ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵیادی تیرۆری شەهیدانی میکۆنۆس

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان
ئازادیخوازان
٢٩ ساڵ پێش ئێستا و لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاویدا کۆماری تیرۆریستیی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی زنجیرە تیرۆرەکانی خۆی لە نێو جەرگەی وڵاتانی ئورووپاییدا، تاوانێکی دژەمرۆیی دیکەی لە مێژووی پڕ لە تاوان و سەرشۆڕیی خۆیدا خولقاند و لە پیلانێکی تیرۆریستیی قیزەوندا، دوکتور سادق شەرەفکەندی ناسراو بە “دوکتور سەعید”، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سێ کەس لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی فەتاح عەبدولی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی، هومایوون ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە ئاڵمان و نووری دێهکوردی، خەباتکاری ناسراوی ئێرانی و دۆستی حیزبی دێموکرات، لە شاری بێرلینی ئاڵمان بە دەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کران.
دوکتوور شەرەفکەندی کە لە مانگی خەرمانانی ١٣٧١ بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هێندێک کاروباری سیاسی سەفەری ئورووپای کردبوو، بۆ بەشداری لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست سەردانی وڵاتی ئاڵمانی کرد.
دوای ئەو کۆبوونەوەیە و کاتێک کە لەگەڵ نوێنەرانی چەند لایەنی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بۆ دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە و گەیشتن بە پلاتفۆرمێکی هاوکاری، لە ڕێستورانی میکونوس لە شاری بێرلین لە دەوری یەک کۆ ببوونەوە، تێرۆریستانی ڕێژیم خۆیان گەیاندە شوێنی کۆبوونەوەکە و شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان دایە بەر دەستڕێژ و بە شەهید کردنی دوکتور سەعید و هاوڕێیانی تاوانێکی تیرۆریستیی دیکەیان خولقاند.
دوابەدوای ئەو تیرۆرە، پۆلیسی وڵاتی ئاڵمان دەست بە کار بوو و لە ماوەیەکی کورتدا توانیی تێرۆریستەکان دەستبەسەر بکات و لە دادگایەکی درێژخایەندا پاش تاوتوێکردنی هەموو بەڵگەنامەکان و بیستنی شایەتیی شایەتحاڵان، سزای یاسایی بۆ تیرۆریستەکان دیاری بکات و لەوەش گرینگتر، بۆ یەکەم جار لە دادگایەکدا کە سەرنجی هەموو جیهانی لەسەر بوو، ڕێبەر و سەرکۆمار و بەشێک لە وەزیران و بەرپرسانی بالای سیاسی و سەربازی و دیپلۆماتیکی ڕێژیمی ئێران وەکوو بڕیاردەرانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بناسێنێت و بڕیاری دەستبەسەرکردنیان دەربکات. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانباراندا بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی دا بە گوشار خستنەسەر حکوومەت و دەزگای قەزایی ئاڵمان، هاوشێوەی کەیسی تیرۆری دوکتور قاسملوو و تیرۆرەکانی دیکە، تاوانی خۆی پەردەپۆش و تاوانباران ڕزگار بکات، بەڵام سەربەخۆیی دەزگای قەزایی و گوشاری بیروڕای گشتیی وڵاتی ئاڵمان هەموو ئەو پەلەقاژەیەی ڕێژیمی پووچەڵ کردەوە و دادگا بە دەرکردنی بڕیارێکی مێژوویی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمەی وەکوو بڕیاردەرانی ئەم کردەوە دژەمرۆییە، بە دنیا ناساند و ڕیسواییەکی گەورە و تەریککەوتنێکی بەربلاو داوێنی کۆماری ئیسلامیی گرتەوە.
دادگای میکونوس یەکەم بەڵگەی یاسایی نێودەوڵەتییە کە کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمەی وەکوو تیرۆریست و بڕیاردەری تیرۆر ڕیسوا کرد. دەنگدانەوەی بەربڵاوی ئەم حوکمە لە ئاستی نێونەتەوەیی و نێوخۆییدا و هەڵوێستی وڵاتانی ئورووپایی لەمەڕ کشاندنەوەی باڵوێزەکانیان لە ئێران، ڕێژیمی بەرەوڕووی قەیرانێکی قووڵی نێوخۆیی و دەرەکی کرد، بە جۆرێک کە پرۆژەی تیرۆرەکانی دەرەوی وڵاتی بە تایبەتی لە وڵاتانی ئورووپاییدا پەک خست و ڕێژیم بۆ گەڕانەوەی باڵوێزەکان ناچار بوو باجی زیاتر بدات، تەنانەت لە ئاستی نێوخۆییشدا ڕێژیم ناچار بوو بەوەڕێخستنی شانۆگەریی ئیسڵاحات و وتووێژی شارستانیەتەکان، وا نیشان بدات کە ئالوگۆڕی بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتیی خۆیدا هێناوە.
تیرۆری میکۆنۆس، نە یەکەمین و نە دوایین کردەوەی لەو چەشنەی ڕێژیم بوو بەڵکوو وەک لە کەیسی تەقاندنەوەی بنکەی جوولەکەکانی ئارژانتینیشدا دەرکەوت، جەوهەری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تیرۆر گرێ دراوە و لێک جیا ناکرێنەوە. لەم ڕۆژانەشدا و بە هاتنە سەرکاری ڕەئیسی دەبینین کە دوو لە بڕیاردەران و تاوانبارانی داواکراو لە دۆسیەی تیرۆرەکانی میکۆنۆس و ئامیا، واتە موحسین ڕەزایی و ئەحمەد وەحیدی لە کابینەی ناوبراودا ئەرکیان پێ سپێردراوە و ئەوە نیشان دەدات کە لە کۆماری ئیسلامیدا تیرۆریزمی دەوڵەتی بەشێکی دانەبڕاو لە پێناسە و ئەرکی بەرپرسان و دەزگاکانی بڕیاردان و بەڕێوەبردنە و هیچ دانوستان و ساتوسەودا و تەنانەت هیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیش ناتوانێ وەها ئاڵوگۆڕێکی جەوهەری بە سەر ئەو رێژیمەدا بێنێ کە واز لە تیرۆر و تیرۆریزم بهێنێت.

هەر بۆیە لە ئێستاشدا ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی ئاشکراتر لە جاران درێژە بە سیاسەتی تیرۆر و کوشتن و تۆقاندن لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران دەدات کە نموونەکانی دەتوانین لە هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی لە چالاکان و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا ببینینەوە. کۆماری ئیسلامی هەرکاتێک کە هەستی بە لاوازیی هەڵوێستی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر دەستدرێژییەکانیدا کردبێت، بە شێوەیەکی بێ سنوور و ڕوو لە زیادبوون، تیرۆر و هەڕەشەکانی تەشەنەی سەندووە و بەپێچەوانەش هەر کاتێک وەک نموونەی بڕیاری ئازایانەی دادگای میکۆنۆس لەگەڵ هەڵویستی توند و سیاسەتی گونجاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرەوڕوو بۆتەوە، لانیکەم لە کردەوەدا پاشەکشەی کردووە و گەڕاوەتەوە نیو قاوغی خۆی.
هەر بۆیە ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ٢٩هەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی تیرۆریستیی میکۆنۆسدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهید دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی و هەموو ئازادیخوازانی قوربانیی دەستی تیرۆر و تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەکەین لە بەرامبەر ماشینی تیرۆر و کوشتن و کاولکاریی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەتی هێرشەکانی ئەم ڕۆژانەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە بۆتە هۆی کاولکردنی ژینگە و تۆقاندنی خەڵکی مەدەنی و تیرۆری چالاکانیی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن، بێدەنگ نەبن و بزانن کە تا کاتێک کە هەڵوێستی شیاویان لە بەرانبەر ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیدا نەبێت، نەک هەر ئازادیخوازانی کورد و گەلانی ئێران بەڵکوو هیچ کەسێک لە هیچ شوێنێکی ناوچە و جیهاندا لە مەترسیی تیرۆر پارێزراو نابێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٥ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی