حه‌سره‌تی له ده‌ستدانی جوانه‌مه‌رگێک
دۆستانی به‌ڕێزی ئاماده‌ی ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردن و پرسه‌ی «كۆستی كه‌وتووی ئه‌مجاره»مان هاوڕێ ئه‌بووبه‌كری ڕاد!
ده‌گه‌ڵ سڵاوی برایانه
ئه‌منیش وه‌ك هه‌مووی ئێوه به مه‌رگی ناوه‌خت و له‌نه‌كاوی هاوڕێی تێكۆشه‌رمان كاك ئه‌بووبه‌كری ڕاد تاساوم و له وه‌سفی ئه‌و كاره‌ساته مه‌ینه‌تباره داماوم، به‌ڵام ئێره‌ییتان پێ‌ده‌به‌م كه هه‌رنه‌بێ ده‌رفه‌تتان بۆ ڕه‌خساوه له‌سه‌ر گڵكۆ پیرۆزه‌كه‌ی یان له پرسه‌كه‌یدا ئاماده بن و له نزیكه‌وه په‌رۆشی و هاوده‌ردیی خۆتان ده‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه دڵ‌به‌غه‌مه‌كه‌ی ده‌رببڕن.
قبووڵه، هه‌موومان ده‌مرین و ئه‌مه ڕێگایه‌كه له‌پێش گشتممانه. به‌ڵام ئه‌وداخه ده‌مكوژێ كه نازانم ئه‌و هه‌ره‌وه‌زی مه‌رگه چیه ئه‌وه ساڵێكه له بنه‌ماڵه‌ی دێموكڕات كراوه و به‌تایبه‌تی ئه‌و نه‌خۆشییه نه‌فره‌تییه چیه كه چه‌ند ساڵه ڕووی تێ كردووین و وه‌ك ڕه‌شه‌بای پاییز گوڵ و گوڵغونچه‌كانی باخچه‌ی ئاوات و هیوامان هه‌ڵده‌وه‌رێنێ! دوێنێ شاعیری شۆر‌شگێڕ و به‌ئیمان ئه‌نوه‌رخانی سوڵتانپه‌نای لێ‌ئه‌ستاندین و ئه‌مڕۆ تێكۆشه‌ری به به‌قا و به‌به‌ڵێن كاك ئه‌بووبه‌كری ڕادی له باوه‌ش ڕفاندین.
له‌سه‌ر هاوڕێی له‌ده‌ستچوومان زۆر كه‌س قسه‌یان كرد و نووسیان و زۆر خه‌سڵه‌تی شۆرشگێڕانه‌ی ئه‌ویان وه‌بیر هێنایه‌وه. بۆیه ئه‌من له‌و بابه‌ته نادوێم و هه‌ر پێم خۆشه گۆشه‌یه‌ك له ئه‌خلاق و ئاكار و ڕه‌فتاری شیرین و سه‌نگینیی ئه‌و نه‌مره وه‌بیر بێنمه‌وه. پێم وایه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له نزیكه‌وه ناسیویانه وه‌بیریان دێته‌وه و بۆم ده‌سه‌لمێنن كه هه‌ركات ده‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕوو ده‌بووی ئه‌وه‌نده به ویقاره‌وه ده‌رده‌كه‌وت كه نه‌ك هه‌ر ڕێزت بۆ داده‌نا، به‌ڵكوو شه‌رمیشت لێ ده‌كرد. به‌هه‌ق نموونه‌یه‌ك له ئه‌خلاق و ڕه‌فتاری به‌رزی ئینسانی بوو كه ده‌یتوانی بۆ هه‌مووان سه‌رمه‌شقێكی به‌نرخ بێ.
له‌م بۆنه خه‌مناك و سامناكه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌ده‌ست دێ كه وێڕای سه‌ردانه‌واندن بۆ ڕووح و یادی ئه‌و سه‌رمایه له ده‌ستچووه‌مان سه‌ره‌خۆشی له هه‌موو هاوڕێ و دۆستانی و ته‌واوه‌تی دڵسۆزانی كورد بكه‌م و ئه‌مجار له‌دووره‌وه و به‌وپه‌ڕی ئه‌ده‌به‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه سه‌ربه‌رزه‌كه‌ی ڕاوه‌ستم و له‌پێشدا سه‌ره‌خۆشی له كانگای عیشق و سه‌فا دایكی دڵسۆزی بكه‌م، چونكه دایك ته‌نیا مرۆڤه كه حه‌زده‌كا مه‌رگی ڕه‌پێش مه‌رگی جگه‌رگۆشه‌كانی كه‌وێ، سه‌ره‌خۆشی له خوشك و برا به‌ڕێزه‌كانی بكه‌م كه هه‌ر بۆخۆیان ده‌زانن مه‌رگی ئه‌م عه‌زیز‌ه‌یان چ داخێكی به‌جه‌رگه‌وه ناون و چ كه‌لێنێكی له ژیانیاندا به‌جێ هێشتوه، ئه‌مجار به چاوی ته‌ڕه‌وه جگه‌رگۆشه‌كانی له باوه‌ش بگرم و وێڕای سه‌ره‌خۆشی ته‌مه‌نی درێژ و سه‌ركه‌و‌تنیان بۆ به ئاوات بخوازم، به‌و ئاواته كه هه‌ركامێكیان له دواڕۆژدا بۆ گه‌له‌كه‌یان و بنه‌ماڵه‌كه‌یان ببنه كاك ئه‌بووبه‌كرێك وهه‌موو لا شانازییان پێوه بكه‌ن. سه‌ره‌نجام ڕووی سه‌ره‌خۆشی و هاوده‌ردیم بكه‌مه هاوسه‌ره به‌ڕێز و وه‌فاداره‌كه‌ی كه ماوه‌ی دووساڵه ده‌بینێ مۆمی ته‌مه‌نی هاوسه‌ر و هاوڕاز و هاوڕێبازه‌كه‌ی ده‌سووتێ و ده‌توێته‌وه تاسه‌ره‌نجام ده‌كووژێته‌وه و به دنیایه‌ك حه‌سره‌ت و ئاواته‌وه سه‌ر ده‌نێته‌وه. به‌حه‌ق وه‌فا و دڵسۆزی و چاوه‌دێریی سوڕه‌ییا خانم جێگای ڕێز و ستایشه و دڵنیام هاوسه‌ره ئازیزه‌كه‌ی به‌وپه‌ڕی ڕه‌زایه‌ته‌وه دواماڵئاویی لێ خواستوه.
سڵاو له گیانی نه‌مری هاوڕێ ئه‌بووبه‌كری ڕاد، جێگای به‌هه‌شتی به‌رین بێ و سێبووری و خۆڕاگری بۆ هه‌مووئه‌ندامانی بنه‌ماڵه و هه‌موو هاوڕێ و هاوئامانجه‌كانی.
عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده
كوردستان، كۆیه ٠٢\٠٢\٢٠١٩