ماڵی پێغەمبەری کوردان (پێشەوای نەمر) بیرەوەری: نووسینی پەروانە ئەحمەدێن

سەرچاوە فەیسبووکی پەروانە ئەحمەدێن

بیرەوەری: نووسینی پەروانە ئەحمەدێن

ماڵی پێغەمبەری کوردان (پێشەوای نەمر)

بەشی ١

لە گێژاوی هەست و بیرم دا، لە ڕابردووی وونم دا، لە خەیاڵی بڵاوم دا، لە خەونەکانم دا، لە شوێنێک دەگەڕێم.

دوور دوور دەڕوانم! وەک تارمایێک …

 داوێنی کراسی نەنکم گرتوە و دەگریم و دەپاڕێمەوە بە جێم نەهێڵێ و لە گەڵ خۆی بمبات. دەڵێم نەنە گیان بەخودای قەولت پێدەدەم عاقڵ دانیشم و هەڵبەز دابەزێ نەکەم.

 نە دەست لە هیچ شتێک دەدەم و نە دەستی بۆ دەبەم!

نەنە لەگەڵ خۆتم بەرە بەسەری بابم ناڵێم وەڕەز بووم، ناڵێم هەستە بچینەوە ماڵێ!.

 دەڵێ: دڵم نایە دڵت بشکێنم هەستە ساز بە. وەڕێ دەکەوین.

نەنکم دەڵێ: پەپوو مینا دیارە خوشکەزامە بەڵام بەقەرا کەریمی بابت خۆشم دەوێ ئاخر بۆ خۆم شیرم داوەتێ لەگەڵ کەریمی خوشک و بران، ( کەریم ئەحمەدێن وەزیری پۆست و تێلگڕاف و تێلفونی کۆماری کوردستان ).

هێدی هێدی بە پێی من وەڕێ دەکەوین.

 دەگەینە قوڵکەی کەران لە قەراغ بێستانەکان لەبن چنارەکان چەند کەر ڕاوەستاون و خەریکی مڵ و مۆیەن، بە کلکیان مێشی لە خۆیان دەردەکەن. دەڵێم نەنە گیان بۆ ئێرە هەمیشە کەر لێی ڕادەوەستێ ؟ دەڵێ: ڕۆڵە لە گوندەکان ڕا بە باری ئەو کەرانە کا و ئاوردووی تەندوورێ دێنن و دەی فرۆشن، ئەوە بۆیە لێرە ڕاوەستاون ئێرە قەراغ بێستانە و شیناوەردە بۆخۆیان دەحەسێنەوە.

 دەگەینە پردی تازە دوو سێ بەردان لە چۆمی داوێم.

لە چوارچرایە تاوێکی خۆش نەنکم ئیزنم دەدات سواری پشتی شێرەکان بم. دوای چوارچرایە دەچینە شەقامی شێروخورشیدێ.

تاو ناتاوێک نەنکم ڕادەوەستێ ماندووی دەحەسێنێتەوە.

دەگەینە ماڵی وەرەهرام (فەرماندەی پادگانی مەهاباد و هەمەکارەی شار).

خۆم لە پشتی نەنکم دەشارمەوە ئاخر زۆر لەو سەربازانەی بەر دەرکی ماڵی وەرەهرام دەترسێم.

هەموو کڵاوی ئاسنیان لە سەرە و تەفەنگێکیان بە دەستەوەیە و لوولەکەی ڕووی لە خەڵکیە. چەند سەرنێزەیان بە لاتەنیشتێەوە هەڵاوەسراوە. زۆر بە توورەیی چاو لە خەڵکی دەکەن.

نەنکم دەڵێ نازانم بۆ ئەوەندە ترسەنۆکی؟

ئاخر تۆ پێم بڵێ سەرباز چکاریان بە تۆ داوە؟

دەڵێم: نەنە گیان بە دەنگی بەرز پشت و پەقی لە منداڵان دەکەن و‌ هەڵدەبەزمەوە، هێندێک جاریش بەتەنێ منداڵان دەبینن ڕەپێیا‌ن دەنێن.

 بەو نەقڵ و باسە دەگەینە دەرکە گەورەکەی ماڵی پێشەوای نەمر واتە ماڵی پوورە مینایە .

دوو خواجانەی لە دوولای دەرکەکەیە.

نەنکم تەق تەقانە لێدەدات. کارداری ماڵێ دەرکەمان لێدەکاتەوە.

لە دەستی چەپ دارێکی عەرعەری باڵابەرزی لێیە. لە نێوەڕاستی حەساری لە لای حەوزەکە پەروین خانم و سوهێیل خانم ڕاوەستاون بۆلامان دێن. ئامێزم بۆ دەگرنەوە دەڵێن پەپوو ئەوە هاتی حەک بەخێر بێی یا خوا نەبی بەقاتی. چاویان لێدەکەم نازانم کامەیان پەروین خانمە و کامە سۆهێیل خانمە؟

بە ناز و نیم ناز دەڵێم دیسان ناتان ناسمەوە! ئاخر ئاواڵ دوانەن. پێم پێدەکەنن، یەکیان دەڵێ ئەگەر بڵێی کامەمان پەروین و کامە سۆهێیلین ئادامسێکی خروس‌نیشانت دەدەینێ.

هەڵدەبەزمەوە دەڵێم دەبێ دەستتان چاو لێبکەم!

هەردووک لە قاقایە دەدەن دەڵێن حەک چەند وریای پەپوو!

ئاخر قامکی نێوەڕاستی سۆهێیل خانم نیشانێکی لێ‌یە. لە ئامێزم دەگرن و ڕێکم دەکوشن و ئادامسی خروس نیشانی خڕم دەدەنێ، پڕ بە زارمە، لە پێشدا تامە شیرنەکەی دەمژم، دوایە نەرم نەرم دەست دەکەم بە جووتنی و پۆڵک هەڵدانێ. لە پڕ پەروین خانم دەڵێ ئەی هاوار پوورە هاجەر ببوورە زۆر سەر قاڵی پەپووی بووین فەرموو فەرموو.

دەور تا دەوری حەسارێ خشتی سووری چوار گۆشە تێگیراوە، نێوەڕاستی حەسارێ دار و گوڵێکی زۆری لێیە، لە لای ڕاست دەرکی تەویلەیە و پڕ لە مانگا و گامێش.

کارداری ماڵێ قۆچاخەی بەستووە و بەرهەڵبێنەی لە خۆی داوە، بە سەتڵێک شیری تازە کە هەڵمی لێ هەڵدەستێ دێتە دەرێ.

لە سەرەوەی حەسارێ لە شەش پلیکانان وەسەر دەکەوین غار دەدەمە سەر حەوزە چکۆلە بەردینەکە، ئاو بە جۆگێکی باریکدا لە ئەشکەوتی بن بیناکە دێتە نێو حەوزکە و لەوێ ڕا دەچێتە حەسارێ . هەمووی شۆرەکاتی سوورە وەک گڕاوان.

دەڵێم: نەنە من لێرە بۆخۆم قومارێ دەکەم ئیزنم بدە. دەڵێ: باش بەڵام پەپوو ئاگاداری خۆت بە لە حەوزەکەی نەکەوی دەخنکێی.

نەنکم بەجێم دێڵێ و دەچێتە سەرێ.

دەست و دم و چاوم دەشۆم بەڵام ئاوەکە تامی خۆش نییە. دەچمە حەسارێ هێندێک گوڵی ورد لێدەکەمەوە دەچمەوە ژوورێ وەک هەمیشە بە ترسەوە دەچمە ئەشکەوتەکەی بن پلیکانان، تاریک و بەسامە ئاخر دەستم ناگاتە کلیلی بەرقی چراکە هەڵکەم، بۆیە هەر لەوێ گوڵەکان بە ئاوێ دادەدەم و بە غاردان دەگەڕێمەوە لای حەوزەکەی حەسارێ و چاوەڕوان دەبم گوڵەکانم بێنەدەر.

زۆر ناکێشێ دانە دانە گوڵەکان بە ریز بە دوای یەک دا دێنە نێو حەوزەکە و دەیانگرمەوە، دەستدەکەم بە چەپڵە لێدان و هەڵبەزدابەزێ، تا هیلاک و شەکەت دەبم ئەو کارەی دووپات دەکەمەوە، ماندوو نابم نا!

 لە‌ سەرێ ڕا بانگم دەکەن پەپوو پەپوو وەرە ئێوارەیە شتێکی بخۆ.

بەغاردان دەچمە پێشخانەی خوارێ، بەڵام وەک هەمیشە لاقم لە حاست دەرکە کرێمی ڕەنگەکەی کە هەمیشە داخراوە شڵ دەبێتەوە.

زۆرم پێ خۆشە بزانم بۆ ئەو ژوورە هەموو دەمێ دەرکەی دەخراوە؟

بیرەوەری (بەشی ٢)

ماڵی پێغەمبەری کوردان (پێشەوای نەمر)

بە قەڵەشتێکی باریک دا چاو لە ژوورێ دەکەم لە نێوەڕاستی ژوورەکە مێزێکی دڕێژووکەی لێیە و لەسەر مێزەکە بووخچە و کەوش و جل و بەرگێکی زۆر و چەند چەمەدان داندراوە، گەڵێکم پێخۆشە بزانم ئەوانە چن؟ بەڵام پرسیارەکانم بێ وڵام دەمێننەوە. (وادیارە یادگارێکانی عیسمەت خانمی جوانە مەرگ بوون).

دەچمە لای نەنکم پوورە مینا ماچم دەکات. مەجۆعمێک کەرە و هەنگوین و ماست و پەنیر و نانی تازە دێنن، ئێوارە خوانێکی خۆش و بەتام. وردە وردە خەریکی خواردن دەبم، پوورە مینا دەڵێ ئەوە بۆ دەڵێی چۆلەکەی چینەی دەکەی پاروویێکی باش بگرە.

نەنکم دەڵێ ڕۆڵە مینا گیان پەپوو پارۆکانی زۆر وردیلانەن نازانم چۆن تێر دەبێ؟. دوایە چایێکی لە نێو ئیستکانە قەدباریکەکاندا دەخۆمەوە و قوونەدزەی دەکەم بۆ ئەو ژوورەی کە نێوی ژووری ڕادیۆیە و دەڕوانێتە حەسارێ. ڕادیۆی لێیە سەرپۆشێکی گوڵدۆزی کراوی پێدادراوە. گەرچی زۆرم پێخۆشە دەستی تێوەردەم بەڵام قەولم بە نەنکم داوە کە عاقڵ بم و دست لە چش نەدەم!

دێمەوە لای نەنکم و پوورە خانم دادەنیشم. ئەوجار کارداری ماڵێ مەجۆعمێک دێنی لەسەری هاروێی ئاڵقەئالقە کراو ، شووتی قاش قاش و چەند هێشوو ترێی شیرن و خۆش داندراوە. نابێ کاتی هاروێ خواردن خرمە لە زارم بێ، ئاخر نەنکم دەڵێ کچی عاقڵ دەبێ ئارام شتان بخوات.

 نەنکم و پوورە خانم سەریان گەرمە بە قسەکردن وەک دایک و کچان قسەیان زۆرە، پێکەوە.

دەچمە ژوورێکی گەورە پەنجەرەکانی دەڕواننە چۆم و گۆمی قازی. کتێبخانەیەکی گەورەی لێیە! بە نووکی چواڕ قامکان لە هەوەڵێ ڕا تا ئاخرێ چەند جار دەستیان پێدادێنم، هەستێکی خۆشە، لە دڵم دا دەڵێم خۆزگە دەمتوانی بیان خوێنمەوە. تابڵۆ هەڵاوەسراون بەڵام خۆ من نازانم کێن؟ دەستێک مۆبڵی جوان لەوێ داندراوە، لەسەر هەموویان بە نۆرە دادەنیشم. چاو لە سەعاتە گەورەکەی دەکەم کە دەڵێ دینگ دانگ دینگ، بە هەوای دەنگەکەی سەرم دەلەنگێنم و لەسەر پەنجەی پێم هەڵدەستم وە سەما دەکەوم، جەزم دەبم!

 لە پەنجەرەی ڕا دەڕوانمە چۆمی کە ئارام و هێدی ڕێی داگرتوە ، چەند قاز و مراوی مەلەی دەکەن. ژنان خەریکی خوری شوشتنن، بە کوتکان وێی کەوتون و تاق و جووت لێی دەدەن. دێمە دەرێ دەڵێم نەنە گیان کەنگێ دەتوانم کتێبان بخوێنمەوە؟ پەروین خانم ئەو قسەی منی زۆر بە دڵە دەستم دەگرێ دەمباتەوە لای کتێبەکان دەڵێ پەپوولە تۆ گەورە بە دەرسێ بخوێنە جا وەرە کتێبان بخوێنەوە. خۆزگە دەخوازم زوو گەورە بم، خۆزگە….

ئینجا بۆلای چەپی ماڵێ دێم، بەرهەیوانێکی چوارگۆشەیە نیوەی میچەکەی دارەڕا کراوە. لە وێڕا پلیکان دەخۆن بۆ خوارێ دیوێکی زۆر گەورەیە پێیدەڵێن مەحکەمە کە لەلای پشتەوە ڕا دەڕوانێتە حەسارێکی چکۆلە و بە دەرکێکی دا دەچێتە ماڵێ پوورە خەجیجی قسەخۆش و مێهرەبان و لەسەر دڵان، واتە دایکی سەعیدخانی هومایوون.

پوورە خەجیج هەرکەس دەبینێ دەڵێ تۆقی سەرم بەقوربانت بێ، (خوشکی پێشەوای نەمرە). لە مەحکەمەی ڕا بە پلیکان دەچمەوە حەسارێ بەڵام باڵام کورتە و پلیکانەکان بڵیندن، زۆر جار کەم دەمێنێ بەسەر مەقولات خللۆر ببمەوە حەسارێ. لە حەسارێ بە نێو دار و درەخت و گوڵاندا دەگەڕێم. گوێ دەدەمە دەنگی چوێلەکەکان، پەپوولەکانی سەرگوڵان دەبژێرم، هەڵدەفڕن ، لەگەڵیان باڵ دەگرم ، لە زەرگەتە و ژەنگەسووران دەترسێم…

تاوێک لە لێواری حەوزە گەورەکەی نێوەڕاستی حەسارێ دادەنیشم. ئەو چەرخ و خوله کاری هەمیشەیی منە لە ماڵی پوورە مینا. ئێوارێ درەنگانێک لە خانەخوێ خودا حافیزی دەکەین. دەسکێکم گوڵی جوان بۆ لێدەکەنەوە و چەند کوتە پارچەی جوانی ئاڵەبووکم دەدەنێ. دەستی نەنکم دەگرم بۆ لای ماڵێ وەڕێ دەکەوین.

دەڵیم نەنە گیان دیتت چەند عاقڵ بووم ؟ کەنگێ دیسان دێینەوە ماڵی پوورە مینا ؟…

ئێستا کە بیر دەکەمەوە شانازی دەکەم کە بەسەدان جار تەوافی ماڵی پێغەبەری کوردان پێشەوای نەمرم کردوە. خۆشحاڵم کە تەواوی کەلێن و قوژبنی ماڵی پێغەمبەری خۆم و کوردانم بە بیرم ئەسپاردوە. شانازی دەکەم کە دەستم لەکتێبەکانی پێشەوای خۆشەویست داوە.

گەلێک شادم کە لەو بینایە کایەم کردوە. بەڵام هەزاران خۆزگە عاقڵی وەم دەبوو خۆڵی حەساری ئەو بینایەم هەڵدەگرت و هەموو ڕۆژێ وەک کل لە چاوانم دەکێشا.

ماڵی پوورە مینا دوایە چۆ تارانێ و لەوێ دەژیا تا دەهاتەوە سابڵاغێ دەمان دیت. ماڵم کە لە تەپەی قازی سازکرد لە گەڵ پەروین خانم و منیر خانم و شاسوڵتان خانم خێزانی حەمەحوسێن خان پێمەوە هاتن. ئاخرین جار ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی که نەخۆش بووم بۆماوەی دوو مانگ لاقم ئەرزی نەدەگرت دوکتوران نیگەران بوون کە فەلەج بم، دایکم ئاگاداری لێدەکردم. پوورە مینا هات سەری دام بۆ نەهارێ دایکم سەر و پێی لێنابوو لە لامان ماوە و فەرمووی سەید زادەخانم یەک ئیستکان شیر لە سەرو پێکەی بکە تام و ڕەنگی خۆشتر دەبێ.

ئێستا هەروەخت سەروپێی ساز دەکەم حەتمەن شیری تێدەکەم و یادی پوورە مینا شاژنی کوردستان دەکەم.

یادی بەرز و پیرۆز بێ.

بیرەوەری ( بەشی٣ )

ماڵی پێغەمبەری کوردان (پێشەوای نەمر)

ئاخرین دیداری خۆم و پوورە مینام هیچکات لەبیر ناچێ. زۆر نەخۆش بوو هێنابوویانەوە سابڵاغێ، وادیار بوو دوکتوران لە چاک بوونەوەی ناهومێد ببوون و دەستیان لێ شوشت بوو. ئاگادار کرام پوورە مینا هاتۆتەوە و ماڵی موورتووزخانی سەوڵەتی کە چۆڵ بوو (سەرتر لە چوار ڕێی ئازادی) ڕایان خستووە و پورە مینا لەوێیە.

چوومە خزمەتی بەڵام بەداخەوە نەیناسیمەوە. ڕۆژێکی ناخۆش، دیدارێکی دڵتەزێن، هەستێکی پڕ ژان. حاڵی زۆر خراپ بوو. دوای دوو ڕۆژ لە ئاخرین دیدارم بەفرێکی زۆر باری بوو تەلەیفوونیان لێ کردم کە پوورە مینا کۆچی دوایی کردوە و بۆ هەتاهەتایی بەجێی هێشتووین. کۆچی شێرە ژنێکی بە ورە و مەزن، شاژنی گەلی کورد. خۆشەویستی پێشەوای نەمر.

 هەواڵێکی لە ڕادەبەدەر دڵتەزێن کە تاساندمی. بۆم گرینگ نەبوو بەفر باریوە و سارد و سۆڵە. وەڕێ کەوتم و لە بەخاک ئەسپاردنی لەگۆرستانی بداغ سوڵتان بەشداریم کرد. بەڵام ئەو کەسانەی لەو ڕێو و ڕەسمەدا بووین زۆر کەم بووین! چون من دڵنیا بووم ئەگەر خەڵک ئاگادار کرابان جەماعەتێکی زۆر بەشداریان دەکرد. پرسیارم کرد وڵامیان داوە بۆیە خەڵکمان ئاگادار نەکردوە بۆ وەی کە لاوەکانی شاری بەشدار نەبن و گرفتیان بۆ پێش نەیەت.

 دووبارە چوونەوە بۆ ماڵی پێشەوای نەمر و پێداچوونەوە بە بیرەوەری ڕابردووم بۆم ببوو بە ئاواتێک. بە سەدان جار بە کۆڵانی ئەو کۆشکەدا تێپەڕیم. بەڵکوو، بەڵکوو تەنیا جارێکی دیکە بچمە ژووری ئەو بینایە. هەموو کاتێ فرمێسک لە چاومدا قەتیس دەبوو کە دەروازە گەورەکە نەماوە و بە خشت هەڵچندراوە. دارە عەرعەڕەکە باڵای گەلێک بەرز بووە.

هەموو جارێ خۆزگەم دەخواست کە وەک پەپوولە باڵم گرتبایە و میوانی ئەو دارە باڵابەرزە بوایەم و لە وێڕا تێر بە دڵم ڕوانیبامە قیبلەی ئاواتم!

زۆر جار لە خەیاڵمدا بە نەنکم دەکووت نەنە گیان تکایە دەستم بگرە تەنیا بۆ جارێکی دیکە هاوڕێم بە بچینە ژوورێ. بەڵام هەیهات ….

