کۆماری ئیسلامی دەبێ چەک بکرێ. مستەفا مەولوودی

دوای ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە کۆشکی سپی پرسی دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بە واتایەکی دیکەی بووژانەوە و ڕزگارکردنی بەرجام! خراوەتەوە دەستووری کاری وڵاتانی گرێدراوی ئەم بابەتە. بۆ ئەو بەمەبەستە تا ئێستا چەند گەڕی وتووێژی ئاشکرا و نهێنیش لە ڤییەن، پێتەختی ئۆتریش بەڕێوە چووە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سیاسەتی ڕەسمیی خۆی‌دا بەردەوام گوتویەتی کە کێشەکانی کۆماری ئیسلامی هەر ئەوە نین کە لە بەرنامە ئەتومی و مووشەکییەکانی ئەم ڕێژیمەدا کورت بکرێنە. ئەم ڕێژیمە دژی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی و پێشێلکەری مافەکانیان و هۆکاری زۆربەی نائارامییەکانی ناوچەشە. پاڵپشتی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کە کۆمەڵگەی جیهانیش کەمی بەلگە لەسەری بەدەستەوە نییە، یەکێکی دیکە لەو بابەتانەیە کە پێویستیە هەم لە دانوستانەکان و هەم لە پێوەندی و دیپڵۆماسی لەگەڵ ئەم ڕێژیمەدا لەبەرچاو بگیرێ. ئەم نووسینە ئاوڕێک لە بابەتی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی دەداتەوە.
سیاسەتی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی ئەم ڕێژیمەدا یەک لەو پێناسە هەرە دیارانەیە کە ئەم ڕێژیمەی لە ئاستی دنیادا پێ دەناسرێتەوە. لە نێوخۆی وڵاتیش‌دا حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕەنگبێ یەکەم قوربانیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و تەنانەت لە دنیا بێ، لەبەر ئەوەی ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی لەدژی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ئێران بە تێرۆری سەرگورد حەبیبوڵڵا عەبباسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی شوڕای نیزامیی حیزب لە هاوینی ساڵی ١٣٥٩ دەستی پێکرد. تێرۆرە دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەدژی حیزبی دێموکرات هەتا ئێستاش درێژەی هەیە کە دەکرێ تەقینەوەکەی شەوی یەڵدای بەردەم دەفتەری سیاسی لە شەوزستانی ١٣٩٥، تێرۆری قادر قادری، فەرماندەیەکی نیزامیی حیزب و هێرشی مووشەکی بۆ سەر کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزب لە قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ تازەترینی ئەم نموونانە بن. هەروەها لە کارنامەی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیدا ناوی دەیان ڕێبەری ئاست‌بەرز و سەدان کادر و پێشمەرگە و تێکۆشەری ئەم حیزبە تۆمار کراوە کە بەرچاوترینیان تێرۆری دوو سکرتێری گشتیی حیزب، شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەند‌ی و هاوڕێیانی ئەم دوو ڕێبەرە بلیمەتە لە تێرۆرەکانی ڤییەن و بێرلینە.
ئەمەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو ماهییەت و مێژوویە کە هەیەتی لە هیچ بارودۆخێک‌دا دەست لە کار و کردەوەی تێرۆریستی هەڵ ناگرێ. تێرۆر لە تەنیشت ئێعدامەکان لە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی‌دا بە مەبەستی لێدان لە دژبەرانی لای ئەوان کارێکی تابڵێی پیرۆزە و شەرعییەت لە دەقە ئاینییەکانیش وەردەگرێ. بۆیە لە هیچ بڕگەیەکی زەمەنی و لە هیچ بارودۆخێکدا وەلای نانێن، مەگەر ئەوەی لە ژێر گوشارەکان‌دا کەم ببنەوە یان فۆڕم و شێوەی تێرۆرەکان بگۆڕدرێن.
جیا لەوەش ئەزموون نیشانی داوە کە حکومەتە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان لەکاتی تەنگانەدا پاشەکشەیان کردووە و دەیکەن. بەتایبەت هەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی خومەینی‌دا بە خواردنەوەی جامی ژەهر و ئەوەی خامنەیی بە “نەرمشی قارەمانانە” ناوی دەبا، نموونەی ڕوون لە ڕەفتاری ئەو ڕیژیمەیە کە لە پێناو پاراستنی نیزام و دەسەڵاتەکەیان کەم و زۆر ناچار بە پاشەکشە دەبن.
بۆیە بەڵگەنەویستە کە کۆماری ئیسلامی واز لە تێرۆر ناهێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش‌دا ئەم سیاسەتە ناتوانێ دەسکەوتێکی بۆ ڕێژیم هەبێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان باوەڕی وایە کە پرسی کورد، پرسێکی سیاسییە و پێویستە لە ڕێگای دیالۆگ و وتووێژەوە چارەسەر بکرێ و مێژووی خەباتی کوردیش نیشانی داوە کە ئەم نەتەوەیە هەتا گەیشتن بە مافە دێموکراتی و ڕەواکانی خۆی دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرێ.
مێژووی تێرۆر بە مانای چەمکە سیاسییەکەی ئێستا لە ئێران گرێدراوی ڕێکخراوی فیداییانی ئیسلامە کە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە لایەن موجتەبا نەواب سەفەوییەوە دامەزرا. ئەم گرووپە لانیکەم دوو سەرۆک‌وەزیرانی ئێران (ڕەزم‌ئارا و حەسەنعەلی مەنسوور) و چەند کاربەدەستێکی پایەبەرزی ڕێژیمی شا (بۆ نموونە عەبدولحوسێن هەژیر، وەزیری دەربار)ـی تێرۆر کرد. دیارە مەبەست لەو نووسینە ناساندنی تاقمی فیداییانی ئیسلام نییە، بەڵکوو دەرخستنی گرێدراویی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە بەو گرووپەیە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران خۆمەینی فیداییانی ئیسلام بە ڕۆڵەی فیداکار و دڵسۆزی میللەت ناو دەبا. خامەنەیی دەڵێ لەبەر خۆشەویستی نەوابی سەفەوی ڕووی کردۆتە سیاسەت، هاشمی ڕەفسەنجانی دەڵێ ئەو دەمانچەی حەسەنعەلی مەنسووری پێ تێرۆر کراوە من بۆ فەخرئارایم دابین کردوە. کەسانی دیاری وەک مەهدەوی کەنی و خەڵخاڵی جینایەتکار ئەندامی تاقمی “فیداییانی ئیسلام”ی تێرۆریست بوون. ئەوە پێشینەی بەشێک لە کاربەدەستانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە کە ئێمە شارەزاییمان لە سەریان هەیە. جیا لەوەش بیرکردنەوەی ئەوانە بۆ ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ترس و تۆقاندن لە نێوخۆی وڵات بۆ بە‌تاڵان‌بردنی دەسکەوتەکانی خەڵکی ئێران لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی‌دا و جیا لەوانە لە زۆر ڕێگەی دیکە کەڵکیان وەرگرتوە بۆ زاڵ بوون بەسەر ئیرادەی گەلانی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆری وەک: سنووردار کردنی ئازادییە گشتی و تاکە کەسییەکان، سەرکوتی گەلان و ئازادیخوازانی ڕاپەڕیو، بەربەست کردنی ئازادییەکان بە هەموو شێوەیەک لە ڕیگای گرتن، زیندان و ئەشکەنجە کردن و ئێعدامی بەکۆمەڵی لاوان و شۆڕشگێرانی گەلانی مافخواز لە ئێران بە تایبەت لە ڕێگای تێرۆر و ڕەشەکوژی. سیاسەتێک کە تا ئێستاش بەردەوامە و لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵاتیش لە ڕێگەی دەست‌وپێوەندییە ئێرانی و بیانییەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان لەسەری سوورە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران تێرۆری بە چەکێکی پێویست و گرینگ بۆ حەزف و لەنێوبردنی نەیارانی خۆی زانیوە. ئەم ڕێژیمە بۆ لێدانی دژبەرانی خۆی بەتایبەت لە نێو هێزە پێشکەوتنخواز و مافویستەکاندا تێرۆری لە چەشن و شێوازی جۆراوجۆری خۆیدا بەکار هێناوە. هەوڵدان و پیلان‌داڕشتن بەمەبەستی زەربەوەشاندنی فیزیکی لە حیزب و لایەنەکان و کەسایەتییە مخالف و جیابیرەکان کە بە ناوی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەموو لایەک ناسراوە، هیچ سنوور و جوغرافیاییەکی نەناسیوە.
بە سەرنجدان بەو فەکتانە ڕوونە کە تێرۆر، فەلسەفە و ماهییەتی ئەو ڕێژیمەیە، ئەو ڕێژیمە بێ تێرۆر و سەرکوت و زەبروزەنگ ناتوانێ درێژە بە حاکمییەتی خۆی بدات. وەک باس کرا کارنامەی تێرۆریستیی ڕەشی کۆماری ئیسلامی بۆ کەس شاراوە نییە. ئەم ڕێژیمە هەم تێرۆری دەوڵەتی کردوە و هەم نێودەوڵەتی. سەدان چالاکیی سیاسیی ناوبەدەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنی خۆی تێرۆر کردووە، ئەویش نەک هەر لە نێوخۆی وڵات، بەڵکوو لە پێتەختی وڵاتانی ئورووپایی و پێشکەوتوودا. هەر بۆ ئاماژە پێکردن جیا لە تێرۆرەکانی نێوخۆی ئێران و قەتڵە زەنجیرەییەکان لە نیوخۆی وڵاتی ئێران‌دا، لە عێراق لەسەر ئەندامانی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن، لە دەرەوەی وڵات لە ئوڕووپا شاپوور بەختیار، شەهریار شەفیق، غوڵامعەلی ئووەیسی، دوکتور قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر، فەرەیدوون فەڕووخزاد، عەبدوڵڕەحمان بروومەند، کازم ڕەجەوی، ڕەزا موزلوومان، بیژەن فازڵی و ڕەزا فازڵی، عەلی ئەکبەر تەباتەبایی، دوکتور سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی، هومایون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نموونەی دیاری کارنامەی تێرۆریستیی ئەو حکوومەتەن.
جیا لەوە کۆماری ئیسلامی لە پشتی زۆر تێرۆر و کردەوەی تێرۆریستی بووە کە بەرژەوەندیی لایەنە نەیارەکانی ئەم ڕێژیمەی کردووەتە ئامانج. بۆ نموونە: تەقینەوەی ئامیا لە ئارژانتین لە هاوینی 1994؛ زنجیرە تەقینەوەکانی ساڵی 2012ی بانکوک لە تایلەند؛ پیلانی تێرۆری “عادڵ ئەلجوبەیر”، وەزیری دەرەوەی عەڕەبستان لە واشنگتۆن کە لێیان ئاشکرا بوو، تەقینەوەی “دێهلی” لە هیند لە ساڵی 2012؛ کردەوەی تێرۆریستی لە “کێنیا” لە ساڵی 2012 و زۆر کردەوەی تێرۆریستی لە بەحرەین” و …
هەر بە پێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆماری ئیسلامی لە چل ساڵی ڕابردوودا ٣٦٠ تێرۆری ئامانجداری لە زیاتر لە چل وڵاتی دنیا ئەنجام داوە کە ئەو تێرۆرانە لە ڕێگای سپای قودس، باڵی دەرەوەی سنوورەکان سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، وەزارەتی ئیتلاعات و حیزبوڵڵای لوبنان بە وەکالەت و کەسانی سەر بە ئێران جێبەجێ کراون.
ئاماری تێرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە بزووتنەوەی کورد زیاتر لەو ئامارە گشتییەشن. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا پتر لە ٤٠٠ کەس لە تێکۆشەرانی ئۆپۆزیسیونی کوردی داوه‌ته‌ به‌ر په‌لاماری تێرۆریستی کە حیزبی دێموکرات بە تەنیا زیاتر لە ٣٠٠ کادر و پێشمەرگە و ئەندامی لێ تێرۆر کراوە.
بینیشمان کە لە بڕیاری مێژوویی دادگای بێرلین‌ (مێکۆنووس) لە بەهاری 1997دا بەڕوونی پەردە لەسەر ئەوە لادرا کە هەموو تێرۆرەکان لەلایەن کۆمیتەیەکی تایبەت پێکهاتوو لە ڕێبەری باڵا، سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە، وەزیری ئیتلاعات و فەرماندەری سپای قودس (باڵی دەرەوەی سنوورەکانی سپای پاسداران)ەوە بڕیاریان لەسەر دراوە.
بۆیە هیوادارین وڵاتان بە تایبەت وڵاتانی ئورووپایی لەو مادەیەدا سیاسەت و کردەوەی تێرۆریستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان باشتر بۆ دەرکەوتبێ و ئەگەر هەروا هەڵسەوکەوت و سات‌و‌سەودای لەگەڵ بکەن، سەیر نییە کۆماری ئیسلامی بۆ ئامانجی ڕەش و سەپاندنی زیاتری دەسەڵاتی شوومی خۆی بەرژەوەندی ئەوانیش واتە ئورووپاییەکان وە مەترسی بخا، هەر بۆیە پێویستە پێشی ئەم ڕێژیمە بگیردرێ و بەربەستی جیددی بۆ کردەوە تێرۆریستییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابندرێ.
پێویستە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی پشتی بگیردرێ و بێگومان ئەگەر وڵاتانی زلهێز و شوێندانەری دنیا دەنگی مافخوازیی گەلانی ئێران ببیستن و ڕێزیان بۆ بڕیار و پەسندکراو و پرەنسیپە جیهان‌داگرەکانی خۆیان هەبێ؛ کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لە تەڕاتێنەکانی بەردەوام بێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانیش کە قوربانیی سەرەکیی تیرۆریزمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بۆ لە قاودانی ماهییەتی ئەو ڕێژیمە ئامادەیە هاوکاریی هەموو کۆڕ و کۆمەڵێکی بەشەردۆست بکا و لەپێناو وەگەڕ خستنەوەی پەروەندەی تێرۆری، تێرۆرکراون لە دەرەوە بە تایبەت ئەو تێرۆرانەی پێوەندییان هەیە بە تێکۆشەرانی کورد و ئەندامانی حیزبی دێموکرات وەک تێرۆری دوکتور قاسملوو و سەدان کردەوەی تێرۆریستی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تێ‌دەکۆشێ.