ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوکاری بەنیسبەت بە تێرۆری مووسا باباخانی

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئاگادار کراین دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ٥ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی، کاک “مووسا باباخانی” ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەپێی پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراو لە هۆتێل “گوڵی سلێمانی” لە شاری “هەولێر” لەلایەن تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کراوە و بە یەک دونیا هیواوە ماڵاوایی لە گەلی کورد و هاوڕێیانی کرد.

کاک “مووسا باباخانی” خەڵکی دەڤەری “کرماشان” لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لەدایک بووە و ساڵی ١٣٧٨ پێوەندی بە ڕێکخستنی حیزبەوە بۆ خزمەت بە حیزب و گەلەکەی و خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد کردووە و پێشمەرگە و کادرێکی چالاک و بە بیروباوەڕ بووە و ئەرکی حیزبی بەڕێوە بردووە و بە ئەو کار و تێکۆشانە بەردەوامەی لە کۆنگرەی ١٧یەمی حیزبەکەیدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵدەبژێردرێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم تاوانە تێرۆریستییە، داوا لە لایەنە سیاسی، ئەمنییەتی و یاساییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکا لە پێوەندی بە ئەم کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدواداچوون بکەن و بێ هەڵوێست نەبن و ڕێڕەوی یاسایی بگرنە بەر.

هەروەها هاودەردی و سەرەخۆشی خۆمان بە ئەم بۆنەوە لە هاوڕێیانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بنەماڵەی نیشتمانپەروەری کاک “مووسا باباخانی” دەکەین.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە ئەم تاوانە تێرۆریستییە مەحکووم دەکەین و نەفرەت لە تێرۆر و داڵدەدەرانی تێرۆریزم دەکەین و داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و مرۆڤدۆستەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکەین ئەم تاوانە تێرۆریستییەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەرمەزار بکەن.

سڵاو لە گیانی پاکی کاک موسی باباخانی

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی

٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی