من چیم لە تۆ دەوێ؟، سەلیم حەقیقی

ئەمشەوانە شەو شێتە، دێو و درونج تاو دەدەنە بەختی بەشم، بەردەوام بۆریشکە لەچاوم دەترازێ و دەمهەوێ بۆ جارێک خەون ببینم، خەون بە تۆ، بە خوڵیا ڕفێندراوەکانم بە هەستی زوێر و خەیاڵی تەوژماوی هزری چەواشەکراو و دزینی قاقای لێوی ویشک و تینووم، خۆزگە جارێکی تر دەست لە ملانی ئاواتەکانم بمبەیە جێژوانی جاران، ئەو پەنا و پەسیوانەی قەڵا و نژار و خەڵوەت و تەریکە قوژبنەکانی مێژوو، ئەو دیرۆکەی باووکالمان لە پێدەشتە سەرشێتەکان دا هەسپی بەرخودانیان تاو دەدا و ڕکێفی مەستی ئازادی و سەربەستیان ڕادەکیشا! هەموو ئەو ڕابردووەی بە باسک و پەل و باهۆی مێرانەی دایکمان، تۆچان لەبەرقەد، بژاری خەیاڵی مەزنایەتیان دەکرد، ئەو کاتانەی ئەوان نەببوونە من و تۆ و سرووشت ڕەنگی کەسکی بە چاوی دانەدابوون، گەنم و هەرزن چاوی خێل و ڕەوەی ئاسک و ڕانی مێگەڵ ملی ئەستوور نەتۆراندبوو لە ماڵ و بۆنی ژیان و ئەوین.

ڕەوشێک بوو سرووشت پێمڵی یاسا و کۆمەڵگایەک ساکار لە مرۆڤایەتی و نەفسێکی بەرز لە بوون و نەچەمینی سەر و بەرامبەری و هاوتەریبی ئینسان. گەڕانەوەی شەو، شەوێکی فێنکی ئارام پڕ لە ئەستێرە هەرکام لە ئاستێک و بە چاوترووکاندنێکی خەواڵوو پشوو دەدەم

تانج و تەختی بایەقۆش وەرگەڕێ، ئەو دەمەی دەستەڵات بووە ژین و ڕانانی مرۆڤایەتی گاڵتەجاڕ و چڵکی دەستی مرۆڤ خانەدانی دەخوڵقاند! دیوەخان پڕ دەبوو لە دووکەڵی غەڕە و گۆڕاوی بەفیزی پیس! بڕیار قامچی دەوەشاند بەسەر پشتی لاوازی بەڕوو و بەزەیی قاتوقوڕ دەما لە مێشکی بۆگەنیوی زاڵم هەتا چەرخی گەردوون بسووڕێ و ئاشی دارا، نەدار بگەوزێنێ لە خوێنی مژتووی ترێ

من چیم لە تۆ دەوێ؟ چیم لە ڕابردوو و ئەربابی زۆردار و ئاسمان پەرەست دەوێ؟ تەنیا ژوور و میچێک و ئێمە و خۆشەویستییەکی ئەبەدی، تەلاقەیەک گوڵ، تاخچەیەک دلۆڤانی و ڕۆچنەیەک ئینسان هەموو ئێواران دەرگا بکەینەوە گوڵ و دلۆڤانی ببەخشینە مرۆڤەکان.

من چیم لەم جیهانە دەوێ؟ تەنیا تۆ و دووباڵ بۆ فڕین دەرباز بوون لەم مرۆڤانەی خەونی گولی بە پەپوولە وەدەبینن و ڕقیان لە بۆنی عەتری شیلانە!

من چیم لەم ژیانە دەوێ؟ تەنیا ئەو هەناسانەی خۆزیا دەفڕن بەرەو هێلانەی دڵ و پشت دەکەن لە کەلاکی هەڵفزاوی دهۆ و مەکر و فێڵ و گزی…

سووچی من چییە لەپێناو نیشتمان سەرم ناوە؟ هەڵەم ئەگە ئاخی خۆشتەویم خواردووە و ملم بۆ لاڕانی مەل نەداوە؟ لەپی دەستم چۆلە مەودای زۆرە دەگەڵ خۆپەرەستی، ڕامبواردووە بە سەربەستی، لەتێک نان و قومێک ئاو بەسەربەرزی…

چ خەمبارم من بۆ خەونێک، بمباتەوە باوەشی ئەو نیشتمانەی لەپێناویدا ئاسمان دێنمە بەرپێ و خۆر قاڵ دەکەمەوە و مانگ و ئەستێرە دەچێنم! بەڵام قەت بۆ جارێک لە پێناو نان گوڵیک

هەڵناقرتێنم!

سەلیم حەقیقی