دوو ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە سەر تیرۆری هاوڕێ مووسا باباخانی

ڕاگەیەندراوی ژمارە ٢ له‌باره‌ی تێرۆری هاوڕێ مووسا باباخانی
بۆ ئاگاداریی بیروڕای گشتی و مێدیاکان

دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی تێرۆری کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر، زۆر لە مێدیا و ڕاگەیەنە گشتییه‌کانی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ پێوەندی به سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه ده‌گرن و داوای لێدوان لە بەرێوەبەریی حیزب دەکه‌ن.

لێکۆڵینەوە لەو تاوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە‌لایه‌‌ن دامودەزگا حکوومییە پێوەندیدارەکانی هه‌رێمی کوردستان و ئۆرگانه پێوه‌‌ندیداره‌كانی حیزبی دێموکڕاته‌وه دەستی پێ کردووە. له‌گه‌ڵ ڕوونبوونه‌وه‌ی زیاتری ئاکامی لێکۆڵینه‌وه له‌و جینایه‌ته له ڕۆژانی داهاتوودا بیروڕای گشتی له‌ چه‌ند و چۆنی تاوانه‌که و هه‌ڵوێستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

سکرتاریا

١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠


ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبارەی تێرۆری مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەوە
به‌ ئاگاداریی بیروڕای گشتی، میدیاکان، و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌کان ده‌گه‌یه‌نین بەداخێکی گرانەوە کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر تێرۆر کرا.

هاوڕێ مووسا باباخانی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی گەلاوێژ لەلایەن دوو تێرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕفێندرا و بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ١٦ی گەلاوێژ تەرمی بێ‌گیانی لە حاڵێکدا ئاسەواری ئەشکەنجەی قورسی پێوە دیار بووە، لە ژوورێکی هۆتێلی “گوڵی سلێمانی” لە شاری هەولێر دۆزرایەوە.

کاک مووسا باباخانی، خەڵکی کرماشان، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی بوو و لە ساڵی ١٣٧٨ەوە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ خەبات و تێکۆشان هەڵبژاردبوو. ئەو پێشمەرگەیەکی بەبیر و باوەڕ و نەسرەوتوو بوو، و توانی هەموو پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لە دوای یەک ببرێ و لە کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرێ.

وێڕای به‌داخبوونمان له‌ شه‌هیدبوونی ئه‌و کادرە بەوه‌جه‌ی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و هاوخه‌میمان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و هاوسه‌نگه‌رانی، زانیاریی زیاتر له‌ باره‌ی ڕووداوه‌که‌، هه‌ر وه‌ها وردەکاریی ژیان و تێکۆشانی شه‌هید مووسا باباخانی، نوێترین قوربانیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ به‌یاننامه‌کانی داهاتوودا به‌ ئاگاداریی بیروڕای گشتی ده‌گه‌یه‌نین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

سکرتاریا

١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی