌ر ئاسايکردنه‌وه‌ی ره‌وشی که‌رکوک و ناوچه‌ کوردستانێکانی تر وه‌رگرتوه‌. ئه‌م لايه‌نانه‌ هه‌ڵوێستيان به‌رامبه‌ر کورد و ئاسايکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کان ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاتانه‌يه‌و هه‌موو سياسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانيان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاتانه‌ رێکده‌خه‌ن. ئه‌م دوو لايه‌نه‌ به‌ره‌ێکی پانيان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ پێکهێناوه‌ که‌ دژی ئاسايکردنه‌وه‌ی ره‌وشی که‌رکوک و ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کانی ترن.

ئه‌مريکا، که‌ تاکو ئێستا هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ئاسايکردنه‌وه‌و کوردستانيه‌تی ئه‌م ناوچانه دياری نه‌کردوه‌‌، ده‌يه‌وێت ئه‌م کیشه‌يه‌ بکاته‌ به‌شێکی مامه‌له‌کردنه‌ سياسێکه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که‌و هێزه‌ سياسێکانی ناو عيراق. کێشه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کانی تر باشتريين کارتی فشاره‌ بۆ سه‌ر هه‌موو لايه‌نه‌کان وه‌ ده‌کرێت سوودێکی زۆری لێوه‌ربگرێت له‌ پاشه‌رۆژ. ئه‌مريکا که‌ له‌ هه‌موو لايه‌نێک زياتر ئاگای له‌ راستێکانه‌و ده‌زانێت شاری که‌رکوک و ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کانی تر سه‌ر به‌چی هه‌رێمێکه‌. ئه‌وه‌ش باش ده‌زانێت که‌ مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک هه‌ميشه‌ ێکێ بووه‌ له‌ هۆيه‌‌ سه‌ره‌کیکانی ناکۆکی نێوان کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشووی به‌غدا، هه‌ر ئه‌م کێشه‌يه‌ش بوه‌ که‌ رێگای له‌ هه‌موو رێکه‌وتنێکی نێوان کورد و به‌غدا گرتوه‌.

هه‌رچی ئێمه‌ی کوردين، تاکو ئێستا به‌گوێره‌ی پێويست نه‌مانتوانيه‌وه‌ ئه‌و سێ ساڵه‌ی پاش رووخانی به‌عس به‌ جوانی بقۆزينه‌وه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ کوردستانێکانی تر، زياتر پابه‌ند بووين به‌ رێکه‌وتنامه‌ جۆراوجۆره‌کان که‌ تاکو ئێستا هيچ کام له‌ خاڵه‌کانی جێبه‌جێ نه‌کراون، که‌ له‌وه‌ش ناچیت به‌م زووانه‌ جیبه‌جێ بکرێت. ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عيراقی که‌ جێ ماده‌ی 58 گرته‌وه‌ بۆ ئاسايکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کان هيچ کام له‌ خاڵه‌کانی جێبه‌جێ نه‌کراون، ئه‌و ئاڵۆزيه‌ سياسی و ئه‌منيه‌ی عيراقی گرتۆته‌وه‌ که‌ خه‌ريکه‌ زۆر لايه‌نی تر تێکه‌ڵ کێشه‌که‌ ده‌کات رێگا نادات به‌م زوانه هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی ده‌ستووری هه‌ميشه‌ی عيراق‌ جێبه‌چی بکرێت. پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی ناو عيراق و پێکهێنانی حکومه‌تێکی هه‌ميشه‌ی له‌م وڵاته‌، کێشه‌ سياسی و ئه‌منێکان به‌جۆرێک ئاڵۆز و ترسناک بوونه‌ که‌ نه‌ک ته‌نها ماده‌ی 140 رووبه‌رووی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و جێبه‌جێ نه‌کردبوه‌، به‌ڵکو عيراق به‌ گشتی به‌ره‌و دوارۆژێکی ناديار ده‌روات و که‌سيش نازانێت کۆتاێکه‌ی چۆن ده‌بێت. حکومه‌تی (مالکي) له‌ هه‌موو لاێکه‌وه‌ گه‌ماروو ده‌ردرێت و پيلانی جۆراوجۆری بۆ داده‌رێژرێت، کێشه‌ ئه‌منێکانيش ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆز بوونه‌ که‌ زۆر که‌س ترسی شه‌رێکی ناوخۆی هه‌يه‌ له‌م وڵاته‌.

ده‌سه‌ڵاتی کوردی پاش هه‌موو ئه‌و رێکه‌وتنامانه‌و ده‌نگدانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستووری هه‌ميشه‌ی عيراق چاوه‌روانی ئه‌وه‌يه‌ که‌ حکومه‌تی به‌غدا به‌ کاره‌کانی هه‌ڵسێت و هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی ماده‌ی 140 جێبه‌جی بکات. دياره‌ بۆ ئاسايکردنه‌وه‌ی ره‌وشی که‌رکوک ئه‌و رێژه‌ پاره‌ی دياریکراوه‌ گرنگه‌، به‌ڵام زۆر خاڵی تر هه‌ن که‌ گرنگيان زۆره‌و تاکو ئێستا هيچيان جێبه‌جی نه‌کراون. تاکو ئه‌مرۆش ده‌سه‌ڵاته‌ ئيدارێکان به‌ده‌ست عه‌ره‌به‌ هاورده‌کانه له‌ که‌رکوک و ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کانی تر‌، هه‌رچی برياره‌کانی دامه‌زران و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارێکانی ئه‌م ناوچانه‌ هه‌يه‌ ده‌بێت له‌ رێگاو به ‌ره‌زامه‌ندی به‌غدا به‌رێوه‌ بچێت. تاکو ئێستاش رێژه‌ی عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان زۆر له‌ کورده‌که‌ زياتره‌ له‌ دام‌وده‌زگاکانی ئيداری که‌رکوک و ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کان، ئه‌مانيش وه‌کو جاران ئاسته‌نگ بۆ ئه‌و کوردانه‌ داده‌نێن له‌ دامه‌زراندن و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداش تا پبانبکرێت کورده‌که‌ له‌و دامووده‌زگانه‌ دوورده‌خاته‌وه‌. بۆ پرۆژر خزمه‌تگوزارێکانی شاری که‌رکوکی وێرانه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا هه‌زارو يه‌ک بيناوو ده‌هێننه‌وه‌و ئاماده‌نيين پاره‌وپوول بۆ هيچ جۆره پرۆژه‌ێکی خه‌رج بکه‌ن.

ره‌وشی ئاسايشی ئه‌م شاره‌و دوروپشتی رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و خراپتر ده‌روات، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ له‌ لێپرسراوانی حيزبه‌ کوردستانێکان ئه‌م راستيانه‌ به‌ پروپاگه‌نده‌ی نوسه‌ره‌ سه‌رلێشاوه‌کان ناوده‌به‌ن. ره‌نگ و بييری حيزبايه‌تی لای هه‌ندێ لێپرسراوانی کوردی ئه‌م شاره‌ ئه‌وه‌نده‌ زاڵه‌ به‌سه‌ر بييڕی نه‌ته‌وه‌ی و به‌رژه‌وه‌نديه‌ گشتێکان که‌ پياو زۆر به‌ ئاسانی بۆی ده‌رده‌که‌وێت. کاتێ دامووده‌زگاکانی ميديا، يان هه‌ندێ له‌ که‌ناڵه‌ ئاسمانيه‌ کوردێکان هه‌واڵه‌کانی ئه‌م شاره‌ پێشکه‌ش ده‌که‌ن، يه‌که‌م هه‌واڵيان باس له‌ سه‌ردانێکی ئه‌و لێپرسراوه‌ حيزبيانه‌ ده‌کات بۆ ماڵێک يان شوێنێک، له‌ کاتێکدا له‌و رۆژه‌ ده‌يه‌ها که‌س بوونه‌ته‌ قوربانی کاره‌ تيروريستێکان. زۆرجار رووداوی دڵته‌زێنی تيروريستی چه‌نده‌ها خه‌ڵکی بێگوناهی سيڤيل يان پێشمه‌رگه‌ی حيزبه‌ کوردستانێکانی شه‌هيد کردوه‌، به‌ڵام ئه‌و که‌ناڵه‌ ئاسمانێه‌ی رۆژانه‌ هه‌واڵه‌کانی ئه‌م شاره‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌‌، يه‌که‌م جار سه‌ردانێکی ئه‌و لێپرسراوه‌ حيزبيه‌ی به‌لاوه‌ گرنگتره‌ له‌و هه‌موو هه‌واڵه‌ دڵته‌زێن و گرنگه‌کان‌. جارێ کورده‌ ئاواره‌ گه‌راوه‌که‌ی ئۆردگاکانی ئه‌م شاره‌ به‌جۆرێک شه‌و ده‌به‌نه‌ سه‌ر، که‌ ئه‌گه‌ر بێتوو له‌ دامووده‌زگا ميدياکانی جيهانی پێشانبدرێت و پروپاگه‌نده‌ی بۆ بکرێت، سه‌ده‌ها خێرخوازی بێگانه‌ی بۆ په‌يداده‌کرێت، له‌ کاتێکدا لێپرسراوی حيزبی وا هه‌ن له‌م شاره‌ که‌ پاره‌وپووليان ئه‌وه‌نده‌ زۆريان له‌م سێ ساڵه‌ په‌يداکردوه‌ که‌ خۆشيان نازانن له‌کوێ بشارنه‌وه‌.

بێجگه‌ له‌ سه‌رکردايه‌تی کوردی و دامووده‌زگا راگه‌ياندنه‌کان، هيچ کام له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی کوردی به‌غدا ده‌نگێکی ناره‌زايان لێوه‌ناێت سه‌باره‌ت به‌ سياسه‌ته‌ گومانلێکراوه‌کانی به‌غدا، ئه‌و سياسه‌تانه‌ی که‌ تاکو ئێستا هه‌رهه‌مووی ئاسته‌نگ درووستکردنه‌ بۆ ئاسايکردنه‌وه‌ی ره‌وشی که‌رکوک و ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کانی تری کوردستان. که‌ی تاکو ئێستا گوێمان له‌ کۆی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی به‌غدای کورد بووه‌ که‌ به‌يه‌ک ده‌نگ به‌گژ سياسه‌ت و پرۆسه‌ به‌رده‌وامه‌که‌ی ته‌عريب بوه‌ستن و داوا له‌ حکومه‌تی کوردی بکه‌ن له‌ هه‌ولێر بۆ ناره‌زايی ده‌ربرين. هه‌موو ئه‌و ناره‌زايی و نکۆڵيه‌ کورديه‌ی هه‌ندێ جار له‌ دامووده‌زگاکانی ميديا ده‌بيسترێت ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ چالاکی چه‌ند له‌ لێپرسراوێکی ناسراوی کورد له‌ به‌غداو ئه‌و ناره‌زايه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. ئه‌گه‌ر ئه‌و ناره‌زايی و نکۆڵيه‌ی ئه‌مان نه‌بوايه‌ ئه‌وا به‌غدا خۆی له‌ هه‌موو رێکه‌وتنامه‌و خاڵه‌کانی ده‌ستووری په‌يوه‌نديدار به‌ کورد ده‌شاره‌ده‌وه‌و خۆی لێ گێلده‌کرد.

پاش راپۆرته‌که‌ی بيکه‌ر هاملتۆن، دوارۆژی که‌رکوک و زۆر له‌و خاڵانه‌ی ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی عيراق، به‌ تايبه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ په‌يوه‌نديان به‌ کورده‌وه‌ هه‌يه‌ نادياره‌و که‌س نازانێت له‌ پاشه‌رۆژ چۆن ته‌واو ده‌بێت. ئه‌م راپۆرته‌ی بيکه‌ر- هاملتۆنه‌، ئه‌گه‌رچی تاکو ئێستا ته‌نها پێشنيارێکه‌، به‌ڵام بۆته‌ بيانوێکی تر لای هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ کار بۆ به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی ته‌عريب ده‌که‌ن. هه‌ندێ له‌ حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌که‌ که‌ رۆژانه‌ پروپاگه‌نده‌ی درۆ و خراپ سه‌باره‌ت به‌ که‌رکوک بڵاوده‌که‌نه‌وه‌. راپۆرته‌که‌ی بيکه‌ر- هاملتۆن ده‌که‌نه‌ بيانوێکی تر بۆ دژايه‌تيکردنی کورد. ئه‌م راپۆرته‌ هێزێکی تری داوه‌ به‌ هه‌موو هێزه‌ شوڤينێکانی ناو عيراق و ده‌وروپشتی که‌ به‌رده‌وام کار بۆ ئاسته‌نگ درووست کردن ده‌که‌ن به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌کانی کورد. ئه‌م راپۆرته‌ ده‌کرێت ببێته سه‌کۆێکی هاوکاری نێوان هه‌موو هێزه‌ سياسێکانی دژ به‌ کوردی ناو عيراق ناوچه‌که‌، بۆيه‌ ده‌بێت کورد گرنگێکی يه‌کجار به‌ کاريگه‌رێکانی بدات له‌ ئێستاوه‌.

کۆنفرانسی ئه‌م دوايه‌ی ئسته‌نبوڵ بۆ هێزه‌ سياسێکانی سوونه‌ی عه‌ره‌ب به‌ بيانووی به‌رگریکردن لێان، هه‌وڵێکی تری هه‌ندێ وڵاتانی ناوچه‌که‌يه‌ بۆ رێگرتن و ئاسته‌نگ درووستکردن له‌ پرۆسه‌ سياسێکه‌ی عيراق به‌گشتی و هه‌وڵه‌کانی کورد به‌ تايبه‌تی بۆ ئاسايکردنه‌وه‌ی ره‌وشی ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کانی وه‌ک که‌رکوک. ئه‌م کۆنفرانسه‌ بێجگه‌ له‌هێزه‌ سوونێکانی عه‌ره‌بی، چه‌نده‌ها نوێنه‌ری سوونه‌ی وڵاتانی وه‌ک عه‌ره‌بستانی سعودی، مسر، ئوردن وه‌هه‌ندێ وڵاتی تر به‌شداريان تياکرد و راشکاوانه‌ دژايه‌تی پرۆسه‌ سياسێکه‌ی عيراقيان کرد. هه‌ره‌شه‌کانی ئه‌م دوايه‌ی لێپرسراوانی تورکيا بۆ هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازێکانيان بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان، لايه‌نێکی تری ئه‌و هه‌ڵانه‌یه‌ بۆ ئاسته‌نگ درووستکردن بۆ کورد و گه‌رانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.

له‌م هه‌موو رووداو گۆرانکاريانه‌ی ناوچه‌که‌، وه‌ پاش راسپارده‌کانی ناو راپۆرته‌که‌ی بيکه‌ر- هاملتۆن، ده‌بێته‌ حکومه‌تی کوردستان زۆر چالاکانه‌ کار بۆ گه‌رانه‌وه‌ی ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کان بکات و پاره‌وپوولێک زۆر بۆ ئه‌م ستراتيجيه‌ته‌ ته‌رخان بکات. حکومه‌تی کوردستان پاش ئه‌م راپۆرته‌ ده‌بێت زۆر به‌چری کار بۆ ئاسايکردنه‌وه‌ی ره‌وشی که‌رکوک و ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کان بکات، هه‌ڵه‌ش نيه‌ ئه‌گه‌ر بێتوو زۆر له‌ کورده‌کانی ناچه‌ کوردستانێکانی تر هان بدات بۆ نيشته‌جێبوون له‌ که‌رکوک. گه‌رانه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا بۆ ئاسايکردنه‌وه‌ی ره‌وشی که‌رکوک تاکو ئێستا هيچ ئه‌نجامێکی نه‌بوه‌، تێپه‌ربوونی کاتيش ته‌نها له‌ زه‌ره‌ری کورده‌. پاش ئه‌م راپۆرته‌ پێويست ناکات حکومه‌تی کوردستان راوبۆچونی به‌غدا وه‌ربگرێت بۆ کاره‌کانی له‌ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کان، به‌ڵکو ده‌بێت هانی لێپرسراوانی کوردی ئه‌م شاره‌و ناوچه‌ ته‌عريبکراوه‌کان بدات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ چری و به‌زووترين کات کار بۆ گه‌رانه‌وه‌ی ئه‌م ناووچانه‌ بکه‌ن بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. کارێکی له‌م جۆره‌ هه‌موو لايه‌نه‌کان له‌ پاشه‌رۆژ ناچار ده‌کات که‌ گۆراانکاری و راستێکانی سه‌ر ئه‌رز په‌سه‌ند بکه‌ن، بۆيه‌ هه‌رچی زووتر کار بۆ ئاسايکردنه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه‌ بکرێت باشتره‌.‌

درووستکردنی به‌ره‌ێکی سياسی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئيسلامێکانی شيعه‌ی عيراق، به‌تايبه‌ت ئه‌وانه‌ی دژ به‌ گه‌رانه‌وه‌ی به‌عس و رژێمه‌ کۆنه‌که‌ن زۆر گرنگه‌. ده‌بێت حکومه‌تی کوردستان هه‌موو کارێک بکات بۆ دوورخستنه‌وه‌ی (مقتدی الصدر) و (حزب الفضيلة) له‌ هێزه‌ شوڤينێکانی تری ناو عيراق. ئه‌م دوو هێزه‌ ئيسلاميه‌ شيعه‌يه‌ گرنگيان زۆره‌ بۆ نزيکبوونه‌وه‌ له‌ کورد، ده‌شتوانن زۆر له‌ هاوسه‌نگيه‌ سياسێکان بگۆرن له‌ عيراق، بۆيه‌ ده‌بێت کورد کار بۆ ئه‌وه بکات که‌ ببن به‌ به‌شێکی ئه‌و به‌ره‌ی که‌ پێويسته‌ بۆ پاراستنی پرۆسه‌ سياسيه‌ تازه‌که‌ی عيراق. ئه‌مرۆ‌ (جيش المهدی) له‌ هه‌موو لاێکه‌وه‌ گه‌ماروو ده‌درێت و هه‌وڵیکی زۆر هه‌ن بۆ له‌ناودانی، بۆيه‌ ده‌بێت کورد کارێک بکات بۆ نزيکردنه‌وه‌ی له‌و به‌ره‌ سياسيه‌ تازه‌يه‌ی له‌گه‌ڵ شيعه‌ به‌نيازێتی، به‌ڵام به‌مه‌رجێک که‌ دان به‌ کوردستانيه‌تی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ بهێنێت و هه‌موو خاڵه‌کانی ده‌ستوور که‌ په‌يوه‌نديداره‌ به‌ کورد په‌سه‌ند بکات.

ئه‌م راپۆرته‌ی بيکه‌ر- هاملتۆنه‌ زه‌نگی خه‌ته‌ره‌ بۆ کورد، له‌وانه‌شه‌ له‌ پاشه‌رۆژ ببێته‌ پرۆژه‌ێک بۆ رێگاگرتن له‌ گه‌رانه‌وه‌ی ناوچانه‌ ته‌عريبکراوه‌کان بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، بۆيه‌ ده‌بێت ئێمه‌ی کورد به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پێشنيارانه‌ی له‌ راپۆرته‌که‌ هاتوه‌ کار بکه‌ين، رێگاش له‌هه‌موو ئه‌و لايه‌ن و هیزانه‌ بگريين که‌ خواستياری به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی ته‌عريب و داگيرکردنی ئه‌م ناوچه‌ کوردستانيانه‌ن.

نووسینی: وه‌هاب شاه محه‌ممه‌د/سويد

Shah.wahab@gmail.com