دیمەنە بە شکۆکانی کاروانی نەپساوەی ڕێگای تێکۆشان (پێشکەشە بە شەهیدانی کوردستان). قادر وریا

“گەلێک ئازادیی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا”. خەباتی پڕ لە قوربانیدانی نەتەوەی کورد بە گشتی‌و کاروانی دوور‌و درێژی شەهیدانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاستیی ئەم وتەیەی د.عەبدولرەحمانی قاسملوو، دەسەلمێنن .

مێژووی قوربانیدان لە پێناوی سەربەستی‌و ئازادژیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ دوور. بەڵام لە مێژووی نوێ دا، کاروانی گیانبەخشین‌و سەردانان لە ڕیی سەربەستیی کوردستان‌و سەربەرزیی کورد دا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساڵانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەکەی، لەدایکبوونی کۆمەڵەی ژێکاف‌و حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و جمهووریی کوردستانی بە خۆوە دیت. هەر لە سەردەمی حوکومڕانیی کۆمار‌دا، دایکی نیشتمان شایەدی گیانبەخشینی ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانی بوو.

محەممەدی نانەوازادە جێگری وەزیری بەرگریی کۆمار، یەک لەوان بوو. دواتر، کووژانەوەی مۆمی تەمەنی جمهووریی کوردستان، تۆڵەستاندنەوە لە دامەزرێنەران‌و بەڕێوەبەرانی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە‌و بەوەجترین ڕۆڵەکانی، لە گەڵ دابوو. لە سەقز، لە ٢٦ی ڕەشەمەی ١٣٢٥ی هەتاوی، سێدارەی بێداد بۆ ١٢ شۆرەسواری کۆمارپارێز هەڵخرا. عەلی بەگی شێرزاد(فەرماندەری هێزی بۆکان، لە گەڵ ١١ ئەفسەر‌و پێشمەرگەی ئیفتیخاریی جمهووریی کوردستان(ئەحمەد خانی فاروقی، عەبدوڵلاخانی مەتین، محەممەد خانی دانیشوەر، محەممەد خانی فەیزووڵڵا بەگی، حەسەن خانی فەیزووڵڵا بەگی، ئەحمەد خانی شەجیعی، عەلی خانی فاتیح، عەلی ئاغای جەوانمەردی، شێخ سەدیق ئەسعەدیی یازی بڵاغی، شێخ حەمەدەمین ئەسعەدیی کەسنەزانی‌و ڕەسووڵاغای جەوانمەردی) دەبن بە پێشەنگی کاروانی نەپساوەی ڕێی تێکۆشان. دوو حەوتوو دواتر، قازی محەممەد پێشەوای حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و سەرکۆماری کوردستان، دەبێتە پێشەوای گیانبازی. لە سەفەری هەرمانی قازی محەممەد‌دا، کە لە تاریک‌و ڕوونی١٠ی خاکەلێوەی١٣٢٦هەتاوی(٣٠ی مارسی١٩٤٧ی زایینی) دەست پێدەکا، ئەبولقاسمی سەدری قازی، برای پێشەوا قازی‌و نوێنەر لە پاڕلمانی ئێران‌و، حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی ئامۆزای پێشەوا‌و وەزیری بەرگریی کۆمار،هاوڕێیەتی پێشەواکەیان دەکەن.

قازی محەممەد بە داکۆکییە پڕشانازییەکەی لە مافەکانی نەتەوەکەی و بە چوونی سەربەرزانەی بۆسەر داری بێداد، هەر وەها بە وتە مێژووییەکەی لە دواساتەکانی ژیانی‌دا، ناوێکی هەتاهەتایی و ڕێگایەکی بێکۆتایی بۆ خۆی ڕەنگڕێژکرد:
“من زیندووم و دوژمن مردوون
ئێوە من ئێعدامم کردوون
کەی لە پاش من بێخەم دەبن
هەرکوردێک یەکێکە وەک من
مردن لە ڕێگەی نیشتمان
سەربەرزییە بۆ گشتمان”(١)
لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوییەوە، کاروانی نەپساوەی ڕێی تێکۆشان بە سەرقافڵەیی سەرکۆماری شەهیدی کوردستان، ڕێگای سەفەری گرتووەتە بەر، سەفەر بەرەو خۆر، بەرەو خۆری ئازادی.
“هەر کاروانێ،
بۆ پڕشنگی خۆر بڕوانێ،
کەم‌ بن یا زۆر،
دەگەنە خۆر.” (٢)
**
چرای تەمەنی کۆماری کوردستان، قیبلەی ئاواتی کوردی هەموو پارچەکان، کوژایەوە. بەڵام خەبات‌و قوربانیدان لە پێناوی ئامانجەکانی ئەم کۆمارە دا نەوەستا‌و ئاڵای تێکۆشان لە دەستی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا بە شەکاوەیی مایەوە. خەباتکارانی دیموکرات تووشی ژیانی نهێنی‌و چوونە بەندیخانەو پەڕەوازەیی بوون، بەڵام هەر کۆڵیان نەدا‌و دەستیان بەرنەدایەوە.
**
راپەڕینی چەکدارانەی ٤٦-٤٧(١٩٦٧-١٩٦٨) لە سەردەمێک‌دا بە سەر تێكۆشەرانی حیزبی دیموکرات‌دا سەپا، کە شای ئێران خاوەنی گەورەترین ئەرتەشی ناوچە بوو و بە خەیاڵی خۆی ئێرانی کردبووە دووڕگەی هێمنی‌و سەقامگیری. بۆ ماوەی نزیک بە ١٨ مانگ ئەم بزووتنەوەیە لە ڕووبەرێکی بەرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بووە مایەی نیگەرانیی ڕێژیمی شایەتی. نرخی شەکاوە راگرتنی ئاڵای بەرخۆدان‌و دڕدانی تاریکی، نرخی بە گژاچوونەوەی ئەم ئەرتەشە پۆشتە‌و پەرداخەی ناوچە، شەهید بوونی دەیان کادر‌و بەڕێوەبەر‌و پێشمەرگەی بە ئەزموون بوو. کاروانی شەهیدان، بە دەیان ناوی پڕشنگداری دیکە درێژ بۆوە. مەلا رەحیم وردی، سلەیمان موعینی، عەبدوڵلا موعینی، مەلا مەحموود زەنگەنە، باپیر شکاک(نحۆ)، مەلا ئاوارە، سمایلی شەریفزادە، مینە شەم، ساڵەح لاجانی، سەید فەتاح‌و کۆمەڵێک ناوی دیکە تێکەڵ بە ئەستێرە هەرگیز ئاوانەبووەکانی جیهانی نەمری دەبن.
**
“ئەوانەی گیانیان دەدەن بۆ ژیان،
ژیان تاجی ژین دەنێتە سەریان.
هەر کەس بیهەوێ ڕێزی ژیان بگرێ،
ژیان بە وەفایە و ناهێڵێ بمرێ.”(3)
حیزبی دیموکراتی کوردستان،لە مێژساڵە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ئازیزترین ڕۆڵەکانی نیشتمان کە شەهیدەکانن، بیری لە ناودێر کردنی ڕۆژێک بە ناوی “ڕۆژی شەهیدانی کوردستان” کردەوەتەوە. بۆ ئەم ڕۆژە، ١٠ی خاکەلێوەی لە هەموو ڕۆژەکانی ساڵ بۆ ناودێرکردن بە ڕۆژی شەهیدان بە گونجاوتر زانیوە، چونکە خاوەنی بەرزترین پلە و پایەی فەرمی و سیاسی و نەتەوەیی کورد، واتە سەرکۆماری کوردستان، لەم ڕۆژە دا شەهید بووە.
نزیکەی نیوسەدەیە حیزبی دیموکراتی کوردستان و لە گەڵ ئەم حیزبە دا خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلیوە دا یادی شەهیدانی کوردستان دەکەنەوە. لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلیوە دا درێژەدەرانی ڕێگای شەهیدان‌و بنەماڵە سەربەرزەکانی شەهیدان، دەچنە سەر گڵکۆی شەهیدان‌و وەفاداریی خۆیان بە ئامانجەکان‌و ڕێگاکەیان دووپات دەکەنەوە.
**
لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی‌و داسەپانی شەڕێکی نابەرامبەر بە سەر خەبات‌وخۆڕاگریی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان‌دا، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تووشی زۆرترین قوربانیی گیانی‌و ماڵیی بۆوە. ژمارەی ئەو خەڵکەی لە ڕەوتی هێرش‌و پەلاماری هەوایی و زەوینیی ڕێژیمی ئێران دا، گیانیان لە دەست داوە، بە نزیکەی پەنجا هەزار کەس مەزەندە دەکرێ. شارەکانی سنە، نەغەدە، مەهاباد، شنۆ، سەقز، کامیاران، پاوە و ژمارەیەک شاری دیکە، ئەو کاتەی بە دەست هیزەکانی بەرەی خەڵکەوە بوون، جارێک یا چەند جار بوون بە ئامانجی پەلامار لە زەوی‌و ئاسمانەوە و، دانیشتوانیان ئاگر‌و ئاسنیان بە سەر دا بارا. دانیشتوانی دەیان گوند لە گەڵ کوشتاری بە کۆمەڵ بەرەوڕوو بوون. قاڕنێ، ئیندرقاش، قەڵاتان،سۆفیان، سەروکانی، هەڵەقووش، دیلانچەرخ، کەرێزە، گوندەوێڵە، حەسەنلۆلان، قەرەگۆل، سەوزی، سەرچنار،خەڵیفەلیان،شێخ مارف، چەقەڵ مستەفا‌و چەندین گوندی دیکە، تامی تاڵی کارەسات‌و قەڵاچۆی گەورە‌و بچووکی دانیشتوانیان چێشتوە. ژمارەی قوربانیانی هێندێک لەو کۆمەڵکوژیانە لە پەنجا کەس زیاترە‌و سەرجەم قوربانییەکان لە ٥٠٠ کەس تێدەپەڕن.
**
نزیک بە پێنج هەزار کادرو پێشمەرگە و تێکۆشەروئەندامی چالاکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە خەبات لە گەڵ دوو ڕیژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا شەهید بوون.
**
ڕێژەیەکی بەرچاو لە شەهیدانی کوردستان، لە کەسانێک پێک هاتوون کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە بەندیخانە دا گیانیان لێ ئەستیندراوە. لە ڕیزی کاروانی شەهیدانی کوردستاندا، بە سەدان ناو هەن کە دوژمنانی ئازادیی کورد‌و کوردستان دوای ئەشکەنجە‌و ئازارێکی زۆر، بە تاوانی ئازادیخوازی، گوللەبارانیان کردوون یا لە سێدارەیان داون. ئەمانە بیرخەرەوەی خۆڕاگری‌و لەشکاننەهاتوویی تێکۆشەرە بەبیروباوەڕەکانی کوردستان لە بەندیخانەکانی دوو ڕێژیمی شایەتی‌و کۆماری ئیسلامیدان. زەوتکەرانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد، جگە لە ئێعدامی تاک و تەرای خەباتکارانی کوردستان، چەندین جار، لاوانی بەندکراوی کوردیان بە کۆمەڵ ئێعدام کردوە کە بۆ نموونە لە یەکێکیان دا ٥٩ لاو و مێرمنداڵ گیانیان لێ ئەستیندراوە.
**
بەچاوخشاندنێک بە کاروانی دوورو درێژی شەهیدانی کوردستان، جۆراوجۆریی سروشتی ڕەنگاوڕەنگ‌و فرەلایەنی خەباتی ئازادیخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان بۆ دەردەکەوێ. ئەو خەباتە، نەتەوەیی‌و گشتی‌و سەرانسەرییە، چونکە زۆربەی چین‌و توێژەکانی خەڵکی کوردستان‌ و خەباتکارانی زۆرترین شار‌و ناوچەکانی کوردستان، تێی‌دا بەشدارن. شاری، لادێیی، هونەرمەند، نووسەر، دوکتور، مامۆستا، قوتابی، خوێندکار، وەرزێڕ، کرێکار، ئەفسەرو سەربازی نیشتمانپەروەر، بە شانازییەوە لەم خەباتەهدا بەشداربوون. شارو ناوچەکانی خۆی، ماکۆ، سەلماس، ورمێ،شنۆ، نەغەدە، پیرانشار، مەهاباد، بۆکان، سەردەشت، رەبەت، بانە، سەقز، سنە، هەوشار، مەریوان، دیواندەرە، هەورامان، کامیاران، کرماشان‌و ئیلام هەرهەموویان بە نۆرەی خۆیان پێشوازییان لە کاروانی تێکۆشان‌و قوربانیدان کردوە‌و رۆڵەی خۆیان ڕەگەڵ خستوە. ئاخێوەرانی دیالێکتە جۆراوجۆرەکان‌و پەیرەوانی ئایین‌و ئایینزا جیاوازەکان، نامۆییان لەو کاروانە نەکردوە‌و بە هی خۆیان زانیوە. دانیشتوانی ئازەری زمانی کوردستان‌و ئازەرییەکانی دراوسێی کوردستان، بە شانازییەوە هاتوونە ڕیزی تێکۆشەرانی‌و بە چەندین کەسیان لە ڕیزەکانی دا گیانیان بەخشیوە.
**
بە سەدان مامۆستای ئایینیی نیشتمانپەروەر، لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی‌و دیموکراتیکی کوردستان دا،گیانیان بەخشیوە وخەبات لە ڕێی نەتەوە و نیشتمان لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتیان دا، بە تەواوکەری ئەرکە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان زانیوە.
عەشیرەتە نیشتمانپەروەرەکان، بەشداریی خۆیان لە خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کوردستان دا، لە گەڵ پێگەی چینایەتی و کۆمەڵایەتیی خۆیان نەک هەر بە ناتەبا نەزانیوە بەڵکوو بە مایەی سەربەرزی و شانازییان داناوە. زۆربەی هۆز و عەشیرەتەکانی کوردستان، لە ڕیزی هێزە خەباتکارەکانی کوردستان و بە تایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا، قوربانیان داوە وشەهیدیان هەیە.
قوربانیدان لە ڕێگای ئازادی، لە کوردستان شارو گوندی نەناسیوە. شارەکان سەردەمانێک ببوونە ئامانجی پەلاماری هەوایی‌و زەمینیی هیزەکانی کۆماری ئیسلامی‌و دانیشتوانیان شانبەشانی ڕۆڵە پێشمەرگەکانیان بەرەوڕووی هێرشکەران دەوەستانەوە‌‌و بە سەدانیان گیانیان دەبەخشی. گوندەکانیش بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە بوونە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی هیزی پێشمەرگە لە گەڵ هێزی پۆشتەو پەرداخی کۆماری ئیسلامی. ئەوان هەر تەنیا پەشت‌و پەنای هێزی پێشمەرگەو دابینکەری نان‌و ئاویان نەبوون، بەڵکوو سەرچاوەی دابینکردنی بەشی هەرە زۆری هێزی ئینسانیی ئەو خەباتەش بوون. راستە هەر شارێک، هەر گەڕەکێک، هەر گوندێک، پشکێک لە شانازیی‌و بەخشندەیی لە ڕێی ئازادییدا، بەر کەوتوە. بەڵام هێندێک شار، هێندێک گەڕەک، هێندێک گوند‌و تەنانەت هێندێک بنەماڵە، بەشێکی زیاتر لە قوربانیدان‌و خۆبەختکردنیان بەرکەوتوە. بزووتنەوەی کوردستان، قەرزدارو قەدرزانی ئەوشار‌و ناوچە‌و گوند‌و بنەماڵانەیە کە لە پێشبڕکێی تێکۆشان‌و قوربانیدان، لە پێشەوەترن.
**
ژنان‌و کچان، هەموو کات بەشێکی جیانەکراوە بوون لە خەباتی ڕەوای نەتەوەکەیان. ئەوان هەر بە پشتیوانیی پیاوانی خەباتکار لە شارو گوند نەوەستاون، بۆخۆشیان چوونەتە نیو چەقی مەیدانی بەرەنگاری. لە بەندیخانەکان، لە مەتەریزەکانی چیا، لەڕێکخستنە نهێنییەکان‌و لە هەموو سەنگەرەکانی تێکۆشان‌دا، بە پێی توانا‌و ئیمکان، دیار بوون‌و لە گیانبەخشین نەسڵەمیونەوە.
**
لە ڕیزی تێکۆشەرانی ئاشکرا‌و دوورەوڵات‌و لە نیوخۆی شارو گوندەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، زۆر مرۆڤی نیشتمانپەروەر‌و خەباتکارو، زۆر ئەندام‌و دۆستی وەفاداری حیزبی دیموکرات‌و بزووتنەوەی کوردستان هەبوون کە تا دواهەناسە بە ڕێگای پڕشانازیی شەهیدان دا ڕۆیشتوون. ئەوانە لە گەڵ ئەوەی بە مەرگی ئاسایی سەریان ناوەتەوە، لە روانگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، لە ڕیزی نەمران دان‌و لە گەڵ شەهیدان دا، بە ڕێزەوە یادیان دەکرێتەوە.
ئەگەر چی حیزبی دیموکراتی کوردستان زۆرترین پشکی لە کاروانی شەهیدانی کوردستان‌د‌ا هەیە بەڵام گیانبەختکردوانی هەموو هێزە خەباتکارەکان‌و هەر کەسێک بە هەر بیروباوەڕێک، ژیان و گیانی خۆی لە خەبات لە پێناوی حەقخوازی وداواکردنی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەی دا بەخشیوە، وەک بەشێک لەو کاروانە سەیر دەکا ڕێزیان بۆ دادەنێ.
لە حیزبی دیموکراتی کوردستان دا، هەر لە سەرەتاوە نەریتێک داکەوتوە. نەریتی پێشەنگ بوونی ڕێبەران‌و بەرپرسان لە گیانبەخشین لە پێناوی ئامانجە بەرزەکانی گەل‌و نیشتمان دا. دەیان فەرماندەری بە ناوبانگ و سەدان کادری بەوەجی بوارە جۆراوجۆرەکان لە ڕیزی کاروانی شەهیدان دا زیاتر لە 25 کەس لە کادری ڕێبەریی حیزب لە مەیدانی تێکۆشان و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی خەباتکارانە دا گیانیان بەخشیوە. جگە لەمەش هەر سێ ڕێبەری حیزب، قازی محەممەد پێشەوای حیزب‌و هەر دوو سکرتێری گشتیی حیزب: د. عەبدولرەحمان قاسملوو و د.سادق شەرەفکەندی لە لایەن دوژمنانی کوردەوە گیانیان لێ ئەستێندراوە‌و شەهید کراون.
١٠ خاکە لێوە،هەر بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی حیزبی دیموکرات‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە. لەم ڕۆژە جیی خۆیەتی سەرکردە نەمرەکان،ڕێبەران‌و تێکۆشەرانی شەهیدی هەموو بەشەکانی کوردستان یادیان بکرێتەوە. ١٠ی خاکەلێوە، بۆنەیەکە بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری لە گەڵ پێشەوا قازی محەممەد‌و هەموو شەهیدانی کوردستان. بۆنەیەکە بۆ چوونە سەر گڵکۆی شەهیدان و ئاوڕدانەوە لە بنەماڵە سەربەرزەکانیان. دەرفەتێکە بۆ ڕێزگرتن لە هەموو ئەو مرۆڤانەی بە نرخترین سەرمایەی ژیانیان، لە پێناوی نەتەوە و نیشتمانی خۆیان دا بەخشی. ١٠ خاکەلێوە ئەم ڕۆژەیە کە ڕوو دەکەینە شەهیدەکانمان و پێیان دەڵێین بە ئاسوودەیی سەر بنێنەوە. چونکە بە دڵنیاییەوە بە ئامانجەکانتان کە رزگاریی کوردستان‌و نەتەوەی کورد لە داگیرکراوی‌و بندەستییە، وەفادار دەمێنینەوە و هەتا وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانتان،لە تێکۆشان و خەبات سارد نابینەوە.
په‌راوێزه‌کان:
١ – وه‌رگیراو له‌ شێعری :شینی پێشه‌وا”ی مامۆستا هه‌ژاری موکوریانی، دیوانی “بۆ کوردستان”.
٢- ناوی خاوه‌نی ئه‌م شێعره‌‌ نازانم.
٣ – په‌خشانی “تاجی ژین”، دارا بیستوون، ڕۆژنامه‌ی “کوردستان” ژماره‌ ١٦٠، ئاوریلی١٩٩٠