ئێران و ئاڵوگۆڕەکانی لە دوای مردنی خامنەیی. ڕەحمەت مەحموودپوور

لە دوای رووخانی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ و ھاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، خومەینی وەکوو دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی جێگای پاشایەتی لە ئێراندا بە ناوی ڕێبەری ئۆممەتی ئیسلامی گرتەوە. مەقامی ڕێبەر لە کاتی خومەینی دا بە ھۆی باروودۆخی ئەو کاتی ئێران و بڕوای خەڵک بە چاکسازی لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی دا جێگەو پێگەیێکی باشی بوو و زۆرینەی خەڵکی ئەوکات، وەکوو کەسێکی موقەدەس تەماشایان دەکرد.
دوایی نەمانی خومەینی عەلی خامنەیی وەکوو ڕێبەر ھەڵبژاردرا، ئەو کات ئێران لە باروودۆخێکی باش دا بوو و خەڵک متمانەی بەو ڕژیمە مابوو، بەڵام لە ئێستادا باری تەندروستی ڕێبەرە ٨١ ساڵەکەی کۆماری ئیسلامی باش نیە و ھاتنی کەسێکی تازە بۆ پۆستی ڕێبەری پێویستی بە بەرنامەو پلانی باش ھەیە.

جێگر یان جێگرەوەکان
زۆر کەس لە ئێران موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەیی بە ڕێبەری ئێران دوایی باوکی دادەنێن.
ئیبراھیمی ڕەئیسی و تا رادەیەکی کەم حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران بە جێگرەوەی خامنەیی ناو دەبەن، بەڵام نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە ئەگەری ئەوە ھەیە کە مێشکەکانی دەفتەری بەڕێوەبەری کۆماری ئیسلامیش پڵان و بەرنامەیەکی داڕێژڕاویان ھەبێ بۆ دوایی نەمانی خامنەیی، وەکوو شۆرایەکی پێکھاتوو لە رووحانیەت و چەند کەسێکی ئەرەستوکرات کە لە جێگای خامنەیی بڕیار بۆ دواڕۆژی کۆمار بدەن.

خەڵک
ئێران وەڵاتێکی فرە نەتەوەییە، بە ئەدیانی جیاوازەوە کە شیعە مەزھەبەکان قسەی یەکەم دەکەن لە سیاسەتی ئێراندا.
جێگرەوەی خامنەیی کەسێکی شیعە مەزھەب دەبێ و وەکو ئەو چل و چەند سالەی ڕابردوو مافی مەزھەبەکانی کە پێشێل دەکرێ، ئەوە لە حالێک دایە کە ئەو کەسانەی باوەڕیان بە دینی ئیسلام نیە نە تەنیا ناتوانن بیر و رای خۆیان دەربڕن بەڵکو لە ترسی ژیانیان، بێ دەنگی ھەڵدەبژێرن.
زۆربەی خەڵک لە ترسی ئەو ڕژیمە دیکتاتۆرە بێ دەنگ دەبن و بڕوا ناکەم خەڵکیش بەو جۆرە کاریگەری بخەنە سەر پرۆسەی گۆڕینی ڕێبەر.
نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە لە وەڵاتە ئیسلامیەکان کاتێک کەسێک یان کەسانێک ڕەخنە لە دەسەڵات و یاسا دەگرن، زۆر جار بە ھێنانەوەی ئایەتێک لە قورئان یان حەدیسێک کۆتایی بە بارودۆخەکە دێنن و ھەر کەسێک کە بە دژی ئەو بڕیارە بوەستێ وەکوو کەسێکی دژە ئیسلام ناوی دەبەن وھتد.

کوودەتا
کوودەتا لە ھەموو وەڵاتێکدا ھێزە نیزامیەکان دەیکەن، بەڵام ئەگەری سەرھەڵدانی کوودەتا دوای نەمانی خامنەیی زۆر کەمە وە بڕوا ناکەم کەس چاوەڕێی ئەوە بکا کوودەتا بکرێت لە بەرئەوەیکە ھێزە نیزامیەکانی ئێران لە ژێر چاودێری تەواوی خامنەیی دان و بۆ کاتی نەمانیشی ھەر لە ئێستاوە پلانیان ھەیە کە چۆن کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکەن.

وەڵاتانی غەربی و ئامریکا
وەڵاتانی غەربی لە ئێستادا حەز بە گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران ناکەن، ئەوان خۆیان یارمەتیدەر بوون لە بوونیادنانی ئەو ڕژیمە و بە ھۆی باروودۆخی خەراپی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەی ئابووری لە گەڵ ئێران دەکەن و لە کاتی نەمانی خامنەیی ھیچ دەستێوەردانێک لە ئێراندا ناکەن، چۆن گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران لە ئێستادا لە بەرژەوەندی وان دا نیە.

کورد
کوردیش وەکوو نەتەوەکانی ژێر دەست لە ئێران دەسەڵاتێکی نیە تا مەرگی خامنەیی بە ھەل ببینێ و لە بەرژەوەندی خۆیدا بە کاری بێنێ، تەنیا کار کە ئێمەی کورد دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە بە یەکگرتوویی و درووست کردنی بەرەیەکی نیشتیمانی لە دواڕۆژ وەکوو ھێزێکی کاریگەر لە ئێرانی ئێستا دەربکەوین.

مەرگ و نەمان بۆ ھەموو دیکتاتۆرەکانی سەر گۆی زەوی

ڕەحمەت مەحموودپوور