گۆران ئەمیری و مستەفا ئەمیری لە بارەی کۆڕی پەروەردە

گۆران ئەمیری و مستەفا ئەمیری لە بارەی کۆڕی پەروەردە و فێرکردنەوە دەدوێن
قادر وریا. لە ئەرشیڤی خۆمەوە (١٧)

ساڵی ٢٠١٠، بەو هۆیەوە دەمزانی کە کاک گۆران ئەمیری یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی کۆری پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی کوردستان بووە، چەند پرسیارێکم لە بارەی کاروباری ئەو کۆڕە بۆ رەوانە کرد. دیار بوو کاک گۆران، کاک مستەفای برای کە ئەویش پێشینەی مامۆستایەتیی شۆڕشی هەبوو، لە جیاتی خۆی بۆ وڵامدانەوە راسپاردبوو. لەم کورتە نامەیە دا کە ئەو کات بۆی ناردووم، ناوی کاک رەسووڵ(دەبێ مەبەستی کاک رەسووڵ ئاریا بووبێ)یشی هێنابوو. کە دیارە من پرسیاری پێوەندیدارم بۆ ئەویش ناردبوو  کە بە خۆشیەوە  هەر ئەو کات کۆمەڵە وڵامێکی پڕ لە زانیاریی باشی دامەوە. وڵامەکانی کاک رەسووڵ ئاریام لە ڕۆژانی رابردوو دا، بڵاو کردەوە. ئەمڕۆش وڵامەکانی کاک مستەفا ئەمیری دەخەمە بەر سەرنجتان کە هەڵبەت وەکالەتی کاک گۆران ئەمیرییشی هەیە.

کاک قادری ڕێزدار سڵاو!

من بۆ خۆم بە ڕاست پڕ کارم. هەرچی هێنام و بردم بۆم نەدەکرا زوو وەلامت بدەمەوە. ناچار بووم دەست بە دامێنی خاوێنی کاک مستەفا و کاک ڕەسووڵ بم، جا خۆیان و خوایان، پێموایە دوای هەڵگرتنی هەڵە و پەڵە شتێکی لێ دەست دەکەوێ.

بەریزەوە :گۆران

 – کتێبی ژیان و خەبات هەر بەرگێک بوو یان دوو ؟ چونکە لە سەر بەرگی ئەم کتێبەی تایبەت بە فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی گەورە ساڵان ( ساڵی ١٣٦٣ ) چاپ بووە نووسراوە: ” ژیان و خەبات” (١)؟

ـ هەر بەرگێک بوو.

ئایا هەروا کە “ژیان و خەبات” کتێبی ” ڕێنوێنی مامۆستا”ی هەبوو ، کتێبی خوێندنی زمانی کوردی (١) ، (تایبەت بە منداڵان) یش کتێبی “ڕێنوێنی مامۆستا” ی هەبوو؟

ـ نەخێر نەیبوو، خەریک بوون چاپی بکەن بەڵام بە هۆی گوازتنەوەی شۆڕش لە شار بۆ شاخ ئەم ئەرکە وەپشت گوێ خرا.

ساڵی خوێندنی ١٣٦٠ ـ ١٣٥٩ کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی گەمارۆی خستبووە سەر ناوچە ئازادەکانی کوردستان، ئایا خوێندن لە ناوچە ئازادەکان هەبوو؟ لە کام ناوچە هەبوو؟ لە چ ئاستێک دا هەبوو ( سەرەتایی، ناوەندی و ….)؟

ـ ساڵی ١٣٥٩ لە ناوچەی موکریان هێندێک مەدرەسە کرانەوە، بەڵام ساڵی ١٣٦٠ حیزب ڕەسمەن بۆ هۆی ڕادیۆ کوردستان ڕایگەیاند کە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەبێ ئەم کارە بکردرێت.

پێش ئەوەی کتێبەکانی ” کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەراسەری کوردستان” بگەنە دەست مامۆستایان، خوێندنی کوردی و زانستەکانی دیکە ( زانستی ئەزموون ، بیرکاری و …. ) بە هۆی ( بە یارمەتی) چ جۆرە کتێبێک تەدریس دەکران؟

ـ لە هەر ناوچەیەک بە شێوەیەک بوو. هێندێک لە باشووری کوردستان را کتێبیان هێنابوو. یان مامۆستایان بۆ خۆیان ئەم شتەیان دەگوتەوە کە ئەزموونیان تێیدا هەبوو کە لە دەورەی مامۆستایەتی دا فێری ببوون.

 تکایە ئەو ناوچانە و ئەو گوندانەی کە کۆڕی پەروەردە، قوتابخانەی لێ کردبوونەوە، وێرای ژمارەی تەقریبی قوتابیانیان، ناوبەرە؟

ـ ئەم ناوچانە زۆر بوون ، شیمال ، جنووب و ناوەند، ئەوەندەی من بزانم تەنیا لە ناوەند لە شارەکانی مەهاباد، سەقز، سەقز، بۆکان، بانە سەردەشت و شنۆ کۆڕی پەروەردە مەدرەسەی دانابوو، تەقریبەن ٥ تا ٦ هەزار قوتابی هەبوو.

لەو کلاسە تایبەتییانەدا کە کۆڕی پەروەردە بۆ پێگەیاندنی مامۆستا پێکی دێنان، چ ئامووزشێک دەدرا؟

ـ تەکامول و ئەخلاقی شۆڕشگێرانە، ڕێنووسی کوردی و فەلسەفە.

کۆڕی پەروەردە تەنیا کتێبەکانی پۆلی یەکەم و دووەمی سەرەتایی و کتێبی ” ژیان و خەبات ” ی ئامادەو چاپ کرد. ئەدی خوێندن لە پۆلەکانی سێهەم و چوارەم و پێنجەم دا چۆن بوو؟ کتێبەکان ئایا هەمان کتێبەکانی “آموزش و پرورش” ی ئێران بوون؟ شەرحی دەرس بە کوردی یان بە فارسی بوو؟

ـ بەڵێ هەمان کتێبەکانی ئێران دەگوترانەوە. بەڵام بە کوردی ئەو سوێنانەی پیویست با سانسۆر دەکرا.

ـ ئێستا کە ئاوڕ لە سەردەمی مامۆستایەتی خۆتان دەدەنەوە، لە سەر شێوازی ئەو کاتی خوێندن بە کوردی بە تایبەتی لە پۆلی یەکەم دا، چ تێبینی‌یەکتان هەیە؟ ( مەبەستم لە فێرکردنی ئەلفوبێ و ڕێنووس بە گوێری کتێبەکانی ئەو کاتە). خاڵە لاواز و بەهیزەکانی کتێبی ئامادەکراو یا کتێبە ئامادەکراوەکان چ بوون؟

ـ سەرەرای موشکلاتێکی زۆر بەڵام ڕێنوێنی زمانی کوردی شتێکی زۆر بە کەڵک بوو. دەکرێ بڵێین لەم ماوەیە بۆ قوتابتان هەبوو . ڕاندوومانی کاری مامۆستایان لە سەرەوە بوو، وانە گوتنەوە لەسەر پیتی کوردی کەڵکێکی زۆری هەبوو، بەداخەوە چوونکە کتێبەکانم لەبەر دەست نین ناتوانم لە سەر خاڵە لاوازەکان بدوێم، تەنیا دەڵێم ئەم کتێبانە لەبەر ئەوەی بە کوردی بوون زۆر زۆر بە قازانج و بە کەڵک بوون.

ئەگەر لە سەر ڕووبەری ناوچەی تێکۆشانی کوڕی پەروەردە ، ژمارەی مامۆستایان و قوتابخانەکان و قوتابییەکان، ژمارەی دەورەکانی پێگەیاندنی مامۆستا و لە ئاستی کوردستانیش دا، زانیاریت هەیە بۆم بنووسە.

ـ کۆڕی پەروەردە لە هەموو کوردستان دا تێکۆشانی هەبوو نیزیک بە ٨٠٠ مامۆستا و ٦٠٠٠ قوتابی هەبوو، ژمارەی دەورەکان زۆر بوون، من تەنیا دەتوانم بە چەند دانە لە ناوچەی مەهاباد وەک لاچین، کولیجە و کامەم ئیشارە بکەم.

ئایا لە ناوچەکانی دیکە ( جگە لە موکریان ) کوڕی پەروەردە، تێکۆسانی هەبوو؟ ( مەبەستم لە سەقز بۆ خوارەوەیە: سەقز، سنە، مەریوان، دیواندەرە، سنە کامیاران و هەورامان و …. ).

ـ بەڵێ هەبوو، تەنانەت کۆڕ لە ناوەند را بە شێوەی تیم ماۆستای بۆ ناوچەی شیمال بۆ دەرس گوتنەوە بەڕێ دەکرد.

برات مستەفا ئەمیری

١٢ ـ ٠٢ ـ ٢٠١٠

نووسینەوە: حەمەرەسووڵ کەریمی

ماڵپەری گیارەنگ

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت