کۆچی دوایی دکتۆر نەمام مەحموود ئاغای کاکە زیاد خەسارێکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی

دوکتوری بواری نەشتەرگەری و چالاک و هەڵسوور و ماندوویینەناس، ژنە تیکۆشەری کورد خاتوو نەمام غەفووری دوای ساڵانێکی زۆر خزمەت بە مرۆڤایەتی بە گشتی و ژنان و منداڵان و بەساڵاچووانی کوردستان بە تایبەتی دوای چەند ڕۆژ ململانە لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا  ڕۆژی ٠١ – ٠٤ – ٢٠٢١ ی زائینی کۆچی دوایی کرد.

دوکتور نەمام مەحموودئاغا کاکە زیاد غەفووری، دوکتور و هەڵسوور و مرۆڤدۆست و هەروەها بەرێوەبەری ڕێکخراوەی جوێنت هێڵپ کوردستان بوو ، ئەم ڕێکخراوەیە لە وڵاتی سوئێد بۆ کاروباری یارمەتیدان بە خەڵکی شەنگاڵ دامەزرا بوو، دوکتور نەمام دوای چەند ڕۆژ ملمانێ لەگەڵ پەتای کۆرۆنا بەداخەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ستۆکهۆڵم کۆچی دوایی کرد.

دوکتور نەمام غەفووری نزیک ٣٥ ساڵ بوو کە لە وڵاتی سوئێد دەژیا و ژیانێکی ئاسوودە و مامناوەندی هەبووە، لەگەڵ پەلاماری هیزی رەشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەت شەنگال و هاووڵاتیانی ئیزیدی و بڵاو بوونەوەی کارەساتی ڕفاندنی ژنان و کچانی ئیزیدی و کوشتار و قەتڵوعام و جینوسایدی ئیزیدی‌یەکان، دوکتور نەمام غەفووری ڕێکخراوەیەکی مرۆڤدۆستانەی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی شەنگال دامەزراند و وەک سەرپەرەستیاری ئەو ڕێکخراوەیە خۆی گەیاندەوە کوردستان و لە ساڵی ٢٠١٤ وە خۆبەخشانە لە کوردستان و بە تایبەت لە کەمپی ئاوارەکان دا خەریکی چارەسەری نەخۆشی‌یە جۆراجۆرەکان بوو. ئەو لە یارمەتیدان بە ژنان و کچانی ئیزیدی کە بە دەستی داعش ڕفێندرابوون ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا و بوو بە هاریکار و فریادڕەسی هەموو ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە یارمەتی ڕووحی و ڕەوانی و جەستەیی هەبوو، هاوکات کەم نەبوون  ئەو ژن و منداڵ و بە ساڵاچوانەی کە بە پێراگەیشتنی خۆبەخشانەی خاتوو نەمان ژیانیان بۆ گەڕاوەتەوە و ئێستا لە ژیاندا ماون.

دوکتور نەمام مەحموودئاغا کاکە زیاد لە دایکبووی شاری کۆیە بوو، خاتوو نەمام لە هۆز و عەشیرەتی غەفووری بوو و لە ماوەی ژیانی خۆیدا خزمەتێکی زۆری بە مرۆڤایەتی بە گشتی و بە کورد بە تایبەتی کردووە.

کۆچی دوایی دوکتور نەمام خەسارێکی گەورەیە و هیوادارین کە گەلی کورد مرۆڤ و کەسایەتی لە چەشنی زیندەیاد دوکتور نەمام زیاتر لە ئامێزی خۆیدا بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی و کورد پەروەردە بکا.

یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ و سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان و هۆزی غەفووری و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە دوور و نزیکەوە دەیانناسی.

ڕووحی شاد

ماڵپەری گیاڕەنگ