 نازانم بڵێم باشە؟ خراپە؟ بەڵام مرۆڤێکم ئەگەر بیرۆکێک چوو نێو مێشکم دەرهێنانی دژوارە! بریارم دا کە بچمەوە ماڵێ پێشەوای نەمر، بچم بیرەوەری‌یەکانی ڕابردووم زیندوو کەمەوە، هەرچی دەبێ با ببێ.

 جارێک چوومە ماڵێکی دراوسێی ماڵی پێشەوا، تکام لێکردن ئیزنم بدەن بچمە سەربانی و کۆشکی ئاواتم چاو لێبکەم کە بە خۆشحاڵی‌یەوە ئیزنیان پێدام. چووم و چەند وێنەم لە دوورەوە هەڵگرت، بەڵام کوڵ و کۆی دڵم دانەمرکا.

من ئەوەم نەدەویست، دەمهەویست بۆ جارێکی دیکە لە پلیکانەکان وەسەر کەوم، دەمهەویست تەنیا بۆ یەک جاری دیکە دەم و چاوم بە ئاوی کەرێزەکە بشۆم، تەنیا گوڵێکی چکۆلە بە ئەشکەوتەکەدا بەڕێ بکەمە نێو حەوەزە چکۆلەکە، بیگرمەوە و لە نێو قژەکانمی نێم و خۆمی پێ جوان کەم.

لە دڵمدا شایی دەگەڕا کە لەسەر خشتە چوار گۆشەکانی حەسارێ جەغزی خەستەکێنێ بکێشمەوە و بە لاقە نەخۆش و ماندووەکانم بۆ ماوەی چەند خولەک بە یادی ڕابردوو خەستەکێنێ بکەم. دەمهەویست ئەو ئاواتە و ئەو دیدارە نەبەمە بن گڵی!

بریارم دا لە بنەماڵەی پێشەوا ئیزن وەربگرم بەڵام دڵ نیگەران بووم کە گوێ بیستی وشەی (نا) بم.

 بە خۆم کووت کەنگێ پەپوولە شێت و شورەکان بۆ گەشت و گوزار لە کێو و باخ و کۆشکان ئیزن وەر دەگردن؟

کەنگێ پەپوولە شێت و شورەکان بۆ زیارەتی شەم لە گڕی ئاگر دەترسێن؟ نیهایەت تێداچوونە.

مەگەر ناڵێن تەمەنی پەپوولەکان سێ ڕۆژە؟ ئەی بۆ بە بێ گەیشتن بە ئاواتەکانیان چاو لێک بنێن؟ ئینجا لە سەر ئەو بیر و باوەڕە بڕیارم دا کە بچمە ئاخرین زیارەتی ماڵی پێغەمبەری کوردان و چووم ….

بیرەوەری (بەشی ٤) و کۆتایی

ماڵی پێغەمبەری کوردان پێشەوای نەمر

وەک باسم کرد، دەمێک بوو لە خۆم گرتبوو بچمە زیارەتی ماڵی پێشەوا و حەج و عومرەی ئاینی خۆم بە جێ بێنم. لە هەرکەسم پرسی و پەنام بۆ هەر کەس برد چۆن دەکڕی ئیزنی چوونە ژووری حەرەمی پێرۆز وەرگرم؟ بێ وڵام مامەوە.

ئاخر بڕیارم دابوو و قەت منیش ئەو کەسە نیم لە بڕیار دەرچم و لادەم! هاتم و بۆ خۆم بە خۆم کوت باشە پەروانە بۆ نایەی بۆ تاقیکاریش بێ، ئیستخارەیەک لە دیوانی شاعیران بگری‌یەوە؟ چاوم چوقاند و دەستم لە نێو کتێبان گێڕا، ڕاست (دیوانی ئاوات)ی مامۆستا سەیدکامیل ئیمامی م وەبەر دەستی هات.

بە سڵاو بۆ جەنابی کاک سەید کامیل کتێبم کردوە و ڕاست ئەو چەند بەیتەی خوارەوەم کەوتە بەرچاو….

((( من دەڵێم مەسکەن و ئارامگەیی جانانە دەچم .

ئەو دەڵێ سەر بە سەری تێکچووە، وێرانە، نەچی

لەو هەموو چوون و نەچوونە سەری سوڕما کامیل.

من دەڵێم جوانە دەچم، ئەو دەڵێ وا جوانە، نەچی))) ….

بەڵام من بڕیارم دا کە جوان و پیرۆزە و دەچم. لەگەڵ ئازیزێکم بە دڵە ڕاوکێکی زۆر بەرەو قیبلەی ئاواتم وەک ماڵی پێشەوای نەمر وەڕێ کەوتین. ئەو ئازیزەم دەیزانێ کە بریارم داوە بچم و هەر دەچم، بۆیە دڵی نەهات بەتەنێ بڕۆم. سپاسی دەکەم.

هەر ئەو جۆرەی لە پێشدا باسم کرد، لە کابەی کوردایەتی و کۆمار دەرکێک نەماوە کە لێی بچێ ژوورێ! تەوافم کرد بەڵکوو شوێنێک بدۆزمەوە و پێیدا بڕۆمە ژووری حەرەمی پیرۆز، بەڵام بەداخەوە نەگونجا.. چووینە ماڵی ئاشنایێکی جیرانی کۆشکی چۆلی پێشەوای، تکام کرد بە بانی ئەوان دا بچمە خوارێ، بە خۆشحاڵی‌یەوە ئیزنی پێ داین.

کەڵکم لە نێردیوانێکی کۆنی نێوتەڵە هەڵە وەرگرت کە هەردەم ئیمکانی هەبوو تەڵە بشکێ و بەربمەوە، بەڵام ورەم بەرز بوو و هەرچۆنێک بوو وەسەرکەوتم.

بەداخەوە هەڵکێشان و چوونە خوار بەو نێردیوانە و لەو دیوارە بڵیندە گەلێک دژوار و مەترسیدار بوو. کە سرنجم دا نێردیوانەکە هەر نەدەگەیشتە ئەرزی و پای هەر لە هەوادا بوو.  هەر لە بانی ڕا یەک دوو وێنەم هەڵگرت.

ئازیزی هاوڕێم زۆری حەول دا وازبێنم و لێی گەڕێم، بەڵام دەبوو تا ئاخری هێڵ بچم. کوتم گیانە من پێموایە نهوومی سەرێی بیناکە تێک قرماوە بە دڵنیایی لای خوارێ ماوە. هاتمە لای کۆڵانەکە و نێردیوانێکی دیکەم بە دیوارێوەنا لەگەڵ هاوڕێ‌یەکم وەسەرکەوتین بە هەر چەمەسەرێک بوو نێردیوانمان هەڵکێشا و نخونی ئەو دیویمان کرد. کە چووینە خوارێ ئەوێ ماڵی پێشەوای نەبوو کە دیتبووم و لە زەین و بیرم دا مابوو، تەنیا زەمینێکی بەتاڵ بوو کە لە نێوەڕاستەکەی دارە هەنجیرێکی لێ بوو کە بەڕاستی وەک شێت و دێوانەیێکی پرچن لق و پۆی پەرش و بڵاو ببۆوە و گەیشت بۆ سەرئەرزی.

بەهەر جۆرێک بوو لە بن دارە هەنجیرەی ڕەد بووین. دەترساین هەنگاو باوێن چون نەمان دەزانی هەنگاوی دواتر تووشی چی دەبین؟ شوکور مابەینی ئەو زەمینە و حەساری ماڵی پێشەوا دیوارێک نەبوو لانیکەم وادیاری دەکرد کە نییە. پێویست بە نێردیوانیش نەبوو چون زەمەندی گیایێکی زۆر تا بەژنێ هەستا بوو، وادیار بوو گەلێک ساڵە بەهار و پاییزی تێپەڕاندوە و زەمەند و ئیشکەڵی لە سەر یەک کەڵەکە بووە.

بۆم قبووڵ نەدەکرا کە ئەوەی دەی بینم هەمان کۆشکی جارانە! هەر لەبەرخۆمەوە زکر و فیکرم دەکرد، وەک دەروێشێک کە بۆ دیداری پیری خۆی هات بێ. چاوم لەسەر یەک دانا لە پڕ لاقم ڕۆیی، زریکاندم پەروین خانم کچی پێشەوا ئامێزی بۆ گرتمەوە، خۆم لە باوەشی هاویشت دەستم کرد بە گریانێ، پێکەنی کوتی پەپوو ئەوە بەربوویەوە؟ چاو تەواوی خوێیەکەت ڕەشت! دا بزانم لاقت چی لێ نەهات؟

بەینی رووناکی و تاریکی گیرم کردبوو، لەگەڵ خۆم قسەم دەکرد، سەرم لە جەنگەڵێک، دارستانێک دەر هێنابوو، ئەو شوێنە گەلێک بۆم نامۆ بوو، ئەدی کوا حەوزەکە و فەوارەکە؟ کوا چاو بەڵەکەکانی ماڵی پێشەوا ؟ ئەدی کوا گوڵە باخەکان؟ تا چاو هەتەر دەکات دار و دڕک و داڵ! وادیاربوو ئامێزی پەروین خانمیش خەیاڵ بوو!

ئاواڵەکەم خۆی گەیاندمێ، کوتی زۆر بە پەلە ڕۆیشتی لە پڕ لە بەرچاوم ون بووی خۆف هەڵی گرتم نەکا لە چاڵاوێ کەوت بی، شوکر بۆ خودای زیندووی. بەڵام ئەگەر قەراربێ خۆت وا ناڕاحەت بکەی من چی دی لەگەڵت نایمە پێشێ. دڵنیام کرد کە قاییم تر لەوەم کە نیگەرانم بێ.

ڕیشەی تازەی دارە عەڕعەڕەکەی دەستی ڕاستی حەسارێ تەواوی حەساری داگرت بوو، دەبوو بۆ چوونە پێش حەتمەن بیانشکێنین یان لاقیان لەسەر دانێین و بیان نووشتێنینەوە. بە جێگەی حەوزە گەورەکە حەوزێکی چکۆلەی ناشیرن داندرابوو کە لایێکی شکابوو و کەت و کرووچ ببوو.

هەر دڵخۆشی خۆم دەداوە کە نا وانییە، بچێ پێشتر پلیکانەکانت لێ وەدیار دەکەوێ! بەڵام خەیاڵێکی باتڵ و خاڵی نە پلیکانێک مابوو نە حەوزێک و کەرێزێک، نە ئەشکەوتێک و محکەمێک، نە ژووری سەعات و نە دیوەخانێک! هەتا چاو هەتەری دەکرت وێرانە و گڵ وخۆڵ.

 لە پڕ سرووشی دەنگی پوورە مینام هاتە بەرگوێ بانگی کردم کوتی تکایە پەپوو بڕۆ لەمێژ ساڵە لێرە کوندەبەبوو دەخوێنێ، لەمێژ ساڵە قبلەی کوردان خاپوور بووە. تکایە بڕۆ با لێرە چت بەسەرنەیە و من شەرمەزاری هاوژین و منداڵەکانت نەبم….

 بەچاوی بە فرمێسک وەڕێ کەوتم … کۆشکی هیوام، شاری ئاواتەکانم، ماڵی شادی و بیرەوەری و پێکەنینەکانم لە ژێر تارمایێک لێ وون بوو. خۆزگە من و کامیل ئەو سەفەرەمان هیچکات نەدەکرد. خۆزگە ئەو حەسار و دەرک و بان و بیرەوەرییانەم هەر وەک ڕابردوو لە زەینم دا دەما! بەڵام داری خۆزگە قەت بەر نادات. خۆزگە ئەو کۆشکە ، ئەو کابەیە هەروەک خۆی دەما و لەبەر دڵی میلیۆنها کوردی سەر گۆی زەوی لە سەر پێ ڕادەگیرا ، خۆزگە دەرکی ئەو زیارەتگایە ئاواڵە دەبوو بۆ زیارەتی ئەویندارانی تا هەتا هەتایە.

بەڵام بەداخەوە ….

پەروانە / ئەحمەدێن

خەرمانی ١٤٠٠ی هه‌تاوی