ڕووداوی شەری چەکدارانەی ئامول

سەلاح ئەسەدپوور

ھۆی شکستی سیاسی و نیزامی. بەشی ١٨ و ١٩
بەر لەوەی درێژە بە ڕووداوەکان بدەم ، لەو بەشە دا ھەڵوێستەیەک لە سەر ھۆیەکانی شکستی “اتحادیە” لە تێکۆشانی سیاسی و نیزامیەکە دەکەم. شەرت نییە بۆچوونەکانم جێگای ڕەزامەندیتان بێ و ڕەنگە ئێوە جۆرێکی دیکە بیر بکەنەوە. بەڕێوەبەرانی “اتحادیە” زۆربەیان قوتابی زانکۆکانی ئەمریکا و ئوروپا بوون. شارەزاییەکی تەواویان لە سەر وەزعیەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران نەبوو. زیاتر خۆیان بە بیرۆکەکانی مائو ، ڕێبەری شۆڕش چینەوە گرێ دابوو. نووسراوەکانی مائویان لا پیرۆز بوو، وەک چۆن ئایین دارێک کتێبە ئاسمانیەکانی لا گرینگە. پێیان وا بوو مودیلی چین بۆ ئێرانیش گونجاوە. لە حاڵێك دا دوو ولات بە دوو ئابوری جیا، فەرھەنگی جیا ، ھەڵکەوتەی جوغرافیایی جیا و مێژووی و نەتەوەی جیاوە، خاڵی ھاوبەشیان نەبوو. ڕێبەران و کادرە کانی “اتحادیە” لە نێو کتێب و تئوری دا دەژیان. ڕاستیەکانی کۆمەڵگای ئێران یان نەدەزانی و ئێستاش نازانن.
پێیان وابوو خەباتی جوتیاران و گەمارۆ دانی شارەکان لە ڕێگای دیھاتەوە، شۆرشەکە سەرکەوتوو دەکا. لە حاڵێک دا تەقسیماتی زەوی لە دەورانی شا دا ھەر چەند سیستمی مڵکداری و فئودالی بە تەواوی بنەبڕ نەکرد، بەڵام ئەو سیستمە گۆردرا بۆ سەرمایەداری.
لە وەھا بیر کردنەوەیەک دا سەف دۆست و دوژمن تێک دەچێ و جنایەتکارێکی وەک خومەینی و ئاخوندە کۆنە پەرەستەکان دەبنە وردە بورژوا و بە پێی ڵێکدانەوە پوپولیستێەکەی “اتحادیە” لە ریزی خەڵک داجێدەگرن. ھەر ئەوەش وای کرد ئەوان پشتیوانی لە گر تنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە لایان ئەو جڕ و جانوەرە کە بە ناو قوتابیانی خەت ئیمام خۆیان دەناساند بکەن. شەڕی عیراق و ئیران بەڕەوا بزانن.
باڵ و لا باڵ بۆ حاکمیەتی ئیسلامی بدۆزنەوە. وەک باڵندەیەکی سەر لێ شێواو لەو لق بۆ ئەم لەق بە دایم لە جێ گۆڕکێ دا بوون. کە خومەینی و ڕێژیمەکە لە جۆزەردانی ١٣٦٠ ھەموو سنورێکی مرۆڤایەتیان بەزاند و بە ھەزاران جیا بیریان کوشت، ” اتحادیە” داماو و دەستە وەستان بوو. نەیدەزانی چ بکا. لە پڕ ١٨٠ دەرجە وەرسوڕا و بیرۆکەی خەباتی چەکداری ھێنایە مەیدان.
پێیان وابوو خەڵک وەک مەڵۆیەک گیای ویشک وایە، ھەر کە ئاوری پێ بگا گڕ دەگرێ و تەختی مەلاکانیش دەسوتێنن.
ئەوان دەنکە شقارتەکەیان پێ بوو و گۆیا دەیانھەویست داگیرسێنن. لەسەر ھەڵگیرساندنی خەباتی چەکداری، عەمەلەن “اتحادیە” بوو بە دوو بەشی زۆرایەتی کە دەیانھەویست بە زووترین کات دەست بەو خەباتە بکەن، کەمایەتی کە زیاتر کومیتەکانی ئازەربایجان و تارانی دەگرتەوە ، پێیان وابوو وەختی ئەو شەڕە نییە، خەڵک ئامادە نین و ڕێژیم بە ھێزە و بە زویی سەرکوت دەکرێ.
لە نێو ئەو کەسانەش کە دەیانھەویست خەباتی چەکداری بکەن جیاوازی ھەبوو، دەستەیەک بە سەرۆکایەتی سیامەک زەعیم پێیان وابوو شەڕی چریکی باشترە و دەتۆانین زیاتر بمێنینەوە، ھێز پەیدا کەین و زەربە لە دوژمن بدەین و خۆمان تەلەفاتمان کەمتر بێ. دەستەکەی دیکە کە حوسێن ریاحی نوێنەرایەتی دەکرد، پێیان وابوو، دەست بە جێ و بێ ڕاوەستان دەبێ شارێک بگرین و پاشان بە ھاوکاری خەڵک تاران شوێنەکانی دیکەش ئازاد بکرێن.
کە لێکدانەوەی ھەڵەت بۆ ڕووداوەکان ھەبێ، بێ گومان ستراتژی نیزامیەکەش ھەڵە دەردەچێ، “اتحادیە” خوێ ھێزیکی بچووکی رووناکبیری بوو، پایە و بناغەیەکی لە نێو خەڵک دانەبوو، ئیمکاناتی نیزامی لە سەد تفەنگە شکاو زیاتر نەبوو، ئیمکاناتی ماڵی زەعیف کە بە زەحمەت خوێ پێ بەڕێوە دەبرد.
“اتحادیە” کە ئەو شەڕەی دەست پێ کرد دەڵەمەش نەبوو، وەک یەک قەترە ئاو وابوو کە لە سەرگەڵای دارێک کەوتبێ. بەو ئیمکاناتەوە بە ١٠٠ نەفەری نا بەڵەدی کەم ئەزمون بەڵام بە ورە لە گەڵ ڕێژیمێکی جنایەتکاری وەک حکومەتی ئیسلامی ڕاوەستە. ئەو شەڕە لە شوێنێک کرا کە ناوەندی دەسەڵات و بە ھێزی دوژمن بوو لە نزیک قوم و تاران، لە نزیک سەدان بنکەی و بنیاتی نیزامی و لە شوێنێکی حەساس.
وەک ئەوە وایە کەسێک مەلە نەزانێ و لە گژ دەریا ڕابچێ. سیستمی پەیوەند گرتنمان ھیچ بوو بێ سیم نەبوو، تەداروکات و خواردن نەبوو. ژیان بەو کۆڵە پشتیانەوە بووکە بە چەندین سەعات و ماندویی لە جادەی ھەرازەوە دەگەیشتە دەست. خەڵکی ناوچەکە لە گەڵ نەبوو. بەڵەد ٤ یا ٥ نەفەر زیاتر نەبوون، ئەوانی دیکە دەبوو وەک مەڕ بە دوایان دا بڕۆن. فیشەک کەم ،پوڵ کەم، دەرمان کەم، و ڕێکخستن تەشکیلات وەک نەبێ وابوو. کە شەو دا دەھات جەھەتە کانیش مان نەدەزانی، زمان و زاراوە و فەرھەنگ و ئایینیش لەو شوێنە بۆمان نامۆ بوو.
ڕێژیم ئەو کات بە ھێز و جەماوەرێکی زۆری لە پشت بوو، بەسیج، سوپا، حزبوڵا و جۆرەھا دام و دەزگای سەرکووتی ھەبوو. ئیمکاناتێکی زۆری لوجستیکی و مرۆیی ھەبوو. بزوتنەوەی دژی ڕێژیم لە پاشەکشە دابوو، زۆربەی ھێزەکانی موخالیف زەبریان وەێ کەوتبوو .
لە کوردستان شارەکان ھەموو بە دەست ڕێژیمەوە بوون. ورەی خەڵک دابەزیبوو. شەڕی ئێران و عێراقیش بیانویەکی باش بوو بە بەھانەی پارێزگار لە وڵات، بە ئاسانی سەدان ھەزار کەس کۆ کاتەوە. ئایین دەوری خوێ ھەبوو ، سەربەداران کمونیست و ملحد و کافر ، ئەوانیش موسڵمان، نورانی و پیاو چاک.
عەمەلیاتی نیزامی پێویستی بە لێبڕاوی ھەیە. یان نابێ بکرێ، ئەگەر کرا لە یاسای شەڕ کەڵک وەرگیرێ. پوپولیزم، بەزەیی و پیاو چاکی نایخوا. لە گەڵ ژاندارم و ئەرتەش جۆرێک دەجوڵانەوە، لە گەڵ پاسدار جۆرێکی دیکە. ئیدئولۆژی، خەتەرناکە، ڕەنگە زۆربەمان پێمان وابووبێ کە سەرکەوتن بە دەست نایە، بەڵام چونکە مائو و لنین وایان کوتوە، ئەو حەتمەن سەر دەکەون.
لە حیزبی ئیدئولوژیک دا مێشک دەبێتە پارچەیەک بەرد. مەودای بیرکردنەوە نامێنێ. مرۆڤ دەبێتە گوێ ڕایەڵێکی بێ بڕیار، ھەر ئەوەش وای کرد ئەو کەسانە بە پێی خۆیان بچنە بەر دەمی جەلادەکان و ببنە قوربانی. ھەر چەند کە ئازا و بوێریش بیت، خۆ ناکرێ لە بەرانبەر لەشکرێکی پۆشتە و پەرداخ ڕاوەستی. پێکھێنەرانی سەربەداران زیاتر لە ٦٠ لە سەدی کورد و عەڕەبی خوزستانی بوون. ئەو ھێزانەش کە خۆێان بە چەپ دەزانی، نە بەشداریان تێدا کرد و نە پشتیوانیان لێ کرد. بەڵکوو کەوتنە لۆمە کردن و کەم بایەخ کردنی.
گەڕانەوە بۆ بۆکان ( بەشی ١٩)
ماندوو و شەکەت لە سەر تەختەکەم درێژ بووم، چاوم قورس و قورستر دەبوو. ماندوو، تێک شکاو، وەڕەز وبێ تاقەت. کز ، زەرد ھەڵگەڕاو، چاو بوە قووڵ داچوو و بێزار. لەش شەکەت، دەست و قاچ ماندوو، سەر و شان ومل ژان گرتوو. مێشکم گێرۆدەی دەیان خەیاڵی ڕابردوویە. دارستان و ئاگر، تەلار و بەفر و سەرما، برسیەتی و شەڕ و شکست. مردن و مەرگ و ڕاکردن، تەقە وباڕووت و گەمارۆ بۆ ساتێکیش بەرۆکم بەر نادەن. نازانم خەوتووم یان نەخەوتووم، لە نێوان خەو و بە خەبەری دا گیرم کردوە. نە خەوتووم، نە بە خەبەرم.ئارەقە و ڕاپەرین و لێوە لەرزە. جارێک سەرمامە، جارێک لە ئارەقە دا خووساوم. قەڵافەتی ھاوڕێیانم ھەر لە بەر چاوە، کە ئازادم بە جێھێشت، دونیا بە سەرم دا ڕووخا. کە مەرگی ھاوڕێیانی دیکەم دیت، لە ژێر دیوارێکی ڕووخاو بووم. لە نێو دێوزمەی خەیاڵات و خەو، خەو و بێداری ڕزگارم بوو.
لە گەڵ ڕووناک بوونی ھەوا، ڕاست بوومەوە. شار و ھاوار و ھاتوو چوێ تێکھاڵا بوون. لە قاوەخانەیەکی نزیک نانی بەیانم خوارد و لە دوکانێک ھێندێک لیباسی گەرمم کڕی و چوومەوە موسافیر خانەکە و دەست و سەر دەم و چاوم بە باشی شۆرد و لیباسە کۆنەکانم فڕێ دا و بە بەرگێکی گونجاوەوە وەدر کەوتم و بەرە شوێنی قەرار ، شەقامەو شەقام وەسەر کەوتم. لە ڕێگا ھێندێک خۆم خافڵاند ، دوو سەعاتێکم مابوو بچمە شوێنی مەبەست. لە مەیدانی تۆپخانە سەفێکی دوور و درێژی تلفون کردن دوو قەفی خوارد بووە. چەندین منداڵ بە توندی دەیانقیژاند و کۆپۆنیان دەفرۆشت.
ئوتوبوسە کۆنەکان لە ژێر دووکەڵ و بۆنی ناخۆشی گازوئیل، خەڵکیان دێنا و دەبرد. دەیان کەسی دیکە بە لیباسی کرێکارییەو لە گۆشەیەکی مەیدانەکە کۆ ببونەوە و چاوەڕوان بوون یەکێک بێ و بیان با بۆ کار، چەند ژنی بە چارشێو داپۆشراو کارتۆنێکیان ڕاخستبوو، سواڵیان دەکرد. بەرەو شەقامی “فردوسی” ھەڵکشام، ئەو کەسەی ھاتبووە سەر قەرارەکە دیتم و پاش ھێندێک قسە کوتی لە پێشدا بچۆ بۆ سنە و لەوێ ھاوڕێیانمان بەرنامەی کاری داھاتووت پێ دەڵێین. پێم وابێ ھێندێک پوڵی دامی و بە تاکسێک چوومە ترمینالی ڕۆژئاوا نزیک مەیدان ئازادی. پاش نێوەڕۆیەکی درەنگ گەیشتمە گاراج و بلیتی سنەم کڕی .
ئەو کات ماوەی نێوان تاران بۆ سنە زیاتر لە ٧ سەعاتی دەگرت. وام ڕێکخست، بەیانی دەوری سەعاتی ٧ بگەمە سنە. ھەر چەند بە ھۆی وەزعی ئەمنییەتی نێوان ھمدان و سنە ٢ سەعات وەپاش کەوتم و دەوری ٩ی بەیانی گەیشتمە شاری سنە و چوومە ماڵی ئەو کەسەی کە پێشتریش پەیوەندیمان لە گەڵ دەگرت. کە گەڕامەوە سنە، ھەستم بە خۆشحاڵی دەکرد، ھەر چەند فەزا ئەمنییەتی بوو ، پاسدار لە سەر ھەست و گوێ قوڵاغ بوون. بەڵام ترس لە بزوتنەوەی کورد و پێشمەرگە بە سەر و چاویانەوە دیار بوو. ڕۆژ نەبوو پێشمەرگە ئەو کات شارە گەورەکان نەکەنە مەیدانی شەڕ دژی داگیرکەران. لێرە خەڵک لایەنگری ڕێژیم نەبوون، ھەر چەند لە ھەموو شارەکان چەند کەسێک خۆێان فرۆشتبوو، بەڵام بە گشتی خەڵک بێزار و دژی ڕێژیم بوون . لێرە گوێم لە زمانی کوردیە. زمانێک کە لە منداڵییەوە لە گەڵی ڕاھاتووم. سنە لای من یەکێک لە خۆشترین شارەکانە، دەیان بیرەوەریم تێدا ھەیە، زۆری لێ ژیاوم. خەڵکێکی بە فەرھەنگ زمان شیرین، ئاواتم ئەوەیە جارێکی تر ئەو شارەم دیبایەتەوە.
چوومە ماڵی ھاوڕێکەم. زۆر خۆشحاڵ بوو لە دیتنەوەی دووبارەم. دوو برای گەورەتری ھەبوون ئەوانیش دەیانزانی چ دەکەم. نەیاندەزانی لە جەنگەڵ ڕا گەڕاومەتەوە. یەکیان پرسی خەبەری لای بۆکان چەس. ئەمنیش بێ ئاگا بووم، کوتم، خەبەرێکی وا نییە وەک جارانە.
گوتی وادیارە بێ خەوەری، ئێژن حیزبی دێموکرات عەمەلیاتێ فرە گەورە دژی ڕێژیم ئەنجام داگە و زەربەی خاس وە رێژیم کەفتوە. من ھەر تەقەم لە سەری دەھات و نەم دەزانی باسی چ دەکا. ئەو کات شکی کرد کە ڕەنگە لە ئامول بووبێتم ، بۆیە زۆری لە سەر نەڕۆیی.
ئەو عەمەلیاتەی ئەو باسی دەکرد، زەربە لە گوردانی ٨٠١ی شیراز بوو کە چەند ڕۆژ پێشتر بە دەستی پێشمەرگەکانی ھێزی بەیان لە سەر جادە بۆکان و مێاندوئاو لە پەیکەری ڕێژیم درا بوو. ڕۆژی ١٠ ڕەشەمۆی ساڵی ١٣٦٠ گەیشتمەوە بۆکان.
شارێک بە سەدان بیرەوەری خۆش و ناخۆش، قوتابخانە، ھاوپۆل، شەقام ، کۆڵان، خەڵک و دەرو جیران ھەموو ئاشنا بوون، غەریب نەبووم، نا بەڵەد و دەستەوەستان نەبووم، شارەزای بست بە بست شار و لادێ بووم. لە زۆر جێگا ناسیاوم ھەبوو. ھەستم کرد ناڵەشکێنە لە ئەلبورز بەرزترە. تەرەغە لە دەماوەند جۆانترە. ئەگەر لێرە تووشی شەڕ بم خەڵک بە داس و شنە و پێمەڕە نایەنە سەرم. ئەگەر لێرە بمرم بە لۆدیر و لە بیابان نامخەنە ژێر گڵ .
ھەرچەند کە مرۆڤ مرد، گرینگ نییە لە کوێ و چۆن ژێر خاک دەکرێ، لەشی بێ گیان وەک دار وبەرد وایە و دەبێتەوە بە بەشێک لە خاک.
چوومە ماڵی باوكی ئازاد، پێم گووت، چیمان کردوە و چ ڕووی داوە، کە دڵنیا بوو کوڕەکەیان ماوە و ھاوڕێیانی نەماون، ھیچ نە بوو بیڵێ، وەک گیانلەبەرێکی بێ ڕووح چاوی لە سەر شوێنێک قەتیس مابوو. ئای مروڤ بە دەست خۆت چ لە خۆت دەکەی.
بێ ئەزموونی، دروشمی بریقە دار، خەیاڵاتی خۆش کە قەت وەدی نایەن. ھیچ شتێک لە عەداڵەت کۆمەڵایەت بەرزتر نییە. بەڵام ئەو عەداڵەتە ئیمکانی دروست بوونی بەو شێوەیەی کە کمونیستەکان باسی دەکەن ، نییە. ئێمە جگە لە خۆمان، بنەماڵە و خزم و دۆست و ھاوڕێ و ئاشناکانیشمان لە گەڵ خۆمان برد بوە نێو گێژاو و ژانە سەر. مانگێکی پێ چوو ئازادیش ھاتەوە، ئیتر لە ژێر قورسایی نیگای دایک و بابی ھاتمە دەر. وەک کەو ، کە سەری خۆ دەخاتە ناو بەفر و وەک ئەوەی نە بای ھاتبێ و نە بۆران، دەستمان بە ژیانی ئاسایی کردەوە.
چووینەوە قوتابخانە کە ئەو کات دەبیرستانی شەھیدانیان پێ دەگووت و لە لای نەخۆشخانەی شار بوو. ئەو کات ساڵی چوارەمی دەبیرستان بووم. قوتابیەکان دەیانزانی کە پێشتر سەر بە “اتحادیە ” بووین. یەک دوو نەفەری تودەیی لێ بوو ئەزیەتیان دەکردم. بەلام دا تێدەپەڕین و قسەیان فڕێ دەدا، یەکێک لەوانە ناوی عەوڵا بوو.، خەڵکی ئاوایەکی نزیک بۆکان و دەمی زیاتر وەک گیرفانی باڵتۆی ئەمریکایی دەچوو کە گنجی تێ کەوتبێ.
جگە لە دەرسی دەروونناسی کە بە ڕاست چێژم لێ وەرگرت و ئازایەتی مامۆستاکەیم قەت لە بیر ناچێ، باقی دەرسەکانی دیکە بای توورێک بوون، بە تایبەتی بوونی ئوموری تەربیەتی و کەسێکی نەخۆێندەواری وەک شەریف پور بەرپرسی پەروەردەی ئەو کات و ئەحمدپور بەرپرسی ئومور تەربیەتی فەزای ترسیان بە سەر قوتابخانەکاندا سەپاند بوو.

(درێژەی ھەیە)

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی پێشووتر دەتوانن لە سەر نووسینەکانی خوارەوە چرکە بکەن.

:: بەشی ١ و ٢ و ٣

:: بەشی ٤ و ٥

:: بەشی ٦ و ٧

:: بەشی ٨ و ٩

:: بەشێ ١٠ و ١١

:: بەشی ١٢ و ١٣

:: بەشی ١٤ و ١٥

:: بەشی ١٦ و ١٧

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت