زۆرن نەیارەکانی کورد کە داعش ئاسا سێرە دەگرن و ڕەنگیان دەگۆڕن، محەممەد سلێمانی

ئەو ڕووداوە ناخۆشانەی بەسەر هەرێمی کوردستان دێن، بەتەواوی دەستی حکوومەتی ئاخوندی لە پشتە و چۆن دەکرێت باوەڕ بەوە بکرێت کە داعش وەك هێزێکی یاغی و تیرۆریست بە نێوان هێزەکانی حشدی شەعبیدا هێرش بکاتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کوردستان و پاشان بە سانایی بۆ دەربچن، ئەگەر بێت و دەستێکی خەیانەتی لایەنی عێراقی لە پشت نەبێ و کارئاسانی بۆ تیرۆریستەکانی داعش نەکەن.

دوور نیە داعشەکان هەر ئەو حشدی شعبی یە بن کە شەوانە هێرش بکاتە سەر پێشمەرگە و بڵێن ئەوە داعشە!!

لەو چەند ڕۆژەیی ڕابردوو هێزێکی چەکدار لە پردێ لە درەنگانی شەودا هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بەداخەوە ژمارەیەك لە باشترین و تێکۆشەرترین ڕۆڵەکانی ئەو نیشتیمانە گیانی بەنرخیان فیدای ئازادی و ڕزگاری نەتەوەیی کرد.

ئەو ڕووداوە یەك ڕاست پاش سەردانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران بۆ بەغدا و هەولێر ئەنجام درا و ئەگەر تۆزێك ورد ڕوانینی دۆخی سیاسی و هەرێمایەتی بکەین، بەو نەتیجەیەی دەگەین کە ئەو هێرشانە بێ ئاگاداری و پلانی حكوومەتی ئاخوندی بە دژی کورد بەرێووە ناچێت و تاران وەك ماری سڕ وایە و لە کوێ بۆی بلوێت، یەك ڕاست لەو شوێنەدا کورد بەئامانج دەگرێ و بەداخەوە کوردیش دەنگی هەڵنابڕێ و هەر بە پیاو خاسەیان دەزانێ.

میلیشیا شیعە چەکدارەکانی عێڕاق کە چەکی مۆدێڕن و پێشکەتووی باشیان لە بەردەستدایە، ئەگەر خۆشیان بە ئاشکرایی هێرش نە کەنە سەر پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەرەکان، گوومان لەوەیدانیە لەو چەکانە بەشی داعش بدەن و هاوکاریشیان دەکەن زیان بە گەلی کورد بگەیەنن و ئارامی هەرێمی کوردستان بشوێنن.

بێگوومان داعش ئەگەر هێندێك لایەنی دژ بەکورد چەکی مۆدێرنیان نەدادەتە بەردەستی، پێ ناچێت پاش تێكچوونی خەلافەتی دەسەڵاتە ڕەشەکەیان ئەو هێز و توانا نیزامیان مابێ کە بەوجۆرە مەترسی لەسەر کورد دروست بکەن.

ڕێژیمی تاران دەمێكە بەو ئاکامەی گەیشتووە کە چی لە کورد دەست ناکەوێت کە بەقازانجی بێ، هەر بۆیەش بەتەواوی دژایەتیان دەکات و ڕۆژێك حشدی شەعبی و ڕۆژێك بەهاوکاری گروپەکانی نزیك لە خۆیان، داعش بە گژکورد دا دەکەن و ئەگەر حكوومەتی هەرێمی کوردستان تۆزێك خۆی خڕنەکاتەوە و دۆخی خۆی ڕێکنەخات، نیارەکانی بەتەواوی گەشەدەکەن و ئەوکات زیان بە کورد گەیاندن زۆر ئاسان تر دەبێ.

وەك پێویست پێشوازی لە وەزیری دەرەوەیی ئێران نەکرا و ، ئەو ساردیە بێگوومان مانای قووڵی سیاسی خۆی هەیە و لە ئاستێکی بەرزدا وەك خۆیان دەیان هەویست میوانداری لە شالیاری هەندەرانی تاران لە کوردستان نەکرا و، کە ئەوەش بەنۆبەی خۆی ئەوەمان پێ دەڵێت کە نیشانەی ناڕەزایەتی گەلی کوردە لەهەڵسوکەوت و دژایەتی تاران لە گەڵ هەرێمی کوردستان و مووشەك باران کردنی هەولێر بە هۆی هاوقۆڵەکانی تارانەوە و پاشان هێرشی سەر پردێ کۆی ئەو پیلانانەن کە ئێڕان بەدژی کورد دایان دەڕێژێت.

شالیاری هەندەرانی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران کە بە ماکەی فیتنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی گێتی و ناوچەیی ناسراوە لەو چەند ڕۆژانەدا، پاش سەردانی بەغدا، گەیشتە هەولێر و لەلایەن کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

لە ئاستێکی مام ناوەندیدا لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرا و، بەڕێز “قووباد تاڵەبانی” جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕایی وەڤدێکی باڵای حکوومەت لە فڕۆکەخانە ئامادەبوون ب کە تاران چاوەڕوانی زۆرتری دەکرد بۆ پێشوازی ئامادەبن!!

تاران بە ڕواڵەت پێداگری لەسەر دۆستایەتی و هاوکارییەکانی لە گەڵ حکوومەتی کوردستان دەربڕێووە و ئەوەی بەگشتی سەرنجی زۆر لە سیاسی و لێکۆڵرانی کوردستانی بە لایخۆیدا ڕاکێشاوە، نێوەرۆك و مەبەستی سەردانی ” محەممەد جەواد زەریف” ە بۆ هەولێر بووە.

لە دیداری دووقووڵی نێوانیاندا بەتەنیا ئاماژەیان بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران کردووە و بە گشتی تریش باس لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ئابووری و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو لاداکراوەتەوە و مەسەلە ئەساسی و بنەڕەتیەکانی وەك پرسی سیاسی و چارەنووسی هەرێمی کوردستان و هێرشە تیرۆریستیەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەر وەك کەیسێکی دەست لێنەدراو ماوەتەوە و، دیارە هیچ لایەك بە لایدا نەچووە و هەر وەك پرسێکی گشتی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانیان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراقدا باسکراون.

ئێران جگە لە زیان گەیاندن بە دەسکەوتەکانی کورد و بە دیاری کراویش هەرێمی کوردستان، کارێك ناکات خێر بە کورد بگەیەنێت و ئەو وڵاتە وەك یەکێك لە سەرسەخترین دوژمنەکانی نەتەوەکەمان، لەکوێ بۆیان بلوێ، ڕاست لەو شوێنەدا زیان بەکورد و هەنگاوە سیاسیەکانی دەگەیەنن، هەر وەك تائێرەش بە هەق لە هیچ خراپەیەك دەستیان نەپاراستووە.

هەر ئەوەی لە لایەن جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێر پیشوازی لە نێردەی باڵایی تاران کراوە ، مانای قووڵ هەڵدەگرێ و دەکرێت کە ڕوون ترینیان تێك چوونی هاوسەنگی هاوکاری و پەیوەندیی ئەو دوولایەنەیە.

بەشێك لەسەرچاوەکان لەو بڕوایەدان کەسەردانی زەریف گەیاندنی پەیامێکی تووندی تاران بێ بە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران و بەتایبەتیش چالاکیەکانی ئەو دوایی حدکا لە نێو خۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا! ئێران زرواوی لە تێکۆشانی سیاسی و تەشکیلاتی و چەکداری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران چووە و ناهەقیش نین کە بەو جۆرە دووچاری دڵەڕواکێ و هەراسانی بن. تاران بە باشی لە پێگە و نفووزی حیزب لە لایەك و بێزاری و ناڕەزایەتی شەقامی کوردستان و ئێران لە دەسەڵاتی ئاخوندی تێ گەیشتووە و هەوڵی جددی دەدەن کە دیسان شۆڕشی ئەو بەشەی وڵات بەرەوخاوبوونەوە بەرن. بەڵام هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموونی خۆیان لە قۆناخەی خەبات وەرگرتووە و بە جۆرێك خۆیان ڕێكخستووە کە بە هێزی نێوخۆ تاران بە تەسلیم دەکەن.

ڕێژیمی ئاخوندی بەر لە سەردانی وەزیری دەرەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان، دووجار بە چڕی هێرشی مووشەکیان کردە سەر هەولێر بەمەبەستی شێواندنی ئاسایشی هەرێم و دروستکردنی دڵەڕاوکێ لە نێوخەڵكدا و هاندانیان بەدژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تر کە بوونەتە هۆکاری ئارامی و پاراستنی ئاسایشی کوردستان لە دەستی داگیرکەرانی کوردستان و یەك لەوان حكوومەتی تاران.

بەهۆی دۆخی خراپی سیاسی و ئیداری عێراق، تاران لە جیاتی حکوومەتی بێ دەماری ئەو وڵاتە بڕیاری سیاسی دەدا و ئەگەر ئەوان ڕازی نەبن، بێگوومان بەشەبوودجەی هەرێمی کوردستان ناگاتە هەرێم و بڵێێ زمان لووس و هۆقەبازێکی سیاسی وەك جەواد زەریف کە نێونەرایەتی سیاسی ڕێژیمی تیرۆریستی ئێڕان دەکات،بڵێی ئەوەندە کوردی خۆش بوێت فشار لە حکوومەتی ناوەندی بکات کە پابەندی ڕێککەتنە ئاووریەکانی بێت لە گەڵ هەرێمی کوردستاندا!

بێگوومان وڵامەکە نەخێرە و ئەگەر بۆیان بکرێ، بە یەك دوو ڕۆژ کۆتایی بە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان دێنن و کوردستان دەخەنەوە ژێر دەسەڵاتی شیعەکانی ئەو وڵاتە کە هاوقۆڵی خۆیانن و هەر تارانیشە لە ژێرەوە داعش و حشدی شەعبی بە نۆرە بە گژکوردەوە دەنێت.

گوومان لەوەیدا نیە سیاسیەباڵاکانی هەرێمی کوردستان زۆر باش لە نیەت و مەبەستی تاران گەیشتوون و بەباشی هەستیان بە دوژمنایەتی ئەو وڵاتە بە رامبەر بە خۆیان کردووە و باوەڕ بەقەول و بەڵێنیەکانی ئەو ڕێژیمە ناکەن و ئەگەر بەوجۆرەش پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران دەپارێزن، بێگوومان بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هاوسێ یەتی و بەڵام ئەگەر جیرانیش هەر بەرەوخراپی بچێ و واز لە دزی و کرداری ناشیرین و ترسەنۆکانەی هەڵنەگرێت، هۆکارێك بۆ دۆستایەتی نامێنێتەوە.

محەممەد سلێمانی

03.05.2021