ڕووحت شاد کوڕە جوان و دەنگخۆشەکەی شاری سەردەشت

کۆچەکەت گەلێک ناوەخت بوو، بە چاوی دڵ بۆ شەرمێونی و بۆ وەفا و خۆشەویستی و ئەمەگت گریام، لە ناخی دڵەوە بە پەرۆش بووم بۆ ئاواتە وەدی نەهاتووەکانت ، بۆ ئەو ساتەی لە ماڵێ بە یەکەوە دانیشتبووین و گووتت تەنیا یەک خەمی گەورەم هەیە ، بۆچی نەمتوانی لە کاتی خۆیدا وەک ئێوە ببمە پێشمەرگە و ئێستاش ئاواتم ئەوەیە وەک پێشمەرگەیەک خەبات بکەم.
هێندە دڵسۆز و شەرمێون بووی هەر کات بە یەکەوە قسەمان دەکرد ، خۆت بە قەرزداری گەل و نیشتمان دەزانی و دەتگووت ئارەزوومە کە هەرکات گەڕامەوە کوردستان بچمە سەر گۆڕی نادیاری شەهید مەنسوور و بچمە گۆڕستانی شەهیدانی کۆیە. کاتێک قەڵا مووشەک باران کرا و ناوی شەهیدەکان بڵاو بۆوە لە سوئێد بووی و لە پشت تەلەفوونەکە تێر گریای و گووتت بریا یەکێک لەو شەهیدانە بام.
لە سەر تەختی نەخۆشخانە هێندە بە ورەوە قسەت لەگەڵ دەکردم بەخیلیم بە ورە و خۆڕاگریت دەکرد، وەک مۆمێک خەریکی توانەوە بووی بەڵام هەر بە ورەوە قسەت دەکرد، دەمزانی لە دەروونت دا چ ئاگرێکی سووتێنەر بڵێسە دەدا و چۆنت دەتوێنێتەوە، دوایین قسەت گووتت: چەند خۆشە کە ڕەفیقەکانم تەلەفوونم بۆ دەکەن و لێم دەپرسن ئێستا دەزانم چەندە دەوڵەمەندم بە بوونی ئێوەی وەک برا و ڕەفیق.
ڕەحمەت گیان ئەتۆ بە پێچەوانەی ئاوی ڕووبار مەلەت دەکرد، چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەتان لە بەرەی کۆماری ئیسلامی دا پشتیان لەگەل کردووە، خۆت گووتەنی: هیچ پەیوەندی‌یەکت لەگەڵیان نەهێشت بوو، ئامادە نەبووی بە تەلەفوونیش لەگەڵیان قسە بکەی. دڵسۆزی و خەمخۆریت جێگای ڕێز و پێزانینە و ئێمەش وەک ڕەفیق و هاوڕێیەکانت هەموومان وەفادار بە ڕۆژانی ڕابردوو و بیرەوەری‌یەکانت و هاوسەری بەوەفا و منداڵە چاوگەشەکانیت دەبین.
لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە خوشکە نازێ و منداڵەکانت و خزمە دڵسۆزەکانی وەک خۆت دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمتان دەزانم.
ڕووحت شاد کوڕە جوان و دەنگخۆشەکەی شاری سەردەشت ، ناو و یادت لە دڵمان دا هەردەم زیندوو دەمێنێ.

هاورێی هەمیشەییت حەمەرەسووڵ کەریمی

ڕاگەیاندراوی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە وڵاتی ئەوستڕالیا بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێی خۆشەویست کاک ڕەحمەت کەریمیان

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین سەر لەبەیانیی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی فێوریە ٢٠١٩ی زایینی هاوڕیی خۆشەویست و دڵسۆز کاک ڕەحمەت کەریمیان پاش نیزیکەی دوو ساڵ بەربەکانی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانی شاری ئادلایدی ئوستڕالیا ماڵاوایی لەژیان کرد و بنەماڵە و دۆستانی بەجێ هێشت. تەرمی پیرۆزی هاوڕێ کەریمیان ڕۆژی شەممە ٢٣ی فێوریە لەنێو خەم و ماتەمینی خەڵکێکی زۆر لەکوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان و دۆستان و ناسیاوانی بەشێوەیەکی شایستە دوور لە کوردستان بەخاک ئەسپێردرا. هەر بەو بۆنە خەمبارەوە کۆمیتەی حیزب لەم وڵاتە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لەو هاوڕێ تێکۆشەرە بەرپا دەکا. هاوڕێ ڕەحمەت کەریمیان ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی، بەرامبەر بە ١٩٦٩ی زایینی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی و ناسراوی شاری سەردەشت لەدایک بوو. کاک ڕەحمەت هەتا پۆلی سێهەمی ڕاهنمایی دەرسی خوێند کە بەهۆی سەختیی ژیانی دوای مەرگی باوکی وازی لەخوێندن هێنا و ملی دایە بەر کار. کاک ڕەحمەت لەشارە خۆشەویستەکەی سەردەشت شوغڵی جۆراواجۆری تاقی کردنەوە و لەبەر ئەوەی زۆر کارجوان و دەست ڕەنگین بوو سەرئەنجام دووکانی ئاڕایشگەریی کردەوە کە زۆری تێدا سەرکەوتوو بوو. هاوڕێ ڕەحمەت هێشتا گەنج بوو کە دایکیشی لە ڕووداوێکی نەخوازراودا گیانی لەدەست دا و خۆشی بەسەختی بریندار بوو کە دوای ماوەیەک دەستوپەنجە نەرم کردن دەگەڵ مەرگ، سڵامەتیی خۆی وەدەست هێنایەوە. دوای چاک بوونەوەی دیسان دەستی بەکار کردەوە و بۆ درێژەی ژیانی خۆی و براکانی زەحمەتی کێشا. بە هۆی ئازار و ئەزیەتی خەڵک لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەشاری سەردەشت، هاوڕێ ڕەحمەت چەند جار دەگەڵیان تووشی کێشە بوو کە جارێکیان هەڵی کوتایە سەر بەکرێگیراوێک بەناوی زارع کە فەرماندەی عەمەلیات شاری سەردەشت بوو و بە توندی لێیدا. بەدوای ئەوە دا هێندێک گرفتی بۆ دروست کران کە سەرئەنجام ناچار بوو ساڵی ١٩٩٤ کوردستان جێ بێڵێ و ڕوو بکاتە هەندەران. هاورێی خۆشەویست کاک ڕەحمەت ساڵی ٢٠٠٥ داوای ئەندامەتیی لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکڕای کوردستانی لە ئوستڕالیای کرد و دوای تەئیدی بەشی تەشکیلات ڕەسمەن بوو بەئەندامی حیزب. لەو کاتەوە هەتا دواماڵاوایی لەژیان، وەک ئەندامێکی بەنەزم و دیسیپلین، بەباوەڕ و خەمخۆر درێژەی بە چالاکییەکانی داو لەنێو هاوسەنگەرانیدا بەتەواوی جێی خۆی کردەوە. هاوڕێ ڕەحمەت کەریمیان جگە لەکاری حیزبی، وەک کوردێکی دانیشتووی ئەم وڵاتەش دڵسۆزیی خۆی بۆ کێشەی کورد لەهەموو پارچەکان بە تەواوی نیشاندا و لەهیچ یارمەتی و هاوکارییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی درێغی نەکرد. ناوبراو هەم وەک کەسایەتی و هەم وەک خەمخۆری و بەدەنگەوە هاتنی خەڵک، خۆشەویستی هەموو کوردەکانی دانیشتووی شارەکەی و تەنانەت ئەو ئوستڕالییایانەی بەهۆی کارەکەیەوە دەیان ناسی، بوو. کارجوانی، پاکوخاوێنی، دروستکاری و ڕێزگرتن لەمشتەرییەکانی لە کاری ئاڕایشگەریدا، وای لێکرد ببێتە یەکێک لەسەرکەوتووترین ئاڕایشگای ئەم شارە بەجۆرێک کە کەسانی زۆر ناسراو ببوونە مشتەری. دڵخۆشیی کاک ڕەحمەت بە ژیان و هیواداریی ناوبراو بە داهاتوویەکی گەش وای لێکردبوو دایمە لە نێو دۆستانیدا بێ و بە هونەرەکەی کە دەنگێکی دڵگیر و لێدانی دەف بوو، شادی و خۆشی بخاتە سەرلێوی هەموان. ورە و هیواداریی کاک ڕەحمەت بەژیان وای لێکردبوو مل بۆ نەخۆشی دانەنوێنی و هەر بۆیە تا دوا ساتەکانی چاولێکنانی بزەی لەسەر لێوان نەکەوت و قەت بۆجارێک نائومێدی ڕووی تێ نەکرد. هاوڕێ ڕەحمەت کەریمیان دووجار ژیانی هاوبەشی پێک هێنا. لەخێزانی یەکەمی خاوەن کچێکی ٢٥ ساڵەیە بەناوی چاوان. جاری دووهەم دەگەڵ خاتوونێکی سەردەشتی بەناوی نازێ خانم ژیانی هاوبەشی پێک هێنا کە بەرهەمی ئەو ژیانە هاوبەشە دوو کچ و کوڕێک بە ناوەکانی: تابان، ١٣ ساڵە، ماهان ١١ ساڵە و ئاران ٦ ساڵەیە. خاتوو نازێی هاوسەری زۆر وەفادارانە و بە ئەمەگانە هەتا دوا کاتەکانی چاولێکنانی لەسەر سەری بوو و هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیانی دەگەڵ بەش کرد. کۆچی ناوەختی هاوڕێ ڕەحمەت کەریمیان هەموو کوردەکانی شاری ئادلایەنی هەژاند و بەتایبەتی بۆ هاوڕێیانی لە حیزبی دێمۆکڕات دا خەسارێکی قورس بوو. هەر بۆیە کۆمیتەی حیزب لەئوستڕالیا بەو پەڕی پەرۆشەوە هەواڵی مەرگی ئەو خۆشەویستە بڵاو دەکاتەوە و خۆی بە هاوخەمی بنەماڵە بەڕێزەکەی و هەمووخزم و کەسوکاری دەزانێ. ڕووحی هاوڕێ ڕەحمەت کەریمیان شاد و ڕێگای خزمەت بە ئامانجەکانی بەردەوام بێ.

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان – کۆمیتەی ئوستڕالیا

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت