پەیامی پیرۆزبایی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بە بۆنەی دامەزرانی ٧٥ سالەی یەکیەتیی ژنان

بەڕێز یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان
سڵاوێکی گەرمی برایانە
٢٤ی ڕەشەمەی ئەمساڵ ٧٥ ساڵ بەسەر دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی ژنان (یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێستا)دا تێدەپەڕێ. دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی ژنان تەنیا شەش مانگ دوای دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و ٥٢ ڕۆژ پاش دامەزرانی کۆماری کوردستان نیشانەی تێگەیشتنی بەرزی پێشەوا قازی موحەممەد لە نەخشی ژنان و پێویستیی بەشداربوونیان لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندایە. هەروەک هاندانی ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆ ئەندامەتیی ئەوڕێکخراوە و وەرگرتنی بەرپرسایەتیی یەکەمی ڕێکخراوەکە لە لایەن مینا خانمی قازی هاوسەری پێشەواوە بەڵگەی بەخەمبوونی پێشەوا بۆ پەرەستاندن و پێشکەوتنی ژنانی کورد و حیزبەکەیان لە وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتیدایە.

لە تەنیا نۆ مانگ کار و چالاکیی ئاشکرای ئەو ڕێکخراوەدا ژنی کورد لێوەشاوەیی خۆی بۆ وەرگرتن و بەڕێوەبردنی کار و بەرپرسایەتی نیشان دا و ئیسباتی کرد ئەگەر ژنان دەرەتانی کار و تێکۆشانیان بۆ بڕەخسێ هیچیان لە براکانیان کەمتر نیە. ئەندامانی ڕێبەری و کادری پێشەوەی حیزبی دێموکڕاتی ژنان لە نووسین و وتاردان و کاروباری هونەری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا وەک دەڵێن: «جوان درەوشان» و شانازییان لە دوای خۆیان بەجێ هێشت.
یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانیش کە میراتگری حیزبی دێموکڕاتی ژنانە، لە ماوەی تێکۆشانی خۆیدا شانازیی گەورەی دەست کەوتوە و ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە نەک هەر لە چالاکیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، تەنانەت لە بواری پێشمەرگایەتییشدا نەخشی پڕشانازییان هەبووە و لەو ڕێبازەدا زۆریان قوربانی داوە. ئەو قوربانیدانە بە شەهیدبوونی دوو بەرپرسی یەکەمی یەکیەتیی ژنان لە مووشەکبارانی ساڵی ١٣٩٧ی قەڵای دێموکراتدا گەیشتە لووتکە. یادی شەهیدان نەسرین حەدداد و سوهەیلا قادری و تێکڕای شەهیدانی یەکیەتیی ژنان و هەموو شەهیدانی ژن بە خێر و ڕووحیان شاد.
بەمجۆرە یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان هەم ڕابردوویەکی پڕشانازیی لە پشتە و هەم داهاتوویەکی پر ئەرک و بەرپرسایەتیی لەپێشدایە. بۆ هەموومان هەرچەندی رابردوو پڕ دەسکەوتتر بێ ئەرکی خەباتگێڕانەی داهاتوو قورستر دەبێ. لەسەر یەکیەتیی ژنانە کە بە کار و تێکۆشانی بێوچان و هەوڵی بردنەسەری پلەی وشیاریی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی ئەندامانی پتر سەرنجی ژنانی کوردستان بۆ لای خۆی ڕاکێشێ و چەندی بکرێ زیاتر ژنانی کورد لە ڕیزەکانی خۆیدا ڕێک بخا.
لە کاتێکدا بە بۆنەی یادی ٧٥ساڵەی دامەزرانی ڕێکخراوەکەتان پیرۆزبایی لە ئێوە و هەموو ژنانی کوردستان دەکەم ئاواتەخوازم لە بەجێهێنانی ئەرکەکانی سەر شانتاندا سەرکەوتوو بن و نیشان بدەن کە بەهەق میراتگری شانازییەکانی ئەو ڕابردووەن و سەرکەوتنی زیاتر بۆ داهاتوو چاوەڕێتانە.
سڵاوی دووبارەم قبووڵ بکەن.
دڵسۆزتان عەبدوڵڵا حەسەنزادە
٢٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی