شارۆمەندی ئوکراین لە لایەن پەکەکەوە لەبەر درۆ لە بارەی ناردنی چەکوچۆڵ بە بارمتە گیران

ئەل-مانیتۆر  – عەمبەرین زەمان

لە ئینگلیزییەوە: کەمال حەسەنپوور

کییەڤ – بەیانییەکی ئەو دواییانە لە پارکی شەڤشەنکۆ لە ناوەندی کییەڤ، ئوکراین، پیاوێکی باڵا بەرز بە چاویلکەی ڕەشەوە، بە فانیلەیەکی ڕەشی یەخە ئاڵقەیی و جووتە کەوشێک کە لەوان دەێنەوە، لە کاتێکدا کە چاوێک بە جەماوەردا دەخشێنی، مژ لە جگەرەیەکی سۆبرانی، کە بە فیلتەرە زیڕینە تایبەتییەکەیەوە دەناسرێتەوە، دەدا. هەست دەکەی ئەوە  دیمەنێکی فیلمێکی ترسناکی سەردەمی شەڕی ساردە و، ئەو بەسەرهاتەی کە ئەو تێوەی گلاوە لە بابەتێکی ئەوتۆ دێتەوە.

یەڤگێنی فۆمەنکۆڤ، تەمەن ٥٧ ساڵ، خۆی وەک “ڕابین هوود” پێناسە دەکا، لەگەل کابرایەکی ئوکراینی دیکە بە نێوی ئالێکساندێر سانپیتەر، تەمەن ٤٦ ساڵ، بەر لە ئازاد کرانیان لە دێسامبری ٢٠٢٠، لە لایەن شەڕوانە یاساغ کراوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چیاکانی کوردستانی عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو زیندانی کراون.

ئەوان شانسیان هەبووە کە هێشتا زیندوون. لە ١٠ی فێورییە، هێزە تایبەتییەکانی تورکیە بە پشتیوانی هەلیکۆپتەری هێرشبەر و فڕۆکەی شەڕکەر، هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر گارێ، ناوچەیەکی چیایی لە باشووری سنووری تورکیە لەگەڵ کوردستانی عێراق و پێگەیەکی ستراتێژیکی پەکەکە. ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە وێدەچوو دوو لایەنە بێ، ڕاونانی شەڕڤانان لە گارێ و ڕزگار کردنی ١٢ کاربەدەستی ئەمنییەتی، سەرباز، پۆلیس و ئەفسەرانی هەوڵگریی تورک کە لە ئەشکەوتێکدا زیندانی بوون. ئاکامەکە پشێوییەکی خوێناویی لێکەوتەوە. سەرجەم ١٢ بارمتە تورکەکان و پیاوێکی دیکە کە پاشان ئاشکرا بوو سیخوڕێکی کوردە کوژران.

دەوڵەتی تورکیە پێداگرە کە ئەوان بەدەست پەکەکە کوژراون. پەکەکە دەڵێ ئەوان کاتێک فڕۆکەی ئێف-١٦ی تورکیە ئەشکەوتەکەیان بۆمباران کردووە کوژراون، ئەوێ هەمان ئەشکەوتی ژێر زەوی بوو کە فۆمەنکۆڤ و سانپیتەر تیایدا زیندانی بوون، پێش ئەوەی کە شەڕکەرەکان ئازادیان بکەن. فەرماندەیەکی پەکەکە کە ئیزنی ئاخاوتن لەگەڵ ئەل-مانیتۆر ی پێ درابوو لە ١٧ ی مارس و بە پرۆگرامی سیگناڵ، لە وتووێژێکدا گوتی، “من دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە هەڤاڵانمان شارۆمەندی ئوکراینیان لەو ئەشکەوتەدا ڕاگرتووە، پێش ئەوەی لە مانگی دێسامبر لە گوندێکی نزیک دهۆک ئازادیان بکەن. ئەوان چی وایان نەمابوو تێدا بچن.”

ئەگەر دەوڵەتی تورکیە بۆ ئازادی شارۆمەندانی وتووێژی لەگەڵ شەڕڤانەکان کردبا، “ئەوان هێشتا زیندوو دەبوون.”

دەوڵەتی ئوکراین ئەو کارەی بۆ فۆمەنکۆڤ و سانپیتەر کرد؟ نا.

لێکۆڵینەوەی دوو مانگیی ئەل-مانیتۆر  لەبارەی ڕووداوەکانی کە بوونە هۆی گیرانی دوو شارۆمەندی نیشتەجێی شارۆچکەیەکی ئوکراین لە لایەن تاقمێکی شەڕکەر کە لە ١٩٨٤ بەولاوە خەریکی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیەن، ئاسەواری گەندەڵیی و ساختەکاریی لەگەڵ ساویلکەیی لە مەڕ بازاڕی ڕەشی چەکوچۆڵ ئاشکرا دەکەن.

مامەڵەی پیس

ئاشنایەتی فۆمەنکۆڤ و سانپیتەر لەگەڵ پەکەکە بە هۆی کەسێک بە نێوی ئۆلەگ کالاشنیکۆڤەوە دەستی پێکرد، کە لە لایەن مێدیای ئوکراینییەوە وەک کاربەدەستێکی پێشووی هەوڵگریی و سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتییەکی دەوڵەت بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ هاتوچۆی نایاسایی مادەی سڕکەر و چەکوچۆڵ لە شاری خارکیڤ لە باکووری خۆرهەڵاتی ئوکراین بووە. هاوکارەکەی تاراس ساڤین بوو، کابرایەکی ئوکراینی کە لە حیزبێکی لایەنگری ڕوسیەدا چالاکی ناسەرکەوتووانەی لە سیاسەتی ناوچەییدا هەبووە.

دەڵێن لە مانگی مای ٢٠١٧، ئەو دوو کەسە چاویان بە سیخوڕێکی پەکەکە لە کییەڤ، بۆ ڕێکخستنی کڕین و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لەناویاندا سیستەمی دژە فڕۆکەی ڕوسی (MANPADS Igla) ، قەنناسە، دوربینی دیتن لە تاریکییدا،  کامێرای گەرمابین و خنکێنەری شەپۆلی ئەلەکترۆنی لە بازاڕی ناوچەکەدا،کەوتووە. لەسەر مامەڵەیەک ساغ بوونەوە. ئوکراینییەکان بەڵێنییان دا  هەرکات پەکەکە میلیۆنێک دۆلاریان پێشەکی بداتێ، ئەوان کەرەستەکە بە فڕۆکەیەکی بارهەڵگردا دەنێرن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی لە کوردستانی عێراق. پەکەکە ڕەزامەندی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام ئەوان مەرجێکی تووندوتۆڵیان هەبوو: شەڕڤانەکان دوو هاوکاری ئوکراینی ئەوان وەک بارمتە لە لای خۆیان ڕادەگرن تا کەرەستەکان دەگەنە دەستیان.

ساڤین خۆی لە فۆمەنکۆڤ و سانپیتەر نزیک کردەوە و پێی گوتن گرێبەستێکی پڕداهاتی نەوت قەرارە لە عێراق واژۆ بکرێ. پارەیەکی هاسان و خێرای تێدایە. ئاخۆ ئەوان مەیلیان لێیە؟ جوابی ئەوان ئەرێنی بوو. ساڤین هیچ شتێکی لە بارەی چەکەکان باس نەکرد.

لە ١٣ی مانگی ژووەن، ساڤین لەگەڵ فۆمەنکۆڤ و سانپیتەر گەیشتە سلێمانی. پەکەکە لەبەر چاوی ساڤین یەک میلیۆن دۆلارەکەی دا. ئەوە ئاشکرا نییە ئاخۆ پارەی حازر درا یان بە شێوەی ئەلەکترۆنی. فەرماندەکەی پەکەکە خۆی لە لێدوان لەو بارەوە بوارد. ساڤین لە کاتێکدا کە بەڵینی دا چەکوچۆڵەکە ڕۆژی دواتر بگاتە جێ، ئەوێی جێهێشت. بەڵام چەوکۆچۆڵ هەرگیز نەگەیشتە جێ.

ئەوە شتێکی سەیر نییە. زۆر دژوارە کالاشنیکۆڤ و ساڤین بیانتوانیبا ئەو چەکوچۆڵە لە ڕێگای کاناڵی یاسایی بە فڕۆکەیەک بۆ پەکەکە، کە لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەستنیشان کراوە، بگوازنەوە. پەکەکە فریو درابوو.

فەرماندەکەی پەکەکە مەرجەکان و کاتی جێبەجێ کردنی گریبەستەکەی پشتڕاست کردەوە، ئەگەرچی ناوی ساڤین و کالاشنیکۆڤی نەهێنا و وەک “ساختەچییەکانی ئوکراینی” باسی کردن. ئەو ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە ئەندامانی پەکەکە کاتێک بۆیان ئاشکرا بووە کە چەکەکان هەرگیز ناگەنە دەستیان، فۆمەنکۆڤ و سانپیتەریان لە هوتێلێکی سلێمانی دەستبەسەر کردووە.

چەند حەوتوو لە بێ سەروشوێن بوونی ساڤین بە دراوەکەوە تێپەڕ بوو و کالاشنیکۆڤ جوابی تەلەفونەکانی پەکەکەی نەدەدایەوە. پەکەکە فۆمەنکۆڤ و سانپیتەری برد بەرەو باکوور بۆ یەکێک لە بنکەکانیان لە پارێزگای کەرکوک. چەرمەسەرییە سێ ساڵ و نیویەکەیان دەستی پێ کردبوو.

کاربەدەستێکی کوردستانی عێراق کە ئاگاداری ساختەکارییەکە بوو بە ئەل-مانیتۆر ی گوت، ” ئەوە یەکەم جار نییە پەکەکە بەو شێوەیە فریو دەدرێ.” ئەو خۆی لە باسی زۆرتر بوارد.

وەک سەرەتا ئەوە ئاشکرا نییە کە ئاخۆ کوردان بۆ چەک، بۆ پەیوەندییان بە ئوکراینەوە گرتووە. ئەو وڵاتەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی لەگەڵ تورکیە هەیە، بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و بەرگرییەوە. ئوکراین بەرهەمهێنەری مەکینەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی، بەرزەفڕ و پشوودرێژی ئاکینجیسی تورکیەیە، کە لە هەڵمەتی تورکیە دژی پەکەکە کاریگەرییەکی کوشندەی هەیە. ئوکراین شارۆمەندی تورکیە کە لە لایەن تورکیەوە بە تێرۆریزم تاوانبار کراون لەو وڵاتە دەر کردوون، تازەترینیان لە مانگی ژانویەدا. چالاکانی مافی مرۆڤ ئەو هەڵوێستەیان وەک هەڵوێستێکی نایاسایی مەحکووم کردووە.

سەرهەڵدانی ناکۆکی خۆرهەڵاتی ئوکراین لە ٢٠١٤ لە نێوان ئوکراین و هێزەکانی سەر بە ڕوسیە بۆتە هۆی بڵاو بوونەوە و هەناردە کردنی چک لەناو ئەو وڵاتەدا. مەت شرۆدەر، توێژەرێکی پلە بەرزی Small Arms Survey (لێکۆڵینەوە لە چەکی سووک)، دامەزراوەیەک کە بنکەکەی لە ژنێڤە و چاودێریی ئاڵووێری چەک بە شێوەی نایاسایی دەکا و هاونووسەری وتارێک لە ژانوییەی ٢٠٢١ بە نێوی ڕاپۆرت لەسەر ئوکراینە، گوتی، “دۆخی هەڵخەڵەتێنەر هەن کە لەو دۆخانەدا بۆ گواستنەوەی ڕێژەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی بۆ تاقمی چەکدار لە وڵاتانی بیانی کەڵک لە فڕۆکە وەرگیراوە، بەڵام ئەو دۆخانە لەوە کەمترن کە خەڵک بیریان لێ دەکاتەوە.”

شرۆدەر لە لێدوانێکدا بە ئیمەیل بە ئەل-مۆنیتەری گوت، “چەکی دژی فڕۆکەی MANPADS جۆرە چەکێکی باوە کە بە شێوەی گشتی زۆر بە چڕی لە جبەخانەی وڵاتاندا پارێزگاریی لێ دەکرێ. من هیچ ڕاپۆرتێکی گواستنەوەی ناونەتەوەیی Igla MANPADS م لە ئوکراینەوە نەدیتووە.”

هەرچۆنێک بێ، بازاڕێکی ڕەشی کەرەستەی سەربازیی گەشە ئەستێن لە عێراق هەیە، لە ناویاندا ” هێندێک چەکی پێشکەوتوو کە پەکەکە پشتیان پێ دەبەستێ،” ئەوە گوتەی ئالیزا مارکوس، نووسەری کتێبی “خوێن و بڕوا،” باوەڕ پێکراوترین کتێب لەبارەی پەکەکە بە زمانی ئینگلیزییە. ناوبراو گوتی، “ئەوان بە هەمان شێوە لە شەڕ لەگەڵ سەربازانی تورکیەدا دەست بەسەر هێندێک چەکدا دەگرن. کەوابوو بێ گومان، چەک گیروگرفت نییە و، پەکەکە دارایی کڕینیانی هەیە.” دراوەکەی لە کوێوە دێ؟ ئەو شیی دەکاتەوە، “باجی سەر قاچاخچییانی کە بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدا تێپەڕ دەبن و، بەناو یارمەتی لە لایەن ناوەندە بازرگانییەکان کە پەکەکە لەوێ چالاکە، بە تایبەتی لە تورکیە، من گومانم لەوەدا نییەکە سەرکوتی پەکەکە لەناوخۆی تورکیە کاریگەریی لەسەر توانایی ئەو گرووپە بۆ کۆ کردنەوەی دراو هەبووە، بەڵام هەر وەک خەڵکی ناو پەکەکە دەمێکە بۆیان باس کردووم، بەڕێوەبەریی شەڕی گەریلایی هەرزانە. بیری لێ بکەوە، شەڕڤانانی پەکەکە یونیفۆرم و چەکیان پێ دەدرێ، جگە لەوە هیچی دیکەیان پێ نادرێ. کەس مووچەی پێ نادرێ”

هەڤاڵ ژیان

لە ڕێکەوتی ٣ی مارس، فۆمەنکۆڤ بۆ یەکەم وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەوانێک لە قاوەخانەی بابڵ لە پارکی شەڤشەنکۆ دانیشت. مانگێکی پێچوو تا ڕەزامەندی دەربڕی. کاتێک فنجانە ئێسپرێسۆیەکەی بەرەو لێوەکانی بەرز کردەوە ڕوخساری خوار بوو و دەستەکانی دەلەرزین. ئەو بیری هاتەوە و بە یارمەتی وەرگێڕێکی ڕوسی گوتی، ” ئێمە لامان وابوو لە عێراق خەریکی بازرگانی ڕاستگۆیانە دەبین. هیچ زانیارییەکمان لە سەر پلانی ساختەچییەکان نەبوو.” ژیانی بەندیخانە چۆن بوو؟ لە لایەن شەڕڤانانەوە هەڵسوکەتی خراپی لەگەڵدا کرا؟ “نا، ئەوان هەرگیز لێیان نەداین.” ئەو ئاگای لێیە کە ئەو ئەشکەوتەی لەوێدا بەند کرابوون لە لایەن سوپای تورکیەوە بۆمباران کراوە؟ “نا.” ئاخۆ ئەوان بۆ شوێنی جیا جیا گوازرابوونەوە؟ “نا.” فەرماندەکەی پەکەکە بە ئەل-مانیتۆر ی گوت کە ئەو پیاوانە بۆ شوێنی جیا جیا ڕاگوێزرابوون ” لە چیایەکەوە بۆ چیایەکی دیکە” وەک ” کار قایمییەکی ئەمنییەتی.”

فۆمەنکۆڤ پێش چاوپێکەوتنەکە گوتبووی ئامادەیە باسی بەسەرهاتەکەی بکا، بەڵام ئێستا دەڵێ هیچ نادرکێنێ، کە ئەو ناتوانێ هیچ وردەکارییەک لە بارەی چەرمەسەرییەکەی باس بکا تا دەوڵەت لێکۆڵینەوەکەی تەواو نەکا، کە بە گوتەی ناوبراو لەسەر کالاشنیکۆڤ و ساڤین لە ئارا دایە. ئەو ئەوەشی زیاد کرد، “ئەگەر دادپەروەریی بەڕێوە نەچێ، من باسی هەموو شتێک دەکەم، مەبەستم هەموو شتێکە، تەنانەت بە نرخی گیانیشم بێ. ئەوە وەک بۆمبێک دەبێ. ئێوە بۆ ئەو شتە ئامادەن؟”

ئەو لانیکەم دەتوانێ باسی دەوروبەر بکا، خواردەمەنییەکە، چۆن کاتی تێپەڕ دەکرد؟ پێتوابێ سێ ساڵ و نیو لە ئەشکەوتێکدا کە تەنانەت تیشکیشی تێ نەچەقێ چۆنە؟” فەرماندەکەی پەکەکە گوتی هیچ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیە لە ئاسمانی ئەوێ خۆی مات نەکردبوو.”

هیچ فێری کوردی بوون؟ ئەو دەستی بە ئاخاوتن بە کورمانجی کرد، شێوەزاری سەرەکیی کوردانی تورکیە و باکووری سووریە. هەواڵنێری تورک-بەنگلادێشی ئەل-مانیتۆر  بە کورمانجییەکی هەڕەمەکیی وڵامی دەداتەوە. هەستێکی سوررێیالە [لەوپەڕی ڕاستییەوەیە].

خواردنەکە “کوردی بوو، دەزانی چۆنە.” ئەو دەڵێ هەشت ددانی کەوتن، لێوەکانی دەکێشێتە دواوە تا بۆشایی نێوانیان نیشان بدا. لە سەرەتاکانی دەسبەسەر کرانیان، دەڵێن پەکەکە بزماری بۆ لە خواردنەکەیان کردبوو. فەرماندەکەی پەکەکە ئەو ئیدیعایەی ڕەت کردەوە و گوتی وێدەچێ ددانەکانی فۆمەنکۆڤ “بە بەردی نێو ساوەر شکابن کە هەڤاڵانمان نەیاندیتوونەوە. ئەوە لەمەش دەقەومێ.”

فۆمەنکۆڤ شی نەکردەوە. ‌هاوسۆزیی ناوبراو بۆ شەڕڤانان لێی دەر دەکەوێ. ” ئەوان خەڵکێکن شانازیی بەخۆیانەوە دەکەن، وەکو من بۆ دادپەروەری دەجەنگێن. من یارمەتی خەڵکێک دەکەم کە ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، ژنانیک کە هەڵسوکەتی خراپیان لەگەڵدا دەکرێ.” ئەو دەڵێ نووسراوە دوورودرێژ و ناڕوونەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەی خوێندوونەوە، کە داکۆکی لە یەکسانیی ڕەگەزیی دەکا. فۆمەنکۆڤ گوتی، ” ئەو کتێبی زۆر ژیرانە دەنووسێ.”

پەکەکە نازناوی بۆ دیاری کردبوو؟ بۆ یەکەم جار ڕوخساری دەگەشێتەوە. ئەو گوتی، ” بەڵێ، هەڤاڵەکان منیان بە ‘ژیان’ بانگ دەکرد. ئەوە مانای ‘ژیان’ــە. “هەڤال”وشەی کوردی “کۆمراد” ـــە. سانپیتەر نێوی زۆرتر ئەدەبیی “ئەسکەندەر”ی پێدرابوو، شێوەی بە عەڕەبی کراوی ئالێکساندێر.

فۆمەنکۆڤ گوتی، “گشت ئەو شتەی هەنووکە دەتوانم پێتی بڵێم، ئەوەیە کە ئەزموونی من لە چیاکان وەک یەکەم ئەوینم بوو: لە بیر نەکراو.”

سانپیتەر داوای پەیتا پەیتای ئەل-مانیتۆر ی بۆ چاوپێکەوتن ڕەت کردەوە.

لە هەڵڵادەر

ماوەی ساڵ و نیوێک تەنیا چەند کەسێک لە دۆخی نالەباری ئوکراینییەکان ئاگادار بوون. لە ئاگوستی ٢٠١٧، سانپیتەر ڕێگای پێدرا تەلەفۆن بۆ باڵوێزخانەی ئوکراین لە بەغدا بکا، ئەوە یەکێک کە دوایین پەویوەندییەکان پێش دەست بەسەر داگرتنی تەلەفۆنەکەی لە لایەن شەڕڤانانەوە بوو. پێشتر چەند جار زەنگی بۆ هاوسەرەکەی، تاتیانا لە خارکیڤ،  لێدابوو. سانپیتەر پێی گوتبوون ئەو و فۆمەنکۆڤ لە لایەن تاقمێکی چەکداری نەناسراوەوە گیراون. دەوڵەت دەبێ ڕزگاریان بکا. فۆمەنکۆڤ لە هاوسەرکەی جیا بۆتەوە و لە تەنیا مناڵەکەشی، کچێک، غەوارەیە. ئەو کەسی دیکەی نەبوو زەنگی بۆ لێدا.

بەسەرهاتەکەیان ئاشکرا نەبوو تا یەڤگێنی شەڤشەنکۆ، خۆبەخشێکی شەڕی ئوکراین لە دژی ڕوسیە لە ناوچەی دۆنباس، لە بلاگێکی ئوکراینی بە نێوی censor.net لە ٢٩ ژانوییەی ٢٠١٩ باسی کرد. شەڤشەنکۆ کە هەنووکە خەریکی “بیزنسی ئاسایشییە،” لە ناسیاوە کوردەکانی لە کاتی سەفەرێک بۆ سلێمانی لە ٢٠١٨ باسی ئەو دوو کەسەی  بیستبوو. دوای گەڕانەوە بۆ ئوکراین، شەڤشەنکۆ لەگەڵ نوێنەری پێشووی پارلمانی ئوکراین، سەمیەن سەمەنچەنکۆ، پەیوەندییان بە “بەشی هەواڵگریی بیانی” ئوکراینەوە گرتبوو و داوای یارمەتییان کردبوو. (دواتر ئاشکرا بوو کە سەرچاوەی ئیددیعای تێکردنی بزمار لە خۆراکی گیراوان لە لایەن پەکەکەوە، شەڤشەنکۆ بووە.)

هاوسەری سانپیتەر دەسبەجێ دوای تێگەیشتن لە دۆخی نالەباری مێردەکەی، سکاڵایەکی لە لای دامودەزگاکانی خارکیڤ تۆمار کردبوو. شەڤشەنکۆ نووسی، ” تاقمێکی هاوبەش پێکهاتوو لە پۆلیسی نەتەوەیی، هێزی ئاسایشی ئوکراین، وەزارەتی بەرگری، خزمەتگوزاریی هەوڵگریی بیانی لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە پێکهات. کالاشنیکۆڤ بەرگری لە بێتاوانیی خۆی کرد. لە کۆتاییدا، ئەو تاقمە لێکۆڵەرانە گەیشتنە ئاکامگیرییەکی ساکار: نە کالاشنیکۆڤ و نە هیچ کەسێکی دیکە لەو ساختەکارییەدا بەشدار نەبوون و، دراوەکە لە لایەن هەمان کوردانەوە کە هاتبوونە ئوکراین دزرابوو چونکە ئەوان کڕیاری چەکوۆچۆڵ نەبوون بەڵکو تەنیا ناوبژیکار بوون. هەر بەو هۆیەوە، هیچ کەس چارەنووسی بارمتە ئوکراینییەکانی بۆ گرینگ نەبوو.”

دوای لێکۆڵینەوەکە، گوایە کالاشنیکۆڤ هەڕەشەی لە بنەماڵەی سانپیتەر کردووە و بە تاتیانای گوتبوو ئەو، ” ناتوانێ بەرگریی لە منداڵەکانیان بکا.” شەڤشەنکۆ هیچ ئاماژەیەکی بە پەکەکە نەکردبوو. مێدیای ئوکراین، کە باسی ئەو ڕووداوەیان کردبوو، بە هەمان شێوە هیچ ئاماژەیەکیان پێی نەکردبوو.

لە ١٦ی مارس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەل-مانیتۆر  بە ڤیدیۆی واتسئاپ، شەڤشەنکۆ دانی پێدانا کە ئەو دەیزانی پەکەکە هاووڵاتییەکانی بە بارمتە گرتووە. ئەو تووشی کۆڤید-١٩ ببوو و زۆر کۆکەی دەکرد. ئەو گوتی ناوبراو بۆیە چۆتە سلێمانی چونکە هیوادار بووە گرێبەستێک لەگەڵ هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی باکووری سووریە کە لە دەست هێزەکانی سووریەی دێموکرات بە ڕێبەریی کوردان دان و لە پەکەکە نزیکن، واژۆ بکا.

هاوپەیمانییەکە بە سەرکەوتووییەوە هێرشێکی مرۆڤکوژانی سەر بە ڕوسیە لە  Wagner Groupلە فێورییەی ٢٠١٨ ی تێک شکاندبوو و، کوردانی سووریە لە هاوبەشی خۆرئاوایی دەگەڕان تا ژێرخانە نەوتییە وێرانەکان نۆژەن بکەنەوە و گەشە بە بەرهەمهێنان بدەن. ئەوان بەتەما بوون ئاسایشی ئەوێ بپارێزن. ئەل-مانیتۆر  پێی زانیوە کە موتی کاناها، وەبەرهێنەرێکی جوولەکەی ئەمریکایی، بۆ مامەڵەیەکی ئەوتۆ لۆبیگەریی دەکرد و کاربەدەستانی کوردی لەگەڵ ئێریک پرینس، پەیمانکاری ئاسایشی کێشەدار و بەڕێوەبەری گشتی پێشووی بلاک واتەر، لە ژانوییەی ٢٠١٩ لە واشینگتۆن، دی سی، ئاشنا کردبوو.  ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری سووریەی دێموکراتیک، بە واتسئاپ بۆ ئەل-مانیتۆری پشتڕاست کردەوە کە ئەو لە هوتێلی ماریۆت لە واشینگتۆن، دی سی، چاوی بە پرینس کەوتووە، بەڵام ” هیچ شێوە ڕێککەوتنێک نەهاتە ئاراوە.” شەڤشەنکۆ بە هەمان شێوە گوتی ئەویش لە واژۆ کردنی گرێبەست شکستی هێناوە.

لێکۆڵەرەوە    

لە ٥ی ژووەنی ٢٠١٨، پەکەکە دوو گرتە ڤیدیۆیی لە فۆمەنکۆڤ و سانپیتەر تۆمار کردن کە گەیشتنە دەست هاوسەری سانپیتەر. لە یەکێک لەواندا سانپیتەر لە گەڵ ساڤین دەدوێ. ئەو هەڕەشەدەکا، ” تۆ منت بە پارە گۆڕییەوە و، ئێستا بۆم ئاشکرا بووە کە هەڕەشە لە بنەماڵەکەم دەکەی. بێگومان من بە زوویی دەگەڕێمەوە. ئەگەر تەنیا تاڵە موویەک لە سەری بنەماڵەکەم کەم بێتەوە، تەنانەت ئەگەر لە کاتی پیاسە لە سەر شەقام فوندوقێکیان بەسەردا بەربێتەوە، تۆ زۆر پەژیوان دەبییەوە.” لە گرتە ڤیدیۆییەکەی دیکەدا فۆمەنکۆڤ دەڵێ، ” من یەڤگێنی فۆمەنکۆڤم و، هێشتا زیندووم. تا کاتێک دراوەکە دەدۆزرێتەوە، وێدەچی لێرە بمێنمەوە.”

بەڵام، پەکەکە وردە وردە قەبووڵ دەکا کە دراوەکە تا هەتایە بۆی دەرچووە. فەرمەندەکەی پەکەکە گوتی، “ئێمە بۆمان ئاشکرا بوو کە ئەو کوڕانە بێ تاوانن و ساختەکارەکان کەڵکی خراپیان لێ وەرگرتوون ودراوەکە هەرگیز نادۆزرێتەوە. بۆیە بە دامودەزگای ئوکراینییەکانمان گوت ئەگەر ئێوە دەتانهەوێ هاووڵاتییەکانتان ئازاد بن، پێویستە پێشدا ساختەکاران دادگایی بکەن. ئێمە دادپەروەرییمان دەوێ.”

هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان پەکەک و دەوڵەتی ئوکراین-دا نەبووە. فەرماندەکە گوتی، چوار مانگ دوای تۆماری گرتە ڤیدیۆییەکان، پەیامەکە لە لایەن ئەندامێکی پەکەکە، بە نێوەی “سیپان” کە کوردی سووریەیە بڵا کرایەوە. سیپان لە سەربانی هەڵسوڕی هوتێل گراند میلەنیۆمی سلێمانی لە ١١ی ئۆکتۆبر چاوی بە شەڤشەنکۆ کەوت.  شەڤشەنکۆ گوتی، کوردێکی سوورییەیی دیکەش لە کۆبوونەوەکە بوو. نێوی فەرهاد عەلی شاکر، بازرگانێکی کوردی سورییە و شارۆمەندی ئوکراینە کە خۆی وەک کۆنسولی فەخری لە هەولێر ناساند. کاربەدەستێکی پلەبەرزی کوردی عێراقی گوتی شاکر لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە وەک کونسولی ئوکراین دانی پێدا نەنراوە. “ئێمە ئەو مەسەلەمان بە باڵوێزخانەی ئوکراین لە بەغدا ڕاگەیاندووە . ئەو سووریەییە، نەوەک عێراقی و لە پەکەکە نزیکە.”

هەواڵگریی ئوکراین داوای یارمەتی لە پارتی دێموکڕاتی کوردستان (پدک)، یەکێک لە حیزبە سەرەکییەکانی خاوەن دەسەڵات لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کردبوو. بە گوێرەی سەرچاوەی ئاگادار لەو ڕووداوە، پارتی خۆی لە تێوەگلان لەو پرسەیەدا بواردبوو، چونکە پێشتر لە ڕزگار کردنی بارمتەی تورک شکستی هێنابوو. کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێم خۆیان لە دانی لێدوان لەو بارەوە بوارد.

ئاخۆ ئەو لە شەڕڤانان “نزیک” بووە یان نا، دەستڕاگەیشتنی شاکر بە پەکەکە بەرەکەتی پێوە بوو. ئەو دەستی پێکرد بە وتووێژ. شاکر بە واتسئاپ بە ئەل-مانیتۆر ی گوت، “من ڕزگاریی فۆمەنکۆڤ و سانپیتەرم مسۆگەر کرد.” فەرماندەکەی پەکەکە و شەڤشەنکۆ پشتڕاستیان کردەوە  کە دەوری شاکر جێگای پێزانینە.

کاتێک زەختم بۆ شاکر هێنا کە وەردەکاریی زۆرتر بدرکێنێ، گوتی ” دەبێ ڕەزامەندیی هەواڵگریی وەدەست بێنێ” بۆ ئەوەی بتوانێ زۆرتر بدرکێنێ. کاتێک دووبارە پەیوەندیمان پێوە گرت، ئەو لە جیاتان پێشنیاری کرد باسی چۆنییەتی ڕەخساندنی هەلی گەڕانەوەی نۆ ژن و منداڵی ئوکراینی لە ئۆردووگای ئەل ڕۆژ لە باکووری سووریە، یەکێک لە دوو شوێن کە ئەندامانی بنەماڵەی شەڕکەرانی داعش لوێ ڕاگیراون، بکا. وێدەچوو “ئیزنی” درکاندنی پێ نەدراوە. بۆیە شاکر گوتی لە نەخۆشخانەیە و چیدیکە وەڵامی پەیامەکانی نەدایەوە.

ئازاد بوون لەکۆتاییدا

لە ٩ی دێسامبری ٢٠٢٠، نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئوکراین، ڤۆلۆدیمیر زەلەنسکی، ئەو کۆمێدییەنەی بوو بە سیاسەتوان و لە پلاتفۆرمێکی دژی گەندەڵییدا لە ٢٠١٩ هەڵبژێردرا، ڕایگەیاند کە ” دوو شارۆمەندی دەستبەسەر کراو لە عێراق لە ٢٠١٧، گەڕاونەوە ئوکراین.” ڕاگەیەندراوەکە گوتی هەلی گەڕانەوەی ئەوان لە لایەن ” کاری هاوبەشی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئوکراین، وەزارەتی کاروباری دەرەوە و بەڕێوەبەرایەتی دیکەی دەوڵەت” ڕەخسا. هیچ ئاماژەیەک بە شاکر و پەکەکە نەکرا.

فەرماندەکەی پەکەکە گوتی، ئەو دوو پیاوە لە ئەشکەوتێکی گارێوە بردبوویانن بۆ ناوچەیەک بە نێوی دێرەلۆک، لە ٣٠ کیلۆمیتری سنووری تورکیە، شوێنێک کە لەوێ چاویان بە فەرهاد کەوت. لەوێوە بردیانن بۆ سلێمانی. کاربەدەستانی ئەمنییەتی ئوکراینی کە بە فڕۆکەیەکی ئاسایی لە ئیستەمبوڵەوە بۆ وەرگرتنی فۆمەنکۆڤ و سانپیتەر چووبوون بۆ ئەوێندەرێ، بەر لە گەڕانەوە بۆ کییەڤ ١٢ کاتژمێر لەوێ مانەوە.

فەرماندەکەی پەکەکە گوتی، ” چاوەڕوانییەکانی ئێمە لە جێی خۆیان ماون کە کاربەدەستانی ئوکراین بکەرانی ئەو ساختەکارییە بگرن و سزایان بدەن.”

نووسینگەی زەلەنسکی داواکانی ئەل-مانیتۆر ی لەمەڕ ئەوەی کە ئاخۆ کالاشنیکۆڤ و ساڤین هەنووکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدان وەک فۆمەنکۆڤ ئیددیعای کرد و هەروەها وەردەکارییەکانی ئازاد کرانی ناوبراو و سانپیتەر، حەواڵەی باڵوێزخانەی ئوکراین لە واشینگتۆن کرد. باڵوێزخانەکە وەڵامی ئەل-مانیتۆری لەمەڕ دانی لێدوان لەو بارەوە نەدایەوە. ڕاپۆرتەکان لە مێدیای ئوکراین باس لە “ئازاد بوونی” ساڤین و کالاشنیکۆڤ دەکەن.

شەڤشەنکۆڤ گوتی ئەو ئاگاداری هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کالاشنیکۆڤ و ساڤین نییە و نازانێ لەکوێن.

لە ٢٤ی مارس، دامودەزگای هەواڵگریی ئوکراین (the SBU) ڕایگەیاند کە شەڤشەنکۆ و هەڤاڵەکەی سەمەنچەنکۆ ، کە نوێنەری پێشووی پارلمان بووە،  لە پەیوەندی لەگەڵ ” ساختەکاریی دابین کردنی چەکی نایاسایی” و دروست کردنی ” سپای تاکیی نایاسایی” کە لە زیاتر لە ١٥٠ کەس پێکهاتبوو، دەستبەسەر کراون و ” بەڵگەی بوونی گرێبەست لە نێوان ئەوان و نوێنەری ڕێکخراوی جیا جیا لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لەبەر دەستدان.” شەڤشەنکۆ و سەمەنچەنکۆ خۆیان لە باس لەسەر تاوانبار کران و ئیددیعاکان کە بە گوتەی ئەوان لە لایەن “لایەنگرانی ڕوسیە” هەڵبەستراون، بوارد.

فۆمەنکۆڤ لە ١٣ مارس بەولاوە دەرهێڵە.