ئەمریکا چۆن لەگەڵ سەرکۆماری نوێی ئێران هەڵسوکەوت بکا

نایشنال ریڤیو – ڤیکتۆریا کۆتس. کەماڵ حەسەن‌پوور
بە پێڕەو کردنی سیاسەتی “بێدەنگیی ستراتێژیک”-ی سەردەمی ئۆباما لە دوای هەڵبژێرانی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرکۆماری ئێران لە لایەن سەرۆکی گەورە عەلی خامنەیی، بەڕێوەبەرایەتی بایدن لە بێدەنگیدا چاوەڕێی دەست بەکار بوونیەتی، ڕەنگبێ بەو هیوایە کە قەناعەتی پێبێنێ تا دوای سوێند خواردنی فەرمی لە مانگی ئاگوست، بگەڕێتەوە ڕێککەوتنی بەرجام. بەڵام، ناڕەزایەتییە پەرە ئەستێنەکان لە سەرانسەری ئێران ئەوە دەگەیەنن کە گەڕانەوەی “بێدەنگیی ستراتێژیک” لەو کاتە هەستیارەی ئەم هاوینەدا دەتوانێ ببێتە هۆی لەکیس چوونی دەرفەتێک، وەک چۆن دوازدە ساڵ لەوە پێش بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما بە ئانقەست مەزنترین هەڕەشە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە دوای سەرەتاکەی لە ١٩٧٩، پاشگوێ خست. ڕەنگبێ سیاسەتێکی بەرهەمدارتر بۆ تێوەگلانی چالاکانە لەگەڵ خەڵکی ئێران ئەوە بێ کە چاوێک بە سیاسەتی سەرکەوتووی سەردەمی شەڕی سارد دا بخشێنێ، کە دەکرێ بە وشەی “هاوپشتی” کورت بکرێتەوە.
لە مانگی جوونی ٢٠٠٩، کاتێک دەیان هەزار ئێرانیی بوێر ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دژی دووبارە هەڵبژێرانەوەی مەحمود ئەحمەدی‌نەژاد دەربڕی، جان کێری، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندیی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران، لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دا هۆشداریی دا بە “کۆنەپارێزە نوێیەکان” کە “لە پێش ئاخاوتن لە بارەی ڕووداوکانی ئێران، بیر بکەنەوە”. کێری لە درێژەی وتارەکەیدا نووسی، لە کاتێکدا کە خۆپێشاندەرەکان بوونە هۆی “ئیلهامی” ناوبراو و “هاو هەستی” لەگەڵ خولیاکانیان هەیە، پشتیوانی بەهێز لەوان دەبێتە هۆی بەهێزتر کردنی توندئاژۆکان. لە لایەکی دیکەوە، سەرکۆمار ئۆباما، بە بێدەنگیی خۆی و “پێشنیاری وتووێژ و ئاشتبوونەوە بە تاران”، “توندئاژۆکانی ناچار بە بەرگریی” کردبوو. ئاکامی ئەو بێدەنگییە ڕێککەوتنی بەرجام یان مامەڵەی ئەتۆمیی ئێران لە ٢٠١٥ی لێکەوتەوە.
دوای هەڵبژاردنە گەندەڵ و نادێموکراتیکەکەی ڕەئیسی وەک سەرکۆمار، بەڕیوەبەرایەتی بایدن، هەڵسوکەتی بێدەنگیی هەڵبژاردۆتەوە، تەنانەت خۆ لە لێدوانێکی بێ لایەنانەش لەمەڕ ئەو شانۆ گاڵتەجاڕانەی دێمۆکراسی لە لایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوە دەبوێرێ جا چ بگا بە خودی سەرکۆمار بایدن. ئەو پاشگوێ خستنە ئاشکرایە هێندە سەرنجی بۆ لای خۆی ڕاکێشان کە وتە بێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوە خۆی ناچار دیت جوابی لێکدانەوەکان لە چاوپێکەوتنی ڕۆژانە لەگەڵ ڕۆژنامەوانان بداتەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی نەریتی کاری وەزارەتی کاروباری دەرەوە لەمەڕ لێداون لە بارەی هەڵبژاردنان، مەزن و بچووک، لە سەرانسەری دنیا ڕەچاوی دەکەن، شتێکی گاڵتە جاڕانە بوو. بڕیاری سەرکۆنە نەکردنی هەڵبژاردنەکان بە ئاشکرا دیارە نرخی وتوێژەکانی ڤییەنە کە ئێستا لە ئارا دان و پێویست بە گوتن ناکا.
بەڵام بە دوو هۆ بەڕێوەبەرایەتی بایدن لەوانەیە بیهەوێ پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی بۆ سەرکۆنە نەکردنی “هەڵبژاردنەکانی” ئێران بکا. یەکەم، ڕەئیسی بە تایبەتی تێکەڵاوێکی مەترسیدارە لە جەردە و مەلا. دووهەم، خەڵکی ئێران ڕەنگبێ چاوەڕوانی ئەو جۆرە هاندانە پتەوە بن کە بەڕیوەبەرایەتی ئۆباما لە ٢٠٠٩ خۆی لێ بوارد.
شتێک کە هەڵبژاردنەکە ئاشکرای کرد ئەوەیە کە ڕێبەری گەورە چیدیکە پشتگیری لە بووکەڵەی “ڕێفۆرمخواز” وەک سەرکۆماری پێشوو حەسەن ڕووحانی و وەزیرەی دەرەوە جەواد زەریف لە ناو ڕێژیمدا ناکا. ڕابردووی ڕەئیسی ئەوە دەردەخا کە ئەو کەسێکی گرینگە و دەوری کەسیی بۆ درێژەپێدانی کۆنتڕۆڵی بنەماڵەی خامنەیی بەسەر ئێرانەوە دەگێڕێ.
سەرکۆماری نوێ، دیکتاتۆرییەتی خۆی لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی لە ١٩٧٩ نیشان دا و زوو بوو بە کەسێکی ناسیاو لەناو سیستەمی دادوەریی ئێران، پلەیەک کە ئەو بۆ سەرکوتی نەیاران بەکاری هێنا، لە ناویاندا لە کارەساتی سەرانسەریی ١٩٨٨ دژی بەندییە سیاسییەکان، و ئەوە بەشێک لەو پەروەندەیە کە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بە گوێرەی بڕیاری سەرکۆماریی ١٣٨٧٦، بۆ سەپاندنی ئابلۆقە بەسەریدا وەک کەسێکی نزیک لە ڕێبەری گەورە کەڵکی لێ وەرگرت. ڕەئیسی هەر وەها سێ ساڵ وەک بەرپرسی “آستان قدس رضوی”، ڕێکخراوێک کە بە ڕواڵەت ناوەندێکی خێرخوازیی ئایینییە بەڵام بە کردەوە بەشێکە لە ڕایەڵەی لێڵی حەپەلووش کردنی دارایی کە سامانی بنەماڵەیی خامنەیی پێکدێنێ.
بۆیە ڕەئیسی لە پرسی پێکهاتەی پشتیوانی خامنەیی هەموو نهێنییەکان دەزانێ و هەروەها لەگەڵ شێوەی سەرکوتی ئاپۆڕای پەرە ئەستێنی بەرهەڵستکاران شارەزایە، بۆیە ئەو کاندیدای دڵخوازە بۆ پێڕاگەیشتن بە ناڕەزایەتییەکانی کاتی دەستلەکار کێشانەوە یان مردنی خامنەیی. ئەوە بەو مانایە نییە کە بزانین کاتی دروستی ئەو ڕووداوە کەنگێیە، بەڵام شتێکی عەقڵانییە کە بڵێێن ئەوە لە ماوەی چوارساڵی یەکەم یان دووهەمی سەرکۆماریی ڕەئیسی ڕوو دەدات. لە کاتێکدا کە ئامانجی کۆتایی سەرۆکی گەورە ئەوەیە کە کوڕە گەورەکەی، موجتەبا (ئەویش بە گوێرەی بڕیاری سەرکۆماریی ١٣٨٧٦ لە لیستەی ئابلۆقە دایە) جێگای بگرێتەوە، ڕەئیسی دەتوانێ مشورخۆرێکی ناوازە بێ بۆ دڵنیا بوون لەو جێگۆڕکێیە و پاراستنی سامانی بنەماڵەیی.
لە کاتێکدا کە ڕەوتی ڕووداوەکان بێ گومان بە قازانجی خامنەیی دەچنە پێش، وێناچی لە لایەن خەڵکی ئێران، کە نیگەرانی سەرەکیی ئەوان گەندەڵیی ڕێژیمە، قبووڵ بکرێ. ئەوان زۆر باش دەزانن کە لە کاتێکدا کە ئەوان بە هۆی ئابلۆقەی ناونەتەوەییەوە ئازار و برسییەتیان چێشتووە، مەلا پلە باڵاکان و ژەنڕاڵەکان سامانە زەبەلاحەکانیان بە فرۆشتنی نایاسایی نەوت زیاتر کردووە، لە کاتێکدا کە ئەوان بچووکترین دەرفەتیان بۆ ئاڵوگۆڕی دێموکراتیک نەهێشتۆتەوە. هاوکات کە لایەنگرانی ڕێژیم بەشداریی گەلێک کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی لە ١٨ی جوون بە “بێ هەستی” ناو دەبەن، بەڵام وێناچێ هۆیەکەی بێهەستی بێ، چونکە دووهەم ڕێژەی دەنگ، دوای ڕەئیسی، دەنگی سپی یان دەنگی بە ئانقەست پووچەڵ بووە. لە کاتێکدا کە ئێمە ڕێژە دروستەکەی نازانین، ئەو هەڵمەتی بایکۆت کردنە و ڕەتکردنەوەی سەرجەم کاندیداکان ڕەنگبێ تا ٪٧٥ دەنگەکانی لەگەڵ بووبێ. هەرچۆنێک بێ وێدەچێ خەڵکی ئێران هێندەش بێ هەست نەبن.
جگە لەوە، ناڕەزایەتییەکان لەو حەوتووانەی دوایی دا لە سەرانسەری ئێران بەیوە چوون، بەڵام، بە پێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٩، ئەو ناڕەزایەتییانە بە هۆی پرسی کۆمەڵایەتی، وەک ناڕەزایەتی لە ناو سەندیکای کرێکاران بە هۆی کەم بوونی مووچە و مەترسیدار بوونی مەرجەکانی کار، بە تایبەتی لە ناو کەرتی پیشەسازیی نەوت، بووە. ئەو خۆپیشاندانانە ئالنگارییەکی مەزنن بۆ ڕێژیم، لە کاتێکدا کە کوشتاری بێ بەزەییانەی ئەو کرێکارانە دەتوانێ ببێتە هۆی مانگرتنی زیاتر و تەگەرە خستنە سەر بەرهەمهێنان لەو کەرتە هەستیارەدا کە ئابووری لاوازی ئێران بەرگەیان ناگرێ. جگە لەوە، ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خوزستان بە هۆی نەبوونی ئاو، وەک هاواری جەماوەریی دژی گەندەڵیی سیستەماتیک و ناکارامەیی تاران کە وڵاتێکی دەوڵەمەند و خاوەن سامانی کردۆتە بیابانێکی وشک، لە سەرانسەری وڵات دا بڵاو بۆتەوە.
کاتێک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاستەخۆ پرسیار لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە کرا، وڵام دراوە کە ئەم وەزارەتە دۆخەکەی لە ژێر “چاودێریی دایە”، بەڵام زیاتر لە سێ حەوتووی خایاند تا لێدوانێکی فەرمی بدا، ئەویش تەنیا لە لایەن وتەبێژی ڕۆژنامەوانیی، کە “داوای لە دەوڵەتی ئێران کرد ڕێگا بە هاووڵاتیان بدا تا مافی ئازادیی دەربڕینی بیروڕا و دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە زانیاریی، لەناویاندا بە ئینتەرنێت، بەکار بێنن،” دیارە ناکرێ بڵێێن ئەوە نیشانەی پشتگیریی بەهێز لە لایەن کاربەدەستە پلە بەرزەکانی واشینگتۆنە.
لەکاتێکدا کە ئەم حەوتوویە ڕەئیسی خەریکی خۆ ئامادە کردن بۆ سوێند خواردنە، ئاشکرا بووە کە ئێران بەرپرسی هێرش بۆ سەر پاپۆڕی مەرسەر ستریت (پاپۆڕێکی سیڤیلی بازرگانی کە پێوەندیی بە ئیسڕائیلەوە هەیە) لە کەنداوی عەڕەبییە کە بۆتە هۆی کوژرانی دوو کەس لە سەرنشینەکانی و ئەوە نیشانەیەکی ئاشکرای زیاتر بوونی دوژمنایەتی تاران دژی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانمانە، بە بێ لەبەر چاو گرتنی کردەوە ئاشتیخوازانە و پاشەکشەکانی بەرێوەبەرایەتی بایدن. بەڵام ئەگەر خۆپیشاندانەکان پەرە بستێنن، دەرفەتێکی کۆتایی دەبێ بۆ ڕێبەریی سیاسی ئەمریکا، پێش ئەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ جیلێکی دیکە بناغەکانی پتەو بکا، تا ڕێچکە بگۆڕی و بە هێزی تەواوەوە لایەنگری لە خۆپیشاندەرەکان بکا و بەرهەڵستکارییەکی ناونەتەویی دژی ڕێژیم دروست بکا کە ماوەیەکی گەلێک دوور و درێژە ئێرانییەکان سەرکوت دەکا.
هەر چؤنێک بێ، تاکتیکێکی ئەوتۆ یارمەتی بە وڵاتە یەکگرتووەکان کرد تا شەڕی سارد بباتەوە: ئەمریکا بە کەڵک وەرگرتن لە دارایی دابین کراو لەلایەن پشتگیریی نەتەوەیی لە دێموکراسی، لە هەشتاکانی زایینی سەرکەوتووانە پشتگیریی لە جووڵانەوەی کرێکاریی لەهستان کرد و سەندیکا کرێکارییەکانی ئەمریکای هاندا تا پشتیوانی هاوکارە لەهستانییەکانیان بن. هاوپەیمانە ناوچەییەکانمان وەک ئیسڕائیل و عەڕەبستانی سعودی، کە خاوەنی تەکنەلۆژیای فرە پێشکەوتووی دابینکردنی ئاون، دەتوانن بە ئاشکرا پلان بۆ بەراوژوو کردنەوەی کەمیی کارەساتباری ئاو لە ئێران داڕێژن. جگە لەوە کۆنگرە دەتوانێ هەنگاو بۆ ئینتەرنێتی ساتەلاینتی ئازاد و بەخۆڕایی دابین بکا تا خۆپیشاندەران بتوانن خۆیان ڕێکبخەن و بەسەرهاتەکانیان بۆ دنیای دەرەوە بەڕێ بکەن. ئەو هاوپشتییە ڕەنگبی دروست ئەو شتە بێ کە خەڵکی ئێران بۆ داڕشتنەوەی چارەنووسی خۆیان پێویستیان بێ، بەڵام ئەگەر سەرکۆمار بایدن و بەڕێوەبەرایەتییەکەی درێژە بە ستراتێژی بێدەنگیی بدەن، ڕەنگبێ ئەو شتە جێبەجێ نەبێ.