زۆر بە کورتی. عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە

ئەم ڕۆژانە یادی سەد ساڵەی لەدایک­بوون و ٣٥ساڵەی کۆچی دوایی هێمن*، گەورەشاعیر و -ئەگەر کەس لێم تووڕە نەبێ- سەردەستەی شاعیرانی شێعری کلاسیک لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بەم لاوە، دەکرێتەوە. نووسەران و شاعیران و بەگشتی ئۆگرانی شێعری هێمن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان­دا بەشێوەی جۆراوجۆر لە هێمنی شاعیر و هێمنی «سەوداسەری ئازادی» دواون و دەست و دەم و چاوی هەموویان خۆش بێ. بەداخەوە ئەم یادە لەحاڵێک‌دا نوێ بۆتەوە کە ئەمن بە هۆی تووشبوون بە ڤایڕۆسی کۆڕۆناوە لە ماڵەکەی خۆم دەستبەسەرم. بۆیە بەڕاستی نووسینی بابەتێکی شیاوی هێمن بەتایبەتی لەم بارودۆخەدا بۆ من زۆر دژوارە. بەوحاڵە هەر پێم حەیف بوو هیچ نەنووسم، چونکە هەرچی بنووسم -وەک دەڵێن- لە هیچێ چاکترە.

هەر وەک هەمووان بەهەق گوتیان هەڵسەنگاندنی بەرهەمی هێمن (بە شێعر و پەخشانەوە) دەگەڵ ئەوەی کاری بەنرخی لەسەر کراوە-بەتایبەتی لەلایەن مامۆستا دوکتۆر عوسمان دەشتی­یەوە- هێشتا زۆری دیکەی بەبەرەوە ماوە. کەوایە لەم بارودۆخەم­دا ئەمن تەنیا ئاوڕ لە دووسێ چەمکی کارەکانی هێمن دەدەمەوە:

– ئاشکرایە هێمن نە یەکەم شاعیر و نە یەکەم کەسە کە هەستیان بە گرنگی و بایەخی خوێندن و خوێندەواری و هەر لەوکاتەدا بەجێ­مانی نەتەوەی کورد لەو بارەیەوە کردووە، بەڵام دیوانی هێمن پڕە لەو بابەتە و ئەویش بە چ مێتۆدێکی جوان و شیرین! بڕوانن چەند جوان بەرگری لە ئازادی و یەکسانیی ژن و پیاو و پێویستیی هەوڵدان بۆ فێربوون پێکەوە ئاویتە دەکا کە دەڵێ:

«دەرکە بشکێنە، پەچە بدڕێنە، ڕاکە مەدرەسە

چاری دەردی کوردەواری خوێندنە، هەر خوێندنە»

یان بە چ شێوەیەکی حەکیمانە و کۆمەڵناسانە ڕوو دەکاتە کچی کورد و دەڵێ:

«دەکا گیرۆدەتر پیرانی دڵتەڕ ئەو کچە کوردەی

بچتە مەکتەب و بسکی بە مۆدی تازە هەڵپاچێ»

– شاعیری فارس دەڵێ:

«اگر آن ترک شیرازی بدست آرد دل ما را

بە خال هندوش بخشم سمرقند و بخارا را»

فۆلکلۆری کوردی لە خۆرهەڵات دەڵێ:

«وەک بەختەکەی من ڕەشە خاڵەکەی سەر ڕوومەتی

………………………………………………

بە سابڵاغێ پێک نایە، موکوریانە قیمەتی»

لە فۆلکلۆری باشووری کوردستانیش گوێمان لێ­ دەبێ کە دەڵێ:

بۆ ماچێکت هەرزانە هەولێر و سلێمانی و کۆ

کەچی هێمن وەردەسووڕێ و ڕوو بە شەنگەبێریی گراویی خۆی دەڵێ:

«شەنگەبێری گراویی خۆم، وێنووسی جەماڵ و جوانی

ئێستێش پاڵێنێ وەک جاران لە شوان و مێگەل دەڕوانی؟

وا من پێشمەرگەم دەجەنگم بۆ وڵاتی لە تۆ ئازیزتر

نەم­دەدا بە تەختی شاهی دەنا بەردەبێری شوانی

ئەمە بۆ گراوییەکەی، ئێستا هێمنی ئاشقی ژن و جوانی لەگەڵ دەربڕینی ئەوپەڕی وەفا و سۆز و خۆشەویستی بۆ شەریکە ژیانەکەی­دا چ دەڵێ:

بەڵێ، سەختە و یەکجار سەختە دووری لە ژن، نامرادی

بەڵام لە ژن خۆشەویستتر لەلای من ئەتۆی ئازادی!»

– بەڵام لەلای من شابەیتی هەموو شێعرەکان و شاکاری هەموو کارەکانی هێمن چوارینەیەکە کە ئەوەندەی ئاگام لێیە تا ئێستا کەس باسیشی نەکردوە. خۆزگە هەمووان بە تایبەتی تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریی کورد ئەو چوارینەیەیان لەبەر دەبوو، پەیامەکەیان دەبیست و نێوەرۆکەکەیان دەکردە سەرمەشقی ژیانی خەباتگێڕانەی خۆیان:

«زۆری نەماوە بێتە بەر نەمامی هەوڵ و خەباتم

لە داگیرکەر پاک بێتەوە خاکی پیرۆزی وڵاتم

چەک دادەنێم، گۆچانەکەی جارانم هەڵ­دەگرمەوە

تۆ هەر بێری بە و من هەر شوان فریشتەی تاسەو ئاواتم!»

بەڕاستی ئەگەر پەیامی ئەم چوارینەیە بیسترابایە و بەدڵ سپێرابایە خەڵکی کوردستان ئەو هەموو ململانەیە لەسەر دابەش­کردنی (دەسکەوتی خەبات) یان باشتر بڵێین خێروبێری ئەم نیشتمانە خێرنەدیوەیان دەبینی؟

لە کەموکوڕییەکان داوای لێبووردن لە خوێنەران و یادی نەمری هێمن دەکەم و دەڵێم: کۆڕۆنا خەجاڵەت بێ کە خەجاڵەتی ئازیزانی کردم.

***

* بۆیە هیچ عینوانێکی بۆ دانانێم، چونکە خانی و جزیری و نالی و مەحوی و گۆران و هەژار و هێمن و … زۆر لەوە بەرزترن بە لەقەب و عینوان گەورە بکرێن.