لەسەر سەید عەبدوڵا ئیسحاقی ( ئەحمەد تۆفیق ) بەشی دووهەم. خالید حەسەنپوور
ئەو نووسراوە تەعبیر لە بیروبۆچوونی نووسەر دەکا و پێوەندی بە هیچ لایەنێکی سیاسییەوە .
ئەو بڕگەیە لە مێژوو تایبەتە بە چۆنیەتی رێکخستنەوە و بەرێوە بردنی حیزبی دێموکرات پاش تێکچوونی کۆماری کوردستان هەتا ساڵانی ١٣٣٧ و ٣٨ هەتاوی . لەو بەشەدا هەوڵمداوە زیاتر باسی رێزبەندییە سیاسیەکان دە نێو بەرێوە بەری حیزبدا بکەم . و لەژێر تیشکی ئەو رێزبەندییە سیاسی فکریانەدا، لە بەشی سێهەم و کۆتاییدا دەپڕژێمە سەر دەور و نەقشی سید عەبدوڵای ئیسحاقی .
سەید عەبدوڵای ئیسحاقی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی و کورد پەرەوری شاری مەهاباد لەدایک بوە . ئیسحاقی بۆ ماوەی نیزیک بە ١١ ساڵ نەفەری یەکەمی حیزبی دێموکرات بووە . ناوبراو پاش تێکچوونی کۆمار بە هاوکاری دەگەڵ بەرێوەبەرانی سەرەکی ئەو دەورەییە، ڕۆڵی لە زیندووکردنەوە و رێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هەبوە بابی ئەحمەد تۆفیق نەهاتۆتە ژێرباری کاربەدەستانی رەزاخان و شەپکە لە سەر نەناوە . لە کاتێکدا لەو سەردەمەدا هیچکەس لە شاری مەهاباد نەیتوانیوە جلوبەرگی کوردی دەبەر بکا، ئەو سەرەڕای بەربەستی کاربەدەستانی رەزاخان بە رانکووچۆغە و سۆرانێەوە بە نێو شاردا گەڕاوە و خەڵکی مەهابادی هانداوە کە لەو بارەوە پێرەوەی لە حکومەت نەکەن . برایەکی ئەحمەد تۆفیق بە نێوی سەید محەمەدی ئیسحاقی، بە تاوانی هاوکاری دەگەڵ حیزبی دێموکرات و ئەحمەد تۆفیق بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵ لە بەندیخانە ڕادەگیرێ . پاش ئەوەی کە لە بەندیخانەدا بە دەرزی و دەرمان لە رووی جەستەیەوە لە نێوی دەبەن، تەنیا چەند مانگ دوای ئازاد کردنی لە زیندان چاوی بۆ هەمیشە لەسەریەک دادەنێ و ماڵئاوایی لە نیشتیمان دەکا .
پاش رووخانی کۆماری کوردستان و لە داردانی پێشەوا قازی محەمەد وەک رێبەر و نوێنگەی خواستەکانی گەلی کورد، جوڵانەوەی کورد لە کوردستانی ئێران لە ژێر کاریگەری ئەو شکستە لەلایەک و زاڵبوونی بیری چەپ و ناوەندگەرا لەلایەکی دیکەوە، تا رادێکی زۆر لە بنەما سیاسی ستراتیژێیەکانی خۆی دوور دەکەوێتەوە. ئەگەرچی بە رواڵەت هۆکاری پەیوەست بوونەوەی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بە رێکخراوی حیزبی توودەی ئێران بۆ مەسەلەی ئەمنییەتی دەگێردرێتەوە، بەڵام شک لەوەی دانیە کە ئەو پاڵوێکدانە تەشکیلاتیەی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی توودە، تا رادێکی زۆر بۆ هاوبەشی فکری و پاشەکشەی فکری لە بنەما نەتەوییەکان دەگەرێتەوە . لە راستیدا دەکرێ بڵێین بیرۆبۆچوونی ناوەند گەرایی لە تۆی روانگای بیری چەپدا باڵی بەسەر تێکۆشان سیاسی لەو سەردەمەی کوردستان کێشا بوو ، روخانی کۆماری کوردستانیش خۆی لەخۆیدا ببوە هۆی ئەوەیکە مەیدان بۆ ئەو بیرە بکاتەوە.
دوای ئەوەی کە کۆماری کوردستان تێک دەچێ، بەرێوەبەرانی سەرەکی کۆماری کە لە حەینی حاڵدا بەرێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بوون، یان شەهید دەبن یان دەگیرێن . لەو بارەوە دوکتوور قاسملوو لە تێکۆشەری دەوری دوهەم ساڵی ١٣٦٨ ژمارە ٢٧ دەنووسێ: لە زیندووکردنەوەی حیزبی دێموکراتدا بەرێوەبەرانی پێشووی حیزبی دێموکرات هیچیان بەشدار نەبوون . بەشی هەرە بەنرخ و هەرە تێکۆشەریان یان ئێعدام کرابوون یان لە زینداندا بوون . ئەو تەشکیلاتەی زیندوو کرایەوە لە راستیدا بە یارمەتی حیزبی توودە بوو . حیزبی توودە هەرچەند یارمەتی دابوو حیزبی دێموکرات زیندوو بێتەوە، بەڵام بە کردوە هەر ناوەکەی حیزبی دێموکرات بوو، تەواوی خەتی سیاسی رێبەرییەکەی و هەتا دەستووری تەشکیلاتی هەمووی لە تارانەوە لەلایەن حیزبی توودەوە بۆ دەهات.
ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی بەرێوەبەرانی سەرەکی حیزبی دێموکرات کە پێکدهات لە سەدیقی ئەنجیری ئازەر، عەبدولرحمانی قاسملوو، سولێمانی مووعینی، غنی بلوریان، ئەحمەد تۆفیق کۆبوونەوێک لە تاران سەبارەت بە چارەنووسی حیزبی دێموکرات پێکدێنن . گرینگترین بریاری ئەو کۆبوونەوە هەڵبرینی پێوەندی دەگەڵ حیزبی توودەی ئێران بوو . بەڵام بەسترانەوەی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بە کردوە هەتا کۆنگرە یان کۆنفرانسی یەکەمی حیزب لە ساڵی ١٣٣٦ بەردەوام دەبێ . کاتێک چاو بە پێکهاتەی ئەو کۆبوونەوەدا دەخشێنین، بێجگە لە سولێمانی مووعینی و ئەحمەد تۆفیق، باقی دیکەی پێکهێنەرانی کۆبوونەوەکە بمانهەوێ و نەمانهەوێ لە ژێر کاریگەری حیزبی توودە و بیری چەپدا بوون . پاش ئەو کۆبوونەوە کە لە تاران پێکدێ و هەروها پاش کۆنگرەی یەکەمی حیزب، هەم بەرێوەبەرانی حیزبی دێموکرات و هەم تەشکیلاتی حیزب بە کردەوە و بەرە بەرو لە بەستراوەی فکری بە حیزبی توودە نەجاتیان دەبێ. و مامۆستا و ئەندازیاری سەربەخۆیی سیاسی – فکری لە حیزبی توودەی ئێران هیچکەس بێجگە لە دوکتوور قاسملوو نەبووە. بەڵام بە هەمووی ئەوانەشەوە، هەم دوکتوور قاسملوو و هەم باقی بەرێوەبەرانی ئەو سەردەمی حیزبی دێموکرات بێجگە لە ئەحمەد تۆفیق و هەتا رادێک سوولێمانی مووعینیش، لە ژێر کاریگەری قووڵی بیری چەپ و سۆسیالیسیدا بوون. لە راستیدا بە کردەوە ئەو حیزبە بە هەوداێکی باریک بە کۆمار و ئامانجەکانی لەو دەورەیەدا وەسڵ بووە . کەوابوو دەکرێ بە راشکاوی بڵێین کە ئەگەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەستراوەیی بە حیزبی توودەی ئێران نەجاتی دەبێ و رێکخراوکانی دەبووژێنەوە، بەڵام لە رووی خەتی سیاسی، چ لەو سەردەمدا و چ پاشتر لە بازنەی بیری چەپ و خوێندنەوەی چەپدا دەمێنێتەوە.
کاتێک بڵاوو کراوەکانی ئەو سەردەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەخوێنیەوە، ( کوردستان ژمارە ٢٢، ساڵی ١٣٥١) بەروونی دەبینی کە روانگە و خوێندنەوەی چەپ بەسەر هەوێنی بنەرتی لێکدانەوە و هەڵوێستەکانیدا زاڵە. لە پێوەندی دەگەڵ یەکێەتیی سەرانسەریدا، رۆژنامەی کوردستان وەختێک هێڵەکانی سیاسەتی حیزب دیاری دەکا، هەم دژایەتی دەگەڵ شووێنیزمی ئێرانی و هەم دژایەتی دەگەڵ ناسیونالیزمی بەرچاوو تەنگی کورد بە شتێکی پێویست دەزانێ . بەڵام مێژووی خەباتی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا نیشاندەدا کە، نەتەنیا کورد ناسیوونالیستێکی بەرچاوتەنگ نەبووە، بەڵکوو تەنانەت ناسیوونالیستێکی راستەقینەش نیە. و هەرلە ئاکامی ئەو خوێندنەوە دایە کە سیاسەتی زاڵ خۆی لە سەرچاوەی دامەزرانی خۆی کە کۆمەڵەی ژێکافە نەبان دەکا و، کۆمەڵەی ژێکاف بە رێکخراوێکی داخراوو و تەنانەت کۆنەپەرست دەزانێ . هەروەها هەوڵدان بۆ چووک کردنەوەی قەوارەی کۆماریش هەتا پێش دوو دەیەی رابردوو هەر لەو پێوەندیەدا دەبێ ببیندرێ .
بە کوردی و بە کورتی، جیلێک دوای رووخانی کۆماری کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرێوە دەبا، کە نە لە دامەزانی کۆمەڵەی ژێکاف، نە لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ونە لە دامەزرانی کۆماری کوردستان دا دەور و نەقشێکی ئەوتۆی نەبووە . ئەو جیلە کە بە جیلی درێژەدەر دەناسرێ، لەو بارەوە کە لە گۆڕانکارییەکانی پێشوودا نەبوون، دابڕانێکی فکری و ئەزموونی بنەرەتیان دەگەڵ جیلی دامەزرێنەر ( پێشەوا و هاورێیانی ) هەیە . بۆیە دەکرێ بڵێین جیلی درێژەدەر لەلایەک هەست بە رەساڵەتی کۆمار بەو جۆرەی پێویستە ناکا، و لەلایەکی دیکەشەوە لە حاڵێکدا کە کارتێکەرییەکانی رووخانی کۆماری بەسەرەویە دەکەوێتە بەر هرووژمی فکری و ئیدئۆلۆژیکی حیزبی توودەی ئێرانیش کە وەک نەجاتدەر لەو سەردەمەدا خۆدەنوێنێ . بێجگە لە هەموی ئەوانە، جیلی درێژەدەر پاش رووخانی کۆمار بە کردەوە دەرفەتێکی ئەوتۆی وەدەست ناکەوێ کە، بە بنەما فکری و سیاسییەکانی خۆیدا بچێتەوە و جارێکی دیکە لەسەر بنەڕەتی رەساڵەتەکانی کۆمەڵەی ژێکاف، حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، رێبازێکی تۆکمەیی نەتەویی بگرێتەبەر .