لە یادی ٣٢ ساڵەی تیرۆری ناجوانمێرانەی شەهید دوکتور قاسملوو

لە یادی ٣٢ ساڵەی تیرۆرکرانی شەهید دوکتور قاسملوو و شەهید کاک عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر دا جارێکی دیکە نەفرەت لە تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی و داریژەرانی ئەو جینایەتە دەکەین و یاد و ناوی شەهید دوکتور قاسملوو هەروا بە بەرزی ڕادەگرین.
لەم یادە جارێکی دیکە سەری ڕێز و وەفاداری بۆ خزمەتە دیار و بەرچاوەکانی شەهید دوکتور قاسملوو، بۆ بیر و ئەندیشەی هەردەم زیندوو و سەردەمیانەی دادەنوێنم و تا وەدیهاتنی ئامانجەکانی، تا دەستبەر کردنی ئازادی هەروا رێبواری شێلگیر و بەوەفای ئەو ڕێبەرە پایەبەرزەی گەلەکەمان بم.
یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندووە
ڕوو ڕەشی بۆ کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێران


یا وەتەن یا مردنم

شێعری: محەممەد نووری ناسراو بە شێعری گەل ( عەتری گڵۆڵانی)

باری ئەستۆی دوژمنە وا هێسی کردۆ گەردنم

نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

 

ئەی وەتەن لەو وەختەوە ئەم رۆڵەیەت خستۆتە ڕۆ

شیری تۆ کەوتۆتە یاد و مێهری تۆی گرتۆتە خۆ

دڵ بە سازی تۆ بە کەیفە ڕوو بە خۆشی ڕوویی تۆ

پێم گووتی: دەبمە بەڵاگەردانی تۆ بێ هیچ درۆ

وەختی ئیجرای قەولمە ئۆباڵ بە تەختی گەردنم

نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

دوژمنی بەدخوو ئەگەر تۆ بمدەیەی زێری وڵات

دار و بەرد و خاک و خۆڵم بۆ بکەیتە حاسڵات

بمکەیە سەرداری دونیا تاجی شاهیم کەی خەڵات

شەرتە تێی‌هەڵدەم لە تاجت بیگەیەنمە ڕۆژهەڵات

چۆن دەبێ مەحکوومی تۆ بم کەچ بکەم بۆت گەردنم

نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

لاوەکان گەر ڕووح فیداکەن بۆ وەتەن هێشتا کەمە

گەر بدا ئاوی حەیاتێ دوژمنت، ژەهرە، غەمە

خۆشە دەردێکی کە دایکی نیشتمانی مەرهەمە

سینگەکەم قەڵغانی تۆیە ئەی وەتەن پێشمەرگەمە

ژیانی من قوربانی تۆ بێ جا بلیندە گەردنم

نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

غەم مەخۆ دایکی وەتەن تۆوی مرادت شین ئەکا

لاوی تۆ سەرخۆشە ئەورۆ پاکی داوای ژین ئەکا

داغی باڵای سەوزی تۆیە دوژمنت هەر شین ئەکا

تینی زوڵمی کۆنی تۆیە قەلبی من پر کین ئەک

نامەوێ ژێردەستی دوژمن بێتە تۆقی گەردنم

نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

حازرم بۆ حیفزی ئاو و خاکەکەت ئەی نیشتمان

شەرتە بیرێژم لەبەر پێت، خوێنی گەش ڕووحی ڕەوان

خوێنەکەم بۆ تۆ حەڵاڵە، ماڵیشم، هەر دووکیان

یا دەبێ هیچیان نەبن یا دوژمنت هیچکامیان

دەچمە بەر مەیدانی دوژمن جا حەڵاڵ کە گەردنم

نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

ئەی وەتەن گەر ژین هەبێ، حەققە کە تۆ ژینی منی

نامەوێ سەیری گوڵستان تۆ کە پەرژینی منی

ئاورم بۆ هێزی دوژمن چوونکە تۆ تینی منی

قیبلەکەم، ئیمانەکەم، پەیمانەکەم، دینی منی

گەر بوتی زیننار ئەبەستم ببیە خاچی گەردنم

نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم


سوپاس بۆ مام وەستا زێرە و ناردنی ئەو شێعرە و پەیداکردنی ئەو شێعرە کە لە کتێبی بستۆی ژیاندا چاپ کراوە.