لە سەر ئەحمەد تۆفیق ( سەید عەبدوڵای ئیسحاقی) بەشی یەکەم

ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێنەوە تەعبیر لە بیروبۆچوونی نووسەرە دەکا و پێوەندی بە هیچ لایەنێکی سیاسییەوە نیە .
خالید حەسەنپوور
گوندی بەیتاس بە بەرپەسارێکەوییە و کەوتۆتە ٧ کیلۆمیتری شاری مەهاباد و لەسەر جادەی سەردەشت مەهاباد هەڵکەوتوە . ماڵی نەنکم ( سەیزادە خوونچە خووشکی ئەحمەد تۆفیق ) کەوتۆتە ناووقەدی گوندەکەوە . ماڵی ئێمەش کەوتۆتە لای سەرووی ئاوایی و بە سەر ئاواییدا دەروانێ . جادەی سەردەشت مەهاباد بە لای خوارەوەی بەیتاسدا تێدەپەڕێ، بە جوورێک تەنیا دوو ماڵ کەوتوونەتە بەر جا دە وباقی ماڵەکانی بەیتاس کەوتوونەتە لای سەرەوەی جادەکەوە . لە لێواری جادە بۆ خوارترکەنداڵێکی قووڵ دەستپێدەکا کە قووڵای لە سەد میتر زیاتر دەبێ . چۆمی بەیتاس وەک مارێک بە بەر کەنداڵەکەدا تێدەپەڕێ و هاوتەریب دەگەڵ جادەی سەردەشت مەهاباد رێگا دەبڕێ و دوای چەند کیلۆمیترێک لە دەراوی داشتەمری سەرێ تێکەل بە سەدی مەهاباد دەبێ . کاتێک لە قەراغ چۆم واتا بناری کەنداڵەکەوە دەروانێ بەیتاس، بێجگە لەو دوو ماڵە و یەک دوو عەمباری کاە کەوتوونەتەوە بەرەوەی جادە ودەڵیەی هەڵاوەسراوون خانووێکی دیکەی ئاوایی نابینی .

پێشتر ماڵی ئێمە لە داشتەمری خوارێ بوە کە ماوێک دوای لێدانی سەدی مەهاباد کەوتە ژێر بەنداوی سەدی مەهابادەوە . ئەو کاتە کە ئەو سەدە لێدرا، ماڵ و زەویوزارەکانمان کەوتنە ژێر ئاوو و ناچار بووین ئەوەێ بەجێبهێڵین ولە بەیتاس نیشتەجێبین . گیرسانەومان لە بەیتاس ئەگەر لەلاێک بۆ ویرانبوونی داشتەمر دەگەرایەوە، لەلاێکی دیکەوە لە بەر ماڵە سەیزادە خوونچە نەنکم و خووشکی ئەحمەد تۆفیق بوو . هەربۆیەش ماڵمان کەوتبوە سەرەوی ئاواێیەوە . تەمەنی من شایەد لە نێوان پێنج یان شەش ساڵ یان کەمتر دەبوو . دەڵین بیری منداڵی تیژە و منداڵ زۆر شتی خۆش و ناخۆشی لە زەیندا دەمێنێتەوە . وەبیرمدێ کە کەشوهەوا خۆش دەبوو، سەیزادە خوونچە ( خوشکی ئەحمەد تۆفیق ) کە پێموایە تەمەنی لە سەرووی حەفتا دەبوو، بە کووڕە کووڕ هەر چەند رۆژ جارێک ئەوهەورازەی وەبە رخۆیدەدا و بۆلای ماڵە ئێمە هەڵدەکشا و سەردانی دەکردین . سەیزادە خوونچە ژنێکی بە ویقار، لەسەرەخۆ، خۆشنێوو و جێگای رێزی هەموو خەڵکی ئاوایی و هەموو خزموو کەس وکار بوو . هەرکە سەیزادە خوونچە رێگای ماڵە ئێمەی دەگرتەبەر، دایکم بۆ ئەوەی ماندوو نەبێ کەسێکی خۆمانی بەرەوو پیری دەنارد و، بۆ خۆشی دەستی بە ئاووپڕژێنی حەووشە دەکرد و جێگاێکی خۆشی بە دۆشەگەڵان بۆ درووست دەکرد . حەوشەی ماڵەکەمان بەهۆی ئەوەی کانێکی دەبەر دەرکەدا بوو و بابم داروبارێکی زۆری لێ چەقاند بوو، دارەکان گەورە ببوون هاوینان سێبەری دارەکان حەوشەکەیان دادەپۆشی و فێنکان دەکرد . سەیزادە خوونچە بەهۆی نەخۆشی وچوونە نێوو تەمەنەوە زۆرجار نەیدەتوانی هەورازەکەی بەرماڵە ئێمە ببڕێ و لە دووی دایکمی دەنارد لە نیوەی رێگا هەتا چاووی پیەی بکەوێ . بەڵام گەلێک جاریش دەرد و ئازارو خە م هەڵی دەگر ت و رووی پێ لەو هەورازەی ماڵە ئێمەی دە کرد . کە دەگەیشتە ماڵە ئێمە، دایکم بەدەوروبەریدا دەهات و دەچوو ودڵخۆشی دەدایەوە ئەهوەن دەبۆوە ودەحەسایەوە . دوایی بە دەم چایی خواردنەوە چاوێکی لە ئاسۆ ( کوردستانی ئێراق ) دەکردو فرمێچکەکانی هەڵدەوەراند و دیگووت رۆڵە رووقیا بڵیەی بیانبینمەوە ؟
سەید عەبدوڵای ئیسحاقی ساڵانێک بوو قاچاغ ببو و کوردستانی ئێرانی بەجێ هێشتبوو و چووبوە کوردستانی ئێراق . ئەودەم وەکی ئێستا نەبوو کە هەڵبڕاوان لە بنەماڵە لە رێگای دونیای مەجازیەوە لە بارودۆخی یەکتر ئەگاداربن . جاری وابوو دوو یان سێ ساڵ و جاری وایە لەوەش زیاتری دەخایاند هەتا بنەماڵەی ئەو کەسانەی کەسێکیان قاچاغ بوو بۆرە هەواڵیکیان لێیەی وەچەنگ دەکەوت . لەلاێک لەو سەردەمەدا وەک دەڵین کەڵ بەمووی بەند بوو و لە لاێکی دیکەوە ئەو هاتووچۆییە بەوجوورەی ئێستا نەبوو . چەند ساڵێک پێش ئەحمەد تۆفیق کەسێک بۆلای سەیزادە خوونچە دەنێرێ و، نێردراوەکە وێڕای هەواڵی ساغی وسڵامەتی تۆفیق هەڵگری پەیامێکیش دەبێ . پەیامەکەش ئەوەدەبێ کە دەڵی ئەحمەد تۆفیق گووتویەتی بەڵکو خووشکم غەفوور و حەسەنی کوریم بۆ بنێرێ کە هەم لێرە ببنە پێشمەرگە وهەم ئاگایان لێمبێ . سەیزادە خوونچەش بە خۆشخاڵیەوە قەبووڵی دەکا وبە نێردراوەکە دەڵێ جا چ لەوە باشتر غەفوور و حەسەنی کووڕم لە ئەحمەد تۆفیق زیاترنین، ئەوا ن بە ساڵێک جیاوازییەوە نێویان هاتوە بۆ سەربارێیە ولە جیاتی ئەوەی سەربازێیە بۆ شای ئێران بکەن، با بڕۆن ببنە پێشمەرگە . .

ئیدی دوای ناردنی کوورەکانی سەیزادە خوونچە بێجگە لە خەمی براکەی خەمی دووری کوورەکانیشی بۆ زیاد ببوو . وماوێکی زۆربوو کە هیچ هەواڵیکی لێیان نەبوو . زۆر پێش شۆرشی گەلانی ئێران سەیزادە خوونچە بە حەسرەتی دیتنەوەی دوو کوورەکانی و ئەحمەد تۆفیق چاوی بۆ هەمیشە لە سەرێەک دانا و ماڵئاوای لە ژیان کرد . دوای شۆڕشی گەلانی ئێران غەفوور و حەسەنی وەک هەموو ئەوانەی قاچاغ ببوون ولە ئێراق دەژیان گەرانەوە . ئەوان لەهەرەتی لاوەتی کوردستانی ئێرانیان بە جێهێشت وبوونە پێشمەرگە وبە سەرو ریشی سپی گەرانەوە . بەڵام غەفوور و حەسەن کە بۆ پارستنی ئەحمەد تۆفیق ئەو رێگایەیان گرتە بەر، بەبێ ئەحمەد تۆفیق گەرانەوە .

وەک خۆم لە مێژە بە هیوام کە سەبارەت بە سەید عەبدوڵای ئیسحاقی ( ئەحمەد تۆفیق ) بیروبۆچوونی خۆم دەرببڕم . چوونکە لەلاێک ئەحمەد تۆفیق دەبێتە خاڵی دایکم و سروشتیشە دەبێتە خاڵی منیش و، لەلاێکی دیکەوە دەحیزبێکدا تێدەکۆشم ( حیزبی دێموکرات) کە لەو حیزبەدا ئەحمەد تۆفیق بۆ ماوێکی دوورودرێژ نەفەری یەکەمی حیزب بوە و، دەور و رۆڵێکی زۆری هەبوە . بۆیە سروشتیە بۆ کەسانی وەک من کە ئەندامی حیزبن و هەروها بۆ خەڵکی کوردستانیش روونبێتەوە کە بۆچی ئێمە خۆمان لە شەهید بوونی ئەو سەرکردە گرینگە ناکەین بە ساحێب ؟

بە دوو هۆکار من هەتا ئێستا خۆم لەو باسە نەداوە . یەکەم، بەندە لانیکەم سێ جیل و نیوو دوای ئەحمەد تۆفیق هاتوومەتە ناوو ریزی حیزبی دێموکرات و لەو بارەوە نە دەگەڵی ژیاووم نە دەگەڵی حیزبایەتیم کردوە . من زیاتر گوێم لە قسەی دۆستان و دژبەرانی تۆفیق بوە کە، هەڵویست و قسەکانی ئەو دوو بەرەیە یان سەتا سەت لە دژی ئەحمەد تۆفیق بوون، یان سەتا سەت لە پەسەندی ناوبراوو . هەتا ئێستا دوو یان سێ کەسم دیوە کە یەک لەوان کاک مەلارەسووڵی پێشنماز بوە کە بە ئینسافەوە هێندێک شتی لە سەر ئەحمەد تۆفیق نوووسیوە . دوهەم پێموابوە و ئێستاش پێموایە کە ئەو کەسانە پێویستە لەسەر ئەحمەد تۆفیق بنووسن و زانیاری بدەن کە شارەزای بیروبۆچوونی ئەحمەد تۆفیق وئەو بڕگەیە لە مێژووی حیزبی دێموکراتن . بەڵام بە داخەوە وەکی گوتم قسەو نوسراوەکانیان یەکلایەنەن و ناچنە خانەی مێژووی راستەقینەوە .

ئۆگری من بە سەید عەبدوڵای ئیسحاقی و سەربردەکەی، نەک لەبەر ئەویە کە تۆفیق خزمێکی نیزیکمە، بەڵکوو زۆر زیاتر لەوە ئەوەی سەبارەت بەو رێبەرە سەرنجی منی راکێشاوە، بیری تیژی نەتەوایەتی و ناسیونالیستی و ئەخلاقی شۆڕشگێرانەی و، شەهید بوونی لە پێناوو رزگاری کوردستان بە دەست رژیمی بەعسی ئێراقە . نابراوو خاوەنی دوو رهەندی گرینگ لە ژیانی سیاسیدایە کە، هەردووکیان بە سەرنجدان بەوەیکە لە کەم لە رێبەرانی دیکەی کوردا بەرچاوو دەکەوێ جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنە . یەکیان بیری قووڵی نەتەوایەتی و باوەڕ بە یەکێتی نەتەوایەتیە . ئەویتر خووخدەو ئەخلاقی شۆڕشگێرانەیە . سەبارەت بە خووخدەی شۆڕشگێرانەی ئەحمەد تۆفیق لێرەدا مەجال نێە کە لەسەری بنوسم و ئەوبابەتە هەڵدەگرم بۆ وەختێکیتر و بە درێژە لەسەری دەنووسم.

تۆفیق پیەی وابووە لەهەر بەشێکی کوردستان شۆڕش گەرمبێ پێویستە پارچەکانی دیکە نەک هەربەرژەوەندی ئەو بەشە کە، شۆڕشەکەی تێدایە بپارێزێ بەڵکو پێویستە بە کردەوەش یارمەتیدەری بن . بیرو بۆچوونێکی ئەوتۆ بە سەرنجدان بەوەی کە بیرۆکەی چەپ خەریک بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لەو سەردەمەدا سەردەست دەبوو و، بیری نەتەوایەتی بە شتێکی پاشکەوتوو بە حیساب دەهات دەگمەن بوو . لە راستیدا سەید عەبدوڵای ئیسحاقی لەوانە بوو کە وەک دەڵێن بێ سێودوو کوردبوو . بەومانایە کە ئەو بیرو ئەندێشەی کوردانەی کە لەسەرەتای هاتنە ناوو حیزبی دێموکراتەوە پێیەی گۆش ببوو و لە کۆماری کوردستانەوە بە میرات بۆی بەجێماوبوو، سەرەڕای گۆرانکاری فکری و ئیدئۆلۆژیکی لە ئاستی جیهان، ئێران و کوردستاندا، هەتا کاتی شەهید بوونی بە دەستی رێژیمی بەعسی ئێراق پیەی وفادار مایەوە . زۆریەک لە رێبەر و سەرکردەکانی کورد لە رەوتی جوڵانەوەی گەلی کوردا، تووشی گۆرانکاری فکری و ئیدئۆلۆژیکی بوون . بەشێکی بەرچاویان پێشتر بیروباوەڕی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستیان هەبوە و پاشان بەرەبەرە بیری نەتەوایەتیەکەیان تێدا تۆخ بۆتەوە . رەنگە پێچەوانەکەشی هەبووبێ . بەڵام تۆفیق لەسەرەتاوە بە کوردایەتی تۆخ دەستی پێکردوە و هەتا کاتی شەهید بوونی لەو رێبازە فکرێیە لای نەداوە . جەوهەری بیری کوردایەتی ئەحمەد تۆفیق دەکرێ لە تۆی ئەو نووسراوە و نامانەدا کە، بۆ هاورێیانی نووسیوە و لە کتێبەکەی دوکتوور یاسین سەردەشتیدا چاپ وبڵاوو بۆتەوە ببینین .
سەید عەبدوڵای ئیسحاقی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی و کوردپەرەوری شاری مەهاباد لە دایک بووە . بابی ئەحمەد تۆفیق نەهاتۆتە ژێرباری کاربەدەستانی رەزاخان وشەپکەی لەسەر نەناوە . لە کاتێکدا لەوسەردەمەدا هیچکەس لە شاری مەهاباد نەیتوانیوە جلوبەرگی کوردی دەبەر بکا، ئەو سەرەڕای بەربەستی کاربەدەستانی رەزاخان بە رانکووچۆغە و سۆرانێەوە بە نێوو شاردا گەڕاوە و خەڵکی مەهابادی هانداوە کە لەو بارەوە پێرەوەی لە حکومەت نەکەن . براێکی ئەحمەد تۆفیق بە نێوی سەید محەمەدی ئیسحاقی، بە تاوانی هاوکاری دەگەل حیزبی دێموکرات و ئەحمەد تۆفیق بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵ لە بەندیخانە ڕادەگیرێ . پاش ئەوەی کە لە بەندیخانەدا بە دەرزی و دەرمان لە رووی جەستەیەوە لە نێووی دەبەن، تەنیا چەند مانگ دوای ئازاد کردنی لە زیندان چاوی بۆ هەمیشە لەسەریەک دادەنێ و مالئاوایی لە نیشتیمان دەکا .