ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٣٢هەمین ساڵوەگەڕی تیرۆری د.قاسملوو و هاوڕێیانی

هاونیشتمانیانی بەڕێز
کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان
هەروەک ئاگادارن، ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ بەرانبەر بە ١٣ی جوولای ٢٠٢١ی زایینی، ٣٢ ساڵ بە سەر تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکێک لە شوێندانەرترین ڕێبەرانی مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان تێدەپەڕێت.
لە وەها ڕۆژێکدا دوکتور قاسملوو کە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی ئاشتیانە بۆ پرسی کورد لە کوردستانی ئێران سەردانی شاری ڤییەن، پێیتەختی ئۆتریشی کردبوو، لەسەر مێزی وتووێژ و لەلایەن دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە درایە بەر دەستڕێژ و وێڕای عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و فازڵ ڕەسووڵ کەسایەتیی سیاسیی خەڵکی کوردستانی عێراق شەهید بوون.
لەو تاوانە تیرۆریستییە قیزەونەدا ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی دوور لە هەموو پرەنسیپە سیاسی و مرۆیی و دیپلۆماتیکەکان کەڵکی خراپی لە نیازپاکیی و ئاشتیخوازیی دوکتور قاسملوو و بزووتنەوەی ڕەوای کورد و عورف و ڕێساکانی دیپلۆماسی و دیالۆگ وەرگرت و لە نێو جەرگەی وڵاتێکی ئورووپاییدا بە شێوەیەکی دڕندانە دەستی بۆ ئەنجامدانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە قیزەونە برد.
لەو نێوانەدا هەڵوێستی دەوڵەتی ئۆتریش وەکوو وڵاتێکی ئورووپایی کە بە ڕواڵەت لە کێشە نێودەوڵەتییەکاندا بێلایەنیی هەڵبژاردووە، چ پێش تیرۆرەکە و چ لە دوای کارەساتەکە و داڵدەدان و بەڕێکردنەوەی تیرۆریستەکان بۆ ئێران، ئاشکرا ڕێخۆشکەری بەڕێوەچوون و سەرپۆشدانان لەسەر تیرۆرەکە بووە و لەو کاتەوە هەتا ئێستاش داخستنی دۆسیەی ئەو تیرۆرە لە بەرانبەر ساتوسەودا ئابووری و سیاسییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی تیرۆریستیی ئێران، پەڵەیەکی شەرم و شوورەیی بە نێوچاوی دەوڵەتی ئوتریشەوە بووە.
هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ئوتریش لە ڕاستیدا هاندەرێک بۆ درێژەدانی تیرۆری نەیارانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپاشدا بوو. وەک لە دۆسیەی دادگاییکردنی تاوانبارانی تیرۆری میکۆنۆسدا دەرکەوت، تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانیشی بەشێک لە پیلانی پاکتاوی نەیارانی ڕێژیم بوو کە ڕێبەر و سەرکۆمار و بەرپرسانی باڵای ڕێژیم تێیدا بڕیاردەری سەرەکی بوون و لە زەرفیەتی دەزگای دیپلۆماسی بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە کەڵکاژۆ وەرگیرا.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ٣٢هەمین ساڵوەگەڕی ئەو تاوانە تیرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە یەکیك لە ڕێبەرانی هەڵکەوتووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی کردە ئامانج، یادی دوکتور قاسملوو و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و گیانبەختکردووانی دەستی تیرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران بەرز ڕادەگرێت و پێ لەسەر درێژەدانی ئامانجە مرۆییەکانیان دادەگرێتەوە.
هەروەها داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و ئۆگرانی ئاشتی و ئازادی و مافە ڕەواکانی گەلانی ستەملێکراو دەکەین بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستادا کە وڵاتانی ئورووپایی سەرقاڵی دانوستان لەگەڵ لە کۆماری ئیسلامین، دیاریکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی یەکێک لە سیما ناسراوەکانی تاوان و کۆمەڵکوژیی ئەو ڕێژیمە وەکوو سەرکۆماری ئێران بە پەیامێکی جیددی بۆ درێژەدانی سیاسەتی کوشتار و تیرۆر و زەبروزەنگ وەربگرن و بە وەگەڕخستنی دۆسیەی تیرۆرەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات و لە پێش هەموویان تیرۆری دوکتور قاسملوو، هەم یارمەتیدەری بەڕێوەچوونی دادپەروەری بن و هەم شکست بە هەوڵەکانی ڕێژیمی تیرۆریست پەروەری ئێران بۆ درێژەدانی ئەو چەشنە سیاسەتانە و زاڵکردنی کەشی تیرۆر و تۆقان بەسەر کۆمەڵگای مرۆییدا بهێنن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٢ی جولای ٢٠٢١ی زایینی