په‌یامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستان بەبۆنەی ٢٩ ساڵه‌ی شه‌هیدكرانی دوكتور سادق شه‌ڕه‌فكه‌ندی و هاوڕێیانی‌

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

٢٦ی خەرمانانی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ بیست‌ونۆیەمین ساڵڕۆژی تێرۆری مێکونووس لە بێرلینی ئاڵمان، کە لەو کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا د. سادق شەرەفکەندی، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستان، فه‌تتاح عه‌بدولی، نوێنه‌ری حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هومایون ئه‌رده‌ڵان، به‌رپرسی کۆمیتەی حیزب له‌ وڵاتی ئاڵمان و نوری دێهكوردی، چالاکی سیاسیی چەپ و دۆستی بەئەمەگی حیزبی دێموکرات شەهید کران.

مەبەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو تێرۆرە بەئەنجامگەیاندنی کارێکی نیوەتەواو و ئاکام‌وەرگرتن لە بڕیارێک بوو کە چەند ساڵ پێشتر لە بەرزترین ئۆرگانی ڕێبەریی ڕێژیمەوە درابوو. ئەویش بەئامانج‌گرتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بەچۆکداهێنانی خەبات و خۆڕاگریی کورد، وەک دواسەنگەری بەربەرەکانی و ئازادیخوازی لە ئێراندا. بڕیارێک کە پێشتر بۆ تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان درابوو، بەڵام کاتێک بڕیاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی زانییان کە جێگری لێوەشاوەی د. قاسملوو زۆر بەباشی کەلێنەکانی بێ‌ئەویی لە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورددا پڕ کردووەتەوە، ئەمجارەیان ئەویان کردە ئامانج.

د. سادق شەرەفکەندی نەک هەر ڕێبەر و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڵکوو سەرمایەیەکی مەعنەویی خەباتگێڕی بۆ جووڵانەوەی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئیرانییش بوو. ئەو مرۆڤێکی شوێندانەر و پێشکەوتنخواز، بەڕێوەبەرێکی شێلگیر و ڕووناکبیر و ڕێبەرێکی مەیدانی و بەتوانا لە دیپڵۆماسیش بوو. ئەو لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵ سکرتێریی حیزبدا توانیی زۆر بەباشی سەنگ و ئێعتبار و پڕستیژ و دەسکەوتە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی حیزب لە ئاستی بزووتنەوەی سەرتاسەری و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بپارێزێ و بە بیری ڕوون و ئیرادەی پتەوی، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە جەرگەی خەباتێکی قورس و خوێناوی لە دژی کۆماری ئیسلامیدا ڕێبەری بکا.

د. شەرەفکەندی لە بارودۆخێکدا ئەرکی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کەوتە سەرشان کە ئەم حیزبە زەبری قورسی تێرۆری د. قاسملووی بەرکەوتبوو، هاوکات بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان یەک لەوان کۆتایی شەڕی ئێران و عێڕاق ناوچەکە قۆناغێکی نوێی لە ململانێیەکان تاقی دەکردەوە و هەموو هاوکێشە نوێیەکان لەسەر خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات شوێندانەریی ڕاستەوخۆیان هەبوو. بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان لەژێر ڕێنوێنی و ڕێبەریی د. شەرەفکەندی، بەگوڕ لە خەباتی پێشمەرگانە و مەیدانی بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیمدا مایەوە. حیزبی دێموکرات لە هەموو ڕەهەندەکانی تێکۆشانی سیاسی، پێشمەرگانە، دێپلۆماتیک و پێوەندییەکان لەگەڵ دنیای دەرەوەدا پێشەنگایەتیی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ئێرانی درێژە پێدا. هەم لە ئاستی کوردستاندا خەبات و خۆڕاگریی کورد و تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگانەی حیزب درێژەی هەبوو، و هەم هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات لە پێناو دروست‌کردنی بەرەیەکی مەیدانیی خەباتگێڕ و دێموکراتیکی سەرتاسەری لەدژی کۆماری ئیسلامی پێی نابووە قۆناغێکی تازەوە. دەستی تاوان و تێرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کاتێک گەیشتە مێکونووس، کە د. سادق شەرەفکەندی لە کۆنگرەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئینترناشناڵ سۆسیالیست دەگەڕایەوە کە شەهید شەرەفکەندی بۆ گەیاندنی دەنگی جووڵانەوەی سیاسی و دێموکراتیکی کورد بە کۆمەڵگەی جیهانی بەشداریی تێدا کردبوو. هەروەها ئەو کۆبوونەوەیەش کە د. شەڕەفکەندی و یارانی تێیدا کرانە ئامانج، ڕێک بە مەبەستی بەهێزکردنی ئۆپۆزیسیۆنی مەیدانیی ڕێژیم ڕێک‌خرابوو.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەتا پێش تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی بە گرتنەبەری سیاسەتی حەزفی فیزیکی و ئەنجامدانی دەیان کردەوەی تێرۆریستیی سەرکەوتوو لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت لە ئورووپادا توانیبووی سەدان کەس لە دژبەرانی سیاسیی خۆی تێرۆر بکا، ئەمجارەش پێی وابوو بە تێچوویەکی کەم دەتوانێ بە تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی زەبرێکی قورس و گورچوکبڕ لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بدا. بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی دادپەروەری و سەربەخۆیی دەزگای دادی وڵاتی ئاڵمان بەئاشکرا دەمامک لە تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی لادرا.

تێرۆری مێکونووس بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران تێچووی زۆری هەبوو. دادگای مێکونووس کە ئامادە نەبوو لەژێر گوشاری نێوخۆیی و دەرەکیدا -وەک چۆن ڕاستییەکانی تێرۆری د. قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیم پەردەپۆش کرا- جارێکی دی ئەو جینایەتە سامناکەی ڕێژیم لەپێناو بەرژەوەندیی وڵاتەکەیدا دیزەبەدەرخۆنە بکرێ، پەردەی لەسەر نەخشی ئاست‌بەرزترین ڕێبەرانی ڕێژیم لە تێرۆرەکانی نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لادا و ڕایگەیاند کە ئەم تێرۆرە بە بڕیاری خامنەیی، ڕێبەر؛ ڕەفسەنجانی، سەرۆک‌کۆمار، عەلی فەلاحیان، وەزیری ئیتلاعات و عەلی ویلایەتی، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ڕێژیم کراوە و بڕیاری گرتن و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لەدژی ویلایەتی دەرکرد. هەروەها بکەران و تاوانبارانی بەندکراوی ئەو کردەوە تێرۆریستییەی بەگوێرەی قانوونەکانی ئەم وڵاتە سزا دا. دوایەش لێکەوتەکانی بڕیاری دادگای مێکونووس بووە هۆی ئەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەتوانێ وەک جاران بێ‌پەروا لەسەر کردەوە تێرۆریستییەکانی لە خاکی وڵاتانی ئورووپادا بەردەوام بێ.

خەڵکی خەباتکەر و خۆراگری کوردستان!

٢٩ ساڵ پاش تێرۆری شەهید د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی سیاسەت و ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی بۆ پرسی کورد لە ئێران نەگۆڕاوە و ئەم ڕێژیمە هەروەک جاران بە زمانی سەرکوت و ئامرازەکانی چەک و تێرۆر و مووشەک وەڵامی داخوازە ڕەوا و ئاشتییانەکانی کورد و دێموکراتیک‌ترین جووڵانەوەی سیاسیی ئێران دەداتەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەگەڵ دامەزرانی پاش ئەوەی دەنگی “نا”ی خەڵکی کوردی بیست و کوردستان بە کردەوە بوو بە سەنگەری لەگیراننەهاتووی ئازادی، لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە بەردەوامی بە سەپاندنی شەڕ و سەرکوت، تێرۆر و قەڵاچۆ و گرتن و ئێعدام هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی نەرمی تواندنەوە و دروست‌کردنی قەیرانی شوناس هەوڵی داوە جووڵانەوەی کورد بەچۆکدا بێنێ. ئەم ڕێژیمە لە هەموو کاتێکدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی وەک چقڵی چاو و کۆسپی بەردەم پڕۆژەکانی بینیوە، بۆیە لەلایەک زۆرترین دەستی لێ وەشاندووە و بە تێرۆری ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی هەوڵی داوە لە توانا و زەرفییەتە خەباتگێڕییەکانی ئەم حیزبە بدا و، لەلایەکی دیکەش لە ڕێگەی شەڕی نەرم و تەبلیغی و چەواشەی مێژووەوە هەوڵی کەلێن‌خستن لە نێوان کۆمەڵانی خەڵک و حیزبی دێموکراتی داوە. مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات لە خەرمانانی سێ ساڵ لەوە پێش ڕاست لەو خەونەوە سەرچاوەی دەگرت کە بەهۆی ڕابوونی خەڵکەوە لە ٢١ی خەرمانان ڕێژیم بۆی دەرکەوت کە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان قەڵایەکی لەگیران‌نەهاتوویە و بە تێرۆری ڕێبەرانی و مووشەک‌تێگرتن لە بنکە و بارەگاکانی لەبن‌نایە. حاشا لەوەش ناکرێ کە کۆماری ئیسلامی بە تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات، بەتایبەت د. قاسملوو و د.شەرەفکەندی و هەروەها بەردەوامیی تێرۆری ڕێبەرانی ئەم حیزبە و مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات توانیویەتی زەبری قورس لە پەیکەری حیزبی دێموکرات بدا و حیزبەکەمان و جووڵانەوەی کوردیش لە توانا فیکری و مەیدانییەکانی ڕێبەرانی شەهید بێبەش بکا، بەڵام ئەم حیزبە بە پشت‌قایمیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و خۆڕاگریی کادر و پێشمەرگە و ئەندامەکانی و، ئیمان بە سەرکەوتن لە خەباتی ڕەوا و مافخوازانەی ئەم گەلە، لە مەیدان‌دا ماوەتەوە و لە پێشەنگایەتیی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە ئێراندا بەردەوامە.

هاونیشتمانانی خۆشەویست!

لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرپۆش‌دانان لە کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵات و بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی سەرنج و بیرورای گشتی پەرە بە قەیران‌خوڵقێنی لە دەرەوەی سنوورەکانی دەدا، لە کاتێک‌دا بە بەردەوامیی سەرکوت و تێرۆر و هەرەشە پێداگری لەسەر عەقڵییەتی نەسازی خۆی لەگەڵ جووڵانەوەی کورد دەکا؛ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ئێران شێلگیرتر لە جاران درێژەی هەیە. قوتابیانی شەهید د. شەرەفکەندی لەو مەیدانەدا بە ئیلهام‌وەرگرتن لەو و ڕێبەرانی دیکەی شەهیدمان، باوەڕ و بنەما فکرییەکانی ئەو ڕێبەرە بلیمەتەی کورد و وانە و خەسلەتە تایبەتی و گشتییەکانی ئەویان کردووەتە ڕووناک‌کەرەوە و مەشغەڵی ڕێگای ئەم خەباتە پیرۆزە و هەتا سەرکەوتنی دواجاریش هەدا نادەن.

لەدوای تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی کۆماری ئیسلامی پێی وابوو حیزبی دێموکراتی کوردستان هەرەس دێنێ و بەچۆکدا دێ، بەڵام پاش سێ دەیە ئەوەی لەنێو خەڵکدا هەرەسی هێناوە و کەمترین شەرعییەتی نەماوە کۆماری ئیسلامییە و ئەوەی بەردەوام بەرەوپێش هەنگاوی ناوە جووڵانەوەی مافخوازیی کورد و ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتە. بۆیە لە‌ ساڵڕۆژی تیڕۆڕی ڕێبه‌ری لێوه‌شاوه‌ و دڵسۆزی گه‌له‌كه‌مان دوكتور سادقی شه‌ڕه‌فكه‌ندی و هاوڕێیانی‌دا بە ورەی بەرز و بە هیواوە درێژە بە ڕێبازی پیرۆزی ئەو شەهیدە مەزنانە دەدەین و ‌خوو و ڕه‌وشت و وانەکانی ئه‌و ڕێبه‌ره‌ مه‌زنه‌ هەروا مه‌شخه‌ڵی ڕووناك‌كه‌ره‌وه‌ی ڕێگای خه‌باتمان دەبێ.

بەرز و پیرۆز بێ یاد و ناوی شەهیدانی ڕێبەرمان،

پڕ ڕێبوار بێ ڕێبازی دێموکرات و

سڵاو لە خۆڕاگری کادر و پێشمەرگەکان و

سڵاو لە ئیرادە و پشت‌قایمیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.