گەر تاسەی قسە و راوێژتم کرد، هانا بۆ ناو دێر و وشەی کتێب و نامەکانت دەبەم. سەید ئه‌حمه‌د حوسێنی

ئامادەبوانی هێژا!
بنەماڵەی بەرێزی کاک ئەحمەد کاکەمەمی!
دۆستان و هاورێیانی کاک ئەحمەد!
بە بۆنەی کۆچی دوایی هاورێ و برا و هاوخەمی خۆشەویستم سەرەخۆشیتان عەرز دەکەم.
” وەختێ ئەدوا….. شنەبایەک لە دەنگیا بوو.
لە ئاسپایی ئاسپاییتر……. نەرم نەرم ئەهات ئەیدا.
لە پەڕەی دڵ و پەردەی گوێ … وەختێ ئەدوا.
وەختێ ئەرۆیشت ….
لە جۆگەی روونی بێ خوڕەی ….. بەر سێبەری نزارێکی کش و مات
و هەنگاونانی، لە هەنگاوی هەتاوێکی بە کاوەخۆی بەیانیانی
بن بنار و ناو تەلان و لاپاڵ ئەچوو.” (بێکەس)
بەرێزان
مێژوو پێکهاتەی کۆی رووداو و ئەزموونی رابردوویە کە لە حافزەی کەسەکاندا دەمێنێتەوە و پاشان وەک نووسراوە تۆمار دەکرێت. بیگومان بابەتی گرینگی مێژوو رووداوەکانی رابردوون کە کەس یان گرووپ یان حیزب یان نەتەوەیەک تێیدا دەخیل و کارتیکەر بوون.
لە دەلاقەی ئەم خوێندنەوەوە، میژووی حیزب و جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی کوردستانیش، کۆی سەربردە و تێکۆشانی تاکەکانی بەشدار لەم خەباتەیە. کەوابوو کاک ئەحمەد بەشێکە لە میژووی حیزب و بە دلنیایەوە نەخشی گرینگی لە هێندێک بڕگە و شوین و قۆناغی ئەم بزووتنەوەدا هەبوە.
هەڵسەنگاندن و داوەری لەسەر رووداو و کەسەکان بیگومان لە چوارچیوەی تایبەتمەندیەکانی کەسیەتی و ئەزموونی کەسیی هەلسەنگێنەرەکاندا دێتە ئاراوە. بۆیە هەولدەدەم تێگەیشتن و روانگەی خۆم لە سەر کاک ئەحمەد کە زەمەنێکی دوورودرێژ، بە چڕی و هێندی جاریش بە نیوە چڕی پەیوەندیمان بوە، بە کورتی لە چەند خالدا باس بکەم. ئەو کارەش دوو هۆی هەیە. یەکەمیان داوای کاک ئەحمەدم بە جێ هیناوە کە حەزی دەکرد پاش مالئاوایی یەکجاری من شتیکی لەسەر بنووسم و دووهەمیان وەک چۆن من کاک ئەحمەدم ناسیوە، پێناسەی بکەم.
سالێک پاش دەورەی سیاسی ” خڕەجۆ” کە یەکترمان تێدا ناسیبوو، سالی ١٣٦٠ی هەتاوی لە ناو کەپر و خێوەتی کومیتەی شارستانی مەهاباد لە ” دۆڵی لووسێ” ی گوندی ” کۆنە دێ” یەکترمان دیتەوە. شەوانە قسە و باس و موناقشە و خۆزگە و حەز و هیوا، کۆرەکەمانی دەرازاندەوە و رۆژانەش ئەوان وەدوای ئەرک و فەرمانی خۆیان دەکەوتن و منیش کە لەوێ میوان بووم، بە سەردانی چادری ئینتشارات کە سەرقالی نووسین و چاپی نامیلکەی ” پێشەوا” بوون و جارجاریش داگەران بۆ ناو دێ و چوونە ناو باغی جەنابی حاجی عەبدوولا کە دەرگای بۆ هەموو پێشمەرگەیەک واڵا بوو، کاتم تێپەر دەکرد.
پیاوێکی باڵابەرز، کەوا پاتۆڵێکی ئاماڵ شینی مرادخانی لەبەر، مەند و نەرم و هێدی، پووخت دوێ، کۆمەلایەتی بوون و لێزانی لە رەفتار لە گەڵ خەلکدا بە زەقی تیدا دیار بوو. بوونی ئەو کەسایەتیەش دەگەرایەوە بۆ ژینگەی پەروەردە بوون و گرێچنی پێکهاتەی بنەمالە و پێوەندیەکانی لادێ و بەرزی عیزەتی نەفس و باوەر بەخۆ بوونی کاک ئەحمەد خۆی.
کاک ئەحمەد پەروەردەی ناو کۆمەلگای موکریان بوو و هێزی بزوێنەر و بەرهەم‌هێنی وەرزێر و جوتیاری لادیی دەناسی و پاشان کە بۆ خوێندن دەچێتە شار، دەگەل تایبەتمەندی و ژێنگەی شاریش ئاشنا دەبێت. بەو دوو ئەزموون و زانیاریەوە تێکەڵ بە رەوتی سیاسی، فەرهەنگی و ئەدەبی دەبێت و پاشان دەبێتە کادرێکی لێهاتوو و خەلکی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئیران.
کاتێک شۆرش قۆلی پەرەپێدان و گەشەپێدانی زمانی کوردی وەک شادەماری شوناسی نەتەوەیی هەڵمالی و کۆری پەروەردەو فێرکردنی دامەزراند، لە مووسالانی سەردەشت تووشی یەکتر بووینەوە و کەشکۆلی پڕبوو لە زانیاری ئەدەبی و زمانەوانی .
هاورێ ئەرم و هێدیەکەمان، قۆناغ بە قۆناغ دەگەڵ شۆرش هەنگاو دەنێ و رێگە دەبرێ تا دەگاتە ” گەورەدێ” بنکەی رێبەری حیزب و لە بەشی تەداروکاتدا ئەرک وە ئەستۆ دەگرێ. زەین تیژی، خەلکناسی، دووربینی و رەفتاری مرۆڤدۆستانەی خۆی دەکاتە پردەبازی پەرانەوەی پەیامی خۆشەویستی، هاورێیەتی، برایەتی تا چرۆی هیوا و هومێد لەم شەوستانە بە بۆمب و ناپاڵم دەورگیراوەدا ، لە ناو دڵی هەڤاڵانیدا بپشکوێنی.
کاک ئەحمەد نەسلی سیهەمی حیزب بوو، ئەو نەسڵەی تا ئێستاش بە وردی لەسەر ئەرک و ماندوویی و زەحمەت و کارتێکەریەکەی لێکۆلینەوە و هەلسەنگاندن نەکراوە. ئەسلی سێیەم قورسایی پرۆسەی رابوون و خۆناسین و دارشتنی گوتاری نەتەوەیی و بە جەماوەریکردنی هێماکانی نەتەوەیی لە سەر شان بوو. ئەو نەسڵەی ریشەی جیاوازیەکانی دەخستە روو تا ناسنامە بە تاکەکان ببخشێ و ئەو تاکانەش، لە چوارچێوەی شوناسی نەتەوەیی کۆییدا یەک بگرنەوە. ئەو نەسڵەی دوو بواری گرینگ، واتە فێربوونی زمان و خۆ بە نەتەوە زانین دەکاتە دەسپێکی تێکۆشان بۆ ئەوەی جەماوەر بەرژەوەندی خۆیان دیاری بکەن، بیپارێزن و گەشەی پێ‌بدەن.
لەم مەیدانەدا، پێشمەرگەی ئەدیب، ماموستای دڵسۆز، تێکۆشەری ئاشقە زمان و نیشتمانپەروەری بێ‌دەعیە کاک ئەحمەد پڕ وزە و چاڵاک، پەرێزی بە پێز و دیار بوو و لە پێناو ئامانجدا ئاشقانە تێدەکۆشا و بەردەوام بوو.
پاش چەند ساڵێک قەدەر ئاواڵ و هاورێی لێک‌بڵاو دەکات، بەشێک پەریوە و تەرکە وەتەن هەر کام لە شوێنیکی ئەم جیهانە کاڵەی غەریبی دەکەنەوە و سەرئەنجام جاریکیتر لە سوید یەک دەگرینەوە. بەرگی پێشمەرگانەی دەبەر نیە بەلام سیلەی دڵی لەناو مەقەری پێشمەرگە جێ‌هێشتوە. رەخت و فیشەکدانی نەبەستوە بەڵام بەر لە نیگابانی بنکەی پێشمەرگە و دەستەی کەمین‌شکێنی مەفرەزەکان، بەدەنگی گرمەی تۆپ و ویزەی فیشەکی دوژمن رادەچلەکێت.
خەمی کوردستان، تاسەی هاورێیان، نیگەرانی دوارۆژی شۆرش دەبنە ملوانکەی ملی و لێی جیا نابنەوە بەلام بێ ماندووبوون بە گژ ئەرک و فەرمانی نوێ و ئامۆیی و غەریبیدا دەچێتەوە.
لە تەشکیلاتی حیزبدا چالاکە و لە ماوەی نزیک سێ دەیەدا، کەم کۆبوونەوە، خۆپێشاندان، بۆنە و مەراسمی حیزبی و جەماوەری شک دەبەی کاک ئەحمەد تێیدا بەشدار و دەوری نەگێرابێ.
چوار بەرگ کتیبی خویندن بۆ مندالانی کورد لە سوید بە ناوی ” گولبەهارە” دەنووسێ و بۆم دەنێرێ. چەند مانگ سەرقاڵی بەسەرداچوونەوەیان دەبم، هەموو شەوێ بە سەعات سەبارەت بە ناوەرۆک و بابەت و دارشتنی کتیبەکان بەیەکەوە دەدوین، سەرەنجام ئامادە دەبن و دەکەونە بەردەست منداڵان لە قوتابخانە.
کاک ئەحمەد لێرە لە سوید دەژی و خەمی دیاربەکر و قامیشلوو و هەولێر و سنە دەخوا. لێرەیە و پەرۆشی هێرشی لشکری داگیرکەرانی بێرەحمە. لێرەیە و دەگەڵ شایی و شینی کوردانی هەلوەدای ئەم ولاتە لێکگرێدراوە.
شەوانە هێلی تەلەفوونەکەی بەردەوام مەشغووڵە و قسە دەکات وەرەس نابێ. لە گەڵ یەکیان باسی ئەدەبیە، ئەویتریان سیاسیە. گوێ لە دەردی دلی ئەمیان دەگرێ و تووڕەیی و رەخنەی ئەویان بە نەرمی وڵام دەداتەوە. ئەو مەحرەمە، پشتیوانە، فریادرەسە، برایە. کە هەمووان بێدەنگ دەبن و دەخەون، ئەو لە پشوو و خەوی خۆی کەمدەکاتەوە و کتیب دەنووسی. ماندوو نابێ، ناهومید نابێ و بەردەوام دەبێت.
ئەوەندە بەسە ئێمە تەنیا جارێک بە شەوێکی ساردی زستان، لە شارێکی ئەم سویدەوە پاش تەواوبوونی کۆبوونەوە یان مەراسمێکیتر، بە قەتار و بووس پاش چەندجار خەت گۆرین و وەستان و چاوەروان‌بوون بچینە ” نینس هامن” تا بۆمان دەرکەوێ کاک ئەحمەد ئەو چەند سالە چ تاقەت و عیشقێکی گەورەی بەرامبەر بە ئەرک و بەلێنی خۆی هەبوو.
دۆستان و هاورێیانی کاک ئەحمەد!
ددان‌هێشەیەکی بە ژانە لەناو دلمدا هێلانەی کردوە.
ڕێگە رژد و هەڵدێر و ناهەموارە. لە چوارلاوە بە تاریکی تەقە دەکرێ. لەو دەربەندە سامناکە هەنگاونان تووش و ئاستەمە، بە ئامووری بوختان رای گشتی قوڕکێڵ دەکەن. چڵی فەریکە گەنم بە تاوانی بێوەفایی لەدار دەدەن. دەنگۆی هەڵگەرانەوەی “ئاو لە کانی” بڵاودەکەنەوە، قین دەچێنن و تێدەکۆشن سواران بگلێنن.
بەڵام سووکەڵەسواری ئێمە کاک ئەحمەدی ماموستا، خۆی وتەنی ” گوێ ناداتە ئەوان تەوس و توانجان” و رێگە دەبرێ. بەردەوامە و ناگلێ و نەک لە ناو تێکۆشەرانی دێموکرات بەلکوو لە ناو هێزەکانی سیاسی هەرچوار پارچەی کوردستاندا دەبێتە تێکۆشەرێکی ناسراو، کادرێکی خۆشەویست و جێگای رێز.
کاکی من!
خەمی ئەو کۆچەت، ژانی ئەم سەفەرەت لە سکووتی سیحراویی تاساندا تەجرووبە دەکەم و ناچارم لە نێوان ” نەبوون” و ” یادت”دا، ئازاری نەبوونت بە مەرهەمی یادت سارێژ کەم.
خوارزا!
گەردەلوولی ئینکار، گژەبای بێوەفایی و بێرەحمی هەرچەند بە هێز و وێرانکەریش بێت، شەبەقی کازیوەی ویژدان رؤژێک دەلاقەی نوور بەرەو پێدەشتی راستی دەکاتەوە و تۆ دەبی بە یادێکی پڕشکۆ و بێگەردی ئەبەدی لە ناو گوێچکەی دلی ئەوانەی توانای خوێندنەوەی تۆیان هەیە و لە مانای ئەرزشەکان دەگەن.
و منیش هاورێ لە سووچی لاپەرەی یەکەمی گولبەهارە لە ژێرەوەی ئیمزاکەت دەنووسم:
کاک ئەحمەد گەورە بوو و لە تەک ئاسۆکراوەکاندا هاورێ بوو. نالەی دڵ و تەوژمی ژانی دەناسی. دەنووسم: خەمی ئەم نیشتمانەی نابوو سەرشانی و تاسەباری شۆرشی رۆژهەڵات بوو.
هەرکاتیکیش ویستم لەگەڵتا بدوێم، پەنجەرەی بیرەوەریەکانم دەکەمەوە و لە جوار وەرزی ساڵدا، لە مەنگورایەتی مەهاباد، سوێسنایەتی و ئالانی سەردەشت، گەڵالە و گەورەدێ یان لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ” نینس‌هامن” و سەرئەنجام لە قوژبنی هۆلی کۆبوونەوەیەکدا جاوت بۆ دەگێرم تا بتبینمەوە و لە گەلت بدوێم.
گەر تاسەی قسە و راوێژتم کرد، هانا بۆ ناو دێر و وشەی کتێب و نامەکانت دەبەم تا لە بێدەنگێکی پڕ لە مانا و چێژدا لە ئامێزت گرم. مالئاوا ماموستا!
ئامادەبوانی بەریز، سورەیا خانم، کاکە سەنگەر، ساکار و سۆمای ئازیز!
هاوخەمتانم، سەرساغ بن.

٢٠٢١.٠٨.٢٨