وردە بیرەوەی نووسینی ئەحمەد حوسێنی

ئەحمەد حوسێنی

ساڵی 1371 کاری حیزبیم لە مەڵبەندی سێی جنوبی کوردستان بوو ،ئەو مەڵبەندە پێکهاتبوو ، لە کۆمیتە شارستانەکانی پاوە،جوانرۆ و داڵاهۆ و هێزی بێستوون ،بنکەی ئەسڵی مەڵبەندەکانی یەک و دوو و سێ جنوبی کوردستان لە بناری چیای بەمٶ شوینێک بە ناوی قەسڵان بوو ،پێدوایستیەکانی ڕۆژانەی تەداروکاتیمان لە شاری دەربەندیخانی باشووری کوردستان دابین دەکرد ، کادرو پێشمەرگەکانی مەڵبەندی سێم لە نزیکەوە دەناسی، بەڵام ناوچەی تیکۆشانیان شارەزا نەبووم،

– پێمخۆش بوو سەردانی یەکێک لەو ناوچانە بکەم ،وا ڕێکەوت لە گەڵ تیمێکی هەشت .نۆ کەسی بەرەو ناوچەی سەرپێڵێ زەهاو، قەسری شیرین، ئەو شوێنانەی بە ناوچەی کرماشان ناودێر کرابوون کەوتینە ڕێ،تا ئەو جێگەی دێتە یادم ئەم کەسانە لەگەڵ بوون، کاکی حەسەن، شەمسەدین فەرامەرزی،ناسراو بە شەممە تینی،مەجید نەجەفی ئیلامی ،کەماڵ سەفەری، ئەردەشیر خوسرەوەی،تایر کەسیلی، فەریق،حەسەن،سمایل،ناسناوی هەمویانم لە یاد نیە ،

– پێچەوانەی ئەو ناوچانەی پێشتر پێشمەرگایەتیم لێکردبوون ،ناوچەیەکی تایبەت بوو ،جگەلە حیزبی دیموکرات ‌هێزی سیاسی دیکە یا نەبوون یا ئەوەندە بێهێز بوون وەک نەبوو وابوو، ناوچەیەکی جەنگەڵی و تا بڵێێ خۆش و لە بەر دڵان،بەڵام لە باری کلتوور و داب و نەریت و ئاشنایەتی بە حیزبایەتی جیاواز،نەیان ناسیبای، گرفت بوو،کاکی حەسەن مان لە گەڵ بوو،باشیان دەناسی ، ڕێمان لە هەر کوێ بکەوتایە لە پێشدا دەبوو ،کاکی خۆی پیشان دابا، پاشان وەریان دەگرتین، لە کوڕە شێخەکانی ئەو ناوچە بوو،کە دەیان بینی شانیان ماچ دەکرد،بەڵەدی تریشمان لە گەڵ بوو، بەڵام کاکی حەسەن لە هەموان ناسراوتر بوو،

– پێشمەرگەی وەک شەممەتینی قەڵایەک بوو لە ڕیزی ئێمەدا ، لە دڵی خۆما وتم هەر گرفتێکم بۆ پێش بێت لەم نابەڵەدیە دەست لە شەمە تینی بەرنادەم، ئاخر ئەو لە جەرەیانی شێمیا بارانی هەڵەبجە گیرا وکەوتە داوی دوژمن، داوی سێزدە مانگ ،پێش ئەوەی ئیعدامی بکەن،لە بەندیخانەی سامناکی دیزڵئاوای کرماشان لە سەربانی هەشت میتریەوە خۆی فڕێدابوە خوارەوە ، هەڵهات و بە ناو ئەو هەموو تێل دڕوو وچەقەڵ و گورگەی سپای پاسدار و ئیدارەی ئیتلاعات لە ناو شاری کرماشان خۆی گەیاندبوە ماڵی گەوەر پیاوی ئایینی کورد مەلا محەمەدی ڕەبیعی ناودار ، بە دەم ڕێگاوە چاشێک چەک دەکات، پاشان لە گەڵ تیمێکی بیست کەسی سپا دەرگیر دەبێ زەبرێکی باش لە وانیش دەوەشێنی وبە برینداری خۆی دەگەیەنێتەوە لای حیزب، ئێستاش لە وڵاتی نۆوێژ دەژی،ئیتر ئێرە وەک جادەی ئیسفاڵت وایە بۆی،بۆ منی نابەڵەد وامدەزانی پشتم بە شاخەوەیە،

– ئیدامەمان بە جەولەی خۆمان دا،کاکی حەسەن شیوو دۆڵ وشاخ و کانیاوەکانی پێشان دەداین، دوربینەیکەی لە ملی دەر دێناو دەیوت تاماشای ئەو شوینە بکە واوە دەڕۆین،گەیشتینە شوینێک بو ناوی نەڕەکانی،شاخێکی هەڵچوو،گڕە بەردێکی هاوپشت، ئاوێکی زۆر لە قەڵەش و کەلەبەری شاخێکەوە دەهاتە دەر ،هەر حەزت دەکرد لێێ بڕوانی ،هاڕە و هاژەی باوشێک ئاوی روون وەک چاوی قرژاڵ لە ناو بەردەکانەوە ڕووی لە سەرەو ژێری دەکرد ،، دوو کەس لەو سەر چاوگە هاتن بۆ لامان،کاکی حەسەن منی بەوان ناساندو ئەوانیش بە من ، بڕێک قسەم لە گەڵ کردن، تێبینیم کرد بڕێک گرفتی لێک حاڵی بونمان لە گەڵ یەکدی هەیە، ئەوان میوانداریان کردین ،مەڕێکیان بۆ سەر بڕین و پەزێراییەکی باشیان کردین، پشووی باشمان دا،بەشە گۆشتی زیادەمان لە کۆڵەپشتی ئاخنی و دواتر درێژەمان بە جەولەی خۆماندا،

– وەک لای خۆمان نەبوو، بچویتایەتە هەر ماڵ و چادر و چیغێک، دەبوو ڕاوەستی تا نانت بۆ دەکەن پەلکێک نان لە هیچ دەوارێک دەس نەدەکەوت ،ژەماو ژەم نانی تازەیان دەکرد،جەنگەڵێکی چڕو پڕ تا گەیشتینە ناوچەیەک بە ناوی درەنەیژە ئیدامەمان بە حەرەکەتی خۆمان دا ،ویستمان عەمەلیاتێک بکەین ، نەخشەمان داڕشت وکەمینیکمان دانا ،حەزم ئەکرد لە کەمینەکە لە نزیک شەمە تینی بم، بەڵام تا لام کردوە ،خۆی گەیاندبوە نزیک جادە، ڕاوەستانی نەبوو،.لە گەڵ ئەو تەڵە تەقێنە هیچ نەدەکرا، نزیکی سەعاتێک چاوەڕیی دوژمن ماینەوە،کەس پێوە نەبوو،

خەڵکی ئەو بەشە لەو ناوچە پێهاتەیەکی عەشیرە تیان هەیە،چوینە شوینێک عەشێرەتێکی لێبوو بە ناوی خێڵێ دارا، ویستمان بۆ شەو بچینە لایان،پێش ئەوەی بگەینە ئەوێ، کات بوومە لێڵەی ئێوارە بوو،تووش پەڵە مەڕێک هاتین، ئەونەمان زانێ چەن فیشەکێکیان پێوە ناین،ئیمەش خۆمان دا بە زەویا و ئامادە بووین بۆ شەڕ،،من بە هەوای لای خۆمان فیشەکم بردە بەرکار ،کاکی حەسەن هاواری کرد، وتی کەس تەقە نەکات،ئەو کەسەی تەقەی لێکردین، بە دەنگی بەرز قیڕاندی بە سەر مانا بە لەهجەی خۆیان وتی، تەسلیم ون، وە مەولا چل فشەنگ ها بە قەومۆ، تا گیان لە گیانما بای ئەجەنگم، (بە مەولا چل فیشەک بە قەدمەوەیە تا گیاتم تێدا مابێ شەڕ دەکەم*/ لە دڵی خۆما وتم خوا بیزانێ تووش گون ڕەشی خۆمان بووین، کاکی حەسەن خۆی گەیاندە چادر و چیغەکەیان لای سەرەوە خۆی پێناساندن، ئەونەمان زانی ژنێک بانگی لە تەقە کەرەکە کرد و بێدەنگ بوو، کاکی حەسەنیش هەرای ئیمەی کرد، وتی وەرنە سەر،لە سەر تەپۆڵکیک ڕەشامالیان هەڵداو بوو، کە تەقەکەرمان بینی ، ڕووتەڵەیەکی مناڵکاری موو لێنەهاتوو،تەمەنی پازدە ساڵ زیاتر نەدەبوو،پێی وابوو، ئیمە دزین و چوین مەڕەکانی لێ بدزین،ئەو جۆرە دیاردانە لەو شوێنانە بەدی کرابوون، هەر بۆیە بۆ بەشێک لە ئێمە کە شارەزاییمان نەبوو، شتێکی نامۆ و بۆ ئەوانی ترمان ئاسایی بوو،

– هەر چەند حیزب لەو ناوچە کادر وپێشمەرگەی وەک شوێنەکانی دیکەی کوردستان زۆر نەبوو،بەڵام خاوەنی پۆلێک کادرو پێشمەرگە بوو جێگای شانازی و ئەو پەری ڕێز لێنان و سپاسگوزارین،لەو تیمە نۆ کەسیە بە داخەوە پێنج کەسیان دواتر شەهید بوون و لە ژیاندا نەماون.

– جەولەکەمان بۆ ناوچەی کرماشان نزیکەی مانگێکی خایاند،گەڕانەوەمان لە سنوور زۆر سەخت بوو جگە لە مەترسی کەمینی دوژمن و بەکرێگیراوەکانی ،سەرتاسەری ئەو سنورانە مینڕێژ کرابوون،بە هیمەتی ئەو هاوڕێیانەمان کە بەڵەد وڕێنوێنمان بوون بە سەلامەتی گەیشتینەوە بنکەکانمان لە قەسڵان،

–چ ،گەشتنەوەیەک بە سەر مەرگی ئازیز و خۆشەویستی کاک عێزەت حەسەنپوور فەرماندەری هێزەکەمان و سێ هاوڕیی تر دا کەوتین،ئەوان لە چیای بەمۆ سەر مین کەوتبوون ، ئەو ساڵە کە من لەوێ وەک بەرپرسی مەڵبەندی سێ کارم کرد، هیوای زۆرم لە سەر کاک عێزەت هەڵچنی بوو . پێش چوونیشم بۆ ئەوێ پێکەوە ڕاوێژمان کردبوو،ئامادەی هەموو هاوکاریەک بوو ،بە هەق هەر واش بوو،،هاوکاریکی باش کەسێکی تا بڵێی هیمن و ڕاستگۆ ،کامیلی براشی ماوەیەک پێش خۆی کادری سیاسی بوو شەهید ببوو،پێش گەڕانەوەی ئێمە کاک حەمە نەزیفی قادری چوبوە ئەوێ و بەشداری پرسەو بەڕیوەبەری کارەکانی کردبوو.

– لەو ماوەی ئەو یەک سالە دا لە گەڵ هەموو کادر و پێشمەرگەکانی ئەو مەڵبەندە کە هەمە ڕەنگ و فرچەشن بوون،هەورامی ،جوانرۆیی، کرماشانی ، هەموو پێکەوە لە ژێر چەتری یەک سیاسەت دا لە پێناوی ئامانجی هاوبەش بیری نەتەوەیی حیزبەکەمان کاری خۆمان دەکرد ، کەس لە سەر جیاوازی ئایینی /شیعە/سونی/یارسانی/کاری بە کەس نەبوو،کە لەو ناوچە کارت کرد بێگومان گوێبیستی ئەم ناوانە دەبێ ،باوەجانی،قوایی،تاوگۆزی،ئەلیاسی،قادری،وەڵەد بەیگی، قادرمیروەیسی، تەپانی، جاوری، گاخۆری، تایشەیی، کڵاشی،،،،

– لە بیرمە لە پلۆنۆمێک دا کە ئەو کات شەهید دوکتور قاسملوو سکرتێری حیزب بوو .مانگی نۆی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی ،/کۆمیتەی کرماشان و هێزی داڵاهۆ سەر بەخۆ بوون و مەڵبەند پێکنەهاتبوو،، کومیسیونی ماڵی بیلانی خەرجی کۆمیتە و ئورگانەکانی لە سەر ئەو یاسا و ڕێسایانەی حیزب بۆی دانابوون پێشکەش بە پلونۆم کرد ،هەر ئۆرگانێک لەو چواچێوە بەدەر خەرجی کردبوو دەبوو بۆ پلونۆم تەوزیح بدا، جالب ئەوە بوو لێپرسینەوەکە تەنیا ئەوە نەبوو بۆ چی زیادتان خەرج کردوە ،کاک دوکتور قاسملوو فەرموی ئەو ڕادەی کە دیاری کراوە ئەگەر کەمیشتان بۆ پێشمەرگە خەرج کردبێ هەر خراپە ،نابێ لەو بودجەی درواە پێدویستەکانتان کەمتر بکڕن، کاک ئیقباڵ سەفەری باسی شێوەی خەرج و مەخاریجی کۆمیتەکەیانی کرد لە نێو هەموو ئۆرگانەکانی حیزب دا بە گوێرەی ڕادەی پێرسنێل کەمترین خەرجیان کردبوو،یەکێک لە هاوڕییان وتی کاکە بۆیە خەرجیان کەمترە ،گۆشت ناکڕن ،ئەچن لە بەمۆ بەراز ئەکوژن و دێن لە ئاشپەزخانەی گشتی سازی ئەکەن و ئەیخۆن بێ قیڕە و گیرە و پارەی تێناچێ، (قسە کەشی ڕاست بوو /لە درێژەی قسەکەی دا وتی بەڵام ،ئێمە دەبێ حەوتوی دوو جار گۆشت بکڕین، بەشی زۆری بودجەی خواردەمەنیمان بۆ ئەوە دەڕوا،

– ئیستە کە ئەو دێڕانە دەنوسرێن لە مەڵبەندی سێ، قارەمانانی وەک کاکی حەسەن،بەهمەن خوسرەوی لە ناوچەی کرماشان،حسەینی سوبحانی و مەڵارەوف لە جوانڕۆ،عێزەت حەسەنپوور و حەمەعەزیز لە هەورامان و زۆر قارەمانی دیکە نەماون و شەهید بوون ، مەگەر ئەو کەسانەی لە گەڵیان بوون و لە نزیکەوە دەیانناسن بزانن ئەوانە بۆ گەلەکەیان و حیزبەکەیان لە جنسی ئاسن و پۆڵا قایمتر بوون،یادی ئازیزیان هەر دەم بە زیندوویی دەمێنێتەوە،یادیان بەخێر و ڕۆحیان شاد.

 

– لە نێوەندی شەستەکانی هەتاوی کەمێک بە درەنگەوە چوینە ئاوایی خافورەێ لە ناوچەی سەقز،لە گەڵ ئەسکەندەر بەکری و عەتا رەزاپوور ،پێکەوە خۆمان بە ماڵیک دا کرد،ماڵیکی دوو قات بوو، چوینە ژوور و بە گەرمی پێشوازی کراین،کاتی نان خواردنی شەو تێپەڕیبوو، هێلکە و ڕۆن و ماستیان بۆ داناین،خاوەن ماڵ لە گەڵ خێزانی لە گەڵمان دانیشتبوون و دوو سی کچی جەوانیشیان هەبوو ، هەر جموجوڵیان بوو،خزمەتیان ئەکردین و چاییان دێنا، ژنی ماڵەکە ڕووی کردە من وتی ،دوایی کەمێک کارم پێتە،پێم سەیر بوو بۆ ژنەکە کاری پێمە، بۆ پێاوەکە نا،وتم باشە ، کاتی نان خواردن هەر بیرم ئەکردوە، بڵێی کاری چی بێ، لە دڵی خۆما وتم ،تۆ بڵێێ پێم نەڵێ، گەر ژن دێنی یەکێک لەو کچانەی خۆمت ئەدەمێ،نانمان خوارد و سەر وچاییمان بە سەریا هەڵقوڕاند ،خۆمان بەست و من کەمێک پێش هاوڕێکانم هەستام و ژنە هات و لە داڵانی ماڵەکەیان، دوو سێ گۆزە و دیزەی لێبوو ،دیار بوو دانەوێڵەیان تێدا بوو،دەستی خستە ناو دیزەیەک تا ئەنێشکی چوە خوار ،کەمێک دەستی هەڵسوڕاند و،نایلۆنێکی بچوکی ڕە شی دەر هێناو دایە دەستم، لەو کاتەدا هاوڕێکانم هاتنەدەر و پێکەوە لە ماڵ دەرچوین ،هەر زوو نایلۆنم کردوە و تاماشامان کرد .یەک دانە فیشەکی کڵاشینکۆفی تێدا بوو،سەرم هەڵبڕی ژنی خاوەنماڵ لە پەنجەرەوە سەری دەر هێناو دوو قامکی خۆی پیشان دام و وتی/ دوو عەجەمم بۆ پێ ئەکوژی دوو.

عەلی هەتیو!

(مەحمووی کوڕی خۆمم لە ئەوڕەحمانی قاسملوو بۆ خۆم وەر گرتۆتەوە ،نایدەم بە خومەینی)

– لە تێکۆشانی پێشمەرگایەتی دا بە هۆی گەڕانی بێوچان، بینینی خەڵکانی جیاواز لە شوێنە جیاوازەکاندا، تووشی زۆر شتی سەیر و سەمەرە دەبی،ژیانی پێشمەرگایەتی بە هۆی تێکەڵاوی لە گەڵ خەڵک کە وەک ناوەندیکی فیربوون وایە ، بێئەوەی بە خۆت بزانی خەریکی شت فێربوون و بەدست هێنانی ئەزموونی،زۆر کەس بۆ ئیدامەی خوێندن پێویستیان بە تەحقیق و لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون لە هێندیک بوار دا هەیە،دەڕۆن دەگەڕین و دەپرسن تا زانیاری وە دەست خەن، پێشمەرگە بۆ خۆی لە نێو ئەو دەریایە دا لە حاڵی مەلە کردن دایە، لەوانەیە بە باشی خۆی هەستی پێنەکات.، تەنانەت لە گوندێک دا ئەو کەسانەی چێوداریان دەرکرد ،یادەچوونە شارەگەورەکان بۆ کار یا وەردە واڵە فرۆش بوون ، لە باقی خەڵکی گوندەکە سەر دەرچووتر و چاو کراوەتر بوون، بێگومان ژێانی گەڕیدەیی پێشمەرگەش ئەو قازانجی بۆ هەموان هەبووە،کە لە نزیکەوە لە گەڵ خەڵکانێک بکەونە ڕواێژ وبیرەوەریان لێیان هەبێ!

– دوو برا پێشمەرگە بوون لە لکی سێی شەهید ئەسەدی سولەیمان پوور ،سەر بە هێزی شەهید عەزیزی یوسفی لە ناوچەی سەقز ،برای گەورە موحەمەدی ناو بوو ،برای چووکیش مەحموود،لای ئێمە بە موحەمەد ئەڵێن حەمە و بە موحموودیش ئەڵێن موحموو یا خولە، جارو بار سەرو گوێلاکی وشەکان تێک دەکرێنەوە و کار خۆش تر دەکرێن،هەر دوکیان خەڵکی ئاوایی سیادەری سەرو بوون،باوکیان ناوی عەلی بوو چونکە بە هەتیوی گەورە ببو پێێان دەوت عەلی هەتیو!لە نزیکەوە دەمناسی و زۆر جار لە گەڵی دانیشتوم و گوێم بۆ قسە خۆشەکانی ڕاگرتوە،

-هاوینی ساڵ1363ی هەتاوی بوو،کۆمیتەی ناوچە و لکی سێ پێکەوە لە جەولەدا بووین،لە پشتی ئاویی سیادەری سەرو لە ناو شیوو دۆلە خۆشەکانی دا لە بن دارەکان پشوومان دەدا،چاوەڕان بووین تیشکی خۆر بە جێمان بێڵێ ودرەنگ دابێ وبۆ ئێوارێ بچینە ناو دێ،دەورو بەری سەعاتی دووی دوانیوەڕۆ مام عەلی باوکی حەمە و مەحموو هات بۆ لامان.دیارە ناسراو وئاشنا ی زۆربەمان بوو ،،چاک و چۆنی لە گەڵ کردین وچاییەکی لە گەڵ خوارین و وتی، خزمینە ڕووم لە بارەگای حێزبی دیموکرات کردوە ،کارێکم پێتانە دەس مەهێننە ڕێـگەم،وتمان مام عەلی حیزب حیزبی خۆتە هەر کارو ئەمرێکت هەبێ لە خزمەت داین،

– وتی! بەو قاچانەی خۆم هاتووم بۆ لاتان ، ئەزانن تەمەنم لە 75ساڵ تێپەڕیوە،لە هەڵدێری هەزار بە هەزاری مردن نزیک بوومەتەوە،بەم ئاخری پیریە پێویستم بە کەسێکە خزمەتم بکات و ببێتە دار عاسای دەستم،ئەوەتا لە بەر چاوی خۆتان دوو کوڕم پێشەمەرگەیە،هاتوم کوڕێکیانم پێ بدەنەوە،چاوەدێری و هاوکاریم بکات چیدی وەک جاران کارم پێناکرێ توانام نەماوە، وتمان باشە مام عەلی کوڕەکانت دێنەوە لە گەڵت؟وتی ئیجازەیان بدەن بچم لە گەڵیان دانیشم خۆ ئەگەر نەیەنەوە بە زۆر نایان بەمەوە ،هەر یەکێکشیانم پێویستە ،ئەویتریان با بۆ حێزب بێت،

-هەر دوکیان لە گەڵ مام عەلی بڕێک لە ئێمە دوور کەوتنەوە ونزیکەی کاتژمێرێکیان پێچوو،گەڕانەوە لامان.عەلی هەتیو وتی.خزمینە! حەمەی کوڕم کە کوڕی گەورەمە وقەناسەتان پێداوە و لە شەڕ دا بەشداری کردوە و عەجەمی زۆری کوشتوە، پیس لە دەوڵەت قاچاخ بوە ،نایبەمەوە،بەڵام مەحمووی کوڕم کە تازە دەگاتێ و مناڵ کارە و سمێڵی گووگرە نەبوە و قوڵە بڕناوێکتان پێدواوە ،کەسی بە دەس نەکوژراوە لە گەڵ خۆم دەیبەمەوە، وتمان باشە ،مادام خۆی قەناعەتی هێناوە و ئاگامان لە وەزعی تۆشە . ئێمە ڕێگیریمان نیە، شەهید ئەحمەد کەریمی نیا ناسراوە بە ئەحمەد تەمۆغەیی سەرلکی بوو، قسەی لە گەڵ مەحموو کرد و چەکەی لێ تەحویل گیراو لە گەڵ مام عەلی بەرە ماڵ بوونەوە، چەند میترێک لێمان دوورکەوتنەوە و لە خۆ وە پێشمەرگەیەک وتی مەحموو نەبی بە جاش! مەحموو هیچی نەوت، مام عەلی لای کردوە و دوو قامکی ئەسپێ کوژە ودۆشاومژەی دەستی بە چەناکەیەوە گرت و بە نیگایەکی مەحزووناوی وتی ،نیگەران مەبن ،بە ڕیشی سپی خۆم ناکەم بە پیری عاقیبەت بە شەڕ،

– ئێمە بۆ شەو چوینە ئاوایی ودواتر درێژەمان بە جەولەی خۆماندا و دەوری یەک دوو مانگێکی پێچوو ،ئاگادار بووین کە گروهی زەربەتی میرەدێ چوونەتە ئاوایی سیادەری سەروو ،مام عەلیان بانگ کردوە و لە بەر چاوی خەڵک قسەیان پێوتوە، ، وتبوویان تۆ بۆخۆت لاینگری دیموکراتی، کوڕێکت پێشمەرگەیە،دەوڵەتیش مەحمووی بەر ئەکەوێ ،ئەبێ بێت چەک بۆ دەوڵەت هەڵگرێ،مام عەلیش باسی خۆی دەکا و چۆنی لە حیزب وەرگرتۆتەوە ،پیر بوە لە و شتانە ، قسەی مام عەلی فایدە ی نابێ،گروهی زەربەتی ڕژیم عەلی هەتیو لە گەڵ خۆیان ئەبەنە پایگای قۆڕەدەرە لەو نزیکانە،لەوێ پایگایەکی ژاندارمری لێ بوو، بە فەرماندەی پایگا ئەڵێن ئەگەر تا بیست ڕۆژی تر ئەم کابرایەکوڕەکەی نەنارد بۆ سپای میرەدێ ،پەیامت بۆ ئەدەین بۆمان بنێڕە، عەلی هەتیو پێوایە هەر بۆ ترساندنیەتی،کابرای ژاندارمەش ئەڵی ئەوە کاری من نیە بەڵام مادام خۆی ئەڵێ باشە، من لە ڕێگەی شوراکانەوە ئاگاداری ئەکەمەوە .

– بیست ڕۆژەکە تەواو ئەبێ و ڕۆژیک یەکێک لە شوڕاکانی ئاوایی بە مام عەلی ئەڵێ !فەرماندی پایگا پێی وتوم بە عەلی هەتیو بڵێ سبەی بێت بۆ ئێرە ،ئەڵێ سەبەب؟ شورا ئەڵێ نازانم،دێتەوە بیری وادیارە بۆ ترساندم نەبوو، شەو لە گەڵ خێزانی قسە ئەکات ،پێی ئەڵێ ماجەرا چیە و چی بکەن،عەلی هەتیو سەوادی نەبوو فارسیشی نەدەزانی،لە ئاوایی نەفەرێک هەبوو قوڵە خڕەیەکی چوارشانە عەلی ناو بوو ،کوێرە سەوادێکی هەبوو ،میرزای ئاوایی بوو،مام عەلی ئەو وەک دیلمانج لە گەڵ خۆی ئەبات و ئەڕوا بۆ پایەگا.

-کە دەگاتە مەقسەد، ئەبینێ ماشین ئامادەیە و سەرباز سوار ماشێن بوون و هەر ئەو ماوە سواری کەن،بە دیلمانجەکە ئەڵێ بە ئاغای سەر کار بڵێ پیرم و وەزعم تەواو نیە ،زۆری بۆ تەوزیح ئەدا و دیلمانجیش بە قسەکانی مام عەلی بە سەرکار ئەڵێ، سوودی نابێ،ئەڵی من معمورم و مەعزور ،خۆ من نایگرم. ئەوە سپا ی پاسدارەکاری پێێەتی، نەک من،عەلی هەتو چاری نامێنێ بە کاک دیلمانج ئەڵێ بە ئاغای سەرکار بڵێ تەنیا دوو قسەم ماوە ،ئیجازی ئەو دو قسەشم بداتێ، پێی بڵێم ،جا دوای ئەوە ئەم کوژێ، ئەمبڕێ، ئەم نێرێ ،نامنێرێ،کەیفی خۆیەتی،موتەرجمەکەش ئاغای سەر کار ئاگادار ئەکاو ئەویش ئەڵێ بێژە بزانم ئەو دوو قسە چیە،

ئەڵێ ،ئاغای سەرکار ،بەو قاچانەی خۆم ڕۆشتووم بۆ بارەگای حیزبی دیمکڕات ،مەحمووی کوڕی خۆمم لە ئەوڕحمانی قاسملوو بۆ خۆم وەر گرتۆتەوە ،نایدەم بە خومەینی، کابرای ژاندارمە پیاوی چاک ئەبێ، کە ئەو قسە لە مام عەلی ئەبیستێ پێدەکەنێ و دەستێک لە شانی عەلی هەتیو ئەدا بە فارسی پێێ ئەڵێ “برو ای پیر جهان دیدە دست مولا بەهمرات” ، برۆ ئەی پیری دونیا دیتوو دەستی مەولات لە پشت ىێت،

لەو گێچەڵەی نەجات بوو بەڵام .کورد وتەنی،نەگبەتی خۆی باشە قۆرتەکانی خراپە!

– دوای ئەو بەسەر هاتە عەلی هەتیو دەگەڕێتەوە گوند وخۆی کەنارگیر دەکات تا جستان دەگاتێ،سارد و سەرما دەست پێدەکات و مەجبورە بۆ دابینکردنی پێداویستی ژیان ڕوو لە شار بکات ،سەقز و ئەردەوێڵ بە جووتە، لە وەرزی زستاندا لە ساردترین شارەکانی ئێرانن،جاری وایە سەقز یەکەمە جاریواش ئەردەوێڵ،ئا لەو کاتەدا کە بەفر زەوی سپی پۆش کردوە،شەختە و سەهۆڵ بەندانە،خۆی ئەگەیەنێتە شاری سەقز ، ڕوو لە بنکەی وەرگرتنی پسوولەی ئارد*کۆپین* ئەکات،ئەچێتە سەفەوە ڕادەوەستێ، سەفێکی نە زۆر درێژ و نەزۆر کورت، دە بۆ پازدە کەسیک لە نۆبەدا ڕاوەستاون،مام عەلیش لە سەف دایە ،مناڵێک تووی گوڵەبەڕۆژە ئەفرۆشێ و هەر بە بەردەمی سەفەکەدا دێت و دەچێت ، هاوار ئەکات تووی چاک ،تووی حسەین تەڵایی،مام عەلی ئەڵێ کاکە خێرتان ئەگاتێ ئەوە من ددانم نیە ئێوە چی؟ بۆ تۆزێک توو لەو مناڵە بەسزمانە ناکرن گوناحە ،یەک دوو کەسیش بە عەلی هەتیو ئەڵێن، مامە ئەو کوڕە کاغەزێ شتێکی پێنیە تووی تێکات ئاوا چۆن دەبێ،

مام عەلی لا ئەکاتەوە ئەبینێ درگای دیوی کۆپێنی ئارد کراوەیەو رەئیس لە گەڵ دوو نەفەر سەر گەرمی قسەیە ،نەفەرەکان بە جۆریک لەبەر دەمی ڕەئیس کە لە سەر سەندەڵی دانیشتوە راوەستاون ئەو مێزەی خوار خۆی کە بەرگەکانی لە سەر دانراوە باش لێ دیار نیە،مام عەلی بە سادەیی خۆی و بە بێ ئەوە بزانێ ئەو کاغەزانە چین دانراون لە سەر مێزەکە،دەست ئەبا دوو سێ دانە هەڵئەگرێ ،و ئەیداتە دەست خەڵکەکە ئەڵێ ئەوە کاغەز دەی تووی لێ بکڕن لەو منداڵە فەقیرە،

ئەوانیش وەختێ کاغەز چاو لێدەکەن بەرگەی مۆرکراوی کۆپینی ئاردە،ئەڵێن کوڕە پیاوی چاک بە بڕێکی کە بێنە خۆ ئەوە بەرگەی ئاردە، مام عەلی نایکاتە نامەردی دەست ئەبا بەستەیەکی باش دێنێ و رەئیسیش هەر سەر قاڵە،جموجوڵی خەڵکی سەف بەستوو نائاسایی ئەبێ و پێێان دەزانن،پاسەبانی لێدەبێ و کابرای کۆپین دزراو هاوار دەکات بیانگرن،یەک دوو تەقەی هەوایی دەکەن و دەوریان ئەدەن،کابرای رەئیس ئەڵێ غەیری ئەو کابرا پیرە ،هەموویان بگرن و گیرفانیان بگەڕێن بیان پشکنن،

کابرا پیرەش مەنزووری عەلی هەتیوە،بۆی دەڕوا بەرەو گاراج بە باخەڵی پڕ لە بەرگەی کۆپینەوە،هەر ئەگات و ناگاتە دورو نزیکی مینی بووس شۆفیر هاوار دەکەن مام عەلی گیان بەشمان بدە،دوو سێ کۆپینیان بۆ فڕێ ئەدا و هەڵدێ ،ناوێرێ سواری مینی بووس ببێت،لە جیاتی مەسیری ڕێگای سەقز بانە،ڕێگەی مەرخوز -کۆندەڵان-بۆبەکتان-شێخ چۆپان ،بە پیادە ئەگرێتە بەر وداوی دوو شەوڕێگە بڕین، کاتژمێر یەکی نیوە شەو دەگاتە ماڵ،

-تماشا ئەکات چرای هەموو ئاوەدانی خامۆشە جگە لە ماڵی خۆیان نەبێ ،چراتۆڕ شۆقی ڕۆژەڕۆیەک ئەروا و ماڵ شلووقە،ترسی لێ ئەنیشێ بڵێی چی قەومابێ،بە ماتە مات و لە سەر هەست هەنگاو هەڵئەگرێ و ئەچێتە حەوشە ،کاتێک ئەبینێ خێزانی کەشەفێ چایی بەدەستەوەیە بۆ میوانی دەبا ،فرسەت دێنێ خۆی ئەکات بە نێو نێو ماڵی مالەکەیدا، ڕاستەو خۆ خۆی پیشانی میوانەکان نادات،پاشان کە سەیزادەی خێزانی ئەگەڕێتەوە ناوماڵ ئەبینێ عەلی مێردی لەوێیە،سەیزادە ئەڵێ قورت بە سەر ئەو چیت کردوە ،خۆ شۆفیری ئەم ناو بە ناوە نان وئاویان لێ حەرام کردوین، دەوڵەتیش هەر هەڕەشە ئەنێرێ، ئەو ڕٶمەڵغەزایە چیە سازت کردوە،باسی خۆی بۆ ژنەکەی ئەگێڕێتەوە و ئەڵێ ئافرەت دەنگ مەکە،

بچٶرە وەتاق دانیشە وابزانە نەت زانیوە هاتوومەوە،وێرای ئەوان بە خێرهاتنم بکە.

چەند بەرگەێێک ئەخاتە گیرفانی و باقیەکەی دائەشارێ،خۆ ئەکات بە ئوتاق دا ئەبینێ شۆفیری ئەو ناوە هاتوون بۆ بەرگەی کۆپینی ئارد!

لە گەڵێان ئەسازێ و چەند بەرگەیەکیان ئەداتێ،بەشی زۆری بەرگەکانیشی لە یەغدانی نێو مالەکەدا داشاردوە،لە بنکەی سپای پاسدار لە میردێ وە خەبەری بۆ ئەنێرن بچێت خۆی تەحویل بدات .خەیانەتی بە دەوڵت کردوە،ماوەیەک خۆی نادا بە دەستەوە ،شۆفیرانیش بە بەرگەی مام عەلی ماشینی پڕ لە ئارد بۆ بانە ئەبەن و شتێکی واش بە مام عەلی نادەن،مەجبوور رۆژێ بە نیازی شار ڕوو ئەکاتە میرەدێ جاش و پاسدار دەیگرن و سمایلە سووری چاش دەست دەکات بە لێدانی مام عەلی ،ئەویش مێرانە دەستی کردبوەوە بەڵام خێڵێ جاش زۆر بوون ،دەستی دەبەستن و دەیبەنە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز،ماوەی چل رۆژ زێندانی دەکەن و پاشان ئازاد دەکرێ،

دوای ئازادی بوونی، ئەڵێ خۆ من جورمی خۆمم کێشاوە با بچـم بەرگەکانی خۆم بتاوێنمەوە و بیان فرۆشم،ڕوو لە یەک دوو شۆفیری ئاشنای خۆی ئەکات و پێیان ئەڵێ بەرگەتان ئەوێ پێتان ئەفرۆشم ،ئەڵێن نامانەوێ،ئەڵێ یانی چی؟ لە وڵامدا ئەڵێن لە بەر ئەوەی- هەم بەرگە، هەم مۆر ،هەم ئیمزاکە ،هەرسێکیان گۆڕوان و چێدیکە ئاردی پێوەر ناگیردرێ.

بەمجۆرە بۆ ڕیش چوو سمێڵیشی لەسەر دانا،/ یادی بەخێر و ڕۆحی شاد

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت