١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان. موعتەسەم نوورانی

١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان. موعتەسەم نوورانی
شەهیدان ئەو بەشە لە خەباتکارانن کە بەنرخترین سەرمایەی ژیانیان کە گیانیان بوو، فیدای ئازادی و رزگاری نەتەوەیی و نیشتمانیان کرد و بوون بە رەمز و رازی مانەوەی نەتەوەیەکی ژێردەستە و شوناسی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت.

شەهیدان بوونە سەردێڕێ گۆڤار و رۆژنامە و لاوک حەیران و بوونە سروودی لاوان، لە ناو پەخشان و شێعری شاعیراندا و لە ناو دڵی هەر تاکێکی نیشتمانپەروەردا جێگای خۆیان کردوتەوە. دیرۆکی خوێناوی خەباتی کورد بە خوێنی ئەوان دەنووسرێتەوە، مێژوو شانازییان پێوە دەکا.

رۆژی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستانە. لەو رۆژەدا رێژیمی گوڕکراوی حەمە رەزا شا بە شەهید کردنی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێکانی، پێی وابوو کە رەوەڕەوەی خەباتی ئازادیخوازنەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەوەستێنی و لاوانی شۆڕشگێڕی کورد چاوترسێن دەکا. کاروانی لە پسان نەهاتووی رێگای رزگاری نەتەوەیی پەک دەخا. لەوە غافڵ بوو کە ئەو ئاگرەی بە هەڵکرانی ئاڵای کۆماری کوردستان بە دەستی پێشەوای نەمر لە ئاگردانی هەر ماڵێکی کورد دا هەڵ گیرسا، نە تەنیا هەرگیز ناکوژێتەوە، بەڵکو کڵپە و لورفە و گڕ و تینی ئەو ئاگرە رۆژ بە رۆژ بەهیزتر دەبێ، هەتا ئەو رۆژەی هەموو ئامانجە پیرۆزەکانی کۆماری کوردستان وەدی دێن دەگەشێتەوە.

مێژووی ٧٥ ساڵی رابردووی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە بەدرێژایی تەمەنی رێژیمی حەمە رەزاشا و ٤٣ ساڵ تەمەنی رێژیمی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامی، ئاڵای خەباتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە شەکانەوە نەکەوتوە. تێکۆشەرانی کورد لە هەر هەلومەرجێکدا و لە دژوارترین قوناغەکانی خەباتدا نەترسانە بەرەو رووی زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام بوونەتەوە و هەموو کات ئامادەی گیانبازی و فیداکاری بوون و هەرگیز سەری تەسلیمیان بۆ دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان دانەنواندوە.

رێژیمی توتالیتەری ئاخوندی هەر هەمان هەڵەی شای دووپات کردەوە پێی وابوو بە تیرۆر کردنی رێبەرانی کورد و شەهید کردنی هەزاران کادر و پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل و میلیتاریزە کردنی کوردستان، رەوڕەوەی خەباتی کورد دەوەستێنێ. بەڵام ئەوە خەیاڵی خاوە گەلێک کە بۆ ئازدی وەدەست هێنانی مافی رەوای راپەڕیبێ زیندان و ئەشکەنجە و گوللە و پەتی سیدارە نایترسێنێ و لە ویست و داخوازییە رەواکانی پاشگەز نابێتەوە. لەو شۆڕشەدا زۆر بنەماڵەی وا هەیە کە چەند کەسیان شەهید بوو! لێرەدا بیرەوەری دایکی دوو شەهیدی قارەمان دەگێرمەوە کە دوو کوڕی بە دەست رێژیمی کۆماری ئیسلامی شەهیدبوون.

رۆژی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی، پێشمەرگەکانی لکی ٢ی هێزی پیشەوا لە کاتی پەڕینەوەیان بۆ ناوچەی شامات، لە پۆمپی چەڵەبی لە سەر جادەی مەهاباد-میاندواو کەوتبوونە کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، رەحمان مەجیدپوور ناسراوە بە هەوشین سەرپەلی پێشمەرگەکان لەو شەڕەدا شەهید ببوو. هێنایانەوە بو سونجاخ لەوێ بەخاکیان سپارد.

ناردیان لە دووای خات خەجیجی دایکی لە مەهاباد را هات. خات خەجیج ئەو شێرە ژنە زۆر لەمێژ نەبوو قادری کوڕی شەهید ببوو. کە گەیشتە سەر قەبران گوتی ئەی هاوار! خۆ ئەفشین گیان من دامنابوو ئەو پاییزە زەماوەندت بۆ بکەم و بوکت بۆ دابەزێنم. بۆخۆم سەرچۆپی کێش بم. بەڵام جەنازەی لە خوێن دا شەڵاڵی تۆیان بۆ هێنامەوە. پوورە خەجیج ئەو شێرە ژنە لە کاتێکدا فرمێسک لە چاوانی دا دەهات خوار لەدڵی خۆیدا وەک مەنجەڵ دەکوڵی و ناڕەحەتی لە دەستدانی جگەر گۆشەکەی بوو گوتی: رۆڵە گیان بە ئاسوودیی سەر بنێوە، شیر ئەو مەمکانەت لێ حەڵال بێ ئەفشین گیان، واش نەبایە هەر دەمردی بەڵام گرینگ ئەوەیە چۆن مردی، سەری من بەرز کردەوە و منت روو سوور کرد.

دڵنیام خوێنی تۆ بەفیڕۆ ناچێ. رۆڵە گیان، سەر بەرزم وەک دایکی شەهید، کە کورەکانم لە رێگای رزگاریی نیشتماندا گیانیان بەخت کرد. بوون بە قارمانی نەتەوە و نیشتمانی خۆتان. رۆلە گیان دەڵێم ئۆخەی رەنجم بەبا نەچوو. پوورە خەجیج دەنگی زۆر خۆش بوو، لەبن کێلەکەی دانیشت لەگەڵ ئەوەی لە دەروونی دا وەک شێری بریندار جینگڵی دەدا و لولی دەخوارد. رقی تۆڵە وەک ئاگر لە دەروونیدا بڵێسەی دەدا، بەدەنگێکی نەرم لای لای بۆ کوڕە شەهیدەکەی دەکرد. ئەو شێرەژنە هاواری کرد و گوتی: “ئەفشین گیان نازانم لە کوێرا دەست پێبکەم. هەر چەند ژیانی تاڵی خۆم وەبیر دێتەوە کە چەند بە کولەمەرگی، دەردیسەری، نەداری و هەژاری گەورەم کردن. بەڵام رووسوورم بەوەی کوڕەکانم لەو ڕێگا پڕ لە شانازییەدا گیانیان بەخت کرد. رۆڵەی شیرینم بڕیارم دابوو نەگریم تازییەبار و رەشپۆش نەبم بەڵام چیبکەم. ددان بە جەرگم دادەگرم خۆدەخۆمەوە، رۆڵە شیرینەکەم بۆ تۆ ناگریم بۆ پرشوبڵاوی ناو ماڵی کورد دەگریم. بۆ ئاکامی شۆڕشێک دەگریم کە کۆمەڵیک ئاخوندی بیرتەسک و کۆنەپەرست دەستیان بە سەر بەرهەمەکەی داگرت، ئاسەوارێک لە دێموکراسی و یاسا و عەداڵەت و دادپەرەوەری نەما.

دیسان پەردەی شەوە زەنگی بێدادی باڵی بە سەر کوردستاندا کێشا، کێشە ئەوەیە هەر کەس وەک ئەوان قسە نەکا زمانی دەبڕن، هەر قەڵەمێک کە بە قازانجی ئەوان نەنووسێ قەڵمەکە دەشکێنن و وەک ئەوان بیرنەکاتەوە توهمەتی جۆراجۆری بۆ هەڵدەبستن ئێعدامی دەکەن. رۆڵە گیان بە ئاسودەیی بنوو سەد جار شیری ئەو مەمکانەت لێ حەڵاڵ بێ. ئەفشین گیان پێشمەرگە فیداکارەکەی دایە. کە هەموو جارێ دەتگوت دایە هەموو ئاواتم ئەوەیە کوردستان رزگار بێ.”
زۆرن ئەو دایک و باوکانەی وەک پوورە خەجیج بە سەخاوەتەوە جگەر گۆشەکانیان پێشکێشی بارگای ئازادی نەتەوەکەیان کرد. بەڵام بەداخەوە لەوەتا کورد هەیە ماڵی دەسوتێ، ئاوارە و تەرکە وەتەن دەبێ، خوێن و قوربانی دەدا، تێکۆشەرانی شەهید دەبن.

لە رۆژی شەهیداندا سڵاو دەنێرم بۆ هەموو بنەماڵەی سەر بەرزی شەهیدان، بەو هیوایە ئاواتی شەهیدان وەدی بێ و کوردستان لە ژێر چەکمەی داگیرکەراندا رزگار بێ.

روحی پێشەوا قازی محەممەد هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان بە بەهەشت شاد بێ.
موعتەسەم نوورانی