ڕێزگرتن لە شەهیدانی شاری قەڵادزێی دووجار شەهید. حەمەڕەسووڵ کەریمی

مێژووی گەلی کورد پڕە لە کارەساتی دڵتەزێن و پڕە لە ئاوارەیی و دەردبەدەری و لە هەمان کاتیش دا پڕە لە شۆڕش و بەرەنگاری و ڕاپەرین.

لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا حکوومەتەکانی زاڵ بە سەر کوردستان دا بە هەموو شێوەیەک و بە دڕندانەترین شێوە هەوڵیان داوە کە گەلی کورد قەڵاچۆ بکەن و ئەوەندەی بۆیان کراوە هەوڵی سەرکوتی گەلی کوردیان داوە.

بەخۆشیەوە گەلی کورد هەمیشە چەک لە شان و پێشمەرگانە بەرەنگاری حکوومەتەکان بوونەوە و نەیانهێشتووە کوردستان و کورد وەک دوژمنان دەخوازن پارویەکی سووک بێ بە دەستی دوژمنانەوە.

بەرنگاری کورد و هەوڵدان بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و ئازادیخوازی کورد بۆتە چەقڵی چاوی نەیار و داگیرکەران و شۆڕش و خۆراگری کورد بۆتە باسێکی گشتی و جیهانی.

گەلی کورد بە هۆی خۆراگری و ئازادیخوازی‌یەوە هەمیشە لە لایەن رژێمەکانەوە هێرشی دڕندانەی کراوەتەوە سەر ، یەکێک لە هێرشەکانی رژێمی بەعس هێرشی ئاسمانی بوو بۆ سەر خەڵکی سڤیلی شاری قەڵادزێ و بۆردومانی خوێندکارانی زانکۆ لەو شارە.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٤-٠٤-١٩٧٤ی زائینی چەند فرۆکەیەکی حکوومەتی بەعس بە بۆمبی ناپاڵم هێرشیان کردە سەر شاری قەڵادزێ و چەند گەڕەکێکی ئەو شارەی لە چاوترووکانێکدا بە بۆمبی ناپاڵم تەخت کرد و لەو بۆردوومانەدا دەیان کەس لە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و چەندین مامۆستا و خوێندکاریش شەهید بوون، دوای بۆردوومان خەڵکی قەڵادزێ و دەڤەری پشدەر ڕوویان لە چیاکانی دەوربەری کرد و بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی قەڵادزێ ڕوویان لە شاری سەردەشت و دەوروبەری کرد و ماوەیەکی زۆر لە ئاوارەگی دا مانەوە.

شەهیدەکانی قەڵادزێ بوونە سیمبوولی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش بە گشتی و بوونە ڕەمزی خۆڕاگری، بۆیە دوای گەڕانەوەی خەڵک بۆ قەڵادزێ، خەڵکی شار و گوندەکانی دەوروبەری بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی ٢٤-٠٤-١٩٧٤ی زائینی بە شێوەی ڕێپێوان بەرەو قەڵاتی قەڵادزێ و گۆڕستانی پشت قەڵات دەچوون و بە خوێندنەوەی شێعر و هەڵبەست و فاتیحە خوێندن بۆ ماوەیەک لە گۆڕستان دەمانەوە و ئەوەش ساڵانە دووپات دەبۆوە.

لە ڕێکەوتی ٢٤-٠٤-١٩٨٢ی زائینی جارێکی دیکە خەڵکی قەڵادزێ بۆ ئەوەی ڕێز لە شەهیدانی بۆردوومانەکە بگرن لە شەقامی شاردا بە گژ هێزی ئیستخبارات و سوپای عێراقی دا دەچنەوە و بوێرانە پاشەکشە بە هێزەکانی رژێم دەکەن، هێزی ڕەشی سوپای عێراق لە شەقامدا خەڵک وەبەر دەسترێژی چەکەکانیان دەدەن و چەند کەسی دیکە شەهید دەکەن و لە شەقامەکان دا جینایەتێکی دیکە دەخوڵقێنن و چەندین کەسیش لە خەڵکی قەلادزێ ڕاپێچی گرتووخانە دەکەن.

بوێری خۆپێشاندەرانی شەقامی قەڵادزێ لەرزەی وەپەیکەری حکوومەتی بەعس خستبوو و خەڵکی شارەکانی دیکەش بۆ پشتیوانی لە قەڵادزێ نارزایەتی خۆیان دەربریبوو، بۆ پێشگیری لە نارزایەتی خەڵک ساڵانە لەو ڕێکەوتە دا دوژمن زیاتر هێزی دەخزاندە نێو شاری قەڵادزێ.

ئێستا ٤٧ ساڵ بە سەر ئەم کارەساتەدا تێپەر دەبێ و خەڵکی قەڵادزێ هەروا شۆرشگێر و بوێرانە ڕێز لە شەهیدانی ساڵی ١٩٧٤ و ١٩٨٢ ی زائینی دەگرن و ساڵانە بە شێوەی جۆراوجۆر چالاکی هونەری و ئەدەبی بەڕێوەدەبەن و قەڵادزی‌یەکان و خەڵکی کوردستان بە حورمەتەوە باس لەو شەهیدانە و لە گشت شەهیدانی کوردستان دەکەن و یاد و ناویان بە بەرزی و زیندوویی ڕاگرتووە.

تەمەنم نۆ ساڵان بوو کە خەڵکی قەڵادزێ هاتنە سەردەشت و بەشێک لە خزمان و دۆستان و ناسیاوانی قەڵادزێ لە ماڵی ئێمە و لە لای دراوسێ و خزمەکانیان بوون، خزمان بە گشتی کارەساتی بۆردوومانی قەڵادزێ‌یان بە خەم و خەفەتەوە بۆ باس دەکردین و لەو کاتەوە بەردەوام ئەو کارەساتە لە لام زیندوو ماوەتەوە، هەر لە منداڵی‌یەوە ئۆگری شاری قەڵادزێ بووم و لەگەڵ بەشێک لە منداڵانی هاوتەمەنی شاری قەڵادزێ ئاشنایەتی و دۆستایەتیمان هەبووە و بەشێک لە خزمانی هەرە نێزیکمان لەو شار و دەڤەرەن و بەردەوام بە یەکەوە لە پەیوەندی دایین.

بەشێک لە ژیانی پێشمەرگایەتیم لەو دەڤەرە ڕەنگینە و بە تایبەت قەڵادزێ تێپەر کردووە و لە لوتف و مەرحەمەتی خەڵکەکە بێ‌بەش نەبووم و دوای ڕاپەرین و ئاوەدان کردنەوەی قەڵادزێ بەردەوام لە یادی شەهیدانی بۆردوومانی قەڵادزێ دا بەشداریم دەکرد و هەستی نیشتمان‌پەروەری قەڵادزێ‌یەکانم زۆرتر بۆ دەردەکەوت.

لە ساڵی ٢٠٠٣ ی زائینی دا ماڵپەری گیارەنگم درووست کرد و بۆ ڕێز گرتن لە ڕۆژنامەگەری کوردی و شەهیدانی قەڵادزێ، ماڵپەری گیاڕەنگم وەگەر خست و وەشانی ڕاستەوخۆی ماڵپەری گیاڕەنگ لە ڕۆژی٢٢ و ٢٤-٠٤-٢٠٠٣ دا دەستی پێکرد و لەو کاتەوە نۆزدە ساڵە بە شێوەی نووسین و یادکردنەوە لە ڕێگای ئینترنێتەوە یادی شەهیدانی قەڵادزێ بەرز ڕادەگرم.

ئەمساڵ بەشێک لە وێنەی شەهیدانی قەڵادزێم وەک وێنەگایەک و وەک ڕێزلێنان لەو شەهیدانە و لە خەڵکی شۆرشگێری قەڵادزێ لە ماڵپەرەکەمان درووست کردوە و هیوادارم کە ئەگەر وێنەیەک ناوەکەی بە هەڵە نووسراوە و یا ئەگەر وێنەی ڕوون‌تر و جوانتر لە لای قەڵادزێ‌یەکان دەست دەکەوێ بۆمان بنێرن تا چاکیان بکەین و ئەگەر شەهیدێک لەگەڵ وێنەکان نیە، تکایە ناوەکانمان بۆ بنووسن با لەگەڵ وێنەکانی دیکە بە شێوە ناو بیان نووسین.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٤-٠٤-٢٠٢